شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: ڕێڕەوی ژیان ئەبێ بنیادەمی ژیر بنیادەمی خاوەن بیر ئافرەت و پیاو، لاو و پیر گوێ شل نەکا بۆ تەقدیر بە بێ مەترسی و ئەندێش ئەبێ بڕوا بەرەو پێش *** ئینسان چونکە ئینسانە ئەرکی شانی گرانە ڕێی ژینی پڕ لە ژانە ئەبێ بڕوا مەردانە... ببڕێ ڕێگەی ئامانجی تادەسکەوێ قازانجی *** خوو مەگرە قەت بە پەستی لە تێکۆشین نەوەستی مەردە ئەوەی کە بەستی بە سەرکەوتەوە هەستی سەرکەوت بۆ نیشتمانی بۆ کۆمەڵی ئینسانی *** مەخزە قەراغ و گۆشە ئەم فکرە ژێری بۆشە وتەی بە مێشک وهۆشە: مردن بۆ ژیان خۆشە ژینی بە پەستی، گیانە مەرگە، نێوی ژیانە *** بە تین کە بیر و بڕوات لابەرە کۆسپی ژێر پات بڕازێنەوە ئەو کات نۆبووکی جوانی ئاوات ئاواتی ڕەستگاری لە دیلی وهەژاری *** بۆ وەی بگەیتە مەنزڵ بێیە دەردی لە نێو کڵ گومان و دوودڵی دڵ بنێژە، بیخە ژێر گڵ گومان و ترس و لەرزین کۆسپی ڕێی کۆشکی بەرزین *** گەل چیە؟ دەستی خوایە دەس بدە گەل کە وایە ئەوکاتە هەر بەڵایە پێت وایە کێوە، کایە ئەو وەختە بەختیاری لە کۆمەڵا دیاری!! *** لەژینیا پیرۆزە ئەو کۆمەڵە و ئەو هۆزە... کە ئەندامی دڵسۆزە پاکی یەک دەنگ و سۆزە ئاسمان یەک ڕەنگ و تەرزە بۆیە هەمیشە بەرزە *** ئەو کەسە ڕەنجەڕۆیە کە هەر بە فکری خۆیە چارەڕەش و تڕۆیە دژی گەل و گورۆیە سەرشۆڕە هەر لە ئاستی ویژدانی خۆی بە ڕاستی ++++++++++++++++++++++