شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ئافات سەرناو: ئاوابوون و بوومەلەرزە سەبارەت: ١٩٩٣/٠٦ هەولێر ئاوابوون بوو. ئەی شەفەقی لە خاچ دراوی جەستەم و مانگی کوژراو! ئاوا بوون بوو. وەک زەردەپەڕی «گاتاکان» لە پەرسگەی ڕووناکیدا. وەک پووکە پووکی درەخت و، وەک بینایی دار و بەرد و سۆمای کێو و نیگای هەور و چاوی ڕێ و بان.. وەک ئاگردان وەکوو دایکم هەموو کەلەپۆکان گریان! غەزای سەربڕینی شاخ بوو، غەزای ڕۆحم، غەزا.. غەزا غەزای دەروونی داربەڕوو غەزای.. بەفر و غەزای.. وشەم غەزای گوڵجاڕی ئاوێستا! لێشاو بوو، لێشاو بوو، لێشاو لێشاوی پێکەنینی لم، قاقای ڕم و قاقای دەف و قاقای تەپڵ لێشاوی خۆڵی بیابان: لە هەڕەتی تەپ و تۆزی سەرکەوتوودا! لێشاوی دوورگەی نەفرین بوو لە هەڕەتی خوێن جمانی شیر و شمشێری لەشکردا.. چاوەکانی خۆشەویستیی چاوی نەستمان وەک قوتیلکە کزەکانی سەر تاشەبەردی ئاتەشگە کوژانەوە و بوو بە ئاهەنگی خەلیفە و جەژنی فەتحی کافرستان... غەزا بوو. غەزا بوو.. غەزا ئاوابوون بوو لە بەیاندا هەڵقرچان بوو لەناو بەفرا و بەفرانبار بوو لە دۆزەخدا و دۆزەخیش بوو لە بەهەشتی تازەماندا! فەرمان فەرمانی سەحرا بوو. فەرمان فەرمانی ئاسن بوو فەرمانی باوک، فەرمانی تیر، فەرمانی شیر ئاوابوون بوو. ئاوابوونی عەشق لە مەرگا و مەرگ لە عەشقا «شین و شەپۆڕی باران بوو» ئاوابوونی لەش لە تەمدا و تەم لە لەشدا «گەرمەشینی دارستان بوو» هەستانە سەرپێی زریانی زەردی لم و چۆک دادانی چیاکان بوو.. ئاوابوون بوو خۆرنشینی بانگی موغ و پژانی شیعر و گۆرانی و توانەوەی ئێسکی هەتاو و هەڵوەرینی سەروقژی دڵداران بوو.. ئاوابوون بوو خەرەندەکان پڕ بوون لە تەرمی دار گوێز و پڕ بوون لە سکڵی کوژراو و پڕ بوون لە گوڵی جوانەمەرگ بێشەیەک شمشێر ئەجووڵێ و دێتە پێشێ ئاوابوون بوو کانی وەک منداڵ ئەترسێ پیاو وەکوو چیا ئەترسێ مێژوویش وەک درەخت ئەسووتێ بێشەیەک شمشێر ئەجووڵێ و دێتە پێشێ غەزا بوو.. غەزا بوو.. غەزا.. ئاو لەسەر تاوێر خۆی ئەکوشت دابڕان بوو. جوێ بوونەوە بوو. دابڕان بوو داچۆڕانی دوا تنۆکی زەردەخەنەی گاتاکان بوو. ڕنینەوەی دەنگی شاخ و بڕینەوەی ڕەنگەکان و دابڕانی کات لە شوێن و شوێن لە کات بوو. بێشەیەک شمشێر ئەجووڵێ و دێتە پێشێ. گوناهە بەستەزمانەکان، پۆلە باڵندەی وەریو بوون پۆلە هەوری ڕەنگ پەڕیو بوون خۆیان خزانە باوەشی شمشێرەوە و بوون بە ترسێکی ڕواوی باخچەی بەهەشت بوون بە کەنیزەکی شەو و بوون بە غیلامانی یاوەران.. کوژانەوە دەستی پێکرد! لە سەرانسەری ئەم کافرستانە جوانەدا، لە سەرانسەری ئەم ئازارە شۆخ و شەنگەدا، باڵندەیەک نەما کوێر نەبێ هەورێک نەما نەزۆک نەبێ. باخێک نەما ئیفلیج نەبێ لە سەرانسەری ئەم بەهارە خوێناویەدا: هەردێک نەما وەک غەنیمە سەوزیی لەبەر دانەکەنرێ گومێک نەما وەک غەنیمە شینیی لەبەر دانەکەنرێ ئاوابوون بوو توانەوە بوو دابڕان بوو 'ئەوەی بیستتان: ئەوە دەنگی جەستەی من بوو. ئەوە زریکەی مەمکم بوو. قیژەی بەژن و گەردنم بوو ئەوە هاواری مەرگم بوو. لە هەڕەتی داڕماندا.. ئەوەی بیستتان: دەنگدانەوەی یەکەم غەزای یاوەران و پیاوچاکان بوو لەناو لەشما. ئەوەی بیستتان: دەنگدانەوەی خوێنی عوزر و دوا چەخماخەی کچێنیم بوو. ئەوەی بیستتان: گرمەی کەوتنی سەرم بوو. شڵپەی ناخم، هاژەی ڕۆحم، زەنگی ناخم. ئەوەی بیستتان قرمەژنی نوشوستیم بوو. من کچە چاو سەوزێکی میدیاییم ناوم«ناهید»ە شەرابی گاتاکان لە ناوەکەم ئەچۆڕێتەوە من بە نێوی «ناهید»ی خواوەندی جوانی و میهرەوە ناونرام. گەڵا زەیتوون چاومە و چاوم گەڵا زەیتوونە. باڵام کڵپەیەکی کەڵەگەتە، گەردنم کێلی ڕەوەزانە. ئەو شەوەی لە دایک بووم مانگ لە دەربەندی پیرەمەگرووندا قەتیس مابوو مانگ بە هانای مەزدەوە هاتبوو. ئەو شەوەی لە دایک بووم لە تێلی تاوسیانەوە پێچام و حەوت جار بە دەوری ئاگرێکی خۆشدا گێڕایانم.. چل قومریی باڵ شین بۆیان ئەخوێندم چل گوڵە هێرۆشیان کردبوو بە