شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: ئەی شەو درێخیم لێ مەکە ئەی شەو، بە هێزێ جووتە باڵی ڕەش زەمینی ژینەکەم یەکسەر بخە ناو سێبەری باوەش بە سەرما شێوە ڕەشماڵی هەڵیبە جوستەکەم بگرێ هەتا ئەتوانی پرشنگی ژیانی شادی من ببڕێ مەهێڵە ڕوو بە ڕووی من بێت بەرەو ڕووی زۆر بە دەربەستی بچۆ تاکوو لەتواناتا هەیە زووبیکە بەربەستی بڕۆ هەرچی ئەکەی دەربارەمی کە سا بە چالاکی پەلامارێکی شێرانە بەرە سەر تیشکی ڕووناکی بە قامچی گازەرای پشتی سەراسەر توێخی داماڵی بەرەو دوا بێ ئەوەی سڵ کەی نەوەی ڕووناکی ڕاماڵی لە ئامۆژگاری ئەستیرە و ڕەشی ئەو هەورە تارایە کە شێرازەی چنینی چۆتەیەک چی کەت لە بارایە؟ بە گیانێکی نەبەز پڕ دەم ئەڵێم تۆی مل کەچی فەوتان نەمانە پاشەڕوژی هێزی کاروانانی ڕێ چەوتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی هاوسەری من! سەبارەت: لە فارسییەوە نامەی هەڵبەستی ئەفسەرێکە لە دوا شەوی ژیانیا لە زیندانی چاوەڕوانی کوشتنی بەرەبەیان گزنگی خۆر کە سەرلوتکەی بڵندی کێوەکان ئەگرێ لە سنگی ئێمە، پێش ئەو کاتەیە، دوژمن نیشان ئەگرێ بە لیزمەی گوللەبارانی، لەشی خڵتانی خوێن کەوتووم لە دووریی خۆشەویستان، خاک و خۆڵی نیشتمان ئەگرێ *** ژیان هەرچەندە شیرینە، بەڵام من ئارەزووم وایە لە مردن حەز بکەم چونکە لە پێناوی مرۆڤایە حەزم کرد یەک دڵۆپی ڕوونی گوێ جۆگەی ژیانێ بم لەبەر چاو ون بم و بکێشم بەرەو گێژاوی دەریایە *** نەکەی دۆش دابمێنی، پاسەوانی شەو نەڵێ باپێت ئەوە ئەو هاوسەرە ڕێی مێردەکەی لا نەنگ و لا شەرمە گوڵاڵەی سووری خوێناوی بەسەر سنگا کە وەک نیشان بڵێ: هەی هەی دلێ ئەو هاوسەرە پڕ قینە چەن گەرمە *** وەک ئەو چاوانی خۆتە ڕۆڵەکانیشم بپارێزە نەڵێن با ڕوومەتی گەشیان لە گەردی زیللەتا ڕۆیی ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان پرسییان: ئەی بابە چی لێ هات؟ بە ڕووخۆشی بڵێ پێیان: لە ڕێگەی میللەتا ڕۆیی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسەرهاتێک برا! زانیومە بۆ وێرانە ماڵی بە برژانگ خاکی بەرپێی یەئس ئەماڵی بەڵێ گەورەم! ئەزانم پڕ بەدڵ تۆ پەشیمانی لە کرداری مناڵی لەناو چۆڵ و بیابانێکی گەرما چلەی هاوینە بێ سروەی شەماڵی کەداری سەروەکەت یادی هونەر بێ وەکوو قومری بە ڕۆژ و شەو ئەناڵی ئەڵێن: ڕۆژی بەسەرهاتت گەلێ دی کەچی هەر میوەیێکی کرچ و کاڵی بەڕەنگ زەردی خەزانێکە ژیانت سەوز نابێ ئومێدی کشت وکاڵی ئەڵێی: کەی دڵ بگاتە کامی خۆزگە خەیاڵت خاوە کوشتەی کام خەیالی؟ ! ئەگەرچی خۆ سەرت قاڵی ژیانە لە بۆتەی مەینەتا پێویستی قاڵی کە عەوداڵی بە ناو باخچەی ژیانا بچێژە هەر لەبەر گوڵ دڕک و داڵی ئەگەر دەرمانی دەرد زەهرێکی ڕوتە بڵێ: شیرینە ئەینۆشم بە تاڵی زمانی حاڵی تۆ گەرچی زوڵاڵە بڵێ: داخی بە جەرگم خۆشە لاڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەندیخانە لە جەژنا شوێنە سەیرانگای بەهارم ئێستە بەندیخانەیە خواردنم نان و پیازە و بەرگەکەم هی کانەیە شەربەت و خۆشاوی جەژنم چایە یان ئاوی پەتی چێشتە خۆشەی بەربەیانم نیسکی دانە دانەیە پێ لەناو زنجیر و کۆتا دەست و دەم گیرۆدەیە دڵ لە گۆشەی مەینەتی دا عابید و دێوانەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووربینی برا! زانیوتە سەرخۆش پاڵی ناوێ ڕەهێڵ ئەیخاتە ناولیتە و قوڕاوێ لە ڕۆیندا ئەوەی بەرپێ نەبینێ شەقاوی هەر بەرەو کەوتن ئەهاوێ سەرنجی وردی کامڵ دوور ئەبینێ نزیک نابینێ چاوی ناتەواوێ ئەوەی دووربین نەبێ خۆی دائەنێ زوو لە گوێتی بگرە پەندی مل شکاوێ چ لافێ لێ ئەدەی ئەی کاکی دانا؟ کە نابووتی بە مایەی سەلکە واوێ نەنستوو گۆی هونەر کەوتۆتە دەستی برا چۆن شیر و تیر بۆ یەک ئەساوێ مەلێ قەدری فڕینی خۆی ئەزانێ کە وا گیرۆدەیە و کەوتۆتە داوێ قسە هەرچەند هەزارە دووی بەکارە کەسێ گەر کوێر نەبێ گۆچانی ناوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرنجێک ئەگەر مردوم لەبرسانا هەتا ماوم ڕیا ناکەم، لەڕێی چەوتی ڕیاوە نان و ئاوی خۆم پەیا ناکەم ژیانم خۆش ئەوێ، خۆشتر لەبەر دڵ عیزەتی نەفسە هەتا مێشک بڕشتی هۆش و فامی بێ، خەتا ناکەم کە ئەنجامی یەک بستە گۆڕی تەنگ و تاریک بێ لە ڕاستی ڕاستە ڕێ دوو چاوی تیژم نابینا ناکەم ئەبێ زادێ بخۆم زادەی بەروبوی ڕەنجی شانم بێ بەگوێرەی خۆم ئەخۆم و کز ئەنیشم ئینتەلا ناکەم ئەوەی واتێ ئەگا بۆ ماڵی دنیا چی ئەکەی بیکە قومارێکە و ئەدۆڕێ، بۆیە من یاری وەها ناکەم ئەوەی زیاتر تەکانی خۆی ئەدا زووتر ئەبێ ماندوو لەدووی پووشێکی بابردووی بە فیڕۆ چوو هەڕا ناکەم ئەوەی ئازاری هەست و گیان ئەدا ئازاری ویژدانە ئەگەر باسی سەریشم بێ دەروون توشی سزا ناکەم حەیاتم گەر هەموی بەختی حەیا بێ شاد و دڵخۆشم هەتا هەم بۆیە هیچ یادی کەسانی بێ حەیا ناکەم ئەبێ نەفسم لەدوای عیززەتی نەفسا بناڵێنێ مەگەر بمرم، ئەگینا گورگی گیرۆدە ڕەها ناکەم کە ڕێگەی مەردی ڕێگەی پیاوی دڵسۆزی وەفادارە بەرامبەر وەعد و پەیمانم ڕەوشتم بێ وەفا ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە چوارینەکانی بابە تایەری هەمەدانی بەبێ تۆ، گوڵ لە باخا خوایە نەڕوێت ئەگەر هات و ڕووا بێ ڕەنگ و بۆ بێت بەبێ تۆ هەرکەسێ لێوی بزەی بێ لەڕووی خۆی، خوێنی دڵ، تاماوە نەسڕێت *** دڵێکم لایە کڕیاری موحیبەت کەهەر بەو گەرمە بازاڕی موحیبەت جلێکم کردە بەر باڵای دڵی خۆم کەوا پۆی مەینەتە و تاری موحیبەت *** لە دەستی چاو ودڵ هەردووکی فەریاد ئەوەی چاوی دی، دڵم کردوویەتی یاد دروست کەم خەنجەرێ نووکی لە پۆڵا لە چاوی خۆمی بەم تا دڵ بێ ئازاد *** بەبێ تۆ، دڵ لە کوێ خۆشی ئەبینێ لە ڕووی تۆدا ئەبینم خەم ڕەوێنێ ئەگەر دەردی دڵم دابەش بکەم کەی لەدنیادا دڵێ بێ دەرد ئەمێنێ؟ *** بەڵایە دڵ، بەڵایە دڵ، بەڵایە گوناهبار چاومە و دڵ موبتەلایە ئەگەر چاوم سەرنجی خۆی نەگێڕێ دڵم چوزانێ جوان وا لەچ لایە؟ *** لەدەریا سەیر ئەکەم، هەر تۆ ئەبینم لەسارا سەیر ئەکەم، هەر تۆ ئەبینم لەهەر لاسەیر ئەکەم دەشت و دەر و کەژ هەمووی هەر بەژنی تۆیە نازەنینم *** دڵم زار و حەزینە، چۆن نەناڵم؟ ژیانم ئاگریینە، چۆن نەناڵم؟ ئەڵێن پێم: بۆچ و تاکەی هەر ئەناڵی؟ کە مەرگم لە کەمینەچۆن نەناڵم؟ *** مەگەر شێر و پڵنگی، ئەی دڵ! ئەی دڵ! لەگەڵما هەر بەجەنگی ئەی دڵ! ئەی دڵ! ئەگەر دەستم کەوی خوێنت ئەڕێژم بزانم تاچ ڕەنگی، ئەی دڵ! ئەی دڵ! *** وەرن ئەی دڵ سووتاوان! با بناڵێن لە دەستی یاری بێ پەروا بناڵێن بچین بلبل لە باخا گەر نەناڵێ لەباتی بلبلی شەیدا بناڵێن *** درەختی خەم لە گیان کردوویە ڕیشە لە دەرگای خوایە ناڵەی من هەمیشە عەزیزان! بایەخی یەکتر بزانین ئەجەل بەردەو مرۆڤیش چەشنی شووشە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر شێوەی کۆن لەوەسفی خۆشەویستی تا زمانی لاڵە هەڵبەستم ئیتر تۆ پێ بزانی، یانەزانی، من چ دەربەستم؟ ئەپرسی: بۆچی جامی دڵ بە نەشئەی بادە مەست نابێ ئەڵێ: لێوڕێژی بادەی عەشقی تۆم و هەربە تۆ مەستم ئەگەر باوەڕ بە من ناکەی وەرە سەیری دەروونم کە لەدنیای خۆشەویستی تا چ دەریایەکی پڕهەستم لەبەر سۆزی دڵم دوور و نزیکی بۆنییە چاوم خوڕەی دێ ئاوی سەرچاوەی ئەگەر شادم ئەگەر پەستم جگە لەو یادە شیرینەت، سەرانسەر تاڵە ژینی من کەچی ئەتوێتەوە خەم، چوون لەگەڵ ئەویادە پەیوەستم بەتاجی عەشقی تۆوە شام لەناو بەرگی گەدایی دا کەبەندەی تۆم و ئازادەی چەرخ، دیلێکی سەربەستم بەهیوای ئاوڕێکی تۆیە خۆ هەڵبستەکانی من لەڕێی تەیری نیگایەکتا ئەبێ هێلانە هەڵبەستم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر گۆڕی جوانەمەرگێک ئەگەر هاتیتە سەر گۆڕم بزانە خێرنەدیوێکم لە ناو باخی بەهاری عومرما گوڵ هەڵوەریوێکم لە ڕێگەی میللەت و زانست و خاکی نیشتمانم دا منی نوستوو لە گۆڕیشا، وەکوو زوو... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەردایەتی زمانم با نەجوڵێنم، کە جوڵانم قسەی پێیە لە گوللەی خۆت بپارێزە، تفەنگێکە و لەسەر پێیە دەبا تیری قسەی ناخی دەروونی خۆم بهاوێژم بەری و جێی تێ ئەگەم، تۆش هەر بڵێ چەند بێ سەروپێیە بە سەربەرزی بژی تاماوی، مردوو پیاوی سەرشۆڕە ئەگەرچی نرخەکەی باسی سەرە ژینێکی بەم پێیە مەڵێ حەیفە مەرگ جەستەم ئەکاتە خاک و خۆڵی ڕێ سەری سەردارەهای دوینێیە وا ئەمڕۆ لەژێر پێیە ئەوی نازانێ ژیری بێ هونەر، تیغێکە بێ جەوهەر لە دوو پێ زیاترە، هەرچەن بە ناهەق ناوی دووپێیە برا پێ هەڵگرە و توێشوو نەبەردی باب و باپیرە بەسەر ڕێگەی ژیانا کردەوەی مەردانە جی پێیە سەرنجی پەندی کۆنت بە برای کوردم کە کون نابێ کە مردن مردنە ئیتر چییە ئەم لنگە فرتێیە کە ئازا جاری ئەمرێ ترسنۆکیش ڕۆژی دووسەد جار لەژین و مردنی مەردی دڵی تۆ بۆچی کرمێیە؟ ئەوی شوێنی نەوی شایانی شانی خۆی ئەبینێ وا لە جێگەی گەردی ژێر پێیە، سەرانسەر ژینی بێ جێیە ئەوەش مەرگی لە ڕێگەی ژینی سەربەرزا ڕەوا دیوە شەهادەت بەن شەهیدی باوەڕی بەرز و بەڕێ و جێیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەخۆشیی بایی بوون برا! با من بچرپێنم بە گوێی تۆدا بە ئاسایی نەبی مەستی شەرابی پێی ئەڵێن: بادەی لەخۆ بایی نەچێژی تامی بادەی وا نەکەی ڕەنجت بە بادەی تۆ نەچیتە ژێری با ژیری نەدۆڕێنی بە خۆڕایی ژیانی ڕاستەقینەی تۆ بە هاشەوهووشە پێک نایە حسابی بۆشە بایی بوو بناغەی وا لەبۆشایی ئەگەرچی ڕیوی بایی بوو لە شێر ترسی نییە ئەمڕۆ بەیانی هات و لێی قەوما ئەبێ سڵ کا لە تارمایی لەخۆت بایی نەبی ئەم بایە با دوری هەناسەت بێ ئەبێ تەقڵەی بەرەو نزمی ببینێ چاوی بەرزایی ئەوەی سەرخۆشی مەی بێ شەو، سبەینێ زوو لەسەر خۆیە ئەوەی مەستی غرورە، چاوی گومی خوێنە تا دوایی مناڵیش تێ ئەگا چاو: ئەرکی بینینی لەسەر شانە کەچی پیاوێ کە بایی بوو بە جارێ کوێرە بینایی ئەوەش وا کەوتە بە زەللەی غرور و پێ لەقە و زللەی ئەبێ ناوی بەدی بزڕێ لەناو بازاڕی ڕسوایی بەسەرهاتی مریشکێکە کە هێلکەی قازی پێ نەکرا ئەزانی چی بەسەر هێنا غرور و دەردی لاسایی؟ بەڵێ ئەم دەردە داخی نا بەسەر جەرگی هەزارانا ئەوەی دوچارە چارەی وا لەکن پارێز و وریایی جڵەو بۆ نەفسی سەرکێشە لە هەر دوو دەستی ئالێنە ملی ئەشکێ ئەوەی بگرێ ملی ڕێگەی بەڕەڵڵایی ئەوەی لوتی لەئاسمانە، کەچی پێی هەر لەسەر خاکە بەوەی ئەمری، ئەبێ دەرکا لە کەللەی بوشی غەرایی بەرەو دەریای دەروونی خۆت بڕۆ، پشتێ لەدنیاکە ڕەگی ئەو دەردە بن بڕ کە هەتا سەربێخی قوڵایی زمانی حاڵی تۆش ئەم دەردە پیسە با بە لەعنەت کا نەخۆشی وا بە چاوی سووک تەماشاکە من ئاسایی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاپەڕن ئەی کرێکاری نەبەردوو کاکی جوتیاری هەژار ئەی زەلیلانی چەپۆکی خوێن مژانی شەرمەزار ماوەیەکە شێخ و ئاغا و میر و ئیستعماری پیس لاشەتان ئەدڕن بە کەڵبە وەک سەگی هەوشاری پیس ماوەیەکە بەش خوراون، سا بەسی بێ کۆششێ بۆ نەجات و بەختیاری، ڕاپەڕینێ، شۆڕشێ ئەی برام، کاکی فەلاحم، شێری دەشت و چاڵ و کۆ پێم بڵێ بۆچ وا زەعیفە باوەڕ و ئیمانی تۆ میر لەناو کۆشک و تەلارا بەش بکا خەرمانی تۆ ئەو بخوا گۆشتی مریشک و تۆش نەخۆی تێر نانی جۆ ئافرەتانی شار و لادێ هەروەها ئێوەش هەموو ئاشکرایە بەش خوراون هەر وەکوو جارانی زوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کامیانە؟ سەبارەت: شەپۆلی بەربەرەکانیەکی دەرونی بێ پایانە سەر و دڵ ئێستە ئاسوودەی تەریک و گۆشە گیریمە ئەمەم پێ خۆشە نازانم لە شێتی یا لە ژیریمە؟ لە دنیای ڕۆشنا چاکە بنێرم خۆم لە کونجێکا، لە ساغی وا ئەڵێم، یاخو وڕێنەی دەم نەخۆشیمە؟ کەمن ژینم لەمەولاوە لەتاوا چۆڵ پەرستی بێ، ئەپرسم ئاخۆ بەختم باشە، یا بەڵگەی کڵۆڵیمە؟ گەلێ شت دێتە بەرچاوم، بەوەی لێم دیارە تێ ناگەم، لەبەر وردیمە ئاخۆ وای ئەبینم، یاخو کویریمە؟ زمان و دڵ ئەبینم بەینی وەک ئاسمان و ڕیسمانە، لەپەستی وا ئەڵێم یاخو قسەی توغیانی خۆشیمە؟ گەلێ ناحەز ئەبینم وا لە بەرگی دۆستی دیرینا، لە مەستی وائەڵێم، یاخو قسەی کاتی بەهۆشیمە؟ گەلێ کەس دێتە بەرچاوم کە شیتی شۆرەت و ناوە، بەخیلی پێ ئەبەم، یاخو قسەی پڕ سۆزی مەردیمە؟ کەسانی ساغ و دڵسۆزیش هەیە خزمەت بکا بێ دەنگ ڕیا وام پێ ئەڵێ، یاخو قسەی ڕاست و دروستیمە؟ وتوومە و هەر ئەڵێم دەرمانی دەردی ئێمە یەکبوونە، قسەی هیوامە ئاخۆ، یاخو نووزەی نائومێدیمە؟ ئەگەرچی گۆشەگیرم فەخر و شانازی ئەکەم کوردم کە زیندوو بوونەوەی گۆڕم لەبەر تەلقینی کوردیمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە گوڵ نابی دڕکیش مەبە ئەوی ئازاری دڕکی دی ئەڵێ تا ماوی وەک گوڵ بە ئەگەر بەرزیت ئەوێ وەک ئەو هەمیشە هەر لەسەر چڵ بە ئەگەر خۆ ناتەوێ بەرزی بەنزمی شاد و دڵ خۆشی بڕۆ هەر دڕکی ژێر پێ بە بڕۆ هەر بەردی سەر دڵ بە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا کەی ئەگەرچی مات و بێ دەنگم، دەمم پڕهات و هاوارە دڵیشم گەرچی ڕووناکە، دەروونم پڕ لە ئازارە برینی سەخت و ناسۆری هەناو قەتماخە نابەستێ؟ سەرم سوڕماوە، تێ ناگەم هەتاکەی خوێنی ناوەستێ؟ هەتاکەی داخی جێ ماوی نەوەی ئەم کوردە داماوە؟ لەتەختی سینەما ئاخ و هەناسەی پڕ لە زووخاوە هەتاکەی دەردی ناکۆکی لەناو ئەم قەومەدا باوە هەزاران داخی ناسۆری بەسەر جەرگ و دڵا ناوە هەتاکەی بۆیە یەک ئەگرین کە ئیتر پشتی یەک نەگرین هەتاکەی پڕبەدڵ تواخوا بەدڵ بۆ حاڵی یەک نەگرین؟ هەتاکەی کردەوەی چاکە بە واتەی بەد بفەوتێنین؟ هەتاکەی تەڕ لەگەڵ وشکا بەبێ تاوان بسووتێنین؟ هەتاکەی زۆر دلێ گەورە بە چاوی کەم تەماشا کەین؟ لەڕەنجی پاک وپیرۆزی هونەرمەندانە حاشا کەین؟ هەتاکەی گیانی خەمخۆری کز و لاواز و بێ ڕەنگ بێ وەکوو پەیکەر لە کونجێکی دەروونا مات و بێ دەنگ بێ؟ هەتاکەی بێخ و بنچینەی وەفا و ڕاست گۆیی بن کەن بێ؟ لەناو پەیوەندیی کۆمەڵدا وەفاداری بە دەگمەن بێ؟ هەتاکەی زۆر ڕەوشت و خوو نەچەسپێ شوێنەکەی لەق بێ؟ شکاتی گەردن و ئەستۆ لەسەر ئۆباڵی ناهەق بێ؟ هەتاکەی ژینی پیرۆز و تەمەن بدرێ بە دەم باوە بەدەم بای عادەتی پووچ و قسە و ڕەفتاری بێ جاوە؟ *** کەس نەڵێ: گەورەم، تۆزە گەردێکە ژاکاوی دەستی سووکە دەردێکە خەزانی مردن کە گەڵای وەران ون بووی ژێر خاکی پەنا بەردێکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەناسەیەک گوڵی ژاڵە! بڕۆ بمرە هەتا جاو مفت و هەرزانە ئەوەی دەستی بە زاخاچوو لەسەرتۆ ماڵی وێرانە بەسە زوخاوی دەستی تۆ! بنۆشە زەهری دەستی من هەتاکەی خوێنی گەش بتکێ لەجەرگی ئەم بەسزمانە جەفا نۆشی بە من تاکەی، وەفا بەخشی بە تۆ تاکەی، ڕەوشتی تۆ لە ڕاستم کەی نیشانەی وەعد و پەیمانە؟ گەلێ قوربانی گەورەم دا، بە قوربان؟ من لەڕێی تۆدا وەرە سەیری ژیانم کە هەموی هەر قۆچی قوربانە بەبێ پەروا ملم نا بوو گڕی تۆ، دەک ملم بشکێ هەتا سووتا پەڕ و باڵی فڕینم چەشنی پەروانە بە تەفرەی تو خەڕو بوو ئەو کەسەی وا تۆی بە کەس دانا هەتا خزمی نزیکیشی لەبەر تۆ بونە بێگانە دەبا کاسەی ئەم و ئەو پڕ لە بادەی کەیف و خۆشی بێ ئەنۆشم هەر لەکاسەی خۆم لەبادەی خەم کەلێوانە ئەگەر تۆ شک نەبەم ئەی دڵ! ژیانی خۆم بە شا نادەم بەڵام داخی بەجەرگم وا لەگەڵ تۆ بوومە دێوانە لەپێشا لایەنی تۆم گرت، بەرم دا لایەنی هۆشم ئەوەی ئەم ڕێگەیەش بگرێ، وەکوو حاڵم پەرێشانە دەسا تۆش بلبلی هۆشم، هەتا ماوی بناڵێنە لەتاو باڵی شکاوی خۆت، لەتاو شێواوی هێلانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئۆخەی سەبارەت: بە بۆنەی شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژەوە مژدە بێ ئەی خوشک و برا ئاڵای ئازادی هەڵکرا دەزگای جمهوری دانرا پاشایەتی پێشێل کرا ئۆخەی، ئۆخەی گەلم شادە لە تەوقی دیلی ئازادە هێزی مەرد هاتە کایەوە بارەگای شای پێچایەوە تەختەکەی هەڵگیڕایەوە سەرکەوتن دەنگی دایەوە چواردەی تەموز هاوار ئەکا لە لای ئێمەش باستێڵ شکا جەژنی ئازادی ئەمڕۆیە گزنگی خۆری ئاسۆیە ڕووناکی بۆ من و تۆیە بۆ جەرگی ناحەز پشکۆیە شەمشەمەکوێرە دەرکەوێ چۆن بە شەوارە ناکەوێ ئۆخەی کورد و عەرەب شادە لە تەوقی دیلی ئازادە زنجیر و کۆتی بەر بادە هاودەمی ڕۆژی مرادە ئیمپریالیست و نۆکەری وەک گەڵای پاییز هەڵوەری سەرکەوتن هەر بۆ هەق بووە دوای شەوەزەنگ شەبەق بووە جێ بە ئیستعمار لەق بووە نۆکەری شەق و پەق بووە ئەمڕۆ هاتە دی ئەو خەوە کە ئاواتی ئەم و ئەوە ئۆخەی کە دڵ کرایەوە گیانی شەهید ژیانەوە تۆڵەی خوێنی درایەوە خونچەی هیوای گەشایەوە بۆ مزگێنی ئەم سەردەمە هەر ئۆخەیە و لەسەر دەمە هاتۆتە دی خەوی خۆشم بۆیە وا شاد و دڵخۆشم هەرتێر نابێ هەست و هۆشم ئای چەن بەتاسە و پەرۆشم دڵم شادە، لەخەم دوورم پەپوولەی سەرگوڵی سوورم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیلهامی دەروون سەبارەت: بەشێکە لە هەڵبەستێکی «عەلی تەرمۆکی» لە عەرەبییەوە. خۆ ئەگەر ژیان وەکوو خەو وابێ گوزەران ئاخ بێ و بە مەرگ کۆتا بێ بۆن کردنی گوڵ بکە بە پیشە تێر تێر سەرنجی دەمەو بەیان بە پەنجەت لە قژی نەرم و خاوا بێ با دڵ و گیانت لەو هەستەدا بێ ئەم ژینە بۆ تۆ زۆر پێویستیە چاکە و بەزەیی و خۆشەیستییە گەر با ئەیهێنا هەناسەی مردوو مرۆڤ ئارەزووی ڕێی چاکەی ئەبوو بەڵام مردووان ئێمەیان بیر چوو لەگەڵ تارمایی جوانەمەرگانا ژیان بە چەشنی بێژەنگ ئەنوێنێ دوای گێژ سێ دانی هەر تیا ئەمێنێ «نەیرون» زۆر قەڵای بەرزی هەڵچنی کە هەڵسا لە خەو بە خۆی پێکەنی تاکوو بگاتە پیرۆزیی لاهوت ئەم چەن وشەیەی خێرا بەرچاو کەوت یەک بەیەک پیتی بە ئاگر نوسراو لەسەر وێرانەی تەلاری ڕووخاو: (بەرەو کردگار، ڕێگای نزیک بوون، گوێ گرتنە بۆ ئیلهامی دەروون) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو گەلەی ئەو گەلەی کەوا ساڵەهای ساڵ بوو ڕێگای خەباتی پڕ دڕک و داڵ بوو لەبۆتەی سزا و متەینەتا قاڵ بوو لە ناکاو بەسەر دوژمنا زاڵ بوو تازە چۆن دیل و دەست بەسەر ئەبێ ڕۆڵەی وەک جاران دەربەدەر ئەبێ ئەو گەلەی کەوا دوێنێ ژێر دەست بوو شەوی ژیانی تاریک و پەست بوو هۆی ئیستعمار و کۆنەپەرست بوو ئەودیلەی دوێنێ ئەمڕۆ سەربەست بوو تازە چۆن زنجیر لە گەردن ئەبێ نیشتمانەکەی بۆ دوژمن ئەبێ ئەوگەلەی کەوا خوێنی ڕژاوە بەگوللە کەللەی ڕۆڵەی پژاوە هەرگیزوهەرگیز ڕانەوەستاوە بەرەوپێشەوە تەکانی داوە تازە چۆن گەلی وەها قارەمان خۆی بەخت ناکا لەسەر نیشتمان؟ ئەو گەلەی شەوی دوور و درێژ بوو ڕێی ڕزگار بوونی هەوراز و لێژ بوو بەرەو شەبەقی وەک «گەلاوێژ» بوو یەک یەک برینی دڵی ساڕێژ بوو هەرکەسێ ئەڵێ گەلی وانەبەرد دیل ئەکرێتەوە سەری دالەبەرد ئەو گەلەی دەردی دیلی چەشتووە خوێن و ئارەقی زۆری ڕشتووە دەستەی ناپاکی بێ گۆڕ ناشتووە هەتا بەم ڕۆژەی خۆی گەیشتووە چۆن نەڵێ خاکم کرد بە گۆڕستان بۆ پیلان گێڕ و کۆنەپەرستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی کامەرانی ئەی کامەرانی! گەشە و ڕووناکی هیوای ژیانی بۆ شەو شەبەقی، گزنگی خۆری دەمەو بەیانی تریفەی مانگی، جریوەی خۆشی ئەستێرەی گەشی ڕۆشن کەرەوەی دڵ و دەروونی تاریک و ڕەشی تۆ ئەو مەبەستە پیرۆزەی بەرەو قۆناخی شادی یەکەم ڕابەری کاروانە گەورەی ئادەمیزادی تۆ چارەسەریی دەردی گرانی گیانی کۆمەڵی بۆ دۆزینەوەی ڕێ لە ژیانا گڕ و مەشخەڵی وێرانە گەر تۆ بچیتە ناوی، خۆشە، ئاوایە تۆ هەبێ خەم و پەژارە و سزاکەی لە ناوایە؟ تۆ هەبی ئەوەی کەوا هەژار و دیل و کڵۆڵە، بەخت و ناوچاوی ڕەشی لە تاوا ئاوارەی چۆڵە تۆ کلیلێکی زنجیر و کۆتی پێ ئەکەیتەوە جەرگ و هەناوی ڕەشی بەدبەختی بەر ئەدەیتەوە ئەوەش ئەزانم کە تۆ نە بەهرەی، تۆ نە خەڵاتی بەڵکوو بەروبووی بەپیت و فەڕی تۆوی خەباتی چەن لافاوی خوێن، خوێنی گەش و ئاڵ بۆ تۆ ڕژاوە چەن کەللەی سەر و مێشکی بلیمەت بۆ تۆ پژاوە چەن پێ هەڵوەری بەدەم زنجیر و کۆتی سزاوە چەن دەست و مەچەک لەناو ئاسنا بۆ تۆ ڕزاوە چەن مل لەسەر تۆ، بە ڕۆژی ڕووناک، کرا بە پەتا چەن جەستە، چەن گیان، سووتا لە بۆتەی جەور و مەینەتا چەن دڵی ناکام، ئێستا لە سەر تۆ، ئەسپەردەی گڵە گلێنەی چاوی چەن گوڵی نازدار زەدەی چقڵە چەن گیانی نەبەز بۆ تۆ، لەسەر تۆ، گیرۆدەی بەندە دیلی زیندانی تەنگ و تاریک و ئەڵقەی پێوەندە چەن جوانەمەرگی خێر لەخۆنەدیو کە گیانی دەرچوو بەستە و گۆرانیی ئاوات و هیوای تۆی لەسەر دەم بوو بە کورتی ماک و هەوێنی شادی و خۆشیی ژیانیت بەنرخی بۆیە وەها گرانە قۆچی قوربانیت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بادەی خەم نازانم بۆ لەناکاوا جار جار تەمێ، تەمێکی ڕەش لەو دیو ئاسۆی دەروونەوە دێ دڵم ئەگرێتە باوەش کە ئەو تەمە سەرهەڵ ئەدا، دڵم وەکوو ساوا ئەگری لەقاقای پێکەنینا بێ، وەک پاییز لەتاوا ئەگری دەستم ئەنێمە بەر ئەژنۆی خەفەت و دۆش دائەمێنم یان هەرکەسێ خەمی لابێ ئەچم هەمووی لێ ئەسێنم ماتەمینی بزەی لێوی هیوای گەشم ئەتاسێنێ وەک هەڵۆ، مەلی هێمنی باخی خۆشیم ئەتارێنێ شەپۆلی خەم گێژم ئەدا لەدەریایەکی بێ بنا هەرگەردەلوولەوهەڵ ئەکا لە دنیای دەروونی منا ئەوسەردەمەی کە ئەم تەمی خەمە یەخەی دڵم ئەگرێ هەرچی گەشەی پێ ئەبەخشێ ون ئەبێ، نامێنێ، ئەمرێ ڕۆژی ڕووناک ئاوا ئەبێ، ئەبێتە یەک تاریکە شەو ئەگەرچی چاو تینووی خەوە، کەچی لەچاو بێزارە خەو هەر کەبادەی ئەو خەمە نۆش ئەکا دەروونم، پەست ئەبم دەم و دەست گێژ و وڕ ئەبم، بێ نۆشی بادە مەست ئەبم ئەی تەمی ڕەش! ئەی بادەی خەم! نازانم بۆ، نازانم بۆ وا دام ئەگری دێ یت و ئەچی ناگەم لەتۆ، ناگەم لە تۆ؟ سەردەمێکی باش ون ئەبی، دەروونم تاسەی تۆ ئەکا جار جار گوڵی بەهارە کەم یادی هەناسەی تۆ ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برووسکەی پرسەیەک سەبارەت: لاواندنەوەی «هێمن»ی شاعیر و هاوڕێمە هەر کە بارگەی یارانەکەی بەهێمنی گەیشتە شار زوو زانیم کە بارگە و بنەی هێمنیش دەگاتە هەوار زوو زانیم کە «پاشەبەرە» شیعرێکی نائاسایییە کزە و سۆزی هەناوەکەی ژیلەمۆی ماڵئاوایییە فرمێسکی ئەو چاوە تەڕەی لەو پارچە شیعرەیا هەبوو تۆمارێکە بۆ تەمەن و بۆ ڕەوتی ژینەکەی هەموو ئەو بارگەیەی هەر هەناسە و ئاخ و داخ و سکاڵایە شیوەنێکی گەرم و گوڕی کاڵاکەی لەقەد باڵایە بەدەم سەرنجی شیعرەوە بۆ تۆی ماندوو، بۆ تۆی تینوو چاوی خەیاڵم تۆی ئەدی و ئەیوت چاوێک بنێ و بنوو ئاسۆ وەک جاری جارانی، بگرە زیاتر، تەماوی یە مەڵبەند هەرلایەکی ئەگری، ڕەشپۆشێکی خەماوی یە ئێستەش بەبۆنەی کۆچەوە کە تۆمارت ئەخوێنمەوە یادی هەڵگر و داگری ژیانەکەت ئەژێنمەوە ئەی بلبلە خۆش خوێنەکەی باخچەکەی کوردستانەکەم تەریوە دڵشکاوەکەی شەیداکەی نیشتمانەکەم گوڵی شیعر لە باخچەتا گەشی بۆن و بەرامە بوو پاراوی خۆشەویستیت و گۆشی ئەو هەموو زامە بوو گوڵی کام شیعرێ ناسکە لەتاریک و ڕوونا هەیە بۆ جوانی و بۆ ئەم خاکەیە، بۆ ئازادی ئەم کوردەیە شاعیرە پەخشان نووسەکەی زمان پیت و پاراوەکە ئەی بە بەرهەم گوڵە باخی سەر لق بەرزە گەشاوەکە ئەی ئاوارە و دەربەدەری دەستی خەباتی چەن ساڵە بۆ مافی کوردی ڕەنجەڕۆ ڕێبواری ئەو ڕێگە تاڵە بەناو هێمنی، جەربەزەی ئەو هەورازە سەخت و کووڕە بەناو دڕک و داڵی زۆرا، ڕووبەڕووی وەیشوومەی تووڕە تا لە نزیکی چوارچرا سەری شەکەتت نایەوە شیعر و خەبات و ناسۆری و مەهابادت بۆ مایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڵقی سەر ئاو دەردێک هەیە کوشندەیە لەناوا بەردی داوە بەپشت زۆر شتی باوا دەربڕینی: دەمێ ساڵە لەدڵما شەپۆل ئەدا وەکوو خولیا لە سەرما ئەو دەردەی وا کە لێرەدا مەبەستە ئازاری والای دەستەی ماران گەستە: زۆر کەسی وام بەم دوو چاوەی خۆم دیوە خۆی، لەئێمە، سەدقات چاکتر ناسیوە چییە و چۆنە و ئاخۆ چی لە بارایە جەواڵی دڵ چییە و چی لە زارایە بە سەرژمێر خۆی یەکێکە لەبەر چاو کە چی پەلکەزێڕینەیە بە هەناو بەپێی شوێن و بەپێی هەوا و بەرژەوەن گێرە ئەکا و خەرمانەکەی ئەکا شەن بەوێنەی بۆق ڕەنگی زەوی وەرئەگرێ ڕەنگی مرۆڤ هاوار چۆن ڕوکەش ئەکرێ؟ ئەو مرۆڤەی پێستەکەی گەنم ڕەنگە هەر یەک دڵ و یەک مێشک و یەک ڕەنگە سپی و ڕەشیش ئەبێ هەرسپی و ڕەش بێ شەوی تاریک لەڕووناکی بێ بەش بێ کەچی ئەوەی ئەمڕۆ لەبەر چاوایە ڕاست پەرستی لەلا هەروەک باوایە تاڕیایی و تاڕەواڵەت وەستابێ ڕاستی ئەبێ هەر شار بەدەر کرابێ هەر من من و هەر خۆپەرستی باوە پووشی وشکە دڵسۆزی بە دەم باوە هەرچی دەستی گەیشتە کۆڵە داسێ تەنها زاتی خۆی نەبێ کەس ناناسێ بەڵام ژیان، ژیانی ڕاستەقینە زۆر لەم بڵقی سەر ئاوانە بە قینە ڕیاکاری خۆپەرستی ترسنۆک ئەمڕۆ سبەی ئەبێ هەر دابدا چۆک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ساواکەم ئەی میوانی تازەی دنیای گەورە و فراوان دەستی بە خێرهاتنی تۆم نایە سەر چاوان بەخێرهاتی شەشەم چرۆی داری ژیانم تروسکەی چاو، هێزی ئەژنۆ، ئارامی گیانم بەخێرهاتی خونچەی ساوای گوڵباخی بونم جگەر گۆشەی ناو باوەشی گەرمی دەرونم لەمەڵبەندی نەبونەوە بۆ ئاسۆی ژیان لەتاریکی نادیاری بۆ سەر دنیای گیان لەئاسمانی نەدیوەوە بەرەو دنیای بون هاتی بگەی بەو مەلانەی لەپێش تۆوە بون بەڵام ڕۆڵە! تۆ مناڵی، بەرخۆلەی ساوای بێ پرس وڕا، بێ ڕەزابون، بەرەولای دنیای دیارە ئەمڕۆ تۆ نازانی کە ئەم دنیایە بۆ شەپۆلی مەینەتی ودەرد ئەڵێی دەریایە ئەوەتا من کە بۆ ئێوە وەک پاسەوانم بۆ پەروەردەی نەمامی باخ وەک باخەوانم بە برژانگی تیژی چاوم باخچەم ئەکێڵم بەدەستم بێ، چۆن دڵم دێ بەجێتان بێڵم؟ تۆوی ڕەنج و تەقەڵایە لەوباخە ئەڕوێ خونچە و چرۆی گوڵ و نەمام بەخوێن ئەپشکوێ بە ئارەق و خوێنی جگەر نەمام ئاو ئەدەم ڕیشەی دڵم بە پەرژینی دەوری باخ ئەکەم بەدەستم بێ چۆن ئەتوانم لە ئێوە دوربم بە ڕۆژ و شەو لەسەر پشکۆی ئاگری سوربم تا تەنانەت لە شێوەی تۆش بێ بەهرە و بەش بم منی باوک، بۆ تۆی ساوا وا بێ باوەش بم بەڵام ڕۆڵە دڵنیابە هەتاکوو ماوم بۆ پەروەردە و خۆشی ئێوە ئەبێ هەنگاوم تاکوو ئێوەی نەمامی باخ گەش و تێراو بن دڵ نایەوێ گوڵی ڕومەت سیس و ژاکاو بن تادێنە بەر، تا پێ ئەگەن بۆ کۆڕی ژیان ورد ورد گیانم لە ڕێتا ئەکەم بە قوربان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شەش پەپوولەکەم سەبارەت: ١٩٦٤ ١ شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم هەر بۆ ئێوە لێو بە باری خەمم بلبلی بەستەی گریە و ماتەمم هەر وەکوو پاییز ڕەنگ زەردی ئێوەم ناخی دەرون پڕ لە دەردی ئێوەم خەمی ئێوەیە خەو و خۆراکم شەوی تاریکە ڕۆژی ڕووناکم بەرد ئەسوتێنێ گەرمیی هەناسەم بە سۆزی دڵ و ئاگری تاسەم هاوار و ناڵەی مات و بێ دەنگم خورپە و لێدانی دڵەکەی تەنگم چۆن بوو نەمردم دیم وا بەڕێوە هەوری چڵکنی دووری لە ئێوە؟ لەسەر ئێوە و من لەسەر ئەو باخە هەوری مەینەتی کەوتە چەخماخە چەن گۆپکە و چرۆ چەن خونچە چەن گوڵ سووتا، هەڵوەری بە ناکامی دڵ خەم و پەژارە وەک جاری جاران باری بە وێنەی ڕەهێڵەی باران لافاوی دووریی هات ڕای فڕانم بەرەو نەهاتێ خۆشم نەزانم ٢ شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم لەو ڕۆژەوە من دوورم لە ئێوە هەر خۆم ئەزانم دڵ چەن پەشێوە هەر خۆم ئەزانم کام بڵێسەی خەم لە دەروونەوە بەربۆتە جەستەم هەر خۆم ئەزانم دەردی دڵی خۆم توخوا با هەر خۆم بۆ خۆم خەم بخۆم هەر خۆم ئەزانم چەن بە سەرسامی گرتوومە ملی ڕێی بێ ئارامی دەس لەناو دەستی دڵەی ڕەنجەڕۆم بە ڕێی دڕکاوی مەینەتا ئەڕۆم وەک مارانگەستە زامم پل ئەدا بە ڕۆژ و بە شەو تەپاوتل ئەدا ڕۆژ تا ئێوارە، شەو تا بەیانی ساوای دڵ گەرمە جۆشی گریانی لە تاو دووری جێ بە خۆم ناگرم هەر ئەڵێی لەسەر پشکۆی ئاگرم پەپوولەکانم: هەر خۆم ئەزانم چەن بە ناسۆرن برینەکانم ٣ شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم من باخەوانی باخی ئێوە بووم داخی سەر دڵی داخی ئێوە بووم باخچەم ئەکێڵا بە برژانگی چاو تک تک ئارەقم بۆ ئەکرد بە ئاو بە تاسەی دڵ و سۆزی گیانەوە بەهەشتی ئێوەم ئەڕازانەوە تا ماندوو بکەن جووتە باڵەکان بۆ سەر گەڵای سەوز گوڵە ئاڵەکان تا گەشت و سەیران تێر و تەسەل بێ شوێن حەسانەوە سەر لق و پەل بێ هەڵمژن بۆن و بەرامەی خۆش خۆش ئاونگ لە پەڕەی گوڵا بکەن نۆش ڕۆژ بەسەر بەرن لە باوەش گوڵدا شەویش لە کۆشی گەرمی توێی دڵدا ئای لەو ئارامە، ئای لەو شادییە ئای لەو ژیانی پڕ ئازادییە کە بێن و بچن بە دڵی خۆتان گیانی باخەوان ڕێی هاتوچۆتان ئاخ هەوری چڵکن لە ئێوەی کردم بە لافاوی سوور بۆ دووری بردم ٤ شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم یادی ڕۆژانی عومری ڕابردوو کە چەن زوو هات و چەن زوو بەسەر چوو یادی فڕینی ئەو ناو بەهەشتە سەیر و سەیران و گەڕان و گەشتە یادی ئەو هەموو یادگارانە بزەی سەر لێوی ژینی جارانە وا لەبەر چاوی خەیاڵاتی من بە ڕۆژ و بە شەو هەر دێن و ئەچن داخی بە جەرگم کە باڵ پەشێون ئێوەش وەکوو من خەم لەسەر لێون ئەزانم پاییز، پاییزی ماتەم چی کرد بە گوڵ و گەڵای باخەکەم ئەزانم ئێوەش وێڵ و ئاوارەن وەک من دڵ پڕ لەم ناڵە و هاوارەن بە شوێنی منا ئەسووڕانەوە بە هیوای بەرە و باخ گەڕانەوە ئیتر چۆن سۆزی دەروونی پەستم گڕ بەر ناداتە دێڕی هەڵبەستم؟ ! یان چۆن بڵێسەی پەژارە و خەمم گڕ بەر ناداتە وشەی سەر دەمم ٥ شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم هەر بۆ ئێوەیە ئاخ و داخەکەم لافاوی دووری ئەنیشێتەوە تەم و خەمی دڵ ئەڕەوێتەوە دەستە بە دەستە باخەوانەکان ئەگەڕێنەوە بەرەو باخەکان ئەو سا سەرلەنوێ بە پەرۆشەوە دەروونی شاد و دڵەی خۆشەوە بەهەشتی گەشتی ئێوە خۆش ئەکەم بادەی دڵخۆشی ئێوە نۆش ئەکەم خەمی کۆنە و نوێی چەن ساڵەی تەمەن بە دەستی شادی ئەکەین ڕیشەکەن دەست ئەکەینە مل ئەو خەو بینینە جا ساڕێژ ئەبێ ئەو گشت برینە مژدە بێ مژدە دێمەوە لاتان ئەکەم بژاری باخچەی هیواتان شاد ئەبینەوە ئەمڕۆ یا سبەی ئاوات، خۆزگە، خەو، ئەبن بە ئۆخەی ئەژین ژیانێ هەمووی ئۆخەی بێ هەرچی پێی بڵێن خەفەت ئەو نەیبێ پەپوولەکانم! پەپوولەی ئازیز وا بە سەر ئەچێ ماتەمیی پاییز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ فریشتەیەک دیارە تۆ پەریزادە و فریشتەی ناو نزاری بۆیە ژیر و بەبیر و جوان چاک و بەهرەداری لە ئاسمانی ڕەوشت و خوی دڵگیر و پەسەندا ئەستێرەی گەلاوێژی پیرۆزی ورشەداری لە باخی خۆشەویستی ناخی دڵ و دەرونا گوڵێکی تاسەر گەش و تازە پشکوتوو دیاری من دڵی خۆمم ئەدی لە گۆشەی مەینەتیدا بەختی خەواڵوو شێوەی تۆی چۆن هێنا بە دیاری؟ هەر دوو پێی خۆمم ئەدی لەناو تەوقی گرانا خۆشیت باران بەسەرما وەک شەونمی بەهاری لەشم لەناو قەفەزدا وەکوو بلبل ئەگریا گیانم کە تۆی دی فڕی بە باڵی بەختیاری دۆزەخ بوو جێگەم تەنها هەر بەناو هێلانە بوو بەهەشتێکت پێ بەخشیم، فریشتەی کوردەواری بە چەشنێ سۆزی دەروون تۆی دی کەوتە بڵێسە کزبێ ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆ من دەردێکە کاری هەرچەندە دێتە یادم، موچڕکی سۆز و تاسەم هاوار ئەکا پڕ بە دەم: هەر بژی یادگاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مێژوو سەبارەت: پێشکەشە بە گیانی سمایل خانی سمکۆ سمکۆش، وەک شێخی نەمر هەڵۆیەک، بوو، بەرزەفڕ لەسەر لوتکەی چیاوە هەر بە هەوری ئەدا دڕ *** لە شەققەی باڵی خولیای ئەدا، بۆ ئاسۆی هیوا بەسەر هەزاران هەزار دوند و تەپۆلکە و شیوا *** لە شەوی کوردستانا سمکۆ بڵێسە و گڕ بوو بۆ خۆری سەر فرازی خوێنی مەشخەڵ هەڵگربوو *** زۆر بن دار و بن بەردی ئەم خاکی کوردستانە بۆ هاژەی پەر و باڵی هەڵۆمان، داستانە *** ئەو ئارەق و خەباتە جێی شانازی مێژووە بۆ سەر بەرزیی وڵاتە هەڵمەتە و نەمر بووە *** تاڕاوکەری تامەزرۆ بەخوێنی گەشی هەڵۆ ئەم کوردەی کرد ڕەنجەڕۆ بەکسپەی مەرگی سمکۆ *** ئەو چیا سەربەرزانە بۆ هەڵۆ هەر هێلانەن بۆ ئەو بەچکە شێرانە هەر بێشەن و هەرلانەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مەدهۆشی شاعیر و بەڵێنەکەی نەفس بە هیوای ئەو بەڵێنە بوو هێلکەی چی؟ ! هەمووی دوو زەردێنە بوو وتیان بێ خوێیە، من کەتامم کرد بەینی بەینەڵڵا هیچ بێ خوێ نەبوو پیرییە، یان خەم زەینی کول کردوون بیر تیژیی ئێوە خۆ کەم وێنە بوو چوارشەممە و شەممە و سەفەر دوایی هات دەنگی تەلەفۆن بۆ بەر گوێ نەبوو سەرما خەریکە دوورکەوێتەوە جڵقەی هێلکە بۆر لە هیچ کوێ نەبوو قەرز کۆن ئەبێ، بڵێی نەفەوتێ؟ مەسەل کۆنە، هی ئەمڕۆ و دوێ نەبوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مەلێکی تەریو ئەی بلبلی، بەهرە زلی، گەروو بچووکی نەغمە خۆش! ئەی باڵداری هونەرمەندی بەستە و ئاوازی پڕ لە جۆش! ئەی ئەو مەلەی کە سڵ ئەکەی لە گیاندارانی ڕووی زەوی ڕاوکەر نیم داوی پڕ لە دان بنێمەوە تۆی تێ کەوی فڕی هاتی نیشتیتەوە لەسەر لق و پۆپی دارێ لە باخێکی نزیک منا، بەسەر بەری نەو بەهارێ بە ئاواتی ژێر سێبەری حەسانەوەی پاش ماندوو بوون تا وچانێ بدەی بە باڵ زاخاوێ بە ناخی دەروون یان بە دەنووکی ئارام و ئاواتی گەش، بە سەربەستی لەو سەر لق و پۆپی دارە هێلانەیەک هەڵببەستی منیش لە نزیکی تۆوە، چاوم لە جێی پیرۆزت بوو دەمەو بەیان و زەردەپەڕ، گوێم لە دەنگی بە سۆزت بوو خۆزگەیەکم ئەهاتەدی: بۆ خۆت خەریکی خوێندنی لە باخی ئەم ژیانەدا دڵخۆشی گوڵ بۆن کردنی ئەم وت: ئۆخەی وا ئەو مەلە خەمی کۆنی بەبا ئەدا تەمی دیلێتی ناو قەفەس لە توێی دەروونی لا ئەدا کەچی داخەکەی داخانم بەردە وردەی دەستی هەواڵ خۆی گەیاندە هێلانەکەو تۆش بۆی فڕی بە جووتە باڵ یادێکی پڕ لە ناسۆرە ئەوەی بۆ من مابێتەوە خەمی تەراندنی وەها هیچ تەمی ناڕەوێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چلەی مەفتوونی هاوڕێم ئەی پێنووسی دەستی وەفا و پێ زانین هەڵبەستێکم ئەوێ ڕەش پۆش وەکوو شین پرسە بگرێ بۆ کۆچی جوانەمەرگێک ڕەنجەڕۆ بوو لە وچان و خۆشیی ژین بۆ مەفتوونی هاورێی دەمی قوتابیم ئارەق ڕێژی تینووی فێربوونی چین چین ئێستەش قاقای پێکەنینی ئەو دەمەی لە گوێی منا دەنگ ئەداتەوە یەک بین ئێستەش قسەی ساکار و بێ فێڵی ئەو لەبەر چاوم نەخشە وەک باخچەی ڕەنگین وەک بلبلێ وێڵی گوڵی خوێندن بوو لەپاریس و لە لەندەن و لەبەرلین لەرێی بەرزی کوردایەتی پیرۆزدا بەشدارێ بوو لەریزی دەستەی پێشین لە ئاگری خۆشی دە ساڵەی کوردا پشکۆی گەش بوو بۆ ڕێی خەباتی خوێنین تا داخەکەم جەرگی کەوتە وشک بوون چاوی لێک نا بە هەناسەی ئاگرین بە هەزاران چەشنە هیوای دڵەوە بە ناکامی ماڵ ئاوایی لێ کردین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گوڵێکی ژاکاو ئەی گوڵی تازە گەشاوە! لە نەوبەهاری ژینا بووی شۆخی بە جوانی ڕازاوە لە باخچەی پێکەنینا بووی *** لەسەر چڵی بەرزی نیاز بە شنەی شەماڵی گەشە لار و لەنجەت پڕ بوو لە ناز بەهرەی پڕ پێستی ئەو لەشە *** هەر چاوێ کەئەیدی شێوەت ئەبڵەق و حەپەساو ئەبوو بە خونچەی ئەو دەم و لێوەت بەدڵ گیرۆدەی داو ئەبوو *** زۆرجار مەلی هەست و تاسە بەجوانی تۆ خرۆشاوە زۆرجار تاساوە هەناسە بەسەرنجی ئەو دوو چاوە *** کەچی داخەکەم لە ناکاو ون بوو شێوە و سەرنجەکەت وەک گوڵێکی هەڵپچورکاو بەسەرچوو لار و لەنجەکەت *** لەئەنجاما دڵەی شەیدا زانی ژاکای بەبای خەزان لەبن دڕکا، لەژێر پێدا بەدەستی نرخی تۆ نەزان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گۆرانی نەمر ئەی باڵداری شیعروتن! بەرەو ئاسۆی مەبەستی من جێ بێڵە هێلانەی هەناو شەققەی باڵم ئەوێ بە تاو ئەگەرچی پاییزی ڕووزەرد گەرچی خەزانی داخ و دەرد گوڵی گۆڕیم بە دڕک و داڵ شیرینی لێ کردم بە تاڵ ساردە ڕێی دەر و دەشت نییە دەرچونی تۆ بۆ گەشت نییە گەرمە ناخی هێلانەکەت جێ بهێڵە ئاشیانەکەت بفڕە و بڵێ: ئەی کوردینە شیعر و ئەدەب پەروەرینە! «گۆران» کۆچی کردە سەیوان گەییە ژێر داری ئەرخەوان «گۆران»ی شاعیری مەزن کەوتە ناو گۆمێکی بێ بن ئەو ئەدیبە هەڵکەوتووە لە باوەش گۆڕا خەوتووە ئەو بلبلەی بە بەستەوە گۆی شیعری خستە ڕستەوە تا ئێوارە، تا بەیانی بۆ بووکی دڵداری و جوانی ئەو بوو لە چەرخی بیستەما لە کێوی سەختی ستەما شابازی سەر لقی هەڵبەست قەڵای شیعری تازەی هەڵبەست شیعری «بەهەشت و یادگار» بۆی جێ هێشتین بە یادگار چەپکە گوڵی ئەو باخەیە فەرامۆشی ئەم داخەیە بە چەپکە «فرمێسک و هونەر» سامانی مرواری و گەوهەر گوڵی پێشکەش ئێمە ئەکرد ئەخرایە سەر گەنجینەی کورد بە نووکی تیژی خامەکەی بەرەو نامە و پەیامەکەی لە خەرمانی زمانی کورد شەن و کەوی وشەی ئەکرد بۆ ڕووناکی ماندوو ئەبوو یان پەپوولەی بۆ بۆن تینوو وەک پەروانەی دوور لە چرا لە شوێن زانستی ئەگەڕا لەناو شەوەزەنگی ژینا لە دنیای شیعر و نووسینا وەکوو مۆم سووتا توایەوە سەری سەربەرزی نایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ هیوای خوشکەزام لە دوورەوە کە هەواڵی جەرگبڕی تۆم بۆ هات مەلی تاسەم هەڵفڕی بۆ ئاسمانێکی کش و مات تا لەوێوە، بە شێنەیی، شۆڕ بێتەوە بەرەو خوار ژێر درەختێ، سەر بنچکێ، بۆ خۆی بکا بە هەوار تا بتوانێ، تێر تێر بگری، بۆ هیوای لەدەس چوومان ڕۆڵەی شەرمن، پەپوولەی وێڵ، بەرخی لە چاو ون بوومان بێنێتە پێش، لەو دوورەوە، شێوەکەی تۆ هیوا گیان چۆن گوللەی وێڵ بەڕێی کردی بۆ سەر گردەکەی سەیوان ورد بێتەوە لە ڕەوشت و لە تەمەن و باڵاکەت لە قەڵەم و لە دەفتەر و کتێبی ناو جانتاکەت لە شەبەقی زامی لاچاو، جل و بەرگی خوێناوی هاوڕێ یانی قوتابخانە و وێنەی تازە گیراوی لە شوێن و ڕێ و لە پێخەف و هەزاران هەڵسوکەوتت بێ ژمارە یادگاری گڕ تێ بەر بووی دواکەوتت گوێ شل بکا بۆ شیوەنی گەرم و گوڕی ڕۆڵەڕۆ دایک و باوک و خوشک بە تۆ ڕەنج بابردووی ڕەنجەڕۆ ئاخ کۆستی تۆ، وەک گوللەکە، چزا بەسەر دڵمانا کولانەوەی زامی ناسۆر هەر ئەژی لەگەڵمانا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە بۆنەی کەشکۆڵە بەنرخەکەتەوە سەبارەت: بۆ بەڕێز: کاک سعید شێخ علی شادمان برا! پیرۆز بێ ڕەنجی پیرۆزت لەگەڵ هەستەکەی بەرز و دڵسۆزت ئەم کەشکۆڵەی تۆ گەنجینەی بیرە بەرهەمی مێشکی پیاوانی ژیرە دیوانی شیعری وێژەوانانە هی ئەو دەستەیەی لەسەر چاوانە ئەوانەی ئەژین لە ناو هەناوا لە گۆشەی دڵ و گلێنەی چاوا ئەوانەی کەوا هەر بە ناو مردوون هەتاکوو دنیا دنیایە زیندوون ئەوەش دەربەستی ئەو پیاوانەیە دیارە کردەوەی هەر پیاوانەیە ئەوەی شوێن کەوتەی ئەو گیانانەیە دیارە هەر لەگەڵ ئەو کاروانەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەراوردێک بەردی تانوت و پلاری دوژمن بریندار ناکا هەست و سۆزی من بەڵام ئەو گوڵەی دۆستم تێم ئەگرێ پێم هەڵ ئەکێشی هەناسەی بێ بن *** ئەگەر خۆ دڕکێ هەڵ چەقی لەپێم پێم ئەڵێ: دڕکم هەر ئازارە پێم ئەی ئەگەر گوڵێ بۆنی ناخۆش با خەڵکینە! ئاخۆ ئەو ئەڵێ چی پێم! ؟ *** دەبا بای خەزان گوڵ هەڵوەرێنێ زەردی کا، سەوزی گەڵا بسێنێ بەڵام بۆ بەهار لە کوێ ڕەوایە وەیشومەی مەرگی خونچە بهێنێ؟ *** بایەقوش بۆ خۆی باهەر بخوێنێ دەنگی ناسازوشومی بنوێنێ بەڵام کفرە لام بلبلی دەنگ خۆش بەدەنگێکی تر دەرون بدوێنێ *** با شەوی تاریک دەریای بێ بن بێ تریفەی مانگ و ئەستێرەی ون بێ بەڵام جێی داخە ڕۆژی گەرم و گوڕ ساردی وتاریکی ببێ و بۆ من بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەردێک دێ بە دێ و شارەوشار ئەکەم پڕ بەدەمم هاوار ئەکەم بەدەنگی زوڵاڵی کوردی باسی پیاوی بێ بار ئەکەم لەو کەسەی پەت بازی ئەکا بێ ئاگا ئاگادار ئەکەم بۆ زڕانی ناوی بەدی نوستوو لە خەو بێدار ئەکەم بۆپێ شێل بونی کردەوەی بێ هۆش و گۆش هوشیار ئەکەم خۆی و تەناف و پیشەکەی لەناوا شەرمەزار ئەکەم نیسکی بێ بەروپشتی وا تووشی دەرد و ئازار ئەکەم بە ڕۆژ و شەو، بە دەست و دەم «بێ بار» لە تانوت بار ئەکەم بە تیر و تیغی سەرزەنشت ناو جەرگی کۆلەوار ئەکەم هەتا ئیفلیج و گۆج ئەبێ بەم چەشنە شیعرم سوار ئەکەم لەباتی ڕاوی باڵندە، ڕاوی دوپشک و مار ئەکەم بۆ سەر شکاندنی وەها ئارەزووی بەرد و دار ئەکەم هەتا «بێ بار» ناچار ئەڵێ: لە دەس «بێ باری» بار ئەکەم یەک زمان و یەک دڵ هەیە خۆم بۆ تووشی هەزار ئەکەم پیاوی ساغ و مەردیش ئەڵێ: دەردی بێ باری چار ئەکەم باخی ڕەنگینی یەک ڕەنگی لەدڕکی وا بژار ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەیەک من مەلێکم ئاشتیخواز بە چریکەی خۆش ئاواز لە خاکی کوردستانا خەڵکی ئەخەمە پەرواز *** بە بەستەی شیرین و خۆش بە کوڵ بە تاسە، بە جۆش لەهەرلا دەنگ هەڵ ئەبڕم ئەیخەمە بەزم و خرۆش *** ئەخوێنم، دڵم شادە لەش لە قەفەس ئازادە بەستەی ئاسایش ئەڵێم بەزوبانێکی سادە *** هەتا ڕۆژ بە شەو ئەکەم بانگی ئەم و ئەو ئەکەم بۆ ئاشتی و برایەتی هی نووستوو لە خەو ئەکەم *** بۆ ئەوەمە بە جارێ هەڵسن بیکەینە کارێ کوننە پەپووی شەڕانی چنگ لەسەر شان بتاری *** نەهێڵین لێرە و لەوێ هەناسەیەک بسرەوێ ئەوەندەی هەڵفرێنین تالەپەل و پۆ کەوێ *** چونکە کوندە پەپووی گەڕ زۆر حەز ئەکا وشک و تەڕ بەسەر یەکا بسووتێ بەئاگری شوومی شەڕ *** حەز ئەکا دەستی تاوان بگرێ بەرۆکی لاوان بەناسۆر هەڵوەرینێ گوڵی تەمەنی جوانان *** یان بۆمبا لە ناکاوا لەو پەڕی تین و تاوا لەگەرمەی شیرین خەوا خۆی با لە کۆرپەی ساوا *** یان ئافرەتێکی سک پڕ نێزەیەکی جگەر بڕ لەشی ئەنجن ئەنجن کا لەگۆشەی ماڵا لە پڕ *** یان پیرێکی دەروون پاک سادە و ساویلکە و خەمناک پارچە بۆمبایەکی وێڵ بۆ خۆی بیکا بە خۆراک *** یان ئەتۆمی بێ ئامان دوژمنی سەر و سامان دەس کا بە پاکۆ دانی ژینی پڕ لە هیوامان *** یان سەرانسەر شار و دێ بەسەر خەڵکا بڕوخێ کوننەپەپوو کەلاوەی بۆ خۆی لێ بکا بەجێ *** بەڵام خەیاڵی خاوە ئەو چەپەلی گڵاوە خەڵکی بەسۆز و بەکوڵ پەیمانی ئەوەی داوە *** ئەو پەڕی هێز و توانا لە ڕێگەی هیوای جوانا بۆ ئاسایش بەخت کا لەپێناوی ژیانا *** بەهۆی ئەم خەباتەوە دنیا دەنگ ئەداتەوە: سەفەربەر و ڕەشبگیر ئەبێ ڕوو نەداتەوە *** گەلانی نزیک و دوور زەرد و ڕەش و سپی و سوو هاوار ئەکەن پڕ بە دەم هیوادار و پشت ئەستور: *** ئاشتی هەر پایەدار بێ دنیا گوڵ و گوڵزار بێ پڕ گوڵی ئاڵ و واڵا چوار وەرزەکەی بەهار بێ *** منیش مەلی کوردانم پەروەردەی کوردستانم بۆ گوڵی ئەو بەهارە بلبلی نەغمە خوانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاسەیەک ئاسمانێکم ئەوێ شین بە ئەستێرەی گەش نەخشین بە زەردەخەنەی بێ خەم دوربێ لە هەور و لەتەم ببەخشێ، بزەی لێوی گەشە بە گوڵی کێوی پیرۆزەیی ڕەنگ و بۆی هەوری ڕەش نەگرێتە خۆی لە ئاوێنەی هەساوا دەرکەوێ دڵی ساوا بێ گەرد و پاک و ڕون بێ وەک سەرچاوەی دەرون بێ کش و مات و بێ دەنگ بێ بەوێنەی دەریا مەنگ بێ تا گرمە و ناڵە ون بێ بەردی گۆمی بێ بن بێ شەست و ڕەهێڵەی باران نەیکا بەجاری جاران لافاوی سوری وەک خوێن گیان نەبا بێ سەر و شوێن یان بروسکەی ئاگرین دڵ نەسوتێنێ بە قین مەلی ئەم هەست و گیانە وێڵە بۆ ئەو ئاسمانە تابدا لە شەققەی باڵ بەرەو مەڵبەندی خەیاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێبینی هەموو برینێ چاک ئەبێتەوە ئێش و ئازاری بیر ئەچێتەوە تەنها برینی هەستی ناسکە هەر ساڕێژ نابێ، ئەشکولێتەوە هەموو ئاگرێ بۆتە خۆڵەمێش هەرچەن بڵێسەی بەرز بێتەوە تەنها ئاگری سۆزی دەروونە هەر کە هەڵگیرسا ناکوژێتەوە هەموو ژیانێ ئەبێ بە مردن خەیاڵی خاوە بمێنێتەوە تەنها ژیانی مەردایەتی یە خۆی لە چنگ مردن ئەسێنێتەوە هەموو گوڵێکی بەهاری ڕەنگین بە ناسۆرەوە سەر ئەنێتەوە تەنها هەر گوڵی خۆشەویستی یە هەتا هەتایە ئەگەشێتەوە هەموو شەونمی سەڕپەڕەی گوڵی هەتاوی بەرکەوت وشک ئەبێتەوە تەنها فرمێسکی چاوی کڵۆڵە بەقرچە قرچی خەم ئەژێتەوە هەموو جوانیەک ئەگاتە پیری هەرچی ڕێگایەک بدۆزێتەوە تەنها ڕەوشتی جوان و پیرۆزە تا سەر گرەوی بردبێتەوە هەموو هیوایەک نائومێد ئەبێ وەکوو بەفرەکەی پار ئەچێتەوە تەنها هەر هیوای گەشی باوەڕە بەبای شانازی ئەشنێتەوە هەموو دڵێکی شەو ڕۆژی دیوە شەبەق تاریکی ئەرەوێتەوە تەنها هەر دڵی پەست و ماتەمە بەتیشکی ئۆخەی خۆی ئەکرێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنی دوو جەژنە لەگەڵ دوا کۆچی ڕۆژانی تۆفی چلەی زستانا گوڵێ هاتە دەر، گوڵی ڕۆژی نوێ، لە کوردستانا هەوری مەینەتی لە ڕووی ئاسمانی کورد ڕەوایەوە بە بۆنی خۆشی، مژدەی نەورۆزی ئەشنایەوە لەگەڵ دەرچوونی گزنگی خۆری دەمەو بەهارا لە کێوی خوێن و فرمێسک و نرکە و ناڵە و هاوارا سەهۆڵ بەندانی کوشتاری سەخت و شەڕ تووایەوە گوڵاڵە سوورەی ئاشتی و برایی وا گەشایەوە وا لەگەڵ بزەی لێوی ناسکی خونچە و چرۆدا تیشکی پیرۆزی ڕۆژێ هاتە دەر لەدەم ئاسۆدا لە باخچەی هەر وەک بەهەشتی جوان و خۆشی وڵاتا گوڵی ئاواتی کرد بەسەر سنگی ڕۆڵەی خەباتا لەگەڵ هاتنی نەورۆزی تازەی ساڵی حەفتادا مەشخەڵی جەژنی دوو جەژنە لەسەر لوتکەی چیادا هەزاران هەزار زستانی ماتەم پشتی شکاوە بەرز ئەبێتەوە و شاد ئەکا گیانی شۆڕشی کاوە لەگەڵ شەبەقی ڕۆژی بێ شەوی یانزەی ئازارا کام برین؟ ئەوەی ئەکولایەوە لە خوێی ئازارا هەزاران هەزار برینی ناسۆر دەروون ساڕێژ بوو کام ئازار؟ ئەوەی شەوگاری ناڵەی دور و درێژ بوو لەگەڵ وەرینی شەونمی لق و پۆپی درەختا وشک بوو نەما بۆی دەرچوو لەگەڵ شەوگاری سەختا فرمێسکی چاوی پیرەدایکی تاقانە کوژراو هەر کە دی ئەمساڵ وا هاتۆتە بەر نەمامی نێژراو لەگەڵ جریوەی پۆلە چۆلەکەی دەمەو بەیانا زەردەخەنەی لێو سەرکەوت بەسەر قوڵپی گریانا هەنیسکی گەرمی ساوای بێ نازی بێ باوک نەما شەپۆلی هێزی ڕووناکیش بەسەر شەوی ماتەما مژدە بێ لە تۆ ئەی خوێنی ئاڵی جوانە مەرگەکان! بە فیڕۆ نەچووی بەخت کراوی ڕێی بەجەرگەکان! کە وا لاپەڕەی داستانی مێژوو بە تۆ نووسراوە پیتی پیرۆزی «نەورۆز و شادی» بە تۆ نەخشاوە مژدە بێ لە تۆ ئەی گیانی کاوەی ئەژدەهاک شکێن! ئاڵای شانازی و جەژنی نەورۆزی بە شەماڵ شەکێن بڵێسە و گڕی ئاگرەکەی تۆ مەشخەڵی بەرزە دەنگ ئەداتەوە لە هەموو شوێنێ، لەسەر ئەم ئەرزە مژدە بێ لە تۆ ئەی گیانی بەرزی شاعیرانی کورد! هاتە دی خۆزگە و خەوتان بە ڕۆژی شادمانی کورد ئەوانەی گرێی قورسی کفنتان پەژارە و خەم بوو بەروبووی تۆوی بیری ڕۆشنتان جەژنی بەرهەم بوو جەژنی نەورۆز و ئاشتی و برایی و یەکێتی گەلە ڕۆژی هەڵۆیە و هاژەی باڵەکەی، نەک قیڕەی قەلە شایی میللەتە و شیوەنی دەستەی دوژمنی ناپاک ڕۆژی کاوەیە، نەک ئەهریمەن و نەوەی ئەژدەهاک بەو مەرجەی کە وا کاروانی خەبات زۆر بە وریایی تا سەر بە خۆشی و بە پێشکەوتن و بە دڵنیایی سەرکەوێ بەسەر قۆرت و تەگەرەی ڕیی سەرکەوتنا هەنگاو هەڵێنێ بەسەر سەردڵ و جەرگی دوژمنا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوێنێ و ئەمڕۆ سەبارەت: ١٩٦٤ ١ دوێنێ کە ناوی ئەمڕۆ بوو ئێستەی ژینی من و تۆ بوو بەڵام چۆن هات، چۆن بەسەرچوو تاڵ بوو، یان شیرین، لەبەر چوو ڕۆیی نەما، وەک بەفری پار بۆ ئەمڕۆ بوو بە یادگار هەروەکوو بڵقێکی سەر ئاو وردە شەپۆل ون بوو لە چاو یان وەک پوشێکی بابردو دایە پێش خۆی بای ڕابوردو هەرچی هەبوو خۆزگەی بەهار پێ شێل بوو بەپێی ڕۆژگار هەر کەپەردەی دادایەوە خۆشی لەگەڵ پێچایەوە ڕۆیی پشتی کردە ئەمڕۆ نایەتەوە بۆمن و تۆ بۆ ئاسمانی دور لە مەبەست باڵدارێ بوو بەربوو لەدەست تەنهائەوەی لێی بەجێ ما پەند و یادە کە بەجێ ما ٢ ئەمڕۆ کەزادەی دوێنێیە ڕێگای بەرەو سبەینێیە هەر لەبەرئەوەی ئێستایە تەمەنێکە و لە دەستایە ئەبێ ئەو ڕەنجە درابێ باخچەی وەک دوێنێ نەمابێ گوڵەکانی بۆن خۆش تر بن مەلەکانی دڵ خۆش تر بن دووربێ لە دڕک و داڵی خەم دای نەپۆشێ ئاسمانی تەم ئەبێ هەنگاو نانی دوێنێ بەئەمڕۆی دابێ ڕێگە و شوێنێ باخچەی ژین ڕازاوە تر بێ گەڵا و گوڵ گەشاوە تر بێ سایە گەورە و سێبەر خەست بێ هیوا پر پێستی مەبەست بێ ئەبێ تۆوی زەوی دوێنێ ئەمڕۆ خۆشی لێ ببینێ ئەمڕۆش گزنگی ژیانی ڕووناکی بابە بەیانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵێکی کۆست کەوتوو لە ڕۆژێکی بەهارانی خۆشەویستی ئەم بەهەشتە کە وەک نەورۆز، گوڵێکی سەر لقی ناو باخچەی سروشتە چ گیاندار و چ بێ گیانی کوردەواری، هەرچی هەیە کەیلی قاقای پێکەنین و بزەی لێوی ئەو ڕۆژەیە چرۆی ساوا، خونچەی ناسک وا لە گەرمەی گڕ و گاڵا بە دەم، بە چاو، بە گیان، بە دڵ، بە ڕوی شنەی بای شەماڵا ئا ئەو کاتەی کە من ئەڵێم، تەنانەت پەلکەزێڕینە چەماوەیە و کڕنوش ئەبا بۆ ئەو بەهارە ڕەنگینە خوڕەی ئاوی ناو جوگەلەی باریکی دەم ڕوبارەکان ئاوازێکی تەزوو بەخشە، وەک جریوەی باڵدارەکان هەرمێگەلی بزن و مەڕ و کارژۆلە و بەرخی قەدپاڵە لەدەشت و کێوی لەوەڕا بۆ خۆی سەرگەرمی قەپاڵە عەجەب جۆش و خرۆشێکی لێ ئەڕژێ شمشاڵی شوان تەلیسمێکی بێ زمانی سروشتییە و ڕوون و ڕەوان لەشەرمی ئەوڕۆژە خۆشە، بایەقووش و کوندە پەپوو لێرە و لەوێ کەوتبوونە شوێن لاسایی بلبل هەموو لەو لاشەوە بە هەزاران چاوی گەشی نێرگسە جار سەرنج ئەدا و پێ ئەکەنێ لەبەر شۆخ و شەنگی بەهار هەرچی کەکوێرەکانییە چاوی ژیانەوەی گەشە بۆ تەماشای دیمەنی ئەو هەموو جوانییە هاوبەشە ئەو بەهارەی مەبەستمە بەهاری ئاسایی نەبوو بەزم و شایی و ڕەشبەڵەک و هەڵپەرکێی لاسایی نەبوو شادمانی لە دەروونا، وەکوو کانی هەڵئەقوڵا زۆر دڵی لەت لەتی خەفەت بۆ ڕۆژێکی وا ئەکوڵا بۆ بەبادانی ئەو خەمە و دەربڕینی ئەو خۆشییە لەو بەهارە پاراوەدا سەیران و ئاهەنگ جۆشییە شەپۆلی مناڵ و مەزن، بە هەزاران سەیرانکەران ڕۆحێکی تازە بابەتی بەخشی بوو بە گەشت و گەڕان هەرچی کە پێی بڵێی دڕکی ناسۆری لە باخا نەبوو لەبەر گزنگی ئەو خۆرە پەژارە لە ناخا نەبوو کەچی لەپڕ گوڵێکم دی بە دوو نێرگسی مەستەوە بە لێوێکی بەبارەوە، چەپکە گوڵی بە دەستەوە بە بەرگ و ڕەنگ و شێوەیا ماتەمینی لێ ئەڕژا بە پشکۆی کۆستێکی گران دیار بوو کە دڵی ئەبرژا ئەو دڵەی کە چەپکە گوڵی دیاری یەکەی پێوە نووسابوو ئەو دڵەی کەوا برینی نەهێنی تێوە ئاڵا بوو بەناو شەپۆلی هەڵپەرکێ و پێکەنینی ئەم و ئەوا بەرەو درەختێ تێ پەڕی، وەکوو بینینم لە خەوا لەو سێبەری درەختدا، لەسەر بەرزایی ئەو گڵە بە کڕنوش و بە ڕێزەوە دای ئەنا ئەو چەپکە گوڵە لەسەر گۆڕی دەزگیرانە دڵدارە جوانەمەرگەکەی لەسەر دەمی جێ برینی سنگی لاوە بەجەرگەکەی وەک پێی بڵێ: لەم ڕۆژەدا بۆیە هاتم خۆشەویستم گەرچی لەڕێی سەربەرزی ئەم کوردستانە بەجێت هێشتم گەرچی یادی تۆی نەبەرد و یادی هاوڕێ یانی وەک تۆ لەسەر شانی هەموو کوردێ ئۆباڵێکە و چۆتە ئەستۆ بەڵام ئاخ ئائەو سەیران و ئاهەنگ و بەزم و بەهارە بەبێ تۆ گیانی شیرینم لەدڵما وەک ژەهری مارە ئێوەن بە خوێنی گەش گوڵی ئازار و نەورۆز ئاو ئەدەن گەوهەری یادگاری کورد بە بڵێسە زاخاو ئەدەن بۆ خاکی تێراوی خوێن و تینووی نەورۆزی یەکجاری بۆ کاروانی ڕێ ئاگری ئاسۆی ڕووناکی ڕزگاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیاریی تۆیە سەبارەت: پێشکەشە بە ئاودێری جگەر گۆشەم دیاریی تۆیە ئەی «ئاودێر»ی باخچەی هیواکەم! زەردەخەنەی لێوی خۆزگەم، کۆرپە ساواکەم! لۆمەم ئەکەن چۆن بوو بە تۆ شیعرم نەجۆشا، دەریای قووڵی خۆشەویستم، ناخی نەخرۆشا؟ بۆچ فریشتەی نوستووی شیعرم بێ ڕاچەنین بوو؟ لەگەڵ یەکەم گریانی تۆ، بێ پێکەنین بوو؟ ئەزانی بۆ، بەرخۆلەکەم! خونچەم نەپشکووت بەشنە بای فێنکی وەک شەماڵەکەی ڕووت؟ : شیعریش وەک تۆ، مناڵێکە، زادەی هەناوە باڵدارێکە و لە هێلانەی ژانا خوڵقاوە گەوهەرێکە، بە ناو دەریای ئازار و دەردا ئەبێ بچم، تێر بگەڕێم، تاکوو سەرهەڵدا شیعریش وەک تۆ کۆرپەیەکە نازداروساوا وەکوو پشکۆ گەش ئەنوێنێ لە تین و تاوا شیعر لای من، بزەی لێوی قاقای زامێکە وەکوو نیشان لەسەر سنگی ڕێ و پەیامێکە شیعریش ئەبێ وەک تۆو ژیان تینووی تاسەبێ بەرلە هاتن خاوەن جووڵە و بای هەناسە بێ جاکەواتە چۆن ئەمتوانی شیعرێ داڕێژم دامرکێنێ گڕی تینووی مەبەست و چێژم وەک بڵێسە جۆش نەسێنێ ئاگری هەستم گەرم نابێ بۆ پێشوازیت کۆشی هەڵبەستم جا ئەو سۆزە و هەڵبەستی وا بۆ گلێنەی چاو چۆن دێتە دی بەسەرپێ یی هەروا لە ناکاو خۆت ئەو شیعرەی لە دیوانی ژیانی منا ئەو گەوهەرەی لەبن دەریای هەستی بێ بنا تۆش بم بەخشە کەوا نەمویست لە سەرەتاوە شیعرێ دانێم، دڵ پێی بڵێ: هەڵپرووزاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سروودی ئینتەرناسیۆناڵ هەڵسن لە خەو، زۆر لێ کراوی ئەم جیهانە ئەی ئەوانەی، ساڵ دوانزەی مانگ، برسیتانە مافی ئێوە، وەکوو پشکۆی دەم بورکانە بە هۆی هەوڵ و کۆششەوە سەر ئەکەوێ سفرە و خوانی ڕازاو بە زۆر دەست ئەکەوێ هەڵسن لە خەو، ئەی لەشکری بەشخوراوان پێشێل ئەبێ شتی پووچ و بۆش و تاوان سەر هەڵ ئەدا بە کۆمەکی گشت لایە ئەوەی خۆزگە و خەوی خۆش و هیوایە تۆش شا ئەی گەل! گوێ ڕاگرە بێ وچان بۆ بانگەکەی دوا شۆڕشی میللەتان مافی مرۆڤ، سەر ئەکەوێ، نییە هێزێ لە ژوور سەرمان بێت و ئێمە بپارێزێ نە قەیسەرە و نە کەس ئیتر گەورەمانە کە ڕزگار بوون لە خوێن مژین هیوامانە ئەرکی پیرۆز لەسەر شانی هەموومانە ئەڵێن گوایە بۆشە مافی هەژاران بۆشە ئەرکی گران و سەر و سامان ناومان ئەبەن کە بێ نرخ و نۆکەرین لەمە زیاتر سەرشۆڕی هەڵناگرین تۆش سا ئەی گەل! گوێ ڕاگرە بێ وچان بۆ بانگەکەی دوا شۆڕشی میللەتان ئەی ڕەنجدەران! لە شار و دێ، لە کوێ بین ئێمە لە گشت پارتێکی تر بەهێز ترین با تەممەڵ و بێ کارەکان ڕا بماڵین تا کەی بە خوێن هەر نێچیری قەل و داڵین وەک پێویستە با هی ئێمە بێ جیهان با خۆراکی بەردەمی ئەوان بێ گیان تا ئەو کاتەی کە ئەیانکەین سەرنگوون ڕۆژی ئێمە هەڵدێ بەبێ ئاوابوون تۆش سا ئەی گەل! گوێ ڕاگرە بێ وچان بۆ بانگەکەی دواشۆڕشی میللەتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سروودی خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم خۆشم ئەوێ، خۆشم ئەوێ ئەم نیشتمانەم خۆش ئەوێ تا لێدانی دڵ ئەسرەوێ هیچ لە بەر چاوم ناکەوێ خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم کانگای هیوا و ئاواتەکەم ئا ئەم هەوا و ئاو و گڵە بۆ ژیانم خوێنی دڵە دڵ کە بلبلی سەرچڵە شەیدایە بۆ ڕوی ئەو گوڵە خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم کانگای هیوا و ئاواتەکەم کوردستانە خۆشەویستم هەتا ماوم ئەی پەرستم هاوار ئەکا هۆش و هەستم بە جوانی دیمەنی مەستم خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم کانگای هیوا و ئاواتەکەم دڵم ئەڵێ، وەک زمانم خۆشم ئەوێ کوردستانم خۆشەویستی نیشتمانم بۆتە سەر لەوحەی ئیمانم خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم کانگای هیوا و ئاواتەکەم خۆشم ئەوێ، خۆشم ئەوێ ئاواتە خوازم سەرکەوێ ناوی لە ناوا دەرکەوێ گەشە و ڕووناکی بەرکەوێ خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم