شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: نیشتمانم کوردستان، نیشتمانی خاوێنم شەو وڕۆژ پێتەوە دەڕاوێنم خۆشەویستیم کڕیوی، بۆ بایی پڕ لە گەوهەر کراوە داوێنم *** بەر بەیانت بەیانی ئیمانە شەوەزەنگت پەنای ئامانە تەمی شاخانی ڕەش لە داخانت مەتەڵۆکەی ژیانی کوردانە *** نیشتمان چاوەکانی قەندیلت دەگرین بۆکوڕانی وا دیلت... کە تۆ کەوتووی وەها، توانایان نیە دەستێ بنێنە ژێر پیلت *** لەندە گوێی گرتووە لە بن ئاسمان دەڵێ پەریان دەکەن لەوێ باسمان کوردەکان ڕاپەڕن ئەگەر ئەمچەل پشتیوانە خودای هەموو ئاسمان *** ئاگری، کێوی تاسە تاساوت ئاگریی ئاگرین وداماوت بانگ ئەکا لێت کە بەرز ئەبێ ڕۆژێ وەک بڵێسەی دەروونی من ناوت *** لە چیای کوێستانی زەنوێرت خوڕەی ئاوی خوڕینک وهەڵدیرت هان ئەدەن بۆ خەبات و تێکۆشان لاوەکانی بوێر و نەبوێرت *** کوڕە کوردیکی بێتە مەیدانێ سەر لە پێناوی نیشتمان دانێ... زیندووە هەر لە یادی مێژوودا بیری کەس مەیلی ئەو کوڕە نانێ *** خەفەت وداخە ئاو گڵی شیعرم پڕگڕە بۆیە وا دڵی شیعرم نیشتمانم، فیدات منی شاعیر پێشکەشی تۆی دەکەم گوڵی شیعرم ++++++++++++++++++++++