شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: شەوێکی ڕەش لەشی بێ گیانی زەردەی تاوی سەرکەل نرا گۆڕی کپی سام و سڕیی شەو خزا خامۆشیی هێلانەی کونی چاو بە ئەسپایی، بە بێ چرپە مەلی خەو *** هەموو دنیا کڕ و بێ دەنگ و ماتە نیە دەنگێک لە هیچ عەرزێک و بەرزێ بە تەنیا بایە با، ئەگری و ئەناڵێ لەشی ڕووتی لەبەر سەرما ئەلەرزێ *** بە ناڵە و شینی با دەریا خورۆشا لە تاوی دێتە خوار فرمێسکی چاوی لەسەر ڕووی گنجی داناوە: ئەنووسێ بنووسی قینی ئەو شیعری خەماوی *** منیش و بیر لە ڕابردوو لەگەڵ یەک لە خانوچکەی دڵم دا یەکتر ئەگرین لەپاش چەن پرسیار و چەن وەڵامێک ئەمن بۆ ئەو، ئەویش هەر بۆ من ئەگرین *** هەنیسکم وەک کوڵ و پڕ مەی گرینم لە تەنگایی گەرووی دڵما شکاوە بڕێکی هەر لەوێدا ما و بڕێکیش لەگەڵ ئەسرین لە داوێنم تکاوە *** لەبەر پێی جەرگ و دڵ ڕاچوو پەلی خەم تلی گەردوون لە تیژیی ئەم پەلەی دام خەیاڵ ئاواڵی تەنیایی ژیانم لە گۆمی مەندی بێخۆیی مەلەی دام *** مەرگ دەرگای ژیانێکی هەتا سەر بەرەو ڕووی پەیکەرەی گیانم کراوە ئەڵێی بانگم ئەکا: ئاخۆ ئەزانی لە لەوحی خوا خەتی ژینت کڕاوە؟ *** بەڵام نا نا، ئەوا پڕشنگی ڕۆژی- لە گوێن شیرێ سمی سینگی شەوی ڕەش قەلی شەو دای لە شەققەی باڵی تیژی فڕی لاچوو تەمی قورسی لە سەر لەش *** ژیان هەروا بووە و هەرواشە تاوێ بەجارێ لێخنە وکاتێ زوڵاڵە خەباتی ڕێی ژیان وا ئاگرێکە کە هەر بندەستە چیلەی، ژینی تاڵە ++++++++++++++++++++++