چەتری سەر سەرم. ئەو خاڵەی لەسەر تەختی تەوێڵمە نیشانەیە، ئەوە شوێن ماچی پیرۆزی ئاهورامزدایە من لە دەستەی فریشتە سپییەکانی میدیام. باوکم ڕەزەوانی پەرسگە گەورەکەمانە. باوکم بە ڕیشە سپییەکەیەوە لە درەختی نووری ئاوێستا ئەچێ. من تاقانەی ئەو بووم.. وەک تاقانەی زنەی قاقڕێک. «مەردۆخ»ی پاڵەوانی سەرسنگ نەخشاو بە سەرە «بەران»ی پیرۆز، عاشقم بوو چەندین بەوری بۆ کوشتم چەندین پڵنگی بۆ ڕاو کردم. هەتا «با»ی دڕکاویی سەحرای لە شمشێر زاو نەگەیشتبووە لامان ئاسمان و زەویمان وەکوو پەڵە هەوری سپی و گوڵەگەنم پاک بوون کە «با»ی ڕەش گەیشت «با»ی وەشتمان مرد بوو بە زەمانی کوللە باریین بوو بە زەمانی ئەوین هاڕین.. ئەم «با»ی چقڵە بەیەکەوە گوڵەگەنم و چاومان ئەخوا بەیەکەوە پەنجەمان و لاسکی شیعر و تاڵە قژی پەریەکانی مەملەکەتی خەونی مید و مەمکەکانی«ناهید» ئەخوا. کچە میدیی گوڵ وەنەوشە، لە پەنجەرەی ڕەوەزەوە وەک کازیوە هەموو ڕۆژێ سەر دێننە دەر، مانگ بەسەر و، گوڵ بە سەر و، گزنگ بەسەر ئەڕواننە دوور، چاوەڕوانی حیلەی ئەسپ و بانگەوازی مەردۆخ ئەکەن. چاوەڕوانی بوومەلەرزەی مەلەک تاوس، چاوەڕوانی ڕەزەوان و گەڕانەوەی گاتاکان و مەشخەڵانی پرچەکانی ئاگر ئەکەن «نایەنەوە، تیژتر بووە دەمی ئەم شمشێرە زەردە نایەنەوە، زیندوویش تەنها سبەینێیە» خوداوەندی عەشق و جوانی خوداوەندی پەیام و جەستە خوێناوی خوداوەندی شیعر و نامۆیی و تەنیایی «ناهید» ئەڵێ: زەریاکانی چەندین سەدە وان لە سەرما. من هەڵمی دوێنێ و بارانی ئەمێستاکە و خەونی سەوزی سبەینێشم لە یەک وەختا یەک ناوم هەیە و سەدان ناو. مێیینەم و نێرینەم و گیاندارم و بێ گیانیشم. من خۆم زەمانی قوربانیی بێبڕانەوەی ئەوینم. سەد هەزار جار کوشتوویانم. سەد هەزار جار ژیامەوە. من گەردنی ژێر شمشێری زەردی هەموو کات و سەردەمێکم. من ئەو خوێنە نەفرەتییەم کە ڕشتنم نابڕێتەوە. سەدە هات و سەدە ڕۆیشت و منی یەکەمین دەریاچەی گوناهی جوان، گوناهی شەنگ، بووم بە دایکی هەموو مێرگە کوژراوەکان، بووم بە سەری پڕ لە قیژەی مێژووی ئاو و مێژووی خۆڵ و هەقی چوارمێخە کێشراوی ڕەجم کراو. من تەباییی ناکۆکییەکانم: کۆنی تازەم. زامی ساغم. سوێی تریقەی پێکەنینم. ماڵی بێجێم. بەهەشتییەکی دۆزەخیم. ڕەشەبایەکی لەسەرخۆم. شەماڵێکی پڕ لە پشکۆم. شەرابی بێدارکەرەوەم. تۆبەی مەستم. پەپوولەیەکی زۆر دڕم. کڵپەیەکی سارد و سڕم. خۆرەتاوێکی تاریکم. تاریکاییی چراخانم. کوێستانێکی پڕووکاو و بیابانێکی پاراوم.. تەم و مژ و لێڵیی: ڕوونم. من ئەشکەنجەی کامەرانی و پێکەنینم. ئاخ لە من ئاخ لە من ئاخ. نامۆی ناو ماڵەکەی خۆم و غەریبی ناو گیانی خۆمم. سپیی ڕەش و ڕەشی سپی و دەنگدانەوەی ناو بێدەنگی و ڕەنگدانەوەی ناو بێڕەنگی و سووڕانەوەی ناو وەستانی جەستەی خۆمم. من بیناییی نابیناییم، من کەسدارێکی بێکەس و جوگرافیای بێخەریتە و ماتماتیکی بێژمارە و کارەساتی بێدیرۆک و ڕێزمانی بێزمانی دەنگی خۆمم! من لە تەمتوومانی سەدەی خۆمدا لە ئاگری جەستەی خۆمدا و لەسەر کورسیی خاچەکەی خۆم هەموو جارێ بە دیداری ئەو ئازارە سووتاوانە شاد ئەبم کە دوای من ڕسکان و نەمدین. کە دوای من هاتن و بە بەردە ئەستێی خەم سەرزەمینیان ئاگردا. بە بوومەلەرزەی شپرزە و گومان تۆبەی یەقینیان هەڵەوگێڕ کردەوە هەموو جارێ لە باڵکۆنی هەورە بەرزەکەی خۆمدا بە دیداری ئەو بارانە کوژراوانەی دوای خۆم شاد ئەبم بەرامبەر یەک دائەنیشین چاو ئەبڕینە زامی یەکتر ئەوان ئەبن بە من و من ئەبم بەوان.. دەست ئەخەینە ناو دەستی ژان و خولیای یەکترەوە. مەگەر بە هەندێ نیشانەی ساڵدا لە یەکتر جوێ بکرێینەوە ئەگینا هەر: یەک سەرمان هەیە و یەک چاومان هەیە و یەک پەرسگایش. شەوانە لە باڵکۆنی هەورە بەرزەکەی خۆمدا پێکەوە ئەیکەین بە شاییی گوناهی سپی و شاییی مەرگی ڕاپەڕیو و شایی خاچی سەرچۆپی کێش. زەماوەندی هەموو گومانە جوانەکان. ئێمە لەم وڵاتی هەتا هەتایەی عەشق و هەتا هەتایەی ئاگردا. بریتین: لەو ژن و پیاوە بە نەعلەت کراو و ڕەجم کراوانەی، کە یەک لە دوای یەک، کەڵبەی مێژووە دڕەکانمان هەڵکێشا، هزریان تووشی ژانی خۆشەویستی و بوومەلەرزە کرد. ئێمە لەم وڵاتی ژیلەمۆ و ناتەباییەدا، هۆش و گۆشە مل کەچەکانمان فڕێدایە گەرداوە تووشەکانی گومانەوە. وەک پڵنگ «نە ء» مان بەردایە گیانی«بەڵێ» باوەکانی دیوەخانان. ئێمە دەرزیئاژنی جەستەی دڵنیاییمان کرد. دۆزەخی ئەبەدیمان بۆ بەهەشتی قەناعەتە بەسەزمانەکان داخست. نەمانهێشت تەختی پادشاهان و تاجەکانیان لە ترس و لەرز بەدوور بن ئەگەر لە ترسی هەڕەشەی کوختێکی تەنیایش بووبێ. نەمانهێشت قفڵەکانی لە گەروو دراوی ڕووناکی هەموو شەو بەئاسانی چاویان بچێتە خەو بێترس و لەرز بنوون ئەگەر لە ترسی کلیلێکی ون بوویش بووبێ. ئێمە بریتین لەو برینانەی ڕاوی چەقۆمان کرد. لەو خوێنانەی زریانی سپیمان لێ کەوتەوە. لەو سێدارانەی گوڵاڵەمان لەسەر ڕوا. لەو مەنفایانەی نیشتمانمان لێ زا. ئێمە بریتین لەو نائومێدییانەی بە هیواوە سەرمان نایەوە! شەوانە لە باڵکۆنی هەورە بەرزەکەی خۆمدا پێکەوە، زامی هەموو سەدە دوور و نزیکەکان کۆ ئەبینەوە وەک پوورەی هەق ئەخرۆشێین. کورسییەکەی من بە تەنیشت کورسییەکەی مەسیحەوە. کورسییەکەی حەللاج بەرامبەر کورسییەکەی ژان دارک. کورسییەکەی بابک بەتەنیشت کورسییەکەی قاسملووەوە. کورسییەکەی جەمال عیرفان بەرامبەر کورسییەکەی «مەزدە». کورسییەکەی عەبدولخالق مەعرووف بەرامبەر کورسییەکەی شەرەفکەندی. کورسییەکەی مووسا عەنتەر بەرامبەر کورسییەکەی سەعید پوور. شەوانە لە باڵکۆنی هەورە بەرزەکەی خۆمدا: پێشوازی لە تۆفان و مەوجدانەوەی هەقی خوێناوی ئەکەم پێشوازی لەو سەرە بڕراوانەی تووڕدرانە بەردەم سەگەلی خەلیفەکان «دواتر بوون بە مانگ» پێشوازی لەو مەچەکە بڕراوانەی خرانە تەندورەکانی خەلیفە ژنەوە «دواتر بوون بە قەڵبەزە» پێشوازی لەو پەنجە قرتاوانەی کران بە دەنکە تەزبیحی ئیمام «دواتر بوون بە پەلکە گیا» پێشوازی لەو لۆلاقانەی خرانە ژێر تەختی شاهان و «دواتر بوون بە دارستان» دیسانەوە ئاوابوونە ئەی«ناهید»ی ئەو دیو پەنجەرەی غوربەت و ساماڵی ڕۆح! ئاوابوونە.. دیسانەوە خۆرنشینی سەری من و.. دابڕان و جوێ بوونەوەی نێوان جەستە و گیانی منە. پێک گەیشتنەوەی مەرگ و دووکەڵ و زریکە و خۆڵەمێشی ناو ئەنفالی یەکەمین و دەیەمین و سەدەمینە.. پێک گەیشتنەوەی خاچەکانە. پێک گەیشتنەوەی ماچ و مووچی زامەکانە. پێک گەیشتنەوەی دووڕییانی هەموو هەموو مەزدەکانە. تێک ئاڵانی پرچی ژان دارک و کاکۆڵی عیساکانە. تێک ئاڵانی ڕیشی حەللاج و مام وەیسی گەرمیانە. ئاوا بوونە! «١٩٨٨»ی میلادی بەرامبەر«٢٦٩٣»ی ئەنفالی! ١٩٨٨ هەزار هاوار.. دوای لە دایک بوونی کوڕی خاچ و کوڕی ئازار ١٩٨٨ هەزار برین.. دوای خوێنی ژان و وێڵاشی مریەم. ١٩٨٨ هەزار قولاپ.. دوای لە دایک بونی تۆڕی یەهوودا. ١٩٨٨ هەزار تۆفان و ١٩٨٨ هەزار بورکان و ١٩٨٨ هەزار ئاخ لە چرکەیەکدا ئاخ ١٩٨٨! ئەی کێلە ساڵی، گۆڕی شیعر و ئەستێران گۆڕی زەردەخەنە و گۆڕی گژ و گیا و گۆڕی چاوانم. ئەی بەرزترین دەنگی نائومێدیم و ئەی جوانترین شیوەنی شاخانم! ئاوابوون بوو. سەد بێشە (خوودە) ئەجووڵێ و دێتە پێشێ سەد بێشە پۆستاڵ، سەد بێشە تفەنگ سەد بێشە بەڵا و سەد بێشە تاوان ئەجووڵێ و دێتە پێشێ. ئەمێستاکە بەغدا دۆڵپای هەشتا و هەشتی ئاسنینە، پێیەکی لەسەر زاخۆیە و ئەویتریان لەسەر بەسرە و مێژووی کۆن و مێژووی تازە قووت ئەدات و تاعوونێکی نێودەوڵەتیی خۆشەویستیی سەرزەمینە. پەتایەکی سپیی جوانە. ئایەتێکی ژەهراوییە و شەرەفێکی پان و پۆڕی ناو کەنداوە و درۆیەکی عەرەبانی پۆڵایینە. ئەمێستاکە بەغدا غەرقی سیحری نەوتە و کەمەندکێشی گشت جیهان و سەرزەمینە. ئاوابوون بوو. دیسانەوە ڕۆح نشینی باخچە و بەفر و ئاوابوونی زەردەخەنەی دەشت و شاخ و سەربڕینی کێڵگە و هەرد بوو. دیسانەوە غەزای جەستەی من و بەرد بوو. غەزای تازە. غەزای ڕاگوێزانی لەشم. غەزای شیعر و غەزای