کانگای هیوا و ئاواتەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سۆزی خۆشەویستی ماسی بەبێ ئاو ژیانی نییە کەس بێ هەناسە جوڵانی نییە لەسایەی سۆزی خۆشەویستیا دڵ ئەبێ بژی، تاوانی نییە *** ئەو دڵەی کە ئەم سۆزەی نەماوە وەکوو گوڵێکی سیس و ژاکاوە بەڵام ئەو دڵەی سەرمەستی عەشقە نەوبەهارێکی تەڕ و پاراوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شانازی شەڕ سەبارەت: شیعرێکی شاعیری گەورەی «چین» «تۆفۆ»یە لە عەرەبییەوە کردومە بە شیعری کوردی کۆڕی شەڕێکی کۆن بوو ئەوەی دیم جالە سەرپشتی ئەسپم دابەزیم هیچم نەئەدی لە گیا بەولاوە، شەپۆلی ئەدا گیاش بەدەم باوە چەن پەڵە هەورێ بە ئاسمانەوە بێ ترس و پەروا ئەسووڕانەوە گەڵای ئاڵتوونیش وا لێرە و لەوێ زۆر بە داخەوە ئەڕژێ، ئەکەوێ پڕزوڵەی لاشەی کوژرا و بەجێماو لەگەڵ کەللەی سەر، لەگەڵ چاڵی چاو ئەویان پێ خۆر بوو بۆ میروولەکان ئەم جێ سەیرانگا و ڕاوی کرمەکان بیرم کردەوە لە حاڵی بەشەر کە بۆ سەرگەرم و سوورن لەسەر شەڕ جا یەک هەناسەی گەرمم بە با دا مەینەتی گێژی دام لەناو بادا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوانی بێ فەڕ هاوار ئەکەم بە ڕۆژ و شەو ئاخ لە دەس شوانی چاو لە خەو مەڕ بە گورگان خواردو ئەدا لەو کەژ و چۆڵ و دەشتەدا بۆ تۆزێ خەو، تۆزێ پشوو ئاگر بەر ئەداتە پوشوو گورگ بەر ئەداتە گیانی مەڕ شوانی وا پاتاڵ و بێ فەڕ ئەو مێگەلە بزن و مەڕە قوربانی سایەی سێبەرە قوربانی توزقاڵێ خەوە هۆی بە قڕدانی ئەم، ئەوە داد لەدەس شوانی خۆپەرست تێر نەخۆر و سک خۆشەویست تا ڕاوەستابێ ئەو ورگە کەی ئاگا و هۆشی لای گورگە هەر شیری تازە نۆش ئەکا شتی تر فەرامۆش ئەکا هەر شنەی شەماڵی ئەوێ هەر سۆزی شمشاڵی شەوێ هەر بەستە و گۆرانی ئەوێ هەر گەشت و سەیرانی ئەوێ هەر ئاوی سەرچاوەی ئەوێ هەر دەشتی ڕازاوەی ئەوێ هەر سایەی سێبەری ئەوێ هەوای دەشت و دەری ئەوێ شوانێ ڕەوشتی ئاوابێ دەربەستی مێگەلی نابێ بەڵام خاوەنی بزن و مەڕ مل کەچی نابێ تاکوو سەر خۆی بێ ترس و پەروا ئەکا شوانی وا هەر ڕسوا ئەکا مێگەل ئەداتە دەس شوانێ کەقەدری شوانی بزانێ ئەیداتە دەست پاسەوانی خۆی لەسەر مێگەلی دانێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیوەنی پایز مەپرسە بۆ چی مات و خەمبارم، بۆ چی ڕەنگ زەردم، بۆ لێو بەبارم بۆ دەستە ئەژنۆ مل بە لارەوە فرمێسکم بە خوڕ دێتە خوارەوە بۆ چی پەشێوە قژی زەردباوم قژی لەسەر ڕوو پەرش و بڵاوم بۆ چی فرمێسکی سکاڵا و ڕازم ئەشۆرێتەوە گۆنای بێ نازم بۆ نەبڕایەوە ئۆف و ئاخی من، هەناسەی ساردی پڕ لە داخی من بۆ دوایی نەهات شیوەن و ڕۆڕۆ خەم و تەمی سەر دڵەی ڕەنجەڕۆ لەبەر کردەوەی چەرخی چەپگەردە فرمێسک ئەڕێژم ڕەنگەکەم زەردە بێزارە دڵ و دەرون و گیانم لەدەس بناغە و شێوەی ژیانم کەی ڕەوای حەق بوو بێمە دنیاوە تەپاوتل بدەم بە دەم سزاوە چۆن دڵی هێنای گەردوونی بێ باک بەهار بگۆڕی بە منی خەمناک؟ ! بەهار کە وادەی جوانی و خۆشییە سەردەمی پیاڵەی بادە نۆشییە سروشت بە بەرگی ئال و واڵاوە تازە بووکێکە و خۆی لەتەل داوە پێ ئەکەنێ گوڵ، شادە لە باخا با دڕک هەر شەق بەرێ لە داخا بە بادەی شەونم بلبل سەرمەستە ئاهەنگ ئەگێڕێ بۆ گوڵ بە بەستە پەپوولەی نەخشین لەناو بەهەشتە بۆخۆی سەرگەرمی سەیران و گەشتە پۆل پۆل کوڕان و کچانی نازار خەم بە با ئەدەن لە دەرەوەی شار لەسەر کارێز و فەرشی سەوزە گیا لە دەشت و دۆڵ و سەرلووتکەی چیا کە چی ئەوەندەی پێ ناچێ گەردوون ئەم دیمەنانە ئەکا سەرنگوون بەجوانەمەرگی بەهار ئەنێژێ خوێنی هونەر و جوانی ئەڕێژێ سیس ئەبێ گوڵی زەرد و سوور و ئاڵ هەڵ ئەوەرێتە بەرپێی درک و داڵ کۆستی ئەکەوێ بلبلی دەنگ خۆش بەستە و گۆرانی ئەکا فەرامۆش شەونم لەداخا سەر ئەنێتەوە پەپوولەش باڵی ئەپێچێتەوە ئیتر هیچ کەسێ بۆ سەیران و گەشت ناگرێ ملی ڕێگای دەر و دەشت گەڵاڕێزانی دار و درەختە سەرەی هاتنی منی بەدبەختە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلسەفەی ژیان هەرچەن تەماشای شانۆی ژین ئەکەم چاوی تێبینی بە دووربین ئەکەم تەمێ ماتەمی دڵم دائەگرێ جار جارەش تاسەی پێکەنین ئەکەم *** سەرنجم ئەڕوا ورد ورد بەرەو ژوور قۆناخ بە قۆناخ، بۆ نزیک و دوور بەرەو سەرچاوەی مەڵبەندی ژیان دەریای بێ بن و بێ پەی و سنوور *** لێوی تەڕ نابێ سەرنجی تینووم تاسەی ناشکێ تاسە و ئارەزووم ناگاتە لووتکەی نەهێنی ژیان مەلی تیژ ڕەوی خەیاڵی بەربووم *** بەڵام ئەو شتەی لە لای من ڕوونە لەم کەین و بەینی بوون و نەبوونە ڕێی ناچارییە ژیان و مردن لەپاش دەرکەوتن ئەنجام ون بوونە *** ناچار دێمەوە لەو دوورە گەشتەم بۆ ناو کۆمەڵی ئەم سەر زەمینە بۆ سەیری شانۆی سەیری ئەم ژینە وێڵە بۆ مانای ژین ئەم هەڵبەستەم! *** هەندێک پێم ئەڵێن، لەو سەر شانۆیە! ژیان فرمێسک و شین و ڕۆیە هەناسەی سارد و نائومێدییە هەموو دڵێکی تیا ڕەنجەڕۆیە *** هەندێکیش ئەڵێن ژیان: خەباتە ڕێی پێشکەوتنی گەل و وڵاتە پەروانە پەروای سوتانی نییە بەرەو ڕووناکی گیانی خەڵاتە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین: نەسرەوتنە ڕەنج و تەقەلا و ئارەق ڕشتنە «دەست ماندوو نەبێ سکیش تێر نابێ» بە پارووی حەڵاڵ ژین دەسکەوتنە *** هەندێکیش ئەڵێن ژیان: زانینە خەو لێ زڕان و مێشک گووشینە وەک مۆم چۆن بە شەو کز کز ئەسووتێ مەبەستی بەرزی تیشک بەخشینە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین: شەڕ کردنە بۆ تۆڵە سەندن هێرش بردنە بەشەر هەر بە شەڕ ئەتوانێ بژی ژیان بە ئاشتی مانای مردنە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین: دڵدارییە لە ڕێگەی دڵا فیداکارییە پەپوولە شادە بگاتە گوڵی نەیگاتێ ئەوا دەردی کارییە *** هەندێکیش ئەڵێن گوایە ئەم ژینە بە دڵ مەست بوون و لەخۆ گۆڕینە بڕۆ سەرخۆش بە و بژی بە خەیاڵ بایەخی ژیان خۆنەناسینە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین بایی بوونە پیاوی بێ هەوا، زار و زەبوونە هەر کەسێ مەستی بادەی وا نەبێ هەزار ساڵ بژی لەجێی نەبوونە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین پێکەنینە سەیر و سەیران و بەزمی بەجۆشە هەڵپەڕکێ و چەپڵەی گەرم و بەتینە بەستە و گۆرانی و ئاوازی خۆشە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین سەرمایەیە ڕێگەی ناوبانگ و بەرزیی پایەیە دراو بە بڕوای پارەپەرستان گوڵی سەرسنگی ئەم دنیایە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین خوێن مژینە ڕەنجی ئەم و ئەو بۆ خۆ دزینە هەر زەبر و زەنگ و فیداکارییە تەنها زەرووە شایستەی ژینە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین سەردارییە کەچ کردنی مل هۆی ناچارییە ملی ڕێ بگرە و بڕۆ بۆ بەرزی یا سەردارییە، یا سەر دارییە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان خۆ و بەختە بە ناوچەوانە، بە ڕۆژ و وەختە باز کە هەڵدرا ئەنیشێتەوە بۆ هاتوو ڕێگەی سەختی لاتەختە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین بێ هونەرە هەرچی کە هەیە قەزا و قەدەرە لە ڕۆژی خۆیا نووسراوە گشتی لێ پرسینەوەش ڕۆژی مەحشەر *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان حەیایە ڕەوشتی بەرز و شەرەفی تیایە عیززەتی نەفس و کەرامەت نەبێ بۆ دەردی ژیان مردن دەوایە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان وەفایە سپڵەی پێ نەزان پووشی دەم بایە نان فڕێ بدە و بە سپڵەی مەدە هەر وەفادارە ئەمەکی لایە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین بێ باریە هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێک یاری یە بن بار و سەربار بابێ باری بێ پیشەی یەک ڕەنگی تاوان باریە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان ڕیایە ڕستنی تەشی بۆ نان ڕەوایە مەرایی بکە و چاو بنووقێنە ژیان لە خەو و لە خواردنایە *** بەم چەشنە ژیان کە وەک دەریایە سەدان شەپۆلی وای لەناوایە سەرنجی لێ دەی ئەبینی کە چەند بەردی بەنرخ و بێ نرخی تیایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە جەرگی تاریکییەوە سەربەستی ئەتپەرستم تۆی تاقە خۆشەویستم تۆی ویردی سەر زوبانم تۆی ئامانجی ژیانم تۆی ئایینم، تۆی بڕوام تۆی ئاواتم، تۆی هیوام تۆی بیر و هۆش و هەستم تۆی ئارەزوو و مەبەستم تۆی قیبلەگای نیازم بۆ تۆ ئاواتە خوازم بۆ تۆ بژیم، بۆت بڕۆم ئۆباڵێکە و لە ئەستۆم منێکی دیل و یەخسیر هاودەمی کۆت و زنجیر کۆتی دەست و دەم و پێم زڕەی نابڕێ لە گوێم بە جۆرێکی گووشیبم تا ئێسکی دابڕیبم لە زیندانێکی تەنگدا تاریکی شەوەزەنگدا بن میچەکەی نەوی بێ ژێر ڕاخەرم زەوی بێ خەو زاتی ئەوە ئەکا خۆی توشی ئەو شوێنەکا ئەی چۆن ئەبێ زمانم؟ نەڵێ: داخی گرانم تاقە یەکێکە گیانم هەر جارێکە ژیانم تالەم ژیانە زیاتر لەو تاقە گیانە زیاتر شاباشی ڕێگەتی کەم بەفەرشی جێگەتی کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ناخی دەروونەوە جار جار شەپۆلی هەستێکی بێ بن دێ ئەشڵەقێنێ گۆمی بیری من کەدێ شەپۆلی ئەو هەستە قووڵە دەریای دەروونم ئەخاتە جووڵە ڕاپێچم ئەکا بەرەو ڕابوردوو ڕابووردووی وەکوو گوڵی: بابردوو ئەو ڕابووردووەی ناگەڕێتەوە گوڵێ کەسیس بوو ناگەشێتەوە دێنێتە یادم: ژینی بەسەرچووم ڕۆژانی تاریک، شەوانی پێشوم ئەودەمەی ژیان بۆ هیوایە بوو مەبەستی تەنیا بۆ بڕوایە بوو گیانم شەکەت و لەش چەوساوە بوو کەچی دەروون و دڵ حەساوە بوو زیندان تا بڵێی تاریک و تەنگ تەنگ بوو بەرەو ڕوناکی گوێم هەر لە زەنگ بوو خوێن گەرمی جۆشی هەوڵ و خەبات بوو ئاگر خۆشکەری ژێر ورەوزات بوو هەنگاو ئاڕاستەی ڕێیە بوو پیرۆز بەگەل، بەبڕوا، بە مەبەست دڵسۆز دڵ پڕ لە عەشقی میللەت پەرستی هۆی لێدانی بوو گەل خۆشەویستی دوای ئەوە ورد ورد ئەو بیر و هەستەم ئەمگێڕێتەوە بۆ ژینی ئێستەم لەم هات و چۆیە دەرسێ وەر ئەگرم زمانی حاڵە هەتاکوو ئەمرم: هەرگیز نامرێ باوەڕی زیندوو بەکارەساتی ئێستە و ڕابوردوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە یادی شێخ سەلامدا سەلام! هەزاران سەلامی گیانی لە شوێن و ناوت بۆ یادگاری تا سەر بەنرخ و بەرزی جێ ماوت ئاوێنەی ڕوونی دیوانی شیعری پڕ سۆز و تاسەت ئەنوێنێ وێنەی هەستی پەنگ خواردووی دەریای هەناوت گەرچی ئەو باوکەی کۆچی حەو کوڕی ئێسک سووکت دی تا شیعری جگەرگۆشەت بمێنێ، ئەمێنێ ناوت زۆر دڕکی تیژی شیعرت چەقانە گلێنەی خوێن مژ گوڵی سەر سنگە بۆ ڕەش و ڕووتی زۆر لێ کراوت هەڵمەتی تۆ بوو بەرامبەر «درۆی زۆری بە لێشاو» وێڵی ڕاستی بوو تیغی زمانی هەمیشە ساوت هێرشی تۆ بوو بۆسەر ئەفسانە و شتی پڕوپووچ بێ ئەوەی کە وا گوێ بەیتە گرێ و قۆرتی بەر چاوت تۆ بووی نووسەری چیرۆکی جوانی «جوولەکەی کۆڵگێڕ» نرکە و ناڵە بوو بۆ خاک و ئاوی داگیرکراوت ئەو هەستە گەرمەت لەڕاست بێگانە و داگیر کەرانا جێی سەربەرزی بوو بۆ گەلی کوردی دیل و چەوساوەت شاعیری کوردی مەستی بادەکەی ناو پیاڵەی «خەیام» لەگەڵ هەڵبەستا ئەژی سەرەڕای چاوی لێکناوت تۆ بووی «خەیام» و «نەخەعی»ت ناسی بە ئەدەبی کورد لە شەوەزەنگی خەرافاتیدا تیشکی هەتاوت گەرچی لە دنیای ئەرکی وەزیفە و ڕێی گوزەرانا فەرمانبەرێکی بچووک بووی ئەڵێ حاڵی شێواوت هەرچەن تۆماری ژینی تۆی نەمر دەردی سەری بوو ژمارەی نایە دڕک و داڵی ڕێ و زیندان و داوت مەگەر بە تەنها هەر دیوانی تۆ و هاودەردەکانت بزانن خەم و پەژارەی خەست و دەرد و زوخاوت گەر خوا نەخواستە تۆش هەر وەکوو زۆر لە خۆفرۆشان بە نرخی هەرزان بتفرۆشتایە ئاوی ناوچاوت تۆش وەکوو ئەوان تۆوی ناپاکیت گەر بچەندایە هەڵبەت هەر تەڵای ڕووت ئەبوو بەری دێم و بەراوت بەڵام لەلای تۆ ئەو شتەی کە پێی ئەڵێن کەرامەت سەری بڵند بوو، وەک لووتکەی کێوی بەرز وەستاوت شەربەتی دەستی سووری داگیرکەر کەوسەر بوایە تۆ لەوانە بووی نەتەوێ لەجێی قومێ بەفراوت بەستە لە دنیای شیعر و نووسین و بیر و باوەڕدا بەرەو هیوای کورد جێی شانازی بوو بەهرەی هەنگاوت ئەی ڕاکشاوی گردی سەیوانی ئاخ و داخی من! چاوێ هەڵبڕە بۆ ملەکەوەی شین هەڵگەڕاوت بزانە ئاخۆ برینی کۆنە و نوێی ئەم وڵاتە سارێژە، یاخوو لێی ئەتکێ خوێنی جەرگی بڕوات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەزمان جوانە مەرگێکەوە برا! هەرچەن ڕابوردی بەلای منا بڕوانە ستەم گۆڕی هەڵبەستم لەم سەر گردی سەیوانە لەبەهاری لاوی یا خەزان بەرۆکی گرتم خوێنی ئاڵی دڵ ڕەنگی گوڵی دار ئەرخەوانە شەبەقی ناودڵی من دیارە لەناو دڵانا وەک ئەو هەورەی کە ئەگری لەسەر ئەم شارە جوانە دەرد و بەڵا و مەینەتی وەکوو تەرزە ئەبارێ بۆ پێکانی هەناسە تیری لە ناو کەوانە هەر لە بڵێسەدایە ئاگری دەستی منداڵ هەر هۆی لێدانی دڵە بەوێنەی ئاو ڕەوانە چەن گوڵی زەرد و سوری بۆن خۆشی ناو ئەم باخە بەدەستی قەست هەمیشە پێ شێلی باخەوانە بلبل و کەوی کێوی گیری قەفەس و داوە لەدەرکی هێلانەدا هەر ڕاوکەر پاسەوانە منیش کەجێ نشین و ئارام گرتووی ئەم گۆڕەم گوڵێکی هەڵپچورکاو، ناکامێکم لەوانە کەوا ڕۆژێ لەڕۆژان پاییزی سەختی ماتەم بەهار و خۆزگەی ژینی کردم بە پێچەوانە لە شوێنێکی پەناوە ڕەشەبای خەزانی مەرگ گوڵی وەریوی عومری بردم بۆ ئەو کێوانە بروسکەی ئاگرینی هەوری ڕەشی ئەم کۆستە سووتانی جەرگی کەس و کارم وەکوو پەروانە گەرچی باوەڕم وایە: کاسە پڕ بوو لێی ئەڕژێ کاسەی خوێنی ڕژاوی ناهەق پڕو لێوانە بە گەرمیی خوێنی ئاڵی جوانەمەرگی خێر نەدیو ئەسووتێ تەخت و بەختی ئەوەی کەوا تاوانە بەڵام ئاخ سێ دڵۆپە فرمێسکی قەتیس ماوم لەچاوا بۆ «بەیان و کامەران و سیروان»ە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ شەپۆلەکانا ئەی زستانی کڕێوە و تۆف! سەرما و سۆڵەی بەئاخ و ئۆف پێم بڵێ چیت لێمان ئەوێ؟ ! بۆ وەیشومەی تۆ ناخەوێ؟ لەو ڕۆژەوە کە خەزانە بەو دڕکی گەڵاڕێزانە دڵی گەڵا و گوڵ ئەشکێ بولبول خوێنی لێ ئەتکێ ئاسمانی بەرزی دڵ سووتاو بە خوڕ فرمێسکی دێ لە چاو بوو حاڵی سەر زەوی ئەگری بە لێزمەی بارانی هەوری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مامۆستا گیان سەبارەت: بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەم لە چوارتا، مامۆستا «ع. و. نوری» لەژێر تەمی یادگارا تەمی خەستی ڕۆژگارا ئەو سەردەمەی من مناڵ بووم چۆلەکەی بێ پەڕ و باڵ بووم بە هەزار حاڵ شێوەت ئەکەم قەتماغەی زامێ لا ئەدەم هەناسەیەک بە با ئەدەم ساڵانی پێشووم ڕا ئەدەم زام: تا بڵێی سەخت و قووڵە هەناسەی چی؟ گەردەلوولە کە خوشکی لەش هەڵقرچاوم گیانی ئەدا لەبەر چاوم چۆن دایکی جگەر گڕ گرتووم بۆ فریشتەی لەدەس دەرچووم خوشکی من و قوتابی تۆ برژە برژی بوو بە پشکۆ کچانی لە هەیوان ڕاکشاو بە ئاستەمێ نووزە تیاماو هاتی بۆ لای، مامۆستا گیان ئەی مامۆستای دڵ میهرەبان بەدەست و پەنجەی پیرۆزت بە هەستی بەزەیی و سۆزت دەرمانت دا لە زامەکەی بۆت هێنا بڕوانامەکەی بە چاوی وتی: بۆ چیمە؟ هەرچی هیوای ژین بێ نیمە زۆر دانیشتی بەلایەوە وەک باوک دڵت دایەوە ئیستەش یادی ئەو کسپەیە لەناخا چەشنی کڵپەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ملوانکەی یاقووت سەبارەت: لە شیعری هونەرمەندی کورد «عەلی تەرمۆکی»یە لە عەرەبی یەوە کراوە بە شیعری کوردی ١ لە یاقووتی وشەی جوانی کوردی پەری خان! ملوانکەیەک ئەهۆنمەوە بۆ تۆ ورد و جوان نەشئەی مەستی بەسەر ئەچێ ئەڕوا وەکوو گیان گوڵی گەشی جوانی تۆش سیس ئەبێ پەری خان! جاپیر ئەبی پشت کۆماوە کز ڕائەوەستێ ملوانکەکەم ئەوسا ئەڵێ: چەن خۆشی ویستی ٢ دوای خۆت ئینجا کیژۆڵەکەت ئەیکاتە گەردن بەهاری نوێ ئەکەوێتە گوڵاو پرژاندن ئەکەوێتە دەست کیژۆڵە کچەزاکەی تۆ ملوانکەی وا ورد هۆنراوەم بە گەوهەر و گۆ ملوانکەی ئەم شیعرە جوانەی ناوی تۆی تیایە ئەڵێ: پەری نەمر ئەژی هەتا هەتایە ٣ ئەو سەردەمەی مرۆڤ بیری والای دڵداری خۆشەویستی وردە وردە ئەڕوا لەبەر چاو پیری دێت و مردن دێنێ بۆمان بە دیاری کەچی جار جار سامی مردن ئەهێنینە ناو لەژێر خاکا کەجێ خوڕەی ئاوە وا ئەڕوا من ڕووی دەمی بیر و باوەڕ ئەکەمە لای خوا تروسکەیەک لە ڕووناکی لە دڵما دیارە وەک ڕووناکی ئاسمانێکە کە پرشنگدارە ٤ ئایا دیوتە مناڵەکەی سەر لوتکەی چیا کە کەوتۆتە شوێن خوڕەی ئاو، ئەڕوا لە دنیا جوانی ئێمەش دێت و ئەروا وەک بڵقی سەر ئاو کەمێ مەستی، تۆزێ خۆشی، ون ئەبێ لە چاو دێ ینە خوارێ لەسەر لوتکەی بەرزی خەوبینیین ڕەش ڕەش ئەبێ وەک شەوەزەنگ ئاسمانی شین دائەپۆشرێ زەردەخەنەی گشت ئەستێرەکان ڕووەو سیس بوون، بەرەو مردن، بۆ کۆشی نەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و پاییز زۆر سروشتییە سەرنج و چێژم: لە گەڵاڕێزان زەوقێ ئەچێژم پاییز باڵداری هەست ئەخرۆشێنێ تینوێتی ناخم دائەمرکێنێ پەڵە هەوری ڕەش بە ئاسمانەوە وژەوژی با بە بارانەوە دڵم وەک خونچە گەش ئەکاتەوە ژەنگی دەروونی من ئەشواتەوە گەڵای وەریوی ڕەنگ زەردی سەرما کۆچی، گیانی نوێ ئەکا بە بەرما ئاڵیی ئەبەخشێ بە لێوی تاسەم وەکوو بژێوی خوێن و هەناسەم پەڕەی ناسکی گوڵی هەڵوەریو وردە گیای تازەی کەنار جۆگە و شیو دەریای تێ بینی من ئەشڵەقێنێ کارێزی نەشئە و جۆش ئەتەقێنێ دار و درەختی بێ بەرگی گەلا تەزووی ئاودامان دێنێ بە دڵا: کە هەڵ ئەلەرزێ بە بای بەیانی دڵەی دێوانە و شێتی جوانی ئەم دیمەنانەی پاییزی ڕەنگ زەرد تەختی سروشتی سەدان داخ و دەرد کار ئەکەنە سەر ناخی دەروونم نوێ ئەکاتەوە گیانی زەبوونم بۆ؟ ، چونکە من و پاییز دوو بە دوو وەک یەک هاو دەرد و حەز و ئارەزوو ئەم تەواوکەری ئەوی ترمانین ڕێی حەپەسان و جێی سەر سوڕمانین هەناسەی ساردی من بای خەزانە ڕۆژی تەمەنم گەڵا ڕێزانە بۆ هەڵوەرینی گەڵای درەختم بۆ بەر پێی کۆچی ژیانی سەختم فرمێسکی خوڕی دڵەی گریاوم بۆ گوڵی هیوای ساوای ژاکاوم دڵۆپەی زلی چاوی پاییزە سەرچاوەی ئەشکم ئاوی پاییزە جێی تەسەللامە پاییزی بێ ناز وەکوو دوو هاوڕێی هاودەرد و نیاز خەرمانی خەمی دڵ بە با ئەدەین بۆ یەکتر ڕاز و سکاڵا ئەکەین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەولەوی لە گیانی پاکی مەولەوی دانا ئەوەی هەڵبەستی ناسکی دانا مژدە بێ ئەوا دیوانی شیعری دەرچوو، ئەگەڕێ بە ناو کوردانا *** ئای لە ناسکی خەیاڵی جوانی سەرچاوەی سۆزی ڕوون و ڕەوانی لە گەرمیی هەست و ساردیی هەناسەی بەهرە و سەلیقەی ناو شیعرەکانی *** ئای لەبەر قووڵیی ئەندێشە و هۆشی دەریای بێ بنی جۆش و خرۆشی بۆ بیری ورد و تاسە و پەرۆشی بۆ چەپکە گوڵی باخی بۆن خۆشی *** ئای بۆ سەنعەت و بۆ وردەکاری بۆ دەریای شیعری پڕ لە مرواری بۆ گەنجینەکەی دوڕ و گەوهەری جێی شانازییە بۆ کوردەواری *** ئای لەبەر شیعری تەڕ و پاراوی بۆن و بەرامەی وەکوو گوڵاوی ڕوونە وەک دڵی ساف و بێ گەردی ڕەوانە وەکوو فرمێسکی چاوی *** ئای لە بڵێسەی خۆشەویستی ئەو سووتانی بۆتەی هەق پەرستی ئەو ئای لەبەر نەشئەی بادەی عەشقەکەی ئای لە سۆزی ئەو، وای لە هەستی ئەو *** ئای بۆ کڵۆڵی حاڵی بێ حاڵی بۆ ڕەنگی زەرد و بۆ ناڵەناڵی هاوار و دادی ڕۆژ و شەوانی بۆ بەستە و دەف و بادە و شمشاڵی *** ئای بۆ گیانەکەی پڕ لە وەفاکەی بۆ دەروونەکەی کەیلی جەفاکەی ئای بۆ دڵەکەی زەدەی سزاکەی دوور لە سەیران و سەیر و سەفاکەی *** ئای بۆ عیززەتی نەفسی بڵندی بۆ خۆی هەژار و دڵ دەوڵەمەندی ئای بۆ چاوتێری و برسێتی حاڵی ڕەوشتی بەرزی یەک یەک پەسەندی *** شیعری مەولەوی گوڵێکی وایە ئەگەشێتەوە هەتاهەتایە لە ناخی دڵ و دەروونی کوردا بنجی داکوتا لە ڕیشە نایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیرۆن سەبارەت: چیرۆک بە هەڵبەست ١ لەدەوری کۆنی ڕابردوو هەبوو نەبوو «نەیروون»ێ بوو «نەیروون»ی خوێنڕێژ و زۆردار جانەوەرێ بوو شێت و هار تەنها بەناو ئادەمزاد بوو دڕندەیێکی بەرباد بوو گیان و ویژدانی مرد بوو ئەهریمەن گۆشی کردبوو بەشەرابی خوێن مەست ئەبوو بێ ئەو خەیاڵە پەست ئەبوو هەر گۆشتی بەشەربوو مەزەی هاوار و داد: ئاوازی نەی زۆر تینوی فرمێسکی چاو بوو قامچی سەرپەرشتی داماو بوو ٢ ڕۆژێ وای هات بە خەیاڵا لە ناکاو خۆی کرد بە ماڵا - بەلەعنەت بێ - وتی: دایە کوشتنی تۆم لە دڵدایە من پەست ئەبم بەمانی تۆ ڕەوایە لام نەمانی تۆ جاپێم بڵێ هەتا زووە کام کوشتنەت ئارەزوە بە شمشێر بەم لە گەردنت تادەس کەیتە مل مردنت؟ یان پەتی سێدارەت ئەوێ خەوی ئێجگاریت لێ کەوێ دایکەش وتی: ڕۆڵەی گورگم شمشێر بە لە پێستی ورگم بیدە لە سک تاوانبارە هەتا ئەیکەی پارە پارە چونکە نۆمانگ و نۆڕۆژ سک تۆی هەڵگرت بە پێستی تەنک ئەم مەمکانەش بەخوێن بشۆ چونکە شیریان داوە بەتۆ بائەمە پاداشتی من بێ پەندی ناو دۆست و دوژمن بێ بەڵام سزای تۆچی ئەبێ؟ ! لەعنەتی ئەبەدی ئەبێ من دایکم، دایک، دایک تا شیر لە مەمکێ بێ تک، تک تۆش «نەیروون»ی دایک کوژی تا گیانێ لەم ئەرزە بژی «نەیروون» هەستا بە دەستوبرد سک و مەمکەی لەت و پەت کرد ئەو خوێنەش نووسی لە مێژوو لەعنەت لە «نەیروون»ی بەدخوو لەعنەت لەتۆ ئەی جانەوەر! لەعنەتی ئەبەدی بەشەر ٣ ئینجا «نەیروون»ی تاوانبار هەڵسا خەیاڵی دایە شار ووتی: «ڕۆما» ئەسووتێنم ئارەزووم دائەمرکێنم چەندە خۆشە مەشخەڵی وا بۆ سکاڵا بگاتە خوا دەستی تاوان بۆ ئێوارە گڕی بەردایە ئەوشارە ئاگرێکی وای نایەوە «ڕۆما»ی پێ دامرکایەوە ئەویش مەست بوو لەدوورەوە بەدیار ئاگری سوورەوە پێ و دەس: چەپڵە و هەڵپەرین بوو مەستی قاقای پێکەنین بوو مەشخەڵ نووسی لەڕووی مێژوو لەعنەت لە «نەیروون»ی بەدخوو لە «نەیروون» و لە هاوجۆری لەجەور و ستەم و زۆری ٤ بەڵام دایک، بەڵام ڕۆما ناویان لەدڵی مێژوو ما بەکللەی سەر بڕبڕەی پشت بنچینەی بەرزیان داڕشت بە ئێسکی «نەیروون»ی خوێن ڕێژ زامی دێرین کرا ساڕێژ دایکێتی ما، نەمرد ڕۆما شانازی یان بۆ مێژووما یادی «نەیروون»یش لەوساوە بۆ نەفرەت لێ کردن ماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وشکەمەلە لە ڕاستی زۆر شت بۆ خۆت گێل ئەکەی زۆر بەندی بڕوای ڕاست پێشێل ئەکەی ڕەشی قەترانی ناو ئەنێی سپی بۆ چەوتی چاوت خوار و خێل ئەکەی *** ئەوەی کە بڕوات پێی بوو تا دوێنێ نازانی ئەمڕۆ وا لە چ شوێنێ؟ لەسەر کەلاوەی ئاوات و هیوا بەپووی وێرانە بە کوڵ ئەخوێنێ *** تەنها بۆ بەرزی پایەت بە پەلەی بۆیە لە وشکی خەریکی مەلەی خنکای لە دەریای خۆپەرستییا کەچی سەرگەرمی چەپڵە و هەلهەلەی *** ملی ڕێگەت گرت ئێستە لە لاڕێی جار جارەش لە خۆت ناپرسی کە کێی وا دیارە چاوت کردەت نابینێ بۆیە بە گڕی هەڵەت ئەسووتێی *** خۆت بەخۆت ئەڵێی: سەر لێ شێواوم بڕوانە دووریی ڕێگەی پێواوم چوویتە سەر کەلێ نایەیتە خوارێ ئەشڵێیت: وەک جاری جارانم ماوم *** خۆت چاک ئەناسی کە چیت و چۆنی ئەلێی: وەک یەکە، ڕێی تازە و کۆنی هەوای خۆبینی لە کەللەی داوی لە ڕاستی ڕاستی ڕوو گرژ و مۆنی *** چاوبرسی و تینووی سەر لێ شێوانی بۆ ئەو مەبەستە خەستە لێوانی ئەتەوێ بلێن: هەر وەکوو یەکە: دەمەو بەیان و بانگی شێوانی *** مەستی بە بادەی عەشقی من منت چاکەی ئەم یان ئەو بایە لە کنت سەری خۆت خۆش بێ لە گەردەلوولا با هەر ئۆباڵی خوێن بە گەردنت *** خۆیشت ئەزانی تەمەنت کورتە بەم گلاراوە، بەم جرت و فرتە تەنها دڵسۆزی ڕاست قۆناغ ئەبڕێ ئاوی دنگ ئەکوتێ ئەم ورتە ورتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چلەی ماتەمە و کۆچی بەهرەیەک سەبارەت: سەبارەت بەوەی کە مامۆستا «محەممەد مستەفا کوردی»ی کۆچ کردوو زۆرتر چێژی لە شیعری عەرووزی و بابەتی قافیەی یەکگرتوو وەرئەگرت، منیش بە هەوای ئەو حەز و ئارەزووەی ئەوەوە، بۆ چلەی ماتەمەکەی، ئەم قەسیدەیەم، لەسەر ئەو تانوپۆیە چنی ئەی مامۆستا و ئەی هاوڕێی وشەی گیانی بە گیانی گەرچی بەشێوە و دیمەن ونی بەرچاوەکانی شەپۆلی دەنگی نزمت نادا لە پەردەی گوێمان بێ تاسە، بێ هەناسە، لە شاری خامۆشانی دوێنێ حافز ئەیفەرموو، ئێمەش باوەڕمان وابوو زیندوو کە مرد بەردێکە یادگار و نیشانی: «ئەمڕۆ کە لەبەر چاوم، لوتفێ بکە لەگەڵما سبەی مردم بێ سوودە فرمێسکی پەشیمانی» حاجی قادریش فەرمووی: «چی جێ بمێنێ ناوە» ئەو ناوەش ناوی چاکە، بۆمان و بۆ نەمانی تەمەن هەر چەن درێژ بێ، مردن ئەیپێچێتەوە مرۆڤ چاک بێ، یان خراپ، چاو لێک ئەنێ ژیانی دیارە پێوانەی ڕاستی مرۆڤی ڕاستەقینەش خۆشەویستی و خەباتە بۆ گەل و نیشتمانی خۆشەویستی و کنەی تۆش بۆ ئەم گەلی کوردەمان بەرز و پیرۆز و دیارە، وەک چیای کوردستانی بە کوردی پەتی نووسین، بەو هەموو هێز و پێزە لە بەڵگە بەولاوەیە، نەخشێنەری پەخشانی چیرۆک و سەرگروشتە و پەند و باوی خۆماڵی بەرهەمی بەهرەی تۆ بوون بۆ گەنجینە و سامانی ئەو بەهرەیەی کە سروشت بەو قەڵەمەی تۆی دابوو سیحری ڕووتە و ئەباری بۆ سەر دڵدارەکانی گوڵا و پرژێنی باخی عومری درێژی تۆ بوو پرشنگی ژین و هیوا و ڕۆژی نوێ و سلێمانی خۆ لە فەرهەنگی خاڵدا سەربازێکی ون بوو بووی لەو پەرێزەشا خۆت خۆت کردە قۆچی قوربانی جارجارەش بە ترسەوە لەگەڵ فریشتەی شیعرا سەرەتا تکێتان ئەکرد، ئەشچوویتە جێ ژووانی لە شیکردنەوەی شیعری بەرزی دێرینی کوردا سەرچاوەی متمانە بووی بۆ تینووی باخ و کانی جێ دەست و پەنجەت دیارە بەتابلۆی کتێبەوە بۆ جگەر گۆشەکان و بۆ ئەدەب و زمانی لە ئاقاری ڕەوشتی پیرۆزی تایبەتیشا مرۆڤێ بووی نموونەی پاکی و ڕاستی و ڕەوانی بێ فیز و بێ هەوا بووی، سادە و ساکار و بێ وەی قسە نەستەق و خۆش دەست، سوار چاکی نوکتەزانی ئایین پەروەری ڕاست و کوردێکی ساغ و سووتاو دژی ئایین و ئۆیین، بێ کەڵکەڵەی شەیتانی مامۆستا گیان! ئەگەرچی چلەی ماتەمی تۆیە، پرسەی دوا کۆچ فرمێسکە و سۆزەو کسپەو گریانی پرسەی گشتیش ئەگەر بوو، وەک هەیە، هیچ ناگرین گریان چەکی داماوە، بۆ بێ دەستەوستانی خەم ئەبێ ببێ بە گڕ، فرمێسکیش بە بڵێسە چرا ئەگەر نەسووتێ، شەوە و تاریکستانی تۆش لە شەوی تاریکا، وەک مۆم، کز کز ئەسووتای ڕووناکیت پێ ئەبەخشین، ڕووبەڕوو، یان پەنهانی داخەکەم، بەروبوومی تیشکەکەت هەرمەڵۆ بوو زاخاوی چاوتی نەدا، نەشارا و نەخەرمانی چاو لێک نێ، دڵنیا بە، نەوەی ئەمەکداری کورد کوردی فەرامۆش ناکا، ئەرکێکە و لەسەر شانی تا ئەم کوردە بمێنێ، یادی کوردیش ئەمێنێ بێ خەم بنوو لە خاکا، تۆ شەکەتی وچانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چوار مناڵەکە ئەی دڵ! وەکوو من بناڵە بگری بۆ ئەو چوار مناڵە کە چۆن خۆیان دابوو حەشار وەک چوار بێچووە مەلی هەژار تەنها جێ مابوون لەبەر دێ لە کونجێکی پەنا بەردێ کز کز هەڵنیشتبون کڵۆڵ کەس و کار ڕۆیشتوو بۆ چۆڵ بروسکەیەک هات لەسەردا ئاگری لەو دێیە بەردا هەموو سەرسام و حەپەساو گەروو بەهەنیسک گیراو وا لەوێوە چاویان لێیە چۆن دامردەوە ئەو دێیە لەبەر ئەو ئاگرە وێڵە سەر دەرکە مڵ بەجێ بێڵە جا چوار مناڵەی بەسزمان لەبرسانا بەرەو خەرمان بەرەو شارا خۆیان کوتا تا ئەوێش وەکوو دێ سووتا شارا خۆ و دەغڵ و دانی ئاگری بەردرایە گیانی ئەو دەمەش ڕێکەوت وابوو منالێکیان لە خەوا بوو هاواریان کرد: بابە، دایە ئاگرمان تێ بەربوو خوایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕازی بلبلێک با خاوەنم پارەدار بێ یەکەم دەولەمەندی شار بێ جێگەی بەرز و پایەدار بێ بە دەستەڵات و زۆردار بێ مادام قەفەز جێگەی منە ئەو خاوەنەم لا دوژمنە با سەرمایەی بەکلوور بێ دەسکەوتی بەبێ سنوور بێ پشتی بە پارە ئەستوور بێ لە دەرد و بەڵا بە دوور بێ مادام قەفەز جێگەی منە دەریای مەینەتیم بێ بنە باخەوانم واهەبوو بێ جێی نووستنم تووکی قوو بێ خۆراک بەپێی ئارەزوو بێ دڵ چی ئەوێ زوو بەزوو بێ مادام قەفەز جێگەی منە ئەم ژیانەم لا مردنە باشووڵی قەفەزم زێر بێ پڕ نیعمەت و خیر و بێر بێ چەن چاوی بەدی پێ کوێربێ چەن ملی بوو هەڵە و دێربێ مادام قەفەز جێگەی منە تەوقی دیلیم لە گەردنە بادەنگم تابڵێی خۆش بێ پڕ لە نەشئە و بە خرۆش بێ ئاوازی بەرز و بە جۆش بێ گەشەبەخشی دڵ و هۆش بێ مادام قەفەز جێگەی منە ئەو دەنگ و ئاوازەش ونە باڵدارێکی دەر و دەشتم فێری ئاهەنگ، فێری گەشتم چۆلەکەی باخی بەهەشتم بە سەربەستی و فڕین چەشتم کەچی قەفەز جێگەی منە کەی ئەوە کاری کردنە؟ ! دیلێکم بەربوونم ئەوێ لە قەفەز دەرچوونم ئەوێ زاخاوی دەروونم ئەوێ گەشتی شەبەیخوونم ئەوێ گەرچی قەفەز جێگەی منە دڵ بەو هیوایە ڕۆشنە ئەی مانگ ئەگەر چی هەوری تاڵ و ڕەش بۆتە چارشێوی تریفەی تۆی گەش بەڵام ڕووناکی یادی دێرینت ناخی دەروونی گرتۆتە باوەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێکی نوێ ساڵێ لە ساڵان، ڕۆژێکی تازە لەگەل هاتەدەر مژدەی ڕووناکی بەخشی بە دڵی تاریکی بە شەو سەری دەرهێنا لە ئاسۆی بەرزی یەک وڵاتەوە بۆ ئەوەی تیشکی بەسەر زەمینا بڵاو کاتەوە هەو ڕۆژە ناچێ، هەموو ڕۆژ دەمەو بەیانی هەڵدێ کەچی ئێواران لەبەر تاریکی و سامی شەو هەڵدێ لەو ڕۆژە ناچێ، هەموو ڕۆژ دەمەو بەیانی هەڵدێ هەزاران داد و سکاڵا ئەکات وەکوو ئەسیرێ لەو ڕۆژە ناچێ هەر لە بەیانی هەتا ئێوارە دیلی چارشێوی هەوری چڵکن و تەم و غوبارە ئەو ڕۆژەی ئەڵێم یەک جار هەڵ بووە و شەو پێی ناوێرێ هەتا هەتایە ڕۆژێ لە ڕۆژان بە ڕەش ناگیرێ هەوری چڵکن وتەم و غوباریش خۆیان دڵنیان هەرگیزاوهەرگیز ڕووی ڕۆژی وانوێ ناگیری پێیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێگای بەختیاری ئەوی ئەیەوێ ببێ بەختیار بیر و باوەڕم بکا ئیختیار پێش هەموو شتێ بەرەو نیشانێ خۆی بکوتێ، خۆیشی با لە سەر دانێ چاوی نەترسێ بچێ بێ پشوو گیانی نەبەزی بکا بە تێشوو ئەبێ بزانێ لە سەر ئەو ڕێیە کە نەبێ هەزار چوتوڕمی لێیە دوژمنی خاوەن چەکی هەمە ڕەنگ لەسەر چونی ئەو لەو ڕێیە بوون بەنگ ئەویش لە سایەی ئەو هێز و تینەی میللەت داویتێ لەو وەرسی ژینەی لە گەڵیان بکا بەربەرەکانی تاکوو بڵێسەی گڕی تەکانی ڕۆشن کەرەوەی بەردەرکی شادی دەریخا بۆتە شبری ئازادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیان و مردن زەردە پەڕ ئەڵێ: ڕۆژ ئاوا ئەبێ هەر ئاوا بووە و هەر ئاوا ئەبێ ڕۆژ بەدوای شەوا، شەو بەدوای ڕۆژا پاش بەخێرهاتن، ماڵ ئاوا ئەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاروانی وشە ١ لە سەرەتای ڕێی مێژووا ساڵانی کۆنی پێشووا لەو ڕۆژەوە بیر کەوتە ڕێ قەڵەم دەستاودەست ئەگەڕێ نووکی قەڵەم پشتاوپشتە تۆ و چێنی بەهرە و بڕشتە لە زەوی مێشکی ڕەقەنا لە دڵی سەختی دەوەنا بە چنینی پیتی پیرۆز دێڕ گەرم ئەکاتەوە بە سۆز بە پرشنگی هونەری جوان گەشە ئەبەخشێ بە ژیان بە بیری چاک، بە وتەی گەش کەوتۆتە وێزەی هێزی ڕەش کاروانەکەی قەڵەم بەدەست لەسەر پەڕەی ویژدان و هەست بۆ بلبلی لقی نووسین هەڵیان بەست هێلانەی ڕەنگین بۆ پەپوولەی وێڵی وتن پەڕەی گوڵ کەوتە بزووتن لە ئاوێستاوە ئەم کوردە لەگەڵ پیت و بیری وردە کۆنترین کاروانی پشتە مەشخەڵ هەڵگری زەردەشتە ئەم کاروانە پیت پەرستە گەرمی نووسین و هەڵبەستە دەستە بە دەستە و چین بە چین ئارەقیان ئەڕشت: ڕەش و شین بە دێڕ بە دێڕ و بەند بە بەند تۆوی بەهرەی زلیان ئەچەند بە زمانی کوردیی ڕەوان گیانیان دا بە هونەری جوان لەسەر هەر داری لق بەرزێ بلبلێ ئەیخوێند بە تەرزێ لە چلەی تۆفی زستانا لە وەیشومەی کوردستانا بە وشەی گەرمی ئاگرین جۆشیان ئەدا بە ڕاپەڕین ٢ قەڵەم بەدەستانی سەردەم! ئەو هەستەتان هەیە سەرجەم کەوا ئێمەی نەوەی ئەوان: کاروانی ڕێی وشەی ڕەوان ئەرکی پیرۆزی بەجێ ماو کەوتۆتە ئەستۆی پیر و لاو پیر و لاوی دنیا نووسین هونەرمەندی بەهرەی شیرین باخچەمان سیس و ژاکاوە تینووی ئارەقی ناوچاوە بە دەستی دڵسۆزی بژار پێ ئەکەنێ گوڵی بەهار بەهاری هەڵبەست و پەخشان ئەکەوێتە گەشە و نەخشان لەبەر کارێزی تەقیوا خوڕە و هاژەی چەم و شیوا لەبەر برووسکەی ئاگرا بڵێسەی کێوی باگرا لەبەر هەوری قورسیی ئاوا تاڤگە و شەپۆل و لافاوا لەبەر ڕەهێڵەی بارانا گرمە و ناڵەی بەهارانا وشەی گەرم و تەڕ و پاراو وێنەی تازە بێنیتە ناو ڕستی قال بووی بۆتەی خەبات هەڵبەستێ بۆ گەل و وڵات لە کارەساتی کوردستان گیان ببەخشێ بە داستان لەبەر چیرۆکی ئاگرین دنیای دەروون بێتە لەرین کوردستانی ئەم سەردەمە بۆچی نەبێتە مەلحەمە؟ ! شەماڵی فێنکی ڕەخنە دەبا بکەوێتە شنە گوڵزاری لێکۆڵینەوە سەوز بێ بە پەرژینەوە ئەوسا لە گوڵ بپرسە: بۆ؟ گەش و سووری وەکوو پشکۆ چۆنە وا تەوژمی پاییز پەڕەی تۆ زەرد ناکا هەرگیز؟ بای خەزان ئەگەر کێو بەرێ گەڵایەکی تۆ ناوەرێ؟ ئەڵێ: مەردیی باخەوانە کە یەکێتی نووسەرانە یەکێتی نووسەرانی کورد: کاروانی وشەی جوانی کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کلوە بەفرەکان ئەی کلوی بەفری سپی! چەن بێ دەنگ و چەن کپی کە لەو ئاسمانە بەرزە ڕوو ئەکەیتە ئەم ئەرزە چین چین زەوی داپۆشە دڵی من بەوە خۆشە زۆر حەز ئەکەم تاماوم هەتا بڕ ئەکا چاوم دەشت و دەر و شار و دێ بەرگی بەفری سپی بێ سپی ڕەنگێکی چاکە بەفربێ گەرد و پاکە ئای چەندە بێزارم من لە پەڵەی ڕەش و چڵکن خۆزگە دەروون و هەناو وەکوو بەفری بەرهەتاو بێ گەرد و ڕووناک ئەبوو سپی و جوان و پاک ئەبوو ئەوسا ئەتدی ئەم ژینە: چەن دڵگیر و شیرینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستان دڵگیر و خۆشە کوردستان بە دیمەنی ساکار و جوان سەیرانگایەکی نازدارە ئاو و هەوای سازگارە نیشتمانی نەوەی کوردە قیبلەگای درشت و وردە بە هەشتێکی ڕووی سەر ئەرزە پڕ لە کەژ و کێوی بەرزە دارستانی چڕو پڕە ئاوی خۆش و سارد و سڕە پڕ لە ڕەز و باخی جوانە کانیاوی ڕوون و ڕەوانە هەڵئەقوڵێ لە بناری شاخ ئەکشێ بۆ ناو دێبەر و باخ گوڵ و سەوزە گیا ئاو ئەدا دڵ و گیان لە زاخاو ئەدا لەبەر هاژەی چەم ڕۆژ و شەو تەبیعەت لێی حەرامە خەو هەرچی لق و پۆپ و پەلە سەرخۆشی جریوەی مەلە ورشەی گەڵای دەم شنەبا ژەنگ و ژاری دەروون ئەبا ئەم کوردستانی ئێمەیە جێگای بەزم و زەمزەمەیە لە جوانی یا شۆخ و شەنگە باخچەی سەیران و ئاهەنگە سەر تەختی ئەو شینایی یە شوێنی هەڵپەڕکێ و شایی یە بە سۆز و ئاوازی شمشاڵ ئەجۆشێ دڵی کوڕ و کاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کونەپەپوو کوننەپەپووی ڕوو ترش و مۆن جێ نشینی کەلاوەی کۆن دۆستە دێرینەی وێرانی تۆی دوژمنی ئاوەدانی لەبەر ڕۆژ جێگەت پەنایە چاوت بە تیشکی هەڵنایە کوێری لە عاستی ڕووناکی هەر بە شەو چست و چالاکی پیرە دەعبای چەپەڵ و گەڕ خاوەن بالۆرەی شووم و شەڕ کەی تۆ لە ڕەگەزی مەلی شایستەی سەر لق و پەلی؟ ! تۆ ئەوەندە بەد فەساڵی کەی شایەنی پەڕ و باڵی؟ ! وا هنەزانی ئێسک سووکی پەسەندی گەورە و بچووکی هیچ کەسێ چارەتی ناوێ شیر و تیرت لێ ئەساوێ پیرۆزت بێ ناو کەلاوە سەر ئەو دیوارە ڕووخاوە پیرۆزت بێ تاریکە شەو ئەو دەمەی سەر ئەکرێنە خەو بەڵام ڕۆژ هەر ئەبێتەوە تاریکی ئەڕەوێتەوە بەو دوو چاوە کوێرانەوە ئەبێ بەژێر وێرانەوە ئەگەر خەم ڕۆژ و شەو دەستە و یەخەم بێ ئەبێ خۆم خەم نەخۆم، خەم توشی خەم بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێ بوو؟ کێ بوو لە تاریکی شەوا لە سەردەمی شیرین خەوا بۆ گەلی دیل و بێ نەوا بوو بە پێشمەرگە و پێشەوا *** کێ بوو بۆ ژینی سەربەستی گیانی خۆی خستە سەردەستی بەرەو ئەو نیازەی بەستی وتی: نامەوێ ژێر دەستی *** کێ بوو بەرەو قەڵای دوژمن بە گیانی خۆ بەخت کردن کەوتە شەڕی ژین و مردن تا ڕیشەی دەرهێنا لە بن *** کێ بوو بۆ عەرەب و بۆ کورد نۆکەرانی لەت و پەت کرد ئیستعماری بەو دەردە برد بڵێ: ئەو باوکەی ئێمە مرد *** کێ بوو زنجیری تێک شکان قەڵای باستیلی هەڵتەکان ئازادی دا بە دیلەکان ناپاکی دایە بەر تەکان *** کێ بوو بە پشتیوانی گەل بۆ سەرکەوتن گەڕا لە هەل تا ئەو ڕۆژە دەرچوو لە کەل ناحەزی تیا بکا پەل پەل *** کێیە ویردی سەر زمانە جگەر سۆزە قارەمانە ئازادکەری نیشتمانە هەقی زۆری لە سەرمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی جێ ماو ئەی ئەو کەسەی هەمیشە پیشەت کۆشش و ئیشە بە سەرگەرمی بێ وچان لەسەر ڕێگەی هەوڵدان تاکوو دواهەناسەی ژین بەخت ئەکەی تەوژم و تین بە ڕەنجی شانی بازوو بە گاسنی بێ پشوو جەرگی زەوی دەر ئەدەی تۆوی بەسەردا ئەکەی بە ئارەق و ئەشکی چاو پەروەردەی ئەکەی تیر ئاو جا بە داسی بزوتن ئەکەویە درەو کردن لەگەڵیا ئەکەویە خۆ پێی ئەبڕی بەرگی مەڵۆ لەوێ لەسەر پشتی ورد گێرەی ئەکەی دەست و برد بە شەنی بێ وچانی لێک ئەکەی پوش و دانی دوای ئەو ئەمجا کێشەوە خۆی ئەکوتێ بۆ پێشەوە سەروەری گوڵی جێماو هەر تۆی تۆ ئەی بەجێماو ڕەنج و کنەی ڕۆژ و شەو کردەی تۆیە و بردەی ئەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەشتێک لە شوێنێکم لە جوانیدا ئەڵێی بەهەشتە هەموو گیانم لێ بۆتە چاو، نیازم گەشتە کەیلی بزەی لێوی بەهار خەیاڵ و هەستم لەبەر بۆن و بەرامەی خۆش پڕ بە دڵ مەستم سەرنج ئەدەم لە گوڵاڵەی ئاڵ و سەوزە گیا لەئاوی ڕون، لە چروی دار، لە بەرزی چیا لە ڕەزوباخ، لە سێبەری ژێر سورەچنار لەداری گوێز لەگەڵای توو لەپەلکی قونار لەپەپولەی باڵ نەخشینی جوانی ڕنگاوڕەنگ کەچۆن ئەفڕێ لەبەر دەمما دڵ پڕ لە ئاهەنگ لەو مەلانەی بە گۆرانی خۆیان ئەنوێنن لەسەر لق و پۆپی دار و دەوەن ئەخوێنن لەدیمەنی خەم ڕەوێنی پولی بەرخ و کار کەچۆن ورد ورد پێ شێل ئەکا سەوزەگیای بەهار سەرنج ئەدەم لە بەهار و لە بەهرەی جوانی کەنەک دلێ، هەزاران دڵ ئەبن حەیرانی هەزار خۆزگەم خواست بەوانەی لەوێدا ئەژین بەدڵی خۆش، دەرونی شاد بەسەر ئەبەن ژین وەک پەپوولە، یان فریشتەی ناوباخ و گوڵزار تێر تێر ئەمژن بۆنی گوڵی بەهەشتی نازدار ئینجا ورد ورد هەنگاوم نا بەرەو ئاوایی لەو دێبەر و باخە خۆشەم کرد ماڵ ئاوایی وام ئەزانی خەلقی ئەوێ شاد و دڵخۆشن وەک ئەو تاوەی ژیانی من مەست و سەرخۆشن لە شادی دا، وەک شازادە نیشتەجێی تەختن هەڵ ئەپەڕن، بەستە ئەڵێن، خاوەنی بەختن کەچی سیما بۆی دەرخستم چەن بە سکاڵان بۆ باڵای خەم، بۆ مەینەتی بە وێنەی کاڵان بۆی دەرخستم هەرگیز جوانیی دیمەنی بەهار سارێژ ناکا زامی دڵی پەست و بریندار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڵاڕێزان کە هەناسەی من وەک بای خەزان بێ زەردەخەنەی لێو وشکە گریان بێ وەک یەک بنوێنێ بەهار و پایز دە با وەرزەکەم گەڵاڕێزان بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیوا سەبارەت: ١٩٥٨ هیوا لە ژینا ڕێ پیشاندەرمە وێڵ و ئاوارەم هەر ئەو ڕابەرمە بۆ لووتکەی بەرزیی پاڵ پێوەنەرمە بۆ شەڕی ژیان قەڵا و سوپەرمە خۆراکی گیان و توێشووی سەفەرمە بێ هیوا، ژیان: زیندانی تەنگە تاریک و نووتەک وەک شەوەزەنگە هیوا هەڵدێنێ چاوی خەوتنم ئەبێتە مایە و هۆی سەرکەوتنم بە جووڵانەوەم، بە نەسرەوتنم بە هەڵسانەوەم لەپاش کەوتنم بێ هیوا، ژیان: وشک و بێ تامە بێ پاشە ڕۆژە، بێ سەرەنجامە تەنها بە هیوا دڵ ئەکرێتەوە دەروون زاخاوی پێ ئەدرێتەوە گیان ژەنگ و ژاری خۆی ئەسڕێتەوە ورە و هێز جێگای زووی ئەگرێتەوە هەنگاو گرەوی پێ ئەبڕێتەوە بێ هیوا، ژیان: نائومێدییە ڕەنجەڕۆیییە، نامرادییە هیوایە ساڕێژ ئەکا برینم ئەسڕێ فرمێسکی چاوی گرینم گریان ئەگۆڕێ بە پێکەنینم خۆشی ئەخاتە دڵەی خەمگینم شەبەق ئەبەخشێ بە شەوی ژینم بێ هیوا، ژیان: پەست و ناخۆشە گوڕستانێکی مات و خامۆشە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەستی من قسەی ئەو کەسەی لەناو دڵمایە گەر ژەهری ڕووتە هەمووی نۆش ئەکەم بەو سروەی یادەی کە لەگەڵمایە بڵێسەی سۆزی هەستم خۆش ئەکەم بەو بۆنە خۆشەی کە لە گوڵمایە ئازاری دڕکم فەرامۆش ئەکەم بەوگڕە خۆشەی لە کەللەمایە هەموو شەوقێکی تر خامۆش ئەکەم وەکوو پەروانەی بێ پەروا، بێ دەنگ ڕێ بۆ سووتانی جەرگم خۆش ئەکەم بادەی هیچ کەسێ مەستی نەکردم بە پیاڵەی مەستت خۆم سەرخۆش ئەکەم وەرە تەماشای ناخی دەروون کە گەر وائەزانی قسەی بۆش ئەکەم بەشیری پاکی خۆشەویستی تۆ ساوای نازداری دڵم گۆش ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەستێکی پیرۆز دڵم وەک خونچە ئەگەشێتەوە وەک ئەستێرەی گەش ئەدرەوشێتەوە وەک گوڵ بە شەماڵ ئەشەکێتەوە وەک ساوای نازدار ئەخنێتەوە: هەر کەناو بە ناو چاو ئەدەم زاخاو بە «ژین و هیوا و شەفەق و هەتاو» «ژین» هاوار ئەکا: کورد نەمردووە ژیانی ئەوێ چونکە زیندووە عومری لە ئەرکا بەسەر بردووە لەمەینەتیدا هەلێ کردووە بۆ ئەوەی بژی بەپێی دڵی خۆی: دەنگی ئەم «ژین»ە ڕابەرێکە بۆی «هیوا»ش خەریکە بە ڕۆژ و بە شەو کورد بۆ هیوای خۆی هەڵسێنێ لەخەو بەواتەی جوان و ڕەنجی ئەم و ئەو خەرمانی کومەڵ ئەکا شەن و کەو بەڵێ «هیوا»مان جێگەی هیوایە چونکە ئاوێتەی بیر و بڕوایە «شەفەق»یش مژدەی شەبەقی پێیە دەمەو بەیانی ناوشار و دێیە بۆ کاروانی کورد مەشخەڵی ڕێیە بەرەو قۆناخی جوان و بەجێیە «شەفەق» ڕوناکی بەری بەیانە ڕۆشن کەرەوەی شەوی ژیانە دیارە دوای «شەفەق» نۆرەی «هەتاو»ە ئەڵێ: تیشکی ڕۆژ وا بە ڕێگاوە، شەوگاری درێژ زۆری نەماوە ڕوناکی گاڵی تاریکی داوە گۆڤاری «هەتاو» تیشکی چرایە بۆ «ژین» و «هیوا» و «شەفەق» برایە ئەمانە بەهرەی «پێشکەوتن» مانن هۆی بوژاندنەوەی وێژە و زمانن مەشخەڵ هەڵگری ناو کوردستانن جێگەی شانازی نەوەی کوردانن بێ دەرد و بەڵاو گێرە و کێشەوە هەنگاوتان بنێن بەرەو پێشەوە *** بابە گیان وێنەت لە ناو چوارچێوەی دڵی منایە شەپۆلی هەستی خۆشەویستی تۆ هیچ لە بن نایە ساڵی هەزار و نۆسەد و پەنجا و هەشت بەجێت هێشتم ماڵی سەیوانت لە ژێر سێبەری ئەرخەوانایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی ئاوابوونێک ئەی چاوی یاد سەرنجێکی ئەوتۆم ئەوێ لە پاییزا بەهارێکی تیا دەرکەوێ بۆ گوڵزارێ بەدەروونی من مەبەستە بەهەشتێکی دڵگیری وێژە و هەڵبەستە باخچەیەکە لەجێی گوڵەباخ و شەوبۆ چەپکە گوڵی جوانی و هونەری گرتەخۆ نەورۆزێکە لە مەڵبەندی وێژەی کوردا لە کوێستانی لاساییدا سەری هەڵدا بۆنی خۆشی نوێ کەرەوەی هەمە چەشنە شەماڵی هەڵبەستی تازەی خستە شنە خووڕەی پڕ لە ئاوازی نوێی سەرچاوەکەی گەشە و ورشەی دا بە باخچە ڕازاوەکەی چاوی گێڕا بە «بەهەشت و یادگارا»! بەڕۆژانی خۆشەویستی و بە شەوگارا بە شەوانی گەشی وەک ڕۆژی ڕووناکا بە ڕۆژانی ڕەشی وەک شەوی خەمناکا مل کەچ نەبوو بوو پەرژینی چاو لێ کەری تا بتەنێ، وەک تان و پۆ، دەور و بەری بەهەشتێ بوو، پۆل بە پۆل، فریشتەی جوانی لەژێر سێبەری ئیلهاما بۆی ئەڕوانی لەبەر ئاوێنەی شەونمی قەتیس ماوا ئەدوا لەگەڵ پەریی بە جوان ڕازاوا ئەو جوانییەی لەسەر لقی ئەم سرووشتە تاکە گوڵێکی دەرکەوتووی ژوورووی گشتە ژێر سێبەری زۆر درەختی ئەو بەهەشتە هەواری سەیران و گەشتە بۆ فریشتە *** ئەی چاوی یاد بە سەرنجی سۆز و تاسە وەک ناخی من، فرمێسک و هونەر بناسە ئەو فرمێسکەی پاییز ئەیگۆڕێ بە باران بە ڕەهێڵەی گریەی ئاسمانی بەهاران هۆن هۆن دڵۆپی فرمێسکی وەفاداری لەچاوی ئەو هەڵبەستانەدا ئەبارێ بە هەناسەی ئاگرینی گڕی شیوەن زیاتر بڵێسەی ئەبەخشی بە بەهرە و فەن گڕە و دووکەڵی هەناسەی جگەرسووتاو فرمێسکی بێ بڕانەوەی ئەدا بە چاو بە گریانی وشک ئارەقی ڕەش و شین باخچەی هونەر پەروەردە بوو جوان و شیرین لەسەر دەستی فریشتەی شیعری بەسۆزا لە بەهاری بەهرە و هونەری پیرۆزا لەگەڵ بلبل لەگەڵ دەروێشی شمشاڵ ژەن پەریی هەڵبەست کەوتە سکاڵای پڕ لەفەن *** ئەی چاوی یاد بە سەرنجی بیرەوەری ئەمەوێ پەی بە سرووشت و دەروون بەری ئەو سروشتەی لە ئاوێنەی کوردستانا چاو ئەبڵەقە لە ڕاست دیمەنی جوان جوانا لە وڵاتی پەلکە زێڕینەی ئاسمانا لە گەشتنامەی قەرەداخ و هەورامانا بە وێنەی جوان و شیرینیی خەیاڵاوی نیگاری ئەوتۆی ئەکێشا، تەلیسماوی پەڕی هونەر، وەک وێنەکێشی بەهرەدار سروشتیی هەڵبەستیی جوانتر بوو لە بەهار چوار وەرزە باخچەی دەروونی پڕ بوو لە گوڵ پاراوی کارێزی هەستی بە قوڵەقوڵ تا ئەو دەمەی تیشکی چاوی کوژایەوە خونچە و چرۆی هەڵبەستی ئەگەشایەوە هەڵبەستی گەش بە تریفەی ئەو دەروونە خوڕ بوو: بە ئاوازی ئەو سەرچاوە ڕوونە دڕک با خۆی بە داری داخا هەڵواسێ پەڕی ئەو هەڵبەستانە پاییز ناناسێ ئەی چاوی یاد! گەرمیی سەرنجێکم ئەوێ وەک «لاوک و پەیام» بڵێسەی سەرکەوێ بۆ ئاگرێ: مەشخەڵ خۆشی بای بڕوایە بۆ خەباتێ: ڕزگاری کوردی لە دوایە بۆ ئامانجێ: تابڵێی شیرین و بەرزە ڕێی خەباتێ: کەوا پەرستنی فەرزە بۆ لاوکێ: ئەرخەوانیە وەک ئاسۆ بۆ پەیامێ: بۆتە خوێنی جەرگی پشکۆ ورە و زاتێ: سەرچاوەی سەرسەختی کێوە لە مەرگیشا بزەی نەبەزینی لێوە بۆ هەنگاوێ: بە ڕێگەی شەوگاری دوورا ڕۆیی بۆ ڕووناکی بە ئاگری سوورا بۆ ئارەقێ ڕژا بەسەر دڕک و داڵا بەسەر زامی ژیانی ناسۆر و تاڵا بۆ هەڵبەستێ، هەوێنی گەرمەی شۆڕش بوو برووسکە و گرمەی ناڵینی پێش هێرش بوو بۆ بلبلێ: ون بووی دوا کۆچە نۆ ساڵە بەستەی شیعری لە گوێچکەی چەرخا زوڵاڵە هونەرمەدێ: تا هەڵبەست و نووسین مابێ ئەستێرەی بەرزی لە تەما نقوم نابێ بۆ گۆرانێ کە تا ئەم دنیایە مابێ خۆری گەرمی بلیمەتیی ئاوا نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی بیست ساڵەی کۆچی پیرەمێرد وا ئەی فریشتەی پیرۆزی سۆز و ئیلهامی هەڵبەست بۆ بیرەوەری بیست ساڵەی کۆچی پڕ پێستی مەبەست وەک جاری جاران، ئەمجارەش هانام هێنایە بەر تۆ بە شیعرێکی نوێ، یادی «پیرەمێرد» بخەینە ئەستۆ دە با فرمێسک لە پێڵوی چاوی ئەم یادە دوور بێ ڕێی ئەو خەباتەی بە دڕکی ژێر پێی «پیرەمێرد» سوور بێ چونکە چاوی دڵ تا ئێستە زۆر جار گریانی دیوە هەر بەو ڕێگایەش کارێزی قووڵی بەهرەی تەقیوە ئەو پیرەمێردەی کە لە نەورۆزی تەمەنی ژینا جۆش و خرۆش و نرکە و ناڵەی ئەو لە ڕاپەڕینا لە خوێن گەرمی یا، پشکۆی گەشاوەی کوورەی خەبات بوو بەشە هەوێنی بڕوای ئازادی گەل و وڵات بوو ئەوبوو کاروانی شەهیدەکانی ئەلاوانەوە زنجیرە کێوی ئەم کوردستانەی ئەلەرانەوە نەک بەفرمێسک، بەڵکوو بە شیعری گەرمی خوێناوی بە بوومەلەرزەی شۆڕشی شیعر و گرمەی هەناوی ئەوبوو ڕۆژنامەی ژین و ژیانی خستە ناوەوە جۆگەلەی ڕوون و گەشی هەڵئەگرت لەسەرچاوەوە بۆ گەشەی باخچەی وێژە و زمانی تەڕ و پاراومان بۆ سەر گوڵزاری بێ باخەوانی سیس و ژاکاومان ئەوبوو هەڵگری چرای زانستی بۆ کوردەواری کەوتە شەڕ لەگەڵ سامی شەوگاری نەخوێندەواری خوێن و ئارەقی ڕەنج و تەقەلای ئەکرد بە نەوتی باخچەی زانستی زۆر گوڵی هیوای کرد بە دەسکەوتی ئەوبوو هەڵبەستی «مەولەوی» خستە بەرگێکی نوێوە ئەو کزە و سۆزەی ئەهات لەقرچەی دڵی توێ توێوە دەرگای ناسینی لەم مەڵبەندەوە لێ خستە سەرپشت لەسایەی دەمی پیرەمێردەوە کەوتە بەر گوێی گشت ئەوبوو کە پەندی پێشینیانی کرد بەهۆنراوە دەریای ئەوپەندەی بەنووکی خامەی ئەو شڵەقاوە گیانی نەمریی کرد بەبەر تەرمی باوک و باپیرا تاچاوی خەیاڵ بڕ ئەکا شەپۆل ئەدا لەبیرا پەندی پیرەمێرد، وەک باخچەی شیعری سیس نابێ هەرگیز وەک بەهار وایە وەرزی هاوین و زستان و پاییز ئەمڕۆ لە دوێنێ و بەیانی لەمڕۆ بۆنی خۆشترە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ساڵ لە دوای ساڵی بەرز و گەشترە ئەو بوو کە ناوی سەدان شاعیری ئەژیانەوە سەرلەنوێ ژینی پێ بەخشینەوە بە ژیانەوە لەو لە بیر چوانەی ون بوون لە گۆشەی فەرامۆشیا وەک ڕۆژهەڵاتن لە ئاسۆی دووری کرد و کۆشییا گڕ و مەشخەڵی ئاگری نەورۆز لای گردی «یارە» بەزم و ئاهەنگی چارەکە چەرخی نەورۆزی دیارە بڵێسەی سۆز و هەستی دڵسۆزی ئەو بوو لەم ناوە وەک لووتکەی کێوی بڵندی کورد و پەیکەری «کاوە» ئەوبوو سوارچاکی مەیدانی چیرۆک نووسینی کوردی پاڵەوانێتی ئەم کوردەی ئەنوان بە بیری وردی وەک «مەم و زین» و «دوانزە سوارەکەی مەریوان»ەکەی لە شانۆی ژینا، سەربەستی: چرا، کورد: پەروانەکەی ئەو بوو سەربەستی ئافرەتی لەلا بەرز و بەڕێز بوو ئەو دەمەی گورزی دێوی شەوەزەنگ قورس و بەهێز بوو زۆر بەتاسە بوو ئەمانە بێنە ڕیزی پیاوەوە وەک شێری بێشە، نرکەی «خاڵە» بوو کەوتە ناوەوە ئەو بوو دێوانەی قەلەندەرخانەی دار عەسا بەدەست دەرون پەرست بوو دوشمنی گیانی ڕەواڵەت پەرست کەوڵ و پۆست نشین وەک «دەروێشەکەی گوڵی زرێبار» یەک ڕەنگ، یەک ئایین، لە فاک و فیکی هەلپەرست بێزار جا بلیمەتێ سەرمایەی ژینی ئەم سامانە بێ یان قەومی کوردێ دایک و باوکی ئەم ڕۆڵانە بێ چۆن هەوری مردن خۆری ژیانی ئەشارێتەوە چۆن بیرەوەری جگەرگۆشەی وای بیر ئەچێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادی بێکەس ئەی فریشتەی هەڵبەستی ورد! مژدەبێ با لە تۆ و لە کورد یادی دە ساڵەی «بێکەس»ە ئەو بێکەسەی کوردی کەسە ئەو بێ کەسەی نەمردووە لەناو دەروونا زیندووە ئەژی وەکوو شیعرەکانی بۆ خزمەتی کوردستانی *** بێکەس لە دەوری ڕابردو بە گیانێکی لەخۆبوردو بە بڕوای ئاسنینەوە کەوتە شیعر هۆنینەوە شیعری چی؟ پشکۆی ئاگرە دلۆپی خوێنی شاعیرە شیعری «بیست وحەوت ساڵە»کەی کرد بە زمانی حاڵەکەی ئەو دەمەی وەک بۆمبا تەقی ڕووبەڕووی جەور و ناحەقی قسەی دلی خستە سەر لێو بێ ئەوەی سڵ بکا لە دێو ووتی خاکم وێرانەیە ژێر چەپوکەی بێگانەیە هوی ئیستعماری ئینگلیسە ئەڵێی شەیتانی نەگریسە ووتی: مایەی تۆ درۆیە هەر بۆ تاڵان و برۆیە ئەی بەد ڕەوشت و کردەوە کورد چاوی نووستوی کردەوە ئەزانێ تۆ داگیر کەری نایەوێ ژینی نۆکەری *** بەم چەشنە شیعری گەرم و گوڕ ڕون و ڕەوان وەک ئاوی خوڕ سوک و ئاسان و بێ گرێ بۆ سەر زمان ئەکەوتە ڕێ شیعری پڕ سۆز و تاسە بوو داخی دڵ و هەناسەبوو بیر و باوەڕ و وێنە بوو بۆ دەرونی ئاوێنە بوو هەموی هەوێن بوو بۆ خەبات بۆ ئازاد کردنی وڵات تەڕ و پاراو، بەتام و بۆ بۆ کورد ئەهاتە گفتوگۆ *** ئەی گیانی بێکەسی نەمر! ئەی شاعیری مەشخەڵ هەڵگر ئەی مامۆستای هەڵبەستی جوان ڕاکشاوی گردی سەیوان ئەی مشور خۆری قەومی کورد خۆشەویستی درشت و ورد هەرچەندە ئاویتەی گڵی تا ئەبەد نەخشی سەردڵی ئەژی لەگەڵ سەرکتەوتنا لەگەڵ جووڵە و نەسرەوتنا لەگەڵ دڵسۆزی و پاکی یا لەگەڵ تیشکی ڕووناکی یا یادی تۆ نوێ ئەبیتەوە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوە پێرێ، ئەمە دوێنێ، بەڵام ئەمڕۆ ئەژدەهاکەکانی سەردەم! هەموو هەورەکانی مێژوو کۆ بوونەوە هەموو زام و برینەکانی ڕابردوو هەرچی کۆن و نوێیە هەموو بە ناسۆریی ڕاست بوونەوە لە زۆر لاوە ڕەهێڵەی باران و لافاو جێ پێی ستەم ئەشواتەوە لە زۆر لاوە هەوری ژان خۆی ئەخواتەوە بۆ دەمێ تەوژمی بەتاو تامەزرۆیە و تینووە بۆ ماچی هەتاو تا نەورۆزی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤی ڕاستەقینە وەکوو خۆرێ لە ئاسۆوە پرشنگ ببەخشێ بە هیوای ڕەنگاوڕەنگی هەزاران پەلکەزێڕینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ئەسپەکەم پەلە بکە پەلە سەبارەت: پارچە شیعرێکی «ڕەسوڵ هەمزاتۆف»ە ڕۆژێ سێ ئافرەت بەرێیان کردمیەکەمیان پشتی دا بە دیوارەکەوە و بێ ئەوەی سەر داخا وتی: ئەگەر تۆ منت لەبیر بچێتەوە ناگریم دووەمیان لەبەر دەرگای ماڵەکە وەستا و کوننەیەکی پڕی پێ بوو گوێم لێ بوو وتی: بگەڕێرەوە بۆ لام، هیچ دوا مەکەوە سێیەمیان: هەناسەیەکی هەڵکێشا و هیچی نەوت. هەرکە لە شاخەکە پێچم کردەوە ئەو شاخەی پارچە هەورێکی ئەرخەوانی دای پۆشیبوو یەکەمم بیرچوەوە لە پێچەکەی ترا، بە دەروونێکی ئاسوودەوە دووەمیشم بیرچووەوە فڕیم، سەدان ڕێگام کوتایەوە لەگەڵ ڕۆژگارا هاتم و چووم کە چی لەگەڵ ئەوەشدا نەمتوانی سێیەمیانم لەبیرچێتەوە کە ماچم کردبوو گەڕامەوە بۆ لوتکەکە یەکەمی نەگریسم دی لەسەر سەربانەکە چاوەڕێیە دووەمی ساویلکەش هاتە دەرەوە و بە کۆنە کوننەکەیەوە هات بە پیرمەوە کەچی سێیەم نەهات بۆ پێشوازیم لەگەڵ ئەوەشا هەتا دنیا دنیایە ناتوانم لەبیرم بچێتەوە شەوانیش هەر خەو بەو سێیەمەوە ئەبینم کە ماچم کردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فریشتە ئەی فریشتەی خۆشەویستی! خۆشەویستی پاک و بێ گەرد کەوتومەتە تۆ پەرستی، لە ئاسمان بی یا لەسەر عەرد خۆشەویست ئەتپەرستم بە تۆ مەستم بێ تۆ پەستم پرشنگی چاوە کاڵەکەت دڵم ڕووناک ئەکاتەوە بزەی سەر لێوە ئاڵەکەت گیانم زاخاو ئەداتەوە ئەی بێ وێنە خۆت بنوێنە! بێ، بم دوێنە بم بزوێنە بەو چاوە جوانانە قەستەم بێ تۆ ژیانم ناخۆشە ناخی ئەم دەروونە پەستەم بۆ ڕووناکی تۆ پەرۆشە پەریزادە دڵ بەر با دە زۆر ناشادە خەمی ڕادە هەرچەن شێوەی تۆ ئەبین لە جوانی تێر نابێ چاوم بەبێ تۆ شۆخی شیرینم گوڵێکی سیس و ژاکاوم بێ ڕەنگ و بۆ بێ گفتوگۆ بێ هاتوچۆ دەستەوئەژنۆ ئەی فریشتە نازدارەکەم! تۆ چرای، من پەروانەتم ئەی شۆخە وەفادارەکەم کوشتەی ئەو تیشکە جوانەتم هەتا ئەمرم تۆ پەروەرم نازت ئەگرم لەسەر سەرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وێنە ئەی وێنە جوانەکەی دەستم! چۆن شنەی شەماڵ هێناتی؟ هەوێنی تازە هەڵبەستم، لای کام فریشتەوە هاتی؟ چی تۆی گەیان ئارامی گیان بەهرەی ژیان سروەی بەیان خونچەی تازە بەهارەکە لە باخا جێگەت سەر چڵە ئەستێرە پرشنگدارەکەم تۆی ڕۆشن کەری ئەم دڵە نووری چاوم تین و تاوم عومری لاوم تۆی هەناوم کۆرپەکەم، جگەرگۆشەکەم شەو و ڕۆژ دڵم لەلاتە بێچوی هێلانە خۆشەکەم چاوم ڕوونی تەماشاتە گوڵی باخم هۆی دەماخم شەو چراخم تۆی وەجانم سەرنجی بێ بڕانەوەت هەست و تاسەی خرۆشانم قسەی بێ لێو لەرانەوەت یادگاری ورووژانم یادی دێرین تاڵ و شیرین خەندە و گرین کەوتە لەرین گزنگی سەرکەلی بەختم شەوی تاریکم ڕاماڵە ئاسان کەری دەردی سەختم دڵ هۆگری گڕوگاڵە ئەی شێوە جوان بێرە زمان شنە و دووان بۆ ناخی گیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شارە جوانەمەرگەکە کە باڵامبۆدەستی کردە مل شنروێ بەرامبەر کانی عاشقان بە ڕۆژ و بە شەو بێ ئەوەی چاو بچێتە خەو وەک پاسەوان دەستەو نەزەری شار وەستان نەیان ئەزانی ڕۆژێ دێ تەم و خەمێ دایان ئەگرێ بەسەر تەرمی هەزارانا تەرمی شاری خامۆشانا ئەبێ بۆ کورد قڕان بگرین بۆ شاری خامۆشان بگرین لەپڕ بگرین بەخوڕ بگرین جاران، جاران جارانی زوو وام ئەزانی بەدەس شەڕ فرۆشانەوە تاک و تەرا، لێرە و لەوێ هەر مرۆڤ جوانەمەرگ ئەبێ خەیاڵ، ئەو خەیاڵەی نەبوو شاریش، گەورە بێ، یان بچووک بە بروسکەی تاوانباران ستەمکاران وەک مرۆڤ جوانەمەرگ ئەبێ هێرۆشیما و ناکازاکی لە دوورەوە بەدەم ناڵەی ئەتۆمەوە هاواریان کرد! خوێن خۆرە مرۆڤ خۆرەکان چڵێسە تێر نەخۆرەکان بازرگانە فاشیستەکان قاسە و گیرفان پەرستەکان بە خوێنی ئێمە سەرخۆشن شەڕ فرۆشن خوێن ئەنۆشن چاوسوور و ئەتۆم هاوێژن ژەهری زۆر و ستەم ڕێژن ئێمەیان کرد بە گۆڕستان بۆ هەزاران هەزار ئینسان جاران، جاران، جارانی زوو وام ئەزانی ژەهر و دەرمان بۆیە هەیە بۆیە ئەو داهێنانەیە بۆ بزە و بۆ گەشەی ئینسان ئەوەش کە مار و مێرووە مێش و مەگەزی زیندووە مرۆڤ ژەهری بۆ ڕشتووە کە چی هەڵەبجەی جوانەمەرگ بەدەم گیانەڵاوە وتی: لە نەورۆزا لە کوردستانی بێ ناز و دڵ شکاوا لە هەڵبجەی چەپکەگوڵی لەمێژە سیس و ژاکاوا بۆمبارانی ژەهر و دەرمان بە هەزاران مەرگی باران بە هەزاران جەرگی تاران لەناو دۆزەخی ستەمدا لە گلار و پاشەرۆکی ساڵانی چەرخی بیستەمدا من لێرەوە چاوم لێیە مریەم دوو گلێنەی پێیە دوو چرۆی وا بە کۆڵەوە دەمی ناوەتە خۆڵەوە خۆی وەریوە و چرۆ سووتاو دەم ئەگێڕێ بۆ قومێ شیر بۆ چۆڕێ ئاو فریشتەیە و شپرزەیە بینایی نوستووی بێشکەیە لانکی وا بە کۆڵەوە بە تەپ و تۆزی خۆڵەوە هەر کە سەر خۆی کەوتۆتەوە نەیزانیوە لە دۆزەخی ئەو ڕێگەیە جەرگەکەی لێ بەر بۆتەوە خەستەخانە پیرە خدرە و میوانە بەدەم هەناسە و تاسەوە بەدیار چاوی نەناسەوە وتی تازە بۆ چی بژیم؟ بۆ کڵۆڵیم، چارەڕەشیم باخەوانی شەش باخچەنیم؟ کوا کێ وتی لەم وڵاتە بەرهەمی یەکسانی قاتە تەماشا تابلۆی ئەم شارە تەرم و لاشەی بە هەزارە لە هەموو ڕەنگ لە هەموو دەنگ ئەگەر مرۆڤە، گەر ئاژەڵ سەرانسەر تێکەڵن، تێکەڵ گشت لە مردنا یەکسانن یەک بەهان و یەک بایەخن بەبێ ئەوەی پێ بزانن کە چەڕە دووکەڵی ژەهر لە جێی هەوری باراناوی ڕشماڵی مردنی هەڵدا بە سەر شار و دەشت و دەردا وەک ڕەهێڵە لە یەک تاوا مردنی نیو دەقیقەیی پۆل پۆل مرۆڤی کورد باری بە چەند چرکەیەک چی ئەکرێ چی گیاندارە ئەبێ بمرێ بە دیار زەقەی چاوی هەرچی بنکە و دەزگای ئینسان هەیە هەر چی کەوا ئەنجومەن و دەستەی نێو دەوڵەتان هەیە بە بەر چاوی چی ئایین و چی فەلسەفە و ویژدان هەیە چی ئینجیل و قورئان هەیە مەسیحی و موسوڵمان هەیە جاران نالی بۆ «حەبیبە» و بۆ خاک و خۆڵ شیعری ئەوت یان مەولەوی بۆ مەرگی «عەنبەر خاتوون»ی بەخوڕ فرمێسکی شیعری ڕشت خۆ «کەمالی» بۆ ئەحمەد موختاریی شاعیر دڵۆپە ئەشکێ بوو درشت دوێنێ گۆران بۆ «هیوا»ی جگەرگۆشەی و «ساوای بێ دایک» چی نەوت بەڵام شاعیری کورد ئەمڕۆ ئەبێ پرسەی شیعری گەرم نە وەک بۆ تاقە ئینسانێ بۆ گەڵاڕێزانی مرۆڤ مرۆڤی کورد بەم بەهارە بۆ وەرزی خەزانێ دانێ بۆ وەرزی خەزانێ دانێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شارەکەم سەبارەت: ١٩٨٧ ئەی شارەکەم! نازانم تۆ تینووی خوێن و تاسەی منی یان من تامەزرۆی خاکتم؟ بۆیە هەرچەن شەوی ژینم لێ تاریک و شەوەزەنگ بێ شیلەی تەمەنی شیرینم لە خەما، پڕ ژار و ژەنگ بێ خۆشەویستی نێوانمان هیچ نایەوێ، لە تۆ دوور بم هیچ نایەڵێ، وەک باڵدارێ تەریوی ئەو دیو سنوور بم *** ئەی شارەکەم! کە لە شاعیرێکیان پرسی: چۆنە عیشق و خۆشەویستی پاریست کردۆتە خولیا؟ ! چۆنە وا نایگۆڕیتەوە بە هەموو شارانی دنیا؟ ! لەبەر ئەوەی کە زیندووە بزێو و سەر بە گێچەڵ و نەمر بووە *** سلێمانی! منیش لە ئاسۆی ناخەوە بەگوێی تۆدا ئەچرپێنم تا بمێنم خوێنم شاری وەک تۆی ئەوێ دڵم یاری وەک تۆی ئەوێ بلبلی سۆز و کەڵکەڵەم، هەر بەهاری وەک تۆی ئەوێ هەر هەواری وەک تۆی ئەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شەدە لە پاییزی هەشتا و هەشتابەدەم شەپۆلی تاسەوە «سروە»، «شەدە»ی هێنایەوە یەکەم شەو بوو گەشایەوە لەو باخەوە یەکەم شەو بوو کرایەوە بە دیاریی بابە و دایەوە بە چەپکێ مام و خاڵەوە شەدە ڕووی کردە ماڵەوە *** چاوی گێڕاماڵێکی بێ مناڵی دی بێ بزە و گروگاڵی دی کە ژووری دی، کە هۆڵی دی هێلانەی چۆڵ و هۆڵی دی نە بێشکەیە و نە ساوایە دەنگی گریانی لێ نایە *** بەبێ دەنگی هاواری کرد: من نۆبەرەم ئەو نەفەرەم خۆشەویستی و نازم هەیە گریانی من جریوەیە چەن چکۆلەم، هێندە گەورەم مەڕواننە جورم و شێوەم تێکدەری بەرنامەی ئێوەم هەر بە تەنها بۆ من ئەلوێ کە شەو گریام هیچ کەس نەنوێ دە بمناسن بەبێ من بۆ هیچ کوێ ناچن *** تۆش ئەی شەدە بچکۆلەکەبە وێنەی بەچکە چۆلەکە گوڵە تازە گەشۆلەکە بجریوێنە گەش بنوێنە خۆشەویستمان بدوێنە لە بێشکە و جۆلانەی نازا سۆزی ئێمە و خۆت ڕاژێنە ئەمڕۆ سبەی گڕوگاڵ کە هێلانەکەت زۆرتر قاڵ کە گفە و بڤە و زەردەخەنە بەسەرمانا بکەن شنە هەرچی ماڵێ بێ منداڵە با شیرینیش بێ هەر تاڵە بەخێر هاتی سەرچاومان سۆزەی جەرگ و هەناومان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ عەزیز نەسین سەبارەت: پێشکەشە بە د. «کەمال مەزهەر»ی مێژوونووس و دۆستی دێرین کە ئیلهامی ئەم شیعرەی پێ بەخشیم ١عەزیز نەسین! ئەی مامۆستای بەهرەی نووسین بە دەست و قەڵەمی ڕەنگین بە چیرۆک و بە ڕۆمانی بەپێز و پیرۆز و سەنگین بە تەوس و تەشەر و تانە و پلار و بزماری ژەنگین دڵ و قەڵای زۆردارانت خستۆتە سەر لەرە و لەرزین هەژارانیش هەوێنی تۆن بۆ بەرهەم و بەهرە و بەخشین ٢ عەزیز نەسین! ئەی مرۆڤە کەم وێنەکەی ڕووی سەرزەمین ئەگەرچی جێی بەراورد و پرس نییە لێم مەگرە گەر بێت و بڵێم بۆمان هەیە کە بپرسین عەزیز نەسین! تۆش ئەژیت و پارەدارە - چاوچنۆکەکانیش ئەژین ٣ عەزیز نەسین! ئەی ئازیزی تورکی نزیک و دراوسێ ئێمەی کوردیش لە خەرمانی بەرهەمتەوە لە هەڵوێستی سەرجەمتەوە لە پرشنگی سەردەمتەوە وەکووو گەلانی سەرزەمین لەمێژەوە، عەزیز نەسین ئێمەی کوردیش تۆ ئەناسین نەک هەر ناسین بەڵکوو تۆ و ئەوانەی وەک تۆن لە ناخمانا لە قەڵەم و زمانمانا بۆ پێ نازین مایەی سەربەرزی و شانازین ٤ عەزیز نەسین! وەکوو ئێمە تۆ ئەناسین تۆش دەمێکە کورد ئەناسی بێ وەفا نین خاوەن مافی ناڕەوا نین بەش خوراون هەر خوراون تۆش بۆیە واها تیتە دەنگ تا گورگەکان بکەی بە پەنگ ٥ عەزیز نەسین! لەم شارەوە لەم نەورۆز و بەهارەوە لەجیاتی چەپکە نێرگسێ بۆ تۆی نزیک و دراوسێ لە کوردی وەفادارەوە وەک شاعیرێ وشەی هەستم بۆ تۆ چنی چونکە خۆشەویستی منی ئەم شیعرەم بۆ بەڕێ کردی لەبەر ئەوەی خەمخۆرێکی گەورەی کوردی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چاوە گەشەکانی دێرین برای من و باوکی دێرین! چاک ئەزانم لەو ڕۆژەوە کە گلاوی کە گردە نشین کراوی کە کەوتویتە بەر شەپۆلی تیژی ژیان لە قەڵبەزەی پێکەنینەوە بۆ گریان ئاگام لێیە دڵت تەنگە خەم وەک شارە زەردەواڵە لەناخی تۆ ورووژاوە ویزە ویز و ژاوە ژاوە ڕۆژی ڕووناک شەوە زەنگە ژیانێکی تفت و تاڵە بەڵام... بەڵام کاکی برام! چاوم لێیە ورەی تۆی بەسەردا زاڵە هەر کە سیمات ئەخوێنمەوە چەشنە زاتێ ئەبینمەوە ئەڵێ: دەرفەتی ژینەکەم تەمەنە زۆر شیرینەکەم با کەمیش بێ با خەمیش بێ پشت بە بیرم، بە هیواکەم ئەو بەفر بێ، من چیاکەم ئەڵێ: هەوێنی ئەم ژینە ورە و کێشە و نەبەزینە دڕکی یەئس و نائومێدی پێشێل ئەکەم ئەبێ بژیم، ئەبێ بژیم بۆ وەفای وەفا شیرینم بۆ چاوی گەشی دێرینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چی نابێ نازدارەکەمگەر نەختێ گوێ ڕاگری لێم پێی لێ ئەنێم خۆم خۆش ئەوێ هەرگیزاوهەرگیز نامەوێ مۆمی داگیرساوی ژینم بتوێتەوە هیچ حەز ناکەم پشکۆی خۆزگە و خەو بینینم بکوژێتەوە خواپەرست بم، لە خوا زیاتر خۆم خۆش ئەوێ ئەگەر دنیا پەرستیش بم زۆر زۆر لەم دنیایە زیاتر خۆم خۆش ئەوێ ئەزانی بۆ نازدارەکەم ئەوەندە من خۆم خۆش ئەوێ لەبەر تۆیە، تۆم خۆش ئەوێ: پەیکەری خۆشەویستی بم بۆ چی نابێ تا ئەم دنیایە دنیا بێ هەر بمێنم هەر بمێنم هەر بمێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ژێوار کە ژێوار بوو، کۆتایی وەرزی بەهار بوو وەکوو بەچکە چۆلەکەیەک بە جووکە و گڕوگاڵەوە بە شنەی بای شەماڵەوە وێڵی باخچەی سەرچنار بوو *** وەک ماسییە بچکۆلەیەکلەم گۆلەوە، لەو گۆلەوە بەدەم هاژە و شەپۆلەوە فێرە مەلەی ناو ڕووبار بوو *** کە ژێوار بوولە باخچەکەی پیت و فەڕا «نۆبەرەی شیرینی دار» بوو لە نەوبەهاری تاسەدا گوڵێکی سەرلق دیار بوو لە هێلانەی گەرمیی نازا کۆرپەلەیێکی نازدار بوو *** کە ژێوار بووتەنیایی پێ ڕەوایەوە هێلانەی پێ کرایەوە زۆر کانیاوی وشک و تینووی هەناوی پێ ژیایەوە چەن دڵ و چاوی شەکەتی بە بزە پێ حەسایەوە منیش، وەک باخەوانەکان هەست و نەستم بەو نەمامە چاوە ڕوونی بۆ مایەوە باخچەی سۆزی خۆشەویستیم بەهەشتی مناڵ پەرستیم وەکوو نێرگس، وەکوو ناز ناز پەڵە پەڵە گەشایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیگریەنە و خەمتی بەرێ ١کە خەم ببێتە هەوێنی مەیاندنی شیعرێکی من لەناخەوە ئاوێنەیەک دروست ئەبێ وێنەی خۆم و ئەو کەسانەی تیا ئەبینم کە وەک منن ٢ زوو شاعیرێ هاواری کرد: باخچەی سەوزی ئەم ژیانە ئەم تەمەنە هەناسەکەی هێجگار کورتە بەشی خۆشەویستی ناکا من تێ ناگەم، چۆن مرۆڤ بەختی ڕق و کینەی ئەکەن منیش ئەڵێم: بەشی خۆشی و شادی ناکا چۆنە بە گڕەی پەژارە بە بڵێسەی خەم و خەفەت لە جێی بزە و گەشانەوە ئەیژاکێنن، ئەیسوتێنن؟ ! ٣ لە باخێکا، خونچەیەک لەبەر خۆیەوە گوێم لێ بوو بە چرپە وتی: نە زیاتریش دڵم تەنگە ئەگەرچی کورتە تەمەنم ناشادم و پێ ناکەنم کە چی کە شنەی شەماڵی سەرلەبەیانی هەڵی کرد گرێی دڵی کرایەوە بە بزەوە گەشایەوە بوو بە گوڵ و هەر پێکەنی... هەرپێکەنی هەتاکوو سەری نایەوە ٤ تۆش ئەی مرۆڤ! ئەی مرۆڤە ساکارەکە ئەگەر ڕەشەبا هەڵی کرد با گێژەڵووکەشی پێ بێ چاو لێک مەنێ بیکەرەوە، بیکەرەوە با کوێر نەبێ ئەگەر خەمێ، گەر گریانێ یەخەی گرتی لە چەقی ڕێ بیگریەنە و خەمتی بەرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەی جەنگاوەرێکی نەناسراو هاتووم، هاتووملەو ڕۆژەوە لە دایک بووم هەست ناکەم شەکەت و ماندوم مرۆڤێکم کتێبی تەمەن درێژیم، بێ پێشەکی و سەرەتایە لەو شەوەوە کە کۆمەڵ لەسەر دنیایە تارمایی منی هەر تیایە، دەریایەکم شەپۆلم، کەنارم، ناخم بێ سنوورە و لەبن نایە درەختێکم گەشە و ڕەونەقی سەوزاییم کەی لە پێوانەی وەرزایە؟ ! نەک هەر دیوی بەرچاو کەوتووم سەوزی و بەرزی لە هەورایە تەنانەت ڕەگ و ڕیشەشم هەر لق و پۆپ و گەڵایە لە گەرمەی گەڵاڕێزانا، گۆپکە و چرۆم لە جۆشایە ڕێبوارێکم بەسەر هەورازی تووترکا هەڵئەگەڕێم بەڕێی کاکێشانی دڕکا هەنگاو ئەنێم بە ڕێگادا گۆماوی خوێن بەجێ دێڵم لە دنیادا بەشوێن مەبەستێکا وێڵم چەندان خاوەنی تاتەشۆر بەرۆکیان ئەگرتم بە زۆر گۆڕ هەڵکەنانی زەبر و زەنگ لێیان هێنامە ژار و ژەنگ نە خاوەن گۆڕ، نە تاتەشۆر توانییان من بنێنە گۆڕ هاتووم، هاتووم لەو ڕۆژەوە، لە دایک بووم ڕووبارێکم ڕاناوەستم ڕاپێچ ئەکەم بەرهەڵستم کاروانێکم چەتە و جەردەهای جۆر بە جۆر ڕێیان پێ ئەگرتم بە زۆر گوللەیان، وەک لێزمەی باران بەسەر منا دائەباران لە سەد لاوە زامار ئەبووم لە دەریای خوێنا دیار ئەبووم سەر و جەرگ و دڵ و سەرسنگ سەرانسەر ئەبوو بە بێژنگ کە چی نەک هەر نەئەمردم بەڵکوو بەناو دۆزەخی گوللەدا ڕائەبووردم کە ئەیاندیم ڕاناوەستم جا ناتۆرەی جنۆکەیان شوێن ئەخستم جار جار ئەیان کردم بە دێو وەک شێت و هار یان دڕندەی پەروەردەی کێو منیان زیندە بەچاڵ ئەکرد لە ئاگرا منیان بە «کۆی زوخاڵ» ئەکرد بەو هەموو خاک و خۆڵەوە چاڵم ئەگرت بە کۆڵەوە وەک سەمەندەر لە پشکۆ هێلانەم ئەکرد لە مردنا ژیانی خۆم بەسەر ئەبرد بەو هەوێنی بڕوامەوە بە خۆم و بە هیوامەوە هەر نەمردم، هەر مامەوە نەتوامەوە تا موعجیزەی بوونم سەپاند ڕەنگ و ڕیشەی درەختەکەم تابلۆی ژیانە سەختەکەم بەدوا سەدەی بیستەم گەیاند جا هەنگاوی بوون و خەبات بە خوێنی ناو ڕەگی پشکۆ نەبێ، بە چی تر بەر ئەدات؟ ! ئەگەر بەرەو ئەگەر سێبەر ئەبێ ئەمڕۆ کە بێتە بەر ئەبێ گرمە و ناڵەی هەوری - بەهاری تێکۆشانەکەم لە سەرانسەری دنیادا دەنگێکی ئەوتۆ باتەوە بە چەخماخەی هەڵسانەکەم بوومەلەرزە بخاتەوە کورد بە بۆنی گوڵی مەبەست چاوی ئۆخەی ڕوون کاتەوە بە خوێنی جوانەمەرگەکان پەڵەی دیلی بشواتەوە گرەو لە ڕۆژگاری ڕەش بباتەوە، بباتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەیەک بۆ هەژاری سەبارەت: شیعری پاپلیۆ نیرۆدایە ئەی هەژاریلەو کاتەوە لە دایک بووم بەدوامەوەی لە کلۆری درەختەوە زستانی سارد و سەختەوە چاوی زەقت تێ بڕیوم لە کەلەبەر و کونەوە هەموو شەوێ تەق تەقی کلیل و کڵۆم ناوەکەی تۆ ئەهێنێ بۆم لەگەڵ نیشان و ڕەگەزتا دیمەنی خوێدانی شکاو جلوبەرگی کۆن و دڕاو شڕیی پێڵاو سڵ کردنی پێ بەخشیووم هەر لە پارێزی منا بووی بە کەڵبە تێر نەخۆرەکەت بە چاوانی برسیتەوە دەمی خۆڵەمێشیتەوە جل ئەدڕێنی دار ئەشکێنی ئێسقان و خوێن ئەپروێنی لێرە و لەوێ بەدوامەوە وەکوو سێبەر لە کۆڵان و شەقامەوە لەو کاتەوە لە دایک بووم لە ژوورە بچکۆلەکەمدا لە گوزەردا تۆم ئەدی چیچکەت کردووە چاوەڕێم بووی کە پەردەی تەختەی نووستووم لە ئوتێلێکدا لا ئەدا لە ڕۆژانی گەنجێتیما لەجێی بۆن و بەرامبەری گوڵ فیشکەی دەمی سڕت بووە ئەی هەژاری! شوێنم کەوتی لە سەکەنە و خەستەخانە لە سەردەمی ئاشتی و شەڕا هەر کە من نەخۆش ئەکەوتم تەق تەق لە دەرگایان ئەدام بەڵام ئەوەی ئەهاتە لام پزیشکی دەردەکەم نەبوو بەڵکوو تۆ بووی ئەی هەژاری کە ئەهاتیتەوە بۆ لام شتەکانت فڕێ ئەدام بۆ چەقی ڕێگاوبانەکان کە پیاوەکان پێیان ئەکرد بەردە باران تۆشم ئەدی چەن دەستوبرد بەو پەڕی ڕق و قینەوە لە شتی فەرامۆش کراو لە چەقی ڕێ و بەربارانا تەختێکی ڕزیوت ئەکرد سەرپەرشتیت ئەکرد ورد ورد سەرپەشتی هەژارەکان ئەمدی کەچۆن دەفری دوایی ئەکەی بە تاجی پاشایی ئێستاش ئەمە تا منم من ئەی هەژاری! کە پیشەمە شوێن تۆ کەوتن تۆ دڵڕەق بووی بۆیە منیش وا دڵڕەقم ئەمبینی گۆرانی ئەڵێم لەگەڵ هەموو هەژارێکا تۆ گۆرانیی من ئەبیسی لەژێر پەردەی گشت تەختێکا لە خەستەخانەی ستەما گۆرانییەکەی من ئەبیسی ئەی هەژاری! تاکوو مابم هیچ دەس بەرداری تۆ نابم لە چوار لاوە ڕاوت ئەکەم ئابڵووقەی مردنت ئەدەم ئەتکەم بە نیشانی تیرم ئەتکەم بە دیل و یەخسیرم نینۆکەکانت ئەشکێنم کەڵبەت یەک یەک دەرئەهێنم لەناو دەریای ڕاوکارانا لە گشت شوێنێ لە قوڵایی کانەکانا لە هەرجێیە پیاوی لێیە کەوا ئارەقی ڕەش و شین لەناو چاوان ئەسڕنەوە شیعری منەو ئەیڵێنەوە دەستی سپی و دیارین ئێمە هەموو ڕۆژێ لەگەڵ کرێکاری چنین نان ئەبەخشین بەگشت نانەواخانەکان ئەی هەژاری! تۆ لە کوێ بی گۆرانیم بەرز ئەبێتەوە ژیانی من ئەژێتەوە خوێنەکەم بە قوڵپی خەبات ئاڵای زەردی تۆ لا ئەبات شاعیری کۆنی ڕابردوو تۆی زۆر بەلاوە پیرۆز بوو نەمر بووی، تۆی لەلا، چاک بوو دووکەڵی لەلا خۆراک بوو تاکوو سەردەمیان بەسەر چوو بەڵام وا من بە ئاگری شیعر و وتن تەخت و بەختت ئەسوتێنم لە پاپۆڕێکت ئەخزێنم من و ئەوانەی وەک منن زۆر داخ لە دڵ و دوژمنن بە دەردێکی ئەوتۆت ئەبەین وەها شار بەدەرت ئەکەین لەم ئەرزە جێت نەبێتەوە فڕێت ئەدەینە مانگەوە تا لەوێوە وەک بەندییەکی سارد و سڕ سەرنج دەی بە چاوێکەوە بۆ ئەو نان و هێشوانەی دنیای سبەی ئەگرنەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاسەی نامەیەک سەبارەت: ١٩٩٠ ئارۆ! ئارۆ! هەرکە نامە بەسۆزەکەت وەکوو کۆترێکی ماڵی بەسەر دەشت و دەر و کێوا بەسەر هەوراز و نشێوا فڕی و دای لە شەققەی باڵی ڕێگایەکی دووری پێوا بە گیانی وەک فریشتەوە هەر هات و هات بە گمەگم لای هێلانەکە نیشتەوە ئێمەی تینوو بۆ هەواڵێ وەک خاک و خۆڵی شارەزوور لەبەر قرچە قرچی خۆرا بۆ گەواڵە هەورێکی دوور بۆ شنەیە، بۆ شەماڵێ بۆ بارانێ بۆ گەشەی جاری جارانێ بزەی لێوی بەهارانێ ئارۆ! ئارۆ! بۆ ئێمە، ئێمەی تامەزرۆ نامەکەت ئەو بارانە بوو گەشەی جاری جارانە بوو بزەی ئەو بەهارانە بوو *** لێم ئەپرسیبێ دەنگیی تۆ ئەم ترسێنێ بۆم ئەنووسی گێژەڵووکەی سەختی دووری ئەم هەژێنێ لە بێ دەنگیم هیچ مەترسە سەرسەختی من ڕۆژی ماوە خۆت ئەمناسی گەرچی پیری تێم ئاڵاوە وزەم گەرمە، ورەم لاوە تۆش ئارۆ گیان! وەکوو کاکەی ئاوارەمان لە ئاسۆگەی ئارامەوە گێژەڵووکە ڕابماڵە ئەو گەوهەرەی من ئەیناسم گەرچی بۆ دەریای غەریبی بێ ئەزموون و کرچ و کاڵە وەک ساڵ، وەک تەمەن مناڵە پێوانەی تەمەن ژیری بێ - بەسەر دڕک و داڵی خەمی - دووری و دابڕانا زاڵە وەکوو کاکۆ وەک هەزاران جگەرگۆشەی وڵاتی بەفر و نێگس و نەورۆزی پڕ لە گوڵاڵە ئارۆ! ئارۆ! هاکا زانیت لە تاوانا لەگەڵ گڕی جگەرمانا ئێمەش دامان لە شەققەی باڵ بەرەو دنیای خەون و خەیاڵ بەرەو هێلانەکەی «سانا» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ ئەو تۆیەی کە بێ دەنگم، وا نەزانی ڕۆژانی زوو ژیلەمۆ بووم نەپشکۆ بووم هێدی، هێدی، سارد بوومەوە و ئێستە مشتێ، خۆڵەمێشی سارد و سڕم *** کە بێ دەنگمواتێ نەگەی، سۆزی جاران وەکوو بەچکە چۆلەکەیەک لەبەر تۆف و کڕێوەدا زمانی لە گۆ کەوتوە و کەسیرەیە و، جریوەی لە بیر چۆتەوە *** کە بێ دەنگموای بۆ نەچی، هەستی گەرمم لەبەر گێژەڵووکەی ئازار پلە پووشێکی پایزە و بەدەم ڕەشەبای تووڕەوە بێ ئارام و بێ ئۆقرەیە و جێ چییە بە خۆی ناگرێ *** کە بێ دەنگمگومان نەکەی درەختی یاد و مەیلی تۆ گەڵاکانی هەڵوەریبێ و جارێکی تر چرۆ لە ئامێزی نەگرێ و ئیتر سەوز نەبێتەوە *** کە بێ دەنگمدڵنیا بە بێ دەنگی من دەنگە، دەنگە ئەزانێ بۆ؟ ! چونکە سۆز و چونکە هەستی ڕاستەقینەم پشکۆیەکە هەرگیز بە ژیلەمۆ نابێ خۆشەویستیم، باڵدارێکە بە هیچ هێزێ کەسیرە و دەستەمۆ نابێ یاد و بیرەوەریم بۆ تۆ درەختێکە هەمیشە هەر گەش و سەوزە و بێ نەمام و بەبێ گۆپکە و بەبێ بزەی چرۆ نابێ تۆ ئەو تۆیەی ئەو گەوهەرەی وەختە بڵێم... هیچ گەوهەرێ بە تۆ نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەزانی بۆ من وەک تۆ نیمپەرت و پەرێشانم، کۆ نیم: دانیشتووم و کە چی دەڕۆم مرۆڤێکی چەن سەرەڕۆم دەرۆم و کە چی وەستاوم ڕێبوارێکی بێ هەنگاوم بە هەورازا بە نشێوا هەڵدەگەڕێم دادەگەڕێم بەڕێی خەیاڵا خۆش ڕەوتم کڵپە و گڕێکی نەسرەوتم بەربوومەتە گیانی بزێو گیانی بێ ئۆقرە و ئارامم گیانی تامەزرۆ و ناکامم درەختێکم هەرچی لق و پەل و ڕەگ و گەڵام هەیە جیابوونەوە و بەدەم ڕەشەبای سەختەوە بەدەم وەیشوومە و شەختەوە دێن و دەچن لەبەر چاوم بە گێژەڵووکەی هەناوم من دیوانی شاعیرێکم کە شیرازەی هەموو واتاو بەیت و پارچە شیعرێکی ناو ئەو دیوانە هەڵوەشابێ کێش و قافیەی نەمابێ دەنگ و ڕەنگ و ورشە و پرشنگی چی هەیە لە تەما بێ وەک دڵۆپە فرمێسکی چاوی داماو وشە وشە هەڵوەریبێ ئاوارە بن وەک غەریبێ شاعیرێکم چی وشە و دەربڕین هەیە هەرچی وێنەی شیرین هەیە هەرچی هەست و نەستم هەیە ئەندێشەی هەڵبەستم هەیە هەرچی بەهرەی پاراو هەیە گوڵی شیعری گەشاو هەیە لێم یاخین و لێم ڕەنجاون بە گڕەی پەریتم ژاکاون دەزانی بۆ من وەک تۆ نیم، پەرت و پەرێشانم کۆ نیم؟ : «خەبەر بەرە بۆ خزمانم» «ئاگر بەربۆتە خەرمانم» ناخی خەمم هێندە قووڵە بوومە لەرزەی هیچ خۆشیەک - ئەم دنیایە بهەژێنێ - دەریاکەم ناخاتە جووڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: رازێک و نیازێک شیرینەکەم! ئەی ئارامەکەی گیانەکەم ئەی ژینەکەم! ئەی سەرمایەی ژیانەکەم لەو ڕۆژەوە دوورم لە تۆ زمانێکم کەوتووم لە گۆ نە لەوەتەی لێت بڕاوم بەوێنەی ئەو کەسەی بێنێ هەر دوو چاوی خۆی دەربێنێ لە تاریکیی ژانا ماوم ئەی ژین! ژیانی من و تۆ ئەمیان ئەگەر تانە ئەو پۆ لەژێر درەختی چەن ساڵە ماڵی من و تۆ یەک ماڵە شەو بوە تاکو بەیانی گیان کردوویە پاسەوانی بزەی سەر لێوی هەفتانە بژیوێ بوو بۆ ئەم گیانە سروەی شەماڵی پشکووتن بەهاری ئەبەخشی بە من بێ سێبەری تۆ بزانە بلبلێکم بێ هێلانە بێ خۆراک و دانەوێڵە ئاسۆی هەڵفڕینم لێڵە مەودام وێڵە بەڵام ئاخۆ هەروا ئەمێنین من و تۆ هەروا دوورە پەرێز و دوور منی بلبل، تۆی گوڵی سوور ئەی ئەو گوڵەی خۆم ئەزانم چۆن شەتڵێ بووی، کە ڕوانم بۆ چ نیازو مەبەستێ بەچ سۆزێ، بە چ هەستێ بۆ ئەوەی تا وەچەم مابێ ژیانی لە پێناوا بێ لەڕێی تۆدا خۆی بەخت کا سەختیی ڕێگای تۆ تەخت کا تاکوو بە هیچ گەردەلوولێ ڕەگ و ڕیشەی تۆ نەجووڵێ گەر بێ و پەڕەت هەڵوەرێنێ بۆن و تۆوت هەر بمێنێ تۆو لەنوێ شین ببێتەوە شەپۆلی بۆنت بێتەوە ئەوسا بێ شک: گوڵ و بلبل وەک دڵدار دەست ئەنێنەوە مل بە یەکتری شاد ئەبنەوە وەک دوو دیل ئازاد ئەبنەوە ئەی ژینەکەم! ئەی ئارامەکەی گیانەکەم شیرینەکەم ئەی سەرمایەی ژیانەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سروودی نەورۆز جەژنەکەم، جەژنی نەورۆزەلای کورد جەژنێکی پیرۆزە پیرۆزە وەک گڕی خەبات مزگێنی ڕووناکی ئەبات نەورۆز کە ڕۆژی نوێی ناوە یادگارێکە بۆ کاوە نۆبەرەی ساڵە لەم خاکە ئەڕۆی گوڵ باخی ئاڵە خونچەی ئەپشکوێ بەستەڵەکی ستەم و زۆر توایەوە بە تیشکی خۆر بە تیشکی خۆری ئاگرین گڕی شۆڕش و ڕاپەڕین دڵی سەهۆڵی ئەژدەهاک تێکەڵ کرا بە خۆڵ و خاک لافاوی شۆڕش دڕک و داڵی برد بە هەوری هێرش نەورۆز گوڵی کرد کڕێوەی زستانی ستەم یان وەیشومە و تۆفی سەردەم سەهۆڵ بەندانی شاخ و داخ هەناسەی ساردی ئاخ و داخ نەما بە مەشخەڵی نەورۆز جەژنی کوردی کاوەی دڵسۆز تا ئاگر ماوە نەورۆز ئەمێنێ گوڵی گەشاوە نەمری دێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ تەڵ سەرنج ١ئەستێرەیەک لە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی خۆشەویستیەک گوێم لێ بوو سکاڵای ئەکرد جار جارە بە مانگی ئەوت: بۆچ وەک ئەستێرەکانی تر تریفەی زۆرم نادەیتێ و تێری گەشەی خۆتم ناکەی مانگیش ئەیوت: پێش ئەوەی لەدایک ببن لەناخی دڵسۆزی من و خۆشەویستی بێ سنوورا چەن مرواری و گەوهەرێ بوون یەک لەدوای یەک هەر وەکوو یەک ڕووناکیی سۆزم پێدان و خەڵاتی ئاسمانم کردن تاگەش بن و بجریوێنن ٢ لە خەوما باخەوانێ بووم باخێکی بچکۆلەم هەبوو یەکێ لەشەتڵە کۆرپەکان ویستی بەجێمان بهێڵێ ڕووی تێ کردم: - تۆ ئەڵێی چی؟ گەر ئەزانی هەواری نوێ سەوزی و بەرزی و گەشەی پێیە مەیلی خۆتە، وابەجێیە ئەویش کەلێکی دایەوە زانی هەڵەت و ڕەقەنە لە باخەکەی خۆی مایەوە ٣ ڕۆژێ لە کەناری چەمێ گوێم لە شەپۆلێکی ورد بوو بە خوڕەی ئاوەکەی ئەوت: ناتوانی وەکوو من مەنگ بی وا بێ دەنگ بی خوڕەش وتی: ئەگەر وابم شایستەی ناوەکەم نابم ئەگەر خەو بچێتە چاوم ونی ئەکەم دەنگ و ناوم شەپۆل وتی: نەخێر کە ئەگەینە دەریا کە لەوێ کۆ ئەبینەوە گەورە ئەبین هەرچی هێمنیی دنیایە ئاوێتەی ناخی دەریایە هەرچی جوانی و پیرۆزییە لەوەدایە بەو مەزنی و تەوژمەوە هاژەی نایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرلەنوێ سەرلەنوێ دزو ڕێ گرو چەتەخۆیان بۆسەدا بۆ ئەم میللەتە دەست پڕ لەئاگر لە بارووت لە خوێن دڵ پڕ لە داخ و دەم لە بۆڵە و جوێن سەرلەنوێ گورگی ناو ئیمپریالیست هەڵمەتی هێنا هەلی کەوتە دەست گورگی بریندار لەتاوی ئازار وەکو شێت و هار کەوتە پەلامار سەرلەنوێ پەپووی کۆنەپەرستی شەوارە کەوتووی تیشکی سەربەستی بۆ تۆڵە سەندن کەوتە قڕاندن: بۆ ئێمە ژین و بۆ ئێوە مردن لەنوێ چەقەڵی لەڕ و چاو برسی لە گۆشتی شێری گەورەی ئەپرسی کەوتە لوورەلوور بڕی ڕێگای دوور هاتە سەر سنوور قەپۆز بکا سوور بەڵام ئەو گەلەی بەر شەست تیر درا دلی نەوەستا لەناو ئاگرا، ئەوخوێنە ئاڵەی ڕژایە سەر عەرد نووسی: سەرکەوتن بۆ گەلی نەبەرد بۆ ئەم وڵاتە زۆر گیان خەڵاتە ژیان پیرۆزی ڕێگای خەباتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیر بۆیە شیعر ئەڵێ کە وشکە خەم ئەتوێتەوە وئەبێ بە فرمێسکێکی گەش ئەڵێن باری لەش سووک ئەبێ ئەی ئەوانەی خەمیان زۆرە و لەناوەوە خۆیان، خۆیان ئەخۆنەوە چاویان فرمێسک ناناسێ ئاخۆ قوڕقوشمی سەر دڵیان چەن گران بێ؟ ! بەو هەموو خەمە سەوزەوە ئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ ئەبێ هەور لە وەرزی شەستەبارانا دا نەکات و بەهاریش وەجاخی کوێر بێ و گوڵی پێ نەگەشێتەوە بەو هەموو خەمە چڕەوە ئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ ئەبێ چاو بۆ بینین و گوێ بۆ بیستن و دڵ بۆ لێدان و بۆ ژیان نەبێ *** بەو هەموو خەم و ژانەوەئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ ئەبێ دایک نەزۆک بێت و مناڵیش بێ هەناسە بێ و لێوی ساواش بزە هەر نەزانێ چییە *** شاعیر بۆیە شیعر ئەڵێ: وشکە خەمی بتوێتەوە و ببێ بە فرمێسکی شیعر ببێ بە بارانی شیعر گوڵ و بەهارانی شیعر ببێ بە چاو بە گوێ بە دڵ بۆ بینین و بۆ بیستن و بۆ چرکەو لێدانی شیعر *** شاعیر مناڵیشی نەبێبە شیعر وەجاخی ڕوونە چاوی کۆرپە و لێوی ساوای گەر بشگری هەر بزەیە و زەردەخەنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعریش ئەگری سەبارەت: پێشکەشە بە کاک «حەسیب قەرەداغی» شاعیر بەبۆنەی جوانەمەرگ بوونی دوو کچی گەورەیەوە لە ماوەی ساڵێکدا ١ئەی شاعیری فەرهەنگی خەم نازانم لە بیر چۆتەوە؟ کەوا چەن ساڵێ لەمەوبەر لە باخچەکەی نووسەرانا، دەمە دەمی ئێوارەیەک ساوایەکی شیعری خۆتت لە کۆشا بوو کە تازە لە دایک بووبوو هێشتا ناوت لێ نەنابوو شیعرێ بوو کە هەر دوو چاوی فرمێسکی تیا قەتیس مابوو ڕووی دەمی تکات کردە من ناوێک لەو ساوایە بنێم منیش بەدەم سەرنجەوە وشە بە وشەیم مژی وەک گوڵەباخێکی تازە بە گلێنەی چاو بۆنم کرد چرپانم بەگوێی تاسەتا ئەو فەرهەنگی خەمە چاکە کە هەوێنی ئەم شیعرەتە کەخوێنی ئەم ساوایەتە تۆش دەس بەجێ وەکوو مەسەلی «هەنگ و دار» ناوت لێ نا فەرهەنگی خەم ٢ ئەوە ئەوسا بەڵام دوایی لەبەر دڵی هەر هۆیە بوو ئاشکرا بێ، یانهێنی وەک شاعیرێ زوو بزانێ لەبەر ناسۆریی زامەکان هەر نەتوانێ لەدواییا شیعر بڵێ یان کەووتی: شیعر ئەبێ بۆ خەم دانێ بۆیە چەپکە گوڵی شیعری یەکەم باخچەی گەشاوەتان وەکوو شیعرە ساوەکەتان سەرجەم ناونا فەرهەنگی خەم ٣ ئەی شاعیری فەرهەنگی خەم لە کۆچی بێ گەڕانەوەی «کەژاڵ»ی جوانەمەرگتا لەسەر زمانی ئەوەوە پار پێم وتی: لەژێر ڕەشماڵی سەیوانی ماتەمەوە بەدەم هەنیسکی خوێنەوە کەژاڵ وتی: بابەگیان! مەگری مەینەتی زۆرە دێن و بەرۆکمان ئەگرن بە نۆرە پێش مرۆڤ دەریا خەیاڵێ خاوبوو چی هەیە هەمووی وشک وبێ ئاو بوو فرمێسکی مرۆڤ پڕی کردەوە بەدەم زووخاوی داخ و دەردەوە کۆستەکەی منیش دڵۆپێکە لەو بووم بە خەیاڵ و بە یاد و بە خەو ئێوەم بەجێ هێشت بۆ کسپەو ماتەم منی «کەژاڵ»یش بۆ فەرهەنگی خەم ٤ ئێستەش کە وا لەپاش ساڵێ لە کەژاوەی پاییزێکی تەماوییا خەماوییا تەرمی «بەهار» بەڕێ ئەکەن بۆ لای «کەژاڵ» هەتاکوو پێی بڵێ: خوشکێ! برینی کۆستی هەردووکمان زۆر تازەیەو تەماشا خوێنی لێ ئەتکێ کە من هاتم هەوری خەمی کۆچەکەی تۆ بەخوڕ فرمێسکی ئەباران کە من هاتم هەنیسک ئەیوت: لەبەر دوو جوانەمەرگەکە جارێ گەروو جێ نایەڵم لەبەر گریان کە من هاتم فەرهەنگی خەمەکەی بابە هەرگەورە و گەورەتر ئەبوو نەک هەر «کەژاڵ» وا «بەهار»یشی گرتەخۆ کە من هاتم گوێم لەناڵە و شیوەنێ بوو هەر ئەیوت و ئەیوتەوە «هەر کۆچ کۆچت بوو، کۆچ نەبڕایەوە کۆچ بوو بە ئاگر نەکوژایەوە» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لایلایە سەبارەت: سەعیدی شەمسی ئەنساری، لە فارسیەوە بۆ شیعری کوردی ئەی کۆرپەلە نازدارەکەم! بە ئاسوودەیی بخەوە بە گوێی فریشتەما چرپان لە بێشکەکەت دوور کەونەوە تا بە بەستەی نەرم و نیان تۆ هیچ بێدار نەکەنەوە ئەو دەمەی چاوت لێک ناوە بە پەپوولەکانی باخچەم وت: گوڵاو گوڵ نەکەن لەم ناوە چونکە ئەوەندە ناسکی بە باڵەفڕەی پەپوولەش چاوەکانت هەڵێناوە منیش گۆرانی هێمنی لایە لایە نەرم نەرم ئەڵێمەوە دڵۆپ دڵۆپ شیری گیانم ئەرێژمە ناو ئەو دەمەوە تا لەژێر ڕەشماڵی شەوا لەرە و ترپەی هەناسەی کورت شنەی بڕژێتە گوێمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێک دابڕان کە ڕۆیشتن، وا نەزاننکەمتەرخەمیم، ڕێی لێ تەنیم وەک ڕۆژان و شەوانی زوو هیچ نەخەوم، پێشتان کەوم بە هەورازی کوێستانی هات و نەهاتا هیچ نەسرەوم، هەر سەرکەوم کۆڵی خەم و ئەندێشەتان یان توێشەبەرەی کێشەتان هەرچی هەیە و هەرچی ئەبێ لێ وەرگرم، بۆ هەڵگرم *** کە ڕۆیشتن، وەک دوو کۆترکە داتان لە شەققەی باڵتان بەرەو هەوارگەی خەیاڵتان بۆ سێبەری دارێکی دوور دوورتر لە پێوانەی سنوور هەرچیم هەیە، هەرچی سۆز و هەرچی هەست و هەرچی خۆشەویستیم هەیە چی مایەی سەربەرزیم هەیە گلێنەی دووچاوم هەیە گەرمایی هەناوم هەیە گزنگ و هەتاوم هەیە هەمووی وەکوو چەپکە گوڵی چەپکە دڵێ لە وەختی بەڕێ کردنا، کز وەستابوون لەگەڵ منا *** کە ڕۆیشتن، وەک شەپۆلێلە دەریای ئەم ژیانەدا گێژاوی ئەم جیهانەدا بۆشاییەک لرفەی ئەهات لە قوڵایی ئەم گیانەدا من و ئەوانەی وەک منن لە خەمی دوورییا ونن ئەم دابڕان و جیاییە نوخشەی وەرزی کۆتاییە *** کە ڕۆیشتن، بەهرەی شیعرلەبەرچاوم لێڵ و پێڵ بوو وەکوو جاران هونەر و پەیامی نەما دڵی شاعیر، وەکوو ساڵان سەبووری و ئارامی نەما گەش بینم و بەبێ ئێوەش وەختە بڵێم، وەکوو ڕۆژان ئەم ژیانە تامی نەما کامی نەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ئەلبوومی هەڵبەستێکدا: شەش وێنە یەکەم وێنە: بەداخەوە خەڵکی بۆیە کۆ بوونەوە تاکوو تەرمی ساڵی ئافرەت بۆ سەیوانی کەمتەرخەمی و گۆڕستانی بیر چوونەوە بەڕێ بکەن چۆن تێ ئەگەن؟ مافی خۆیانە تێی بگەن بەڵام دەنگێ لە ناخەوە شەپۆل ئەدا لە پەردەی گوێم ئەڵێ: کلیلی گەنجینەی هەموو ساڵێ بە دەست پیاوە بۆ ڕوواڵەت لە ساڵانی چەرخەکانا تاقە ساڵێکی ناو ناوە ساڵی ئافرەت دووەم وێنە: ئەگەر هاتوو لە ناو باخچەی چڕی ژینا لە بەر شنەی پێکەنینا لە ژێر سایە درەختێکا لە وەختێکا گوڵی پشکووت ناوی کچ بوو هەناسەی گەرمی بێزاری بڵێسەی ئاگری نەفرەت پەڕەی ناسکی نەژاکان ورد ورد لاسکی نەپڕووکان گەر وا نەبوو ئەڵێم: ئافرەت وەک مرۆڤی، وەکوو پیاوێ ڕۆژ و مانگ و ساڵی ناوێ سێیەم وێنە: ئەگەر هاتوو گوڵە باخێ لەسەر لقی بەرزی جوانی گەشایەوە بە سروەی شەماڵی حەز و خۆشەویستی لەرایەوە بۆ بلبلی هەڵبژاردەی لە ژێر سێبەری پەیکەری دڵداری ڕاستەقینەدا چەمایە و درکێ نەبوو وەکوو دڕکەکەی مەم و زین جەرگی ئاواتی هەڵدڕێ بە گەشاوەیی هەڵوەرێ گەر وا نەبوو ئەڵێم: ئافرەت وەک مرۆڤێ، وەکوو پیاوێ ڕۆژ و مانگ و ساڵ ناوێ چوارەم وێنە: ئەگەر هاتوو جوانی تەنها بادە نەبوو شەرابێکی سادە نەبوو پیاو مەست بکا وا بزانێ لە گەرمەی بەزم و شایییا لە لوتکەی بەرزی بایییا سەرچۆپی کێشی پارەیە خۆی خاوەنی ئەو یارەیە خۆی خواوەندی ئەو یارەیە وا هەست بکا کە ئەتوانێ لە کێڵگەی ئارەزووی پەستا گوڵی هەستی پێ خوست بکا گەر وا نەبوو ئەڵێم: ئافرەت وەک مرۆڤی، وەکوو پیاوێ ڕۆژ و مانگ و ساڵی ناوێ پێنجەم وێنە: گەر جریوەی ئەستێرەی ڕێز لە ئاسمان هاتە سەر زەوی ئەگەر هەوری بارانی سۆز چاوی وشک نەکردەوە گەر لە گۆشەی مرۆڤەوە هێلانەی نازی ئەو ڕێزە ناو گلێنەی هەردوو چاو بوو نمە بارانی ئەو سۆزە سەرناخی دەروونی پیاو بوو ئەگەر گورگی - بە ناو لە پێستی مرۆڤا چاوی سووری کال بووەوە کەڵبەی تیژ ئاڵ بووەوە لۆژ لۆژ بەرەو چاڵ بووەوە ئەگەر وا بوو ئەڵێم: ئافرەت وەک مرۆڤێ، وەکوو پیاوێ ڕۆژ و مانگ و ساڵی ناوێ دوا وێنە: ئەگەر ئافرەت وەک باڵدارێ ئەو باڵدارەی من ئەمەوێ هەرگیزاوهەرگیز نەسرەوێ توانی بە دوو کەڵی چرا بفڕێ بفڕێ، بۆ پێشەوە وەک ماسییەک ئەو ماسییەی من ئەمەوێ بە جۆرێکی وا هەڵکەوێ بڕوا بەناو دەریای گڕا بوونی بخاتە کێشەوە بە دەستی خۆی بە هەستی خۆی وەک نەشتەرێ چوو بە چاوی نەخۆشیا بە گژ جەور و خوێن نۆشیا وەک مرۆڤێ توانی جێی خۆی بکاتەوە توانی ڕێی خۆی بکاتەوە توانی گرەو بباتەوە دیارە ئافرەت وەک مرۆڤێ، وەکوو پیاوێ ڕۆژ و مانگ و ساڵی ناوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دارستانی کتێبخانەیەکدا ڕۆژێ بەناو دارستانیکتێبخانەیەکی چڕا گەشتم ئەکرد نامێلکەیەکی بچکۆلە لە پاسارێ وەک پاساری هەڵ نیشتبوو کە هەڵم گرت هاتە زمان وتی: ئەوەی بەبێ درۆ بە شوێنی ڕاستییا وێڵە با بێت و گوێ لە من بگرێ بزانێ من چی پێ ئەڵێم: ڕاستی ئەوەندە گەورەیە ئەوەندە بەرز و پیرۆزە شتێکە ئەبێ ڕەنگ نەکرێ شتێکە ئەبێ زل نەکرێ شتێکە ئەبێ خەست نەکرێ هەر وەکوو خۆی چۆنە وەها بێ پێچ و پەنا بگوترێ ڕاستی ساکار و سادەیە ئەبێ وشک نەکرێتەوە و لە دەروونا دەنگی زوڵاڵی کپ نەکرێ لە ڕەوتی ئەم ژیانەدا بۆ پێشەوە بێ ترس و لەرز خۆ بۆ زانستی بەخت بکرێ تا شوێنی ڕەوای خۆی بگرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە زمان هەڵۆیەکی بریندارەوە مەحوی دەڵێت: بێستونی عەشقی شیرینێک وا هاتۆتە پێش گەر لە حەق بێم یا نەیەم تەقلیدی فەرهادێ ئەکەم خەمەکانم هەگرتووە و بە هەورازی ژانەکانما سەر ئەکەوم بە شەبەقی زامەکانما مل ئەنێم و ئەنێمەوە لەبەر کڵپەی خوێنە گەشە ڕژاوەکەم سروودی داستانەکەی خۆم ئەڵێم و ئەڵێمەوە: وا بۆ سەد و پەنجا ساڵە ئەرخەوان و داری ژاڵە یا گوڵاڵە لەم شاری ڕەشەبایەدا تێراوی کانیاوێکن لەجێگەی ئاو خوێنی ئاڵە سلێمانی! قۆچەکەی ڕۆژی قوربانی شاری وەیشوومە و ڕەشەبا! لەو ڕۆژەوە هەوری چاوی هەردوو چامەی نالی و سالم لەم وڵاتی شارەزوورە بارانێکی ڕەهێڵەیە و لە خۆش کردنەوەوە دوورە لەو ساتەوە، هەڵۆیەکم بریندارم لەم چیاوە بۆ ئەو چیا خۆم ئەگێڕم لەدەوری سەری ئەم شارە بێ قەرارم نەخشەکەی من بەدەستی ڕاوکەرانەوە ئەڵێم بۆ دێوجامە لوا لە گیرفانی سیاسەتی ئەم و ئەودا حەشار درا سنوورەکەم لە تاریکی نیوەشەوا، پێشێل کرا مرۆڤ و خاک و ئاوەکەم لە قەسابخانەی پیلانی دەوڵەتانا لە سیڤەرا، لە لۆزانا بە چەشنی گۆشتی قوربانی بە ئاشکرا لەت لەت کرا دابەش کرا لەگەڵ هەموو ئەمانەشا ئەگەرچی زەردە و پێکراوم من ئەو هەڵۆیەم هەرماوم بۆ هەناسەی خاک و ئاوم بۆ نەخشە و هێلانە و ناوم گەر باوەڕ بە بوونم ناکەی بڕۆ لە ڕەشەبا پرسە ئەو ئەزانێ منی هەڵۆ درەختێکم، سەر سەختێکم چی گەڵای لێ هەڵوەرانم چەن لق و پەلی شکانم هەرچی ناشێ و ناکرێیە شیاو کردی ئنجا کەمێ لەلای وایە مردن ملم پێ کەچ ناکاو ڕەگەکانم بە دەروونی خاک و ئاوێکا ڕۆچوون و بوونە ناخی ئەو ڕۆژگار و مێژووەی لەبن نایە باوەڕ بە ئازارم ناکەی؟ بڕۆ لە ئەستێرە پرسە ئەو ئەزانێ - ئاخۆ چاوی شەوگاری - کارەساتی من تاقە وەنەوزێکی دیوە: کێ نایزانێ؟ کێ نەیدیوە، نەی بیستووە لە ڕۆژگارێکی ڕەشا لە ئەشکەوتێکی تۆڵەدا سەدان چاو و دڵی منیان وەکوو پل و پوشی پایز لەبەر زەقەی چاوی مافا بە ئاشکرا کە ئاگردا ئێستەش لەچاوی مێژووا دووکەڵی ئەو بۆچڕووکە لەو دەمەوە هەر ماوە خۆی ئەخواتەوە نە من و تۆ ئەخواتەوە کێ نایزانێ؟ کێ نەی دیوە، نەی بیستووە لە پارچە جەرگێکی ترا ئەستێرە گەشەیەک هەڵهات بۆ نەورۆز و بۆ بەهاری بارانێکی سەوز باری بەدەم وەشتی بەیانەوە هەزاران گوڵ گەشانەوە سەدان کوێرەکانی خولیاو هیوای بەرز ژیانەوە تا پەڵە هەورێکی چڵکن وەک ژەهری مارێکی ڕقن لە ئاسمانی ڕۆژئاواوە پەلەپەل گەییە ئەم ناوە کردی بە گرمە و لافاوێ بە بروسکە و بە گێژاوێ هەرچی هەبوو، ئەستێرە، گوڵ کانی، نەورۆز، شنەی شەماڵ خولیا، خەیاڵ هەمووی کردن بە کۆی زووخاڵ شیرینی لێ کردم بەتاڵ تا لە ئاسۆی مهاباتا وەختەبوو برینەکانم ساڕێژ ببن بە کۆمارێ جا ببمەوە بەو هەڵۆیەی پڕ بە گەرووی ئەم دنیایە هاوار بکەم بچریکێنم بزریکێنم منیش وەکوو ئێوە هەم و خۆشەویستی زۆرم پێیە هیوای جۆربەجۆرم پێیە دڵێکی وەک خۆرم پێیە کەچی دڵۆپێ دەنگ نییە لە بارانی دەنگەکانا بڵێ وایە لێرەش بەرازی بەلەسە ڕەوە گورگی پەروەردەی قین دڕندە مرۆڤ خۆرەکان شفرە و کەڵبەی خەڵتانی خوێن کۆماری کردبێ سەر و شوێن لەو ساشەوە منی هەڵۆ - منی گۆشکراوی چیای - گەردن بەرز و لوتکەدارم بە ئاسمانی فڕینەوە لێرە و لەوێ هەر کاروانی کۆچ ئەبینم قۆچ و پرسەی قۆچ ئەبینم کانی و کارێز و سەرچاوە ئەبینم بێ نازی ئاوە ئەستێرەی دێ ئەکوژێتەوە میوەی ساوای سەرسنگی دار تینووە و بەرئەبێتەوە باخ بە گڕی دۆزەخی تاڵ سەرانسەر بۆتە ئاخ و داخ نە کەس ئەڵێ ناوت هەیە نە خاک و نە ئاوت هەیە نە مێژووە و نەنیشتمان نە بەردەکێلی ناونیشان بۆ ڕەتان و ستەم نەبێ کەس بیری ناکەوینەوە لەسەر دڵی بێ دڵەکان خەمێکین ناڕەوینەوە منی هەڵۆ لە پارچەکانی جگەرما، ئەم ژانانە دێن و ئەچن هەر پێچ ئەخۆن و لوول ئەبن چاوێکن لە گل ناکەون ئازارێکن هیچ ناخەون بەڵام ئێمەی توخم هەڵۆ ئێمەی چیا سەربەرزەکان گۆشی ئازار و ژانەکان هیچ بە کوڕنووشی نامرین بە دەردی خوایی نامرین منی هەڵۆ بەم ئاسمانە بەرزەمەوە بۆ خۆم و بۆ هێلانەکەم بۆ کورد و کوردستانەکەم چاوم بڕیوەتە ئاسۆ چاوم بڕیوەتە ئاسۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شیعری شیللی سەبارەت: لە کوردییەوە بۆ شیعری کوردی زۆر خێراتر لە ڕاکردنی هاوینزۆر خێراتر لە لاویی پڕ پێکەنین زۆر تیژتر لە شادیی شەوانی دێرین هاتی و تێپەڕیت پەرەسێلکەی هاوین ئەگەڕێتەوە کوندەپەپووی شەو فەرمان ئەگرێتەوە بەڵام سۆنە کێویلەی هەرزەکاری تاسە ئەکا لەگەڵ تۆدا بێتەوە ناراستە وەک تۆ هەموو ڕۆژ مەیلی سبەینێیەتی دڵ خەو بۆتە ئازار و خەفەتی بەکوڵ بە خۆڕایی زستانی ژیانەکەم گەڵای سەوز ئەخوازێ لەم چڵ و ئەو چڵ سەوسەن بۆ سەر نوێنی بووکێنی چاکە گوڵباخ هەر بۆ سەری کەیبانوