شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: بەهار کوردینە موژدە، ئەوە بەهار هات بزەی دێ لێوی ئامانج و ئاوات بە بەرگی گوڵان پۆشراوە سارا دەڵێی نۆ بووکە و لەبەریا خارا نێرگس دڵۆپی شەونم لە دەوری هەر دەڵێی چاوی دڵدارە و دەگری ڕازاوە کێو و کەژ و چیا گشت بە نەخشی جوانی سەرپەنجەی سروشت گیان گەشێنەوە مێلاقەی سەر شاخ جەرگی وەنەوشەی ڕەش کردوە بە داخ ئەوە وەنەوشە لەگەڵ هەڵاڵە بۆتاریفیان سوێسنە لاڵە! خوڕەی هەڵدێر و چڕە وگوڕەی چەم دادەڕنێ لە بەر دڵ بەرگی ماتەم بە گەشیی گوڵی شۆخ و شەنگی چڵ دڵی پڕتاسەی بولبول دێتە چڵ دەڕژێنێ نەغمەی هاژەی بەفراوان گرێی فرمێسکی شادی لە چاوان شەماڵ دێ وموژدەی«بەهار هات» دێنێ بەگوێی دەشت وچیای دا دەچرپێنێ بە شنەی شەماڵ و بە جریوەی مەل کەوتۆتە سەما گوڵاڵەی دەم کەل دەتروسکێ کانیی سەرلێژ و هەوراز لە پڕشنگێکی هەڵدەفڕێ سەد ڕاز ++++++++++++++++++++++