جەستەم. ڕاگوێزانی دەست و پەنجەم. هەڵکێشانی لاسکی خەون و سەر و ملی حەرفەکانم و دەرهێنانی چاوی گوڵ و کوێر کردنی مەلەکانم و کوشتنی ئاو و منداڵ و هەڵواسینی یادگارم و بڕینەوەی بەژنی هیوا و قەدی خاک و کوژانەوەی یەک بە یەکی چراکانی ناو دەربەندی ژیانم بوو. سەد بێشە دووکەڵ ئەجووڵێ و دێتە پێشێ. سەد بێشە ڕق، سەد بێشە عەفلەق، سەد بێشە سەددام، سەد بێشە ژەهر و سەد بێشە ئاسن ئەجووڵێ و دێتە پێشێ، لێشاو بوو، لێشاو بوو، لێشاو دیسانەوە لێشاوی پێکەنینی لم.. قاقای تانک و قاقای تۆپ و قاقای مێک و قاقای مووشەکی زەمین بە زەمین.. قاقای کریملنی مۆسکۆ و قاقای پەیکەری ئازادیی ئەمریکا و قاقای ڕیشی فیدل کاسترۆ و قاقای مەمکی هاوسەرەکەی کیم ئیل سۆنگ و قاقای کتێبە سوورەکەی چین و ماچین.. «ئەوەی بیستتان: ئەوە دەنگی برینەکەی سنگی من بوو. ئەوە هاواری پەیامە یاخی بووەکەی سەری من بوو. ئەوەی بیستتان: دەنگدانەوەی قەڵای وشە و قەڵای ڕستەی جەستەی من بوو ئەوەی بیستتان: ئەوە بوومەلەرزەی خوێن و دەنگدانەوەی ئەشکەوتەکانی برینم و شریخەی هەردوو نیگام و چەخماخەی ئاسۆی گەردن و تەوێڵم بوو» من کوڕە چاو مەیلەو سەوزێکی هەولێریم ناوم «عبدولخالق»ە کوڕی سەفینی کوڕی مەتینی کوڕی هەڵگوردم.. لە ڕەگەزی ئاگرم. ئەو بەیانییەی لە دایک بووم دایەنە یەزیدیەکەم لە پەڕە گوڵاڵەیەوە پێچام و بردمی بۆ دەربەندی بازییان و حەوت جار بە دەوری بەردە قارەماندا گێڕامی حەوت جار لە ئاوباریکی هەڵکێشام. ئەو بەیانییەی لە دایک بووم جەمال عیرفان حەوت جار سەری ماچ کردم و بە قەڵەمە پیرۆزەکەی خۆیشی حەوت خەتی لەسەر تەختی تەوێڵم کێشا «بێکەس»یش حەوت سروودی بەسەردا خوێندم. حەوت پەپوولەی باڵ نارنجیش.. لە سنگی«حەللاج»ەوە هەڵفڕین و لەسەر دەم و لێوم نیشتنەوە، من لە ڕەوگەی ئەسپە سوورەکانی ئەیلوول بووم کوڕژنی چیام گەیاندە گوێی دنیا. من ناوە کۆنەکەی خۆم فڕێ دایە ئاگرەوە.. ئاگریش ناوی نام پشکۆ.. تۆڕی یەقینم چەواشە کرد.. لە هەموو گەشتێکی بەگەرداو و تووشدا ئەستێرەکانی«مصحەفی ڕەش» پێشم ئەکەوتن.. مەلەک تاوس بە هانامەوە ئەهات. گومانی جوان هاودەمی تەنیاییم بوو کەشتییەکەم شپرزەیی بوو.. چارۆکەم دوودڵی بوو.. من سەری خۆم پێشکەش بە دوا کتێبی خۆم کرد.. بەو جۆرە بووم بە نووسەری تۆفانێکی نوێ بووم بە کەڵەگەتترین قەڵەمی ئازار بووم بە زەنگ و بووم بە گوێچکەی دار و بەرد و بووم بە هاواری سەردەم و بووم بە شەقام و بە ڕووبار. ئیتر لەو ساتە زیوینەوە من «مەردۆخ»م عاشقی چاوە سەوزەکانی «ناهید»ی کچە میدیم شەیدای باڵای کڵپەی ئەوم.. هەموو ڕۆژ لە باڵکۆنی هەورە بەرزەکانی خۆماندا ئەچینە بەر بارانێکی سوور.. هەموو شەو ژان ئەگۆڕینەوە. هەموو شەو مێژوو ئەگۆڕینەوە. هەموو شەو خۆڵەمێشی جەستەمان ئەگۆڕینەوە. ئاوێتەی دەنگی یەک ئەبین و لە یەکتر جوێ ناکرێینەوە. ئێمە دەرگای ئایندەی ساماڵ و بارانین. عەشقی سەوزی لە ئەشکەنجەدا هەڵهاتووین. ئێمە گەردنمان شاخە و ڕۆحمان زەریایە و پەیاممان«ڕەشەبای» بڵێسە. ئێمە شمشێر لە خوێنماندا خنکا. ئێمە ئەو تاقمە سوورپۆشەین ئەو تاقمە کڵپە و تاقمە سروود و تاقمە زەردەشتەین بە مەرگ ژیانمان نووسیەوە. لە تراویلکەدا ئاومان هەڵهێنجا و لە«عەدەم»دا «بوون»مان خوێندەوەو بە نوشوستیدا پشکووتین و لە وەرزی هەڵوەریندا پشکووتین. هەموو درەختێک، نیشانەی خوێنی ئێمەی پێوەیە و هەموو خاکێک بە خاچی لەشی ئێمە نەخشاوە و هەموو زەمانێک پێکەنینی سێدارەکانی ئێمەیان تێدا دەنگ ئەداتەوە و هەموو پەلکە گیایەکی کوژراو سینەمان نواڵەیەتی و هەموو چرایەکی کوژراویش شەوقی باڵگرتووی ناو چاوی کتێبەکانمانن. منیش.. ئەی مەلەک تاوسی پیرۆز! سەر ئەکەمەوە بە ژێر باڵە ڕەنگینەکانی تۆدا لەسەر بەردەنوێژی گاتای نوێ نوێژی گوناه و یاخیبوونم دائەبەستم! چ چارەنووسێکی جوان و نازدارە و چ مردنێکی مەزنە.. چ مەرگێکی ئاڵ و واڵا.. کڵاوکووڕڕەی شیعرێکی بچکۆلانە.. بتوانێ ئەو هەموو شمشێری بیابانە