شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: گڕوگاڵ ئەرێ ئەی دڵ ڕفێنی چاو کەژاڵم هەتا کەی وا لە دووریتا بناڵم؟ لەزیندانی ئەوینت دا ئەسیرم بەڵێ کوردم، کوڕی زیندان و چاڵم!! گەلێ شادم بەوەی بێی وبڕێژی بەشمشیری برۆکەت خوێنی ئاڵم... بەڵام گیانە، دەترسم ڕۆژی دوایی وە ئەستۆی تۆ کەوێ خوێن و وەباڵم چ داوێکە گوڵم بسکت؟ کەئاوا هەمیشە ڕایەڵە بۆ پۆی خەیاڵم کەهەوری کەزیە ڕوی مانگت بپۆشێ بە سروەی بای هەناسەی ڕادەماڵم لەمەیدانی شەڕی تیری موژەت دا ڕەزایە گورز و تەسلیمە مەتاڵم لە دەس سیحری ڕەشی چاوی گەشی تۆ چلۆن ڕزگار ئەبم؟ هاوار بە ماڵم!! لەمێژە داخی عیشق و ئاخی دووریت لە ملما بوونە ئەڵقەی تۆقی زاڵم بە شیعرم کوت کە هەستم دەربڕێنێ پەسەندیی تۆ بڵێت و ژینی تاڵم کوتی: من بۆ ئەوانە بێ زمانم کزم، لاڵم، گڕوگاڵی مناڵم ++++++++++++++++++++++