شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: سێ هەڵبەستی تینوو ١ شەوگار تاڵە، دەروون پەستە ئەستێرەکان.. کز و زەردن خەم لای ژیان خۆشەویستە شیعرم کەوتە ئەشک ڕشتن. *** پایز لە گیانا میوانە بەهار گەڵای سەوزی وەریی داری یادم ئەرخەوانە بۆیە ئەمشەو بەکوڵ ئەگریی. *** ئەستێرەیەک سووک چرپانی بە گوێی دڵی کاس و وڕدا وتی: چیتە پەرێشانی؟ وا گیان ئەکەی بەناو گڕدا؟ *** بە نوزەیەک وەرامەکەی پچڕ.. پچڕ. هاتە دەرێ وتی: دیار نییە نامەکەی دەنگی خۆشی، ناگاتە گوێ. ٢ وتیان: نێرگز بەم چلەیە؟ وتم: نامەی یارم پێیە وتیان: شەماڵ بەم قرچەیە؟ وتم: بزەی ئەو کچەیە. وتیان: خونچە بەم خەزانە؟ وتم: سەرچاوە هەر گیانە. لێیان پرسیم: ئەندازەی دڵ بۆ ئەو چەندە خۆشەویستی؟ وتم: ئایا پەپوولە و گوڵ قەت ئەمەیان لەیەک پرسی؟ ! *** لێیان پرسیم: شیعرەکانی باخی ئەمساڵت ڕەنگینە. وتم: چونکە چاوەکانی مانگەشەوی بەر نووسینە. ٣ هەمووی تەنها وشەیەکە ئەژی لەناو ناخی گیانا بەڵام شنەی گەشەیەکە باوەش ئەکا بەژیانا. *** پیتەکانی شەشی وردن شەپۆلن بۆ شیعری تازەم یان شەش تەلی خۆشی کردن بۆ مۆسیقای پڕ ئاوازەم. *** شەش جگەرگۆشەی ئازیزن شەش مناڵی ئێسک سووکن لەناو باخچەیەکا ڕیزن لەسەر زمان خۆش و سووکن. لەگەڵیانا ئەژیم، ئەڕۆم پێ ئەکەنن، خەم ئەخۆن بۆم! بەبێ ئەوان، نووسین لاڵە پەخشان، چێژی تفت و تاڵە بەبێ ئەوان، ئەم دیوانەم بەرهەمێکی کرچ و کاڵە! ++++++++++++++++++++++