تووڕە بکا و خەلیفەکان هەراسان کا و.. دۆڵپای مێژووی عەبدەکانیان بترسێنێ. ئەی مەلەک تاوسی پیرۆز! تازە ئەوەڵی شیعرمە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەزای گوڵجاڕی ئاوێستا ئاوێزانی ژینەژانم بە، ئاوێزانئاوێزانی چراخانی خەمم! تۆ بە خەمی یاقووتینی منەوە جوانی و منیش بە ڕشتەی مرواریی گوناهە سپییەکانی تۆوەیە ئەدرەوشێمەوە. ئاوێزانم بە و وەختی سوروسات بەسەرچوو. وەختی باوێشکدانی مێژوو، وەختی نووسینی ڕاستی، وەختی گەمەی پەیامبەران، گوزەشتن، گوزەشت! با فریای دوا وێردی گوڵە گەنم و دوا پەیامی بەرد و، دوا نزای فریشتە تاوانبارەکان بکەوین. فریای ئاه و ناڵەی شەیتانە بەسزمانەکان. وەختی هێوری و چاو بڕینە چاوی مانگە گەلحۆکان بەسەرچوو. لەم بەندەرە سامدارەدا، ئەوینی زەڕنەقووتەی ئێمە چۆن باڵ بگرێ؟ ! بڕوانە لە ڕۆژهەڵاتی سەرتەوە چ ئافاتێکی چڕ بەڕێوەیە. ئافاتی ئەشکەوتی زاوزێکەر بەتاریکی و ڕقەوە. ئاوێزانم بە. مەرگ ئەڵێ: درەنگە عەدەم ئەڵێ درەنگە، بەهەشت و دۆزەخ ئەڵێن درەنگە. فەنا بوون یەک ساتە و هەموو سات. ئەی کچی مەرگەسات! ئەی ژنی بەفری ڕەش، ئەی کچی وڵاتی تاعوون و کارەسات! ئاوێزانم بە تێکەڵم بە تۆ گەردەلوول و من پێدەشت تێکەڵم بە تۆ دڵنیایی و منیش ترس، تێکەڵم بە لە کەڵەموستی پێمەوە تا تەوقی سەر تێکەڵم بە. موو بە موو، دەمار بە دەمار، تێکەڵم بە. با ئاو و ئاگر، خەم و خۆشی، تاوان و سزا ڕەش و سپی، وەرین و پشکووتن، حیلە و گمە تێکەڵ بن و بەڕەنگی خۆیان ڕەنگمان کەن! با ئەم ئەوینە نەفرەت لێ کراوە. ئەم دوو جەستە قەدەغەیە یەک خاچی دەم بە زەردەخەنە دوای خۆیان جێ بێڵن! ئەوەتا (با)یەکی مۆری ڕقاویی گرنج گرنج، زبر، وەکوو ئەو غەزەبەی لە کەناری مەملەکەتی ئاتەشێنی «پارس»ەوە زوو، هەڵیکرد و، لەگەڵ خۆیدا، دەغڵی ماچ و ئاگردان و ڕووناکی برد. لەگەڵ خۆیدا، لانکەی گوڵ و بەردەنوێژی موغەکان و کڵاوەکەی «زەردەشت»ی برد. «ئەم بەیانییە» «با»یەکی ئا لەو چەشنە «با»یەکی ڕیشنی دڕکاوی، «با»یەکی ئێسک گرانی دەنگ گڕی دۆزەخیم بینی ئەم«با»یە هاتووە، پاشەڕۆژ بفڕێنێ. وا هاتووە درەختی ساسانیی شیعرم ڕیشەکێش کات. وا هاتووە، سەرمان، خەونمان، پەنجەکانمان گوڵدانەکانمان، ژێی گیتار و گەرووی وشە و سەمای گیان و ڕەشبەڵەک و پەرداخەکانی خەیام و باڵندەکانی مەستوورە و سروودەکانی بێکەس و هەرچی هەوری ژان گرتووە، هەرچی کرمی ئاوریشمینی ئایندەیە، هەرچی گەرای چراکانە هەمووی بەرێ ئەمە مەرگی نوورانییە و بە شەپۆل دێ. ئەمە مەرگی وەجاخزادەی ڕۆژهەڵاتە. ئەمە مردنێکی قسە خۆشە و دەوری داوین. لە بیرت دێ کە پێم وتی: ئێمە لەبەر ئەم بارانە ڕەشەدا بۆ وەستاوین؟ ! ئەی کچی بەنەعلەت کراو لە بەردەمی ئەم مێژووە ترسنۆکەدا! ئەم قەوزانە تازە لە لەشمان نابنەوە. ئێمە لەبەر ئەم بارانە ڕەشەدا بۆ وەستاوین؟ ! ئەم چەترە کۆنانە دادی ئێمە نادەن. ئەترسم ئەمە دوا سەمای خۆشەویستیی ئێمە بێت! ئاوێزانم بە، ئەی کچی درەختی سەر بڕاو، ئاوێزانم بە. ئەمڕۆ ئایندە هات بۆ لام، بە چاوی تەڕەوە هات بۆ لام پێی وتم: ئەو مەرگە نورانییانە ئابڵووقەی قەڵای دەنگیان داوم، ئابڵووقەی خوێنم. هەموو ڕۆژ فرسەخێ دێنە پێشەوە. هەموو شەو چاڵێک لە سینەمدا هەڵئەکەنن. ئەی کچی لە خاچ دراوی بەردەم مانگەشەو! ئەی ژنی لەش قفڵ کراو! لەم بەندەرەدا بۆ کلیل مەگەڕێ. لەم زەریایەدا بۆ کەشتی مەگەڕێ. کەشتی ترسە و مردن تەنها بەندەرێکە کە بێ تەم و مژ بیبینم سەرەتا.. ترس کۆتایی.. ترس حیکایەت و ماڵ و خەبات و کتێبم هەموویان هەر، بە ترس و، لەرز، داپۆشراون. ڕەگی ئەم مەرگە درێژە. ڕێگای ئەم مەرگە لە فەوتی سەرچاوەدا کۆتایی دێ. مردن لەناو مردندایە، شمشێر لەناو شمشێردایە. لە ڕۆژهەڵاتی سەرتەوە تۆفانی ڕەش بەڕێوەیە. ئەی کچە ساسانییە بەدناوەکە! ئەی ژنی موغە کوژراوەکان! «لە ئێوارەیەکی شەڕەنگێزدا، لە ئێوارەیەکی کوێردا، لە ئێوارەیەکی قیریندا: ئاسمانیان لەسەر داخستین، خاکیشیان