شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: نیونیگای دڵداری خوڕەی هەڵدێر، شمشاڵی شوان... بۆ شیعری جوان ئیلهامی خوان چەن بە سۆزن، چەن سیحراوین!! لایلایەن بۆ کۆرپەی ئەوین *** وەختێ کە هات نەورۆزی لاو... زستانی خست لە بەندوباو ئاسمان لە سوێی گوڵی گوڵشەن زامی جەرگی دێتە تەشەن *** گەلاوێژی ئاسمانی شین بە پڕشنگی جوانی زێرین... بە زەردەی لێو، بە پێکەنین تین ئەخاتە دڵی ئەوین *** دەمی بەیان شنەی شەماڵ دڵی بێ تین دێنێتە حاڵ وەنەوشەی کز لە نێو تەما ئەخاتە ناو کۆڕی سەما *** بە پشت پشتی قامکی سروشت، کاتێ کە خۆر پڕشنگی ڕشت... زەوی هەمووی چ دەشت چ کێو بزەی زێوینی دێتە لێو *** بە ئاهەنگی هەوری بەهار فرمێسکی شادی دێتە خوار لەچاوی ئاسمانەوە بەموژدەیی ژیانەوە *** باران زەوی دەخەمڵێنێ دەشتێ هەزار بەهەشت دێنێ خۆر، بەدیاری ئەدا بە کێو گوڵی بزەی گوڵدانی لێو *** لەکێو وتەل، دەشت و چیا لەسەر پەڕەی گوڵ یا گیا... چەن نەخشینە و چەن جوان، ئاونگ کاتێ کە لێی ئەدا پڕشنگ!! *** ورشە و تریفەی مانگەشەو لە سووچی دڵ ئەدا پڕتەوە ئەخاتە ناو ئاگری سوور تاسە، مەیل، هەست و شوعوور *** ئەوانە گشت ئەدان بە گیان ژیان بەڵام کامیان... وەک نیونیگای هی دڵدارین ئاوا لە ناخی دڵ کارین؟ ! ++++++++++++++++++++++