شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: نەورۆز لە خۆشیی تۆیە نەورۆز وا سروشت دونیا دەنەخشێنێ لەسەر چیمەن شەماڵی شۆخ بە ناز داوێنی دەخشێنێ خڕاو ڕێبواری نێو دەشت و چیایە و نێرگزی مەستیش دڵۆپی نیونیگای گەرمی لە کاسەی چاوی دەڕژێنێ بلۆقی ئاڵ و کەسکی شەونمی سەر بەرگی جوانی گوڵ سەرنج ئەتوێتەوە تێیدا و ناخی هەست ئەجووڵێنێ هەڵاڵە و سوێسنە هەر کامە جۆرێ گیان دەلاوێنن گوڵاڵەش کوانێ وەک ئەو شۆخ و شەنگێ، تاسە بارێنێ؟ ! گەزیزە لارولەنجەی دادەنێ پێی ناز لەنێو دڵدا لە کاتێکدا کە شانەی با، قژی زێڕینی دادێنێ چریکە و شۆقی سەرگۆنای گەشی سارا دڵی شۆخی... پەریی کۆشکی بەهەشتی خۆشی خوایی دادەخورپێنێ ئەرێ نەورۆزی پیرۆز! تۆ مەگەر ئایەی خوداوەندی؟ کە هەر هاتی، لەنێو دڵدا ونیی غەم شوێنی نامێنێ نەشەی گەرموگوڕ و سۆزی خوڕەی هەڵدێری چۆماوت دەڵێی حەیران و سوارۆیە کە لاوێنێ دەلاوێنێ وەتەن، گیانم فیدای تۆ بێ و فیدای کوێستانی سەربەرزت کە شمشیری ترۆپکی شاخەکانی هەوری دادێنێ ++++++++++++++++++++++