لەسەر پێوەداین. (مانگ)یان بە نووکی ڕمەوە بۆ هێناین و ئەوسا بوو بە ئاهەنگی لە دایکبوونێکی ترمان. ئیتر لە شەرابی بەهەشت و ماچی حۆرییاندا خنکاین. من بە تەنها چل حۆرییم هەبوو چل. بەڵام تۆیان تیا نەبووی، ئەی کچە ساسانییە نەفرەت لێ کراوەکە! تۆیان تیا نەبووی، تۆ ئەو کاتە لە گەشتی ژێر زەمین و دنیای ژێرەوە بووی، تۆ لەوێ بەشوێنی مندا ئەگەڕای» ئەوە یەکەم جاری مردنە ئێسک سووکەکەم بوو. ئەوە یەکەم پەیوەندیی نێوان ملم و شمشێری بەوەفا و داری حەد بوو. ئەوە ئەوەڵ سەحەری مەرگی من بوو. ئاوێزانم بە، ئەی کچی خۆڵەمێش و ئەی ژنی مەملەکەتی ئافات! وا لە ڕۆژهەڵاتی سەرتەوە مۆم و بوغوردی مەرگم ئەسووتێنن. وا لە ڕۆژهەڵاتی لەشتەوە گۆڕەوشاری شیعر و پرشنگ و گۆرانیم ئەدەن من ناتوانم باهۆزی شێتێتیی خۆم لەم ئافاتە بشارمەوە ئەمە چارەنووسی عەشقێکە مل لە شمشێر ئەسوێ. ئەی کچە ساسانیە جوانەکە! وەختی سوروسات بەسەرچوو مەرگێکی نوێ منی ئەوێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەریزاد و گوڵەکەی دوژمنی سەبارەت: ١٩٩٢/٠٩ ئەمە «بۆرەتار»ێکی شوومە و سەرەتای شەوێکی ئاوس بە قات و قڕی. بۆرەتارێکی ژان گرتوو بە: بەچکە شەیتان و بەچکە سیاسی و بەچکە بازرگانەوە ئەمە شەوێکی چەڵاکی ڕەقەڵەی بەدبینە و بێبەزەیی. چاوەکانی گۆڕیچەی ئەستێرانن و پەناگەی جادووگەران. ئەم شەوە: قەڵای مێردان نییە، قەڵای دزانە، قەڵای کاسەسەرم و قەڵای جەستەی ڕووخاوم و قەڵای خۆڵەمێشی ئارەزۆکانمە و هەوێزی تاوان! لەم شەوەدا، پەریزادەکەم! کاتی ئەوە هاتووە، نۆرەمە منیش چیرۆکی بەنەعلەتکراوی خۆمت بۆ بگێڕمەوە: حیکایەتی مردنم و گۆڕەوشاردانی هەزار جارەم «تۆ بڕوانە هەڵمی ڕۆحم» تۆ بڕوانە حیکایەتی ژیانە کەڕ و (کوێرە)کەم تۆ بڕوانە پرشنگی زیندەبەچاڵ کراوم حیکایەتی مێژووە گەوجە خۆشەویستەکەم «تۆ بڕوانە شازادە شەڕواڵ کەسیفەکانم» ئەم چیرۆکە سەرابە و سەرابیش نییە ئەم حیکایەتە پەندە و نەخشی سەر بەردیش نییە پەریزادەکەم ئەی پەریزادی بێ دایک و باوک پەریزادی لە کونە دیوار بووی، بێ کۆشک و بێ کەنێزەک! ئەی پەریزادی لە خێڵی پەرییان یاخی و بە خێڵی ڕافزی ئاشنا. نۆرەمە منیش بتخەمە ناو کەشتیی گومان و دوودڵیی خۆمەوە کەشتیی ڕاڕایی و بەدمەستی و گوناهی خۆمەوە بە جۆگەی شەراب و ڕووباری ژەهر و یەکاوی تاواندا بتسووڕێنمەوە. بە شاری چوارمێخە کێشراوی ویژدانی خۆمدا بتگەڕێنم بە شاری چۆڵ و هۆڵی زراو تۆقیوی هاوارەکانی کۆن و نوێمدا بتبەم و سەرە بڕڕاوەکانی خۆمت نیشان بدەم «تۆ بڕوانە چەندە جوانم بەم خوێنەوە» دەروازەی مۆزەخانەی لەشە مۆمیاکراوەکانی خۆمت بۆ بخەمە سەر گازی پشت «تۆ بڕوانە شوێنەواری خەونەکانم» پەریزادەکەم! ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بتخەمە سەر ئەم باڵە کۆتەرانەی خۆم و بەرەو سووتانی ئەبەدییت بەرم و تا لای«مانگ»ی باتوومەتی سۆزانیی لە ئاسمان بەدەرکراو.. بەرزت بکەمەوە. نۆرەمە، پەریزادەکەم! نۆرەمە، منیش پێت بڵێم: «هێندە لە تەنکاودا ژیام بووم بە ماسییەکی گەمژەی ئاوی دنیا ئەوەتا نە زەریاکان پێناسەم ئەدەنێ و نە ئۆقیانووسەکان بڕوام پێ ئەکەن. هێندە لە گوێ ئاگردانی وڕێنە کردنی باپیراندا دانیشتم و ئەژنۆم دایە بەر چەناگەم و گوێم لە شڵپ و هووڕی درۆیان گرت ئێستا وەک سێبەرێکی کڕی خەواڵووی مێش لێنیشتووم لێ هاتووە ئۆه! من چ عیبرەتێکم بۆ مەرگی هەرزان ئۆه! من چ عیبرەتێکم بۆ ئاخرزەمان!» گوێم لێ بگرە! پەریزادەکەم! گوێم لێ بگرە! جارێکی دی ئەچمەوە ناو دەنگی «ئاناباز»و ئەسپەکەی جڵەو ئەکەمەوە سەر ئەکەمەوە بە مێژووە خۆڵاوییەکەیدا و توێژ بە توێژی زەمان هەڵئەدەمەوە. دیسانەوە جارێکی دی ئەبمەوە بە کالانی ئەوسا: لە دەمادەمێکی ژەنگاویدا، لە کازیوەیەکی حەپەساودا «گەزنەفۆن»ی خواوەندی زرێپۆشانی گریک، سەرکردەی هزر و بازووی جیهانی خوێن و دووکەڵ، کوڕی پەرستگا ڕووناکەکانی«ئەسینا» و ئەسپی ئاوی و شێری چنگ بە مەشخەڵانی باکۆدانی