شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: هیوا... ئەوین... هیوا، ئەوین، ئێوە چین؟ ئێوە فریشتەی زەوین!! ڕوونکەری بیر و هەستن کاتێ لە دڵدا هەستن ڕایەڵ و پۆی هەزارە زیاترە، بێ ژومارە پاک ئەوینە، هیوایە وەستای تەنین خوایە هیوا، ئەوین، ئێوە چین؟ ئێوە دڵ ئەکەن بەتین بەڵام ئەمن خۆم و دڵ دڵی خامۆش و بێ چڵ ئەوەن پەشێو و ماتین لە هیچمانا نەما تین ئێوە ئەوین وهیوام وەک هەست و بیر و بڕوام مردووی نێوگۆڕی دڵمن گۆزەی شکاوی کڵمن دەریایەکە ڕۆژگار چ قووڵ و بن نادیار!! شادیی دڵی گڕاویم یا هەستی مەستی لاویم وەک تەختەیێکی دار بوو بە دەس شەپۆلی تار بوو چ بکەم کوردم، ئەزانم... بۆیە وایە ژیانم لە هۆزێکم چەوساوە غەم بە بەژنی بڕاوە ++++++++++++++++++++++