زەمین لەدوای زەمین «گەزنەفۆن»ی وەچەی«ئاخیل» بەخۆی و دە هەزار سواری تۆز لێ نیشتووی بیابانێکی دوورەوە ڕەو ڕەو، دەستە دەستە لەدوای شەڕێکی دیکەی سوورهەڵگەڕاو ڕوویان کردە ئەم وڵاتی دێو و درنجە ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ یۆنان، بە کێوی هاواری ئێمە و پێدەشتی جەستەی جنراوی ئێمەدا تێئەپەڕی. گەیشتنە دەربەندی «گۆمە سپیان» پەیکانی هەزاران ڕم لەبەر بارانێکی نارنجیدا ئەدرەوشانەوە تۆ ئەو کاتە ڕووت و قووت لەسەر ڕەوەزێکی دڕەوە تەماشات ئەکردین. ئێمەش لەبەر باهۆزێکی ڕەشدا بەرەو ژوور هەڵئەهاتین بانگی خواوەندە بەردینەکانمان ئەکرد. پەنامان ئەبردە بەر مانگەشەوی تۆقیو پەنامان ئەبردە بەر برووسکە و چەخماخەی نیشتمانی هەورە کۆیلەکان داوێنی جادووگەرە ترساوە ڕیش درێژەکانی خۆمانمان ئەگرت. عەقڵی ئێمە و عەقڵی بەرانە کێوییەکان لە یەکتر جودا نەئەکرانەوە. چاوی ئێمە و چاوی گاشەبەردەکان هەر یەک چاو بوون دەروونی ئێمە و دەروونی ئەشکەوتە نسرمەکان هەریەک شت بوو. لە پڕێکدا «گەزنەفۆن» ڕێگەی وێڵ کرد ئێمە ترسی خۆمان کرد بە بەرد و بەسەر ئۆردووی ماندوودا.. خلمان کردنەوە. لە بۆسەی «با» پێچێکدا، دوو برایان دەستگیر کردم. «گەزنەفۆن» برا بچکۆلەکەمانی لە بەردەم ناوەنجییەکەدا لە هەڵەمووتێکەوە هەڵداشتە خوارێ. ئیتر ناوەنجییەکەمان کەوتە پێش ڕمەکان، کەوتە پێش مەرگی زرێپۆش، کەوتە پێش تۆفان و بوولەرە. ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەو برایەم، برای نەوجوانی نەعلەتیم، بوو بە دیرۆکی چارەنووسی بەردەوامی تا ئەمڕۆم ئەمە دەورکردنەوەی خامۆشییە لە دۆڵێکدا «با» نەیگرێتەوە ئەمە چەقینە، چەقین، چەقینی ئەسپەکانمان لە زستانێکدا کە کۆتایی ئەوان و ڕمەکانمان، ترس و بیممان. نادیارن«نادیار» ئۆه! چ زستانێکی نەزۆکە و چ ترسێکی دوور و درێژ ئۆه! چ ئەوینێکی بەسامە و چ مردنێکی شەرمنۆک ئۆه! پەریزادەکەم، پەریزادەی باداوە و گەرداو ئۆه! پەریزادەکەم، شاژنی کڵۆڵی و گڕاوی سووتاو! پەریزادم! لەم شەوەدا هەموو برینێکم مۆمێکەو هەموو مۆمێکم برینێکە 'ئەو بکوژێتەوە ئەم هەڵئەبێ، ئەو هەڵبێ ئەم ئەکوژێتەوە' بەمجۆرە: لە ئازارە جوانەکان، لە ئازارە نازدارەکان، لە دۆژەنە شۆخو شەنگەکان، جودا نابینەوە و دابڕین لە نێوانی من و تۆو مەرگدا مەحاڵە! لەم شەوەدا، هەموو پەیڤێکم پزیزکێکی ترافیەی نێو غوربەتە و هەموو غوربەتێکم پەیڤێکی سەرگەردانی سەر شەقامەکانی دنیایە بەم جۆرە: لە هیوا نائومێدەکان، لە مژدە ڕەشپۆشەکان، لە بەهارە زەردو بنسانەکان جودا نابینەوە و دابڕین لەنێوان من و تۆ و وڵاتی گریاندا مەحاڵە! پەریزادم! من گیانم زەنەکی عەشقە و بەرپەسارێکی نسێی ساڵانتە هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. تەڕ و پاراوە مەراقم. هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. وشک و برنگە ئارامم و هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. تینووە ئاوم هەمیشە و هەمیشە و هەمیشەیش: ئاگرم سارد و سەرمایەتی و هەڵئەلەرزێ هەتاوم! پەریزادم! ئەز بۆ ئەوە زاوم قەبرم لە گوێ سەرم بلەرزێ! «چ سەرێکی نەفرەتییە سەری من» ئەز بۆ ئەوە زاوم هەر ڕاکەم و هەر ڕاکەم و نەیشگەمێ «تراویلکەی کام قاقڕ و خۆڵستانە ئاواتم؟» پەریزادم! من لەسەر گێڕانەوەی ڕووبارە- چیرۆکە درێژەکەم و جۆگە- چیرۆکە کورتەکەم چیرۆکە- کانیە زۆر زۆر کورتەکەم بەردەوامم: لە دوای کۆچی ئەسپەکەی «ئاناباز»یشەوە هەر جڵەوی ترە ئەیگرم و هەر سوارم و هەر غارێکی وەستاوم! چەندین سەدە لە دوای«گەزنەفۆن»یشەوە ئەو گاشە بەردەم بێوچان لە تل بوونەوەدام. جوانترین مێژووی وەرینم. خێراترین تیشکی تەمەڵییم. قۆزترین سواری چەقێنم! هەزاران ساڵم خستە سەر ڕانم، یەکێکیان نەبوون بە دۆستم. هەزاران ساڵم خستە سەر شانم و هەموویشیانم بەردانەوە.. بەم جۆرە- پەریزادەکەم! . بەم جۆرە من پڕۆژەی عیبرەتێکی هەمیشە نوێم عیبرەتێکی مامۆستا ئاسا بۆ سروشت- بۆ دنیا، بۆ گەردوون بەڵام هەر بۆ تۆ ناو هەر بۆ خۆم نا! ' پەریزادم! پەریزادی تاق و تەنیا جارێکی دیش لە کۆچدا بوو لەوێ لە«ڤینتسیا» لە ڤینتسیای عاشقی مانگە شەو و ئاودا لە شاری سیحردا لە شەوێکی زیویندا لەنێو «باڕ»ی بەلەمێکی پەمەییدا، چڕوچاوی خۆم نا، شیعرەکانم کچێکیان کرد بە هاوڕێم. ئەم کچە فریشتەی ئاوی بوو، لە دوورگەی خەون و خەیاڵەوە هاتبوو، نیوەی لەشی ماسی و نیوەکەی تری ئادەمی بوو، ئەبریسکایەوە، ئاوازێکی ئاڕووشەی داگیرساو بوو. نەوڕەسێکی مێیینە بوو. ناوی«ئەلیزابێس» بوو. کە لێم پرسی تۆ خەڵکی کوێی؟ پرشنگی دایەوە و وتی: 'من خەڵکی نیشتمانی هونەرم باوکم ناوی شیعرە و دایکم ناوی مۆسیقایە و هەر ئەوەندە لە ڕەچەڵەکی خۆم ئەزانم! ' ئەو شەوە تا درەنگان لەگەڵ ئاودا مەوجمان دایەوە. ئەو شەوە تا درەنگان لەگەڵ سنەوبەرەکاندا سەمامان کرد. لەگەڵ بادەدا ماچی مانگە شەو و ڕوومەتی هەورمان کرد. لەگەڵ گیتارژەنەکانی ناو کۆڵانی ئاودا خۆشەویستیمان خواردەوە. لەتەک ماسیگرەکاندا لە قووڵاییی زەریا ورد بووینەوە. لەتەک گەڕیدەکاندا گۆرانیمان وت و عەشقنامەمان خوێندەوە. لەسەر پەلکە ڕەنگینە دیلانێمان کرد و خۆمان لە ئەستێرکی خەرمانە هەڵکێشا دوو کڵاوی پووشی دەستکردمان کڕی و لە دواییشدا دامان بەدەم جۆگەیەکەوە. لای ژنە فاڵگرەوەیەکی قەمووری دەموچاو کوتراو دوو فاڵمان گرتەوەو لە دواییدا قاقا پێکەنین. لەبەر جامخانەی کتێبخانەیەکی خەواڵوودا وەستاین و لەیەک کاتدا تەماشای کتێبەکانی«ماو» و«قەززافی» و «جان جاک ڕۆسۆ» مان ئەکرد. 'ئۆه! پەریزادەکەم ئەو ساتانەیش بەختیاریم هەر شپرزە بوو ئەو ساتانەیش هەر گوێم لە ترپەی پێی مەرگ بوو ئەو ساتانەیش هەر لە بەلەمێکی سەرەو نخوون ئەچووم. لە ناکاوێکدا، «ئەلیزابیس» کێشی کردم و بردمیە ناو کابینەیەکی نیوە ڕووناکەوە لەهەر گۆشەیەکدا مۆمێک ئەسووتا هەڵۆیەکی مۆمیاکراو باڵەکانی کردبۆوە. لەسەر مێزێکی ئەبەنووسی خڕ گوڵدانێکی پڕ لە گەڵا زەیتوون دانرابوو، چەند کەسێکیش دەوریان دابوو، کە بەرچاوم ڕۆشن بۆوە، ناسیمنەوە: دانتی و کەپووە کەوانیەکەی، بتهۆڤن و قژە بژەکەی، فان کوخ و گوێچکە بڕڕاوەکەی، دستویڤسکی و ڕوومەتە تێک قوپاوەکانی، لۆرکا و پەڵە خوێنەکەی سەر سنگی، وەک مەلێکی ترساو لەسەر کورسییەک هەڵکوڕمام پەریزادەکەم! من هەر گوێگر بووم گوێگر، گوڵدانەکە چەند دووا منیش هەر ئەوەندە! لەو شەوەوە زانیم من هێشتا فێرە ئاخاوتن نەبووم. شیعرم ئازار داوە، تەنکاوم خوێندۆتەوە، ڕوانینم هەر ئەوەندەی چۆلەکەیەکی تەڕ فڕیوە. ئۆه! پەریزادەکەم! ئەم کارەساتی عەقڵە چەند گەورەیە! هەر ئەو شەوەیش زانیم لەبەرچی«ئەلیزابێس» ی کچی شیعر و مۆسیقا پەلکێشی کردم بۆ ئەو کابینە نیوە ڕووناکە پەریزادم! لە کەناری ئەم ئەشکەنجە بەخوڕانەی مندا لە کەناری ئەم نیگا وێڵ و پەڕاگەندانەی مندا وەک دەیان پۆلە پەڕەسێلکەی دوای تۆفانێکی تووش چیرۆک لە دوای چیرۆکم ئەمرن و شیعر لە دوای شیعرم ڕەق ئەبنەوە من کوڕی کارەساتم و کارەساتیش کوڕی ئەم هزرە زڕ و نەزۆکەمە! پەریزادم! .. من ئەمشەو هاتوومە لات و مەستی نەزانینی خۆمم، پەپووسڵێمانکەیەکم سەر خۆش، فڕینم لاسەنگ و نزم و دەنگم قرتاو و خەونم قرچۆک. من پەیامبەری ئازارە بڕۆنزییەکانی تۆم و پۆستەی برووسکەی هەرگیز نەگەیشتووت. من پەیامبەری ئازای ژێرکەوتووی تۆم و قەڵغانی مێژووی لە دەست پەڕیوو شمشێری نوشتاوەت! من بکوژی هەموو ئەو ڕووبارانەم کە لە سەرچاوەی خوێنی تۆوە هەڵقوڵین. بکوژی هەتاوی ڕوخسارت. بکوژی گوڵە گەنمی پەنجەکانت. بکوژی بارانە سەوزو سورەکانت. بکوژی بەخت و بکوژی لەشت! پەریزادەکەم! دە ئیتر بۆ دوودڵی و بۆ ڕاماوی؟ لەم شەوە شوومەدا، لەم شەوە بەدبینەدا، وەختێتی ڕابە و عاشقە بکوژەکەت، دڵدارە چەقۆکەت، بارانە ژەهراوییەکەت، گوڵە دوژمنەکەت، کە منم من.. بە سزای ئەبەدیی خۆشەویستیی بگەیەنە و عاشقی نوێ و مێژووی نوێ و گوڵی نوێ بخوڵقێنە! ++++++++++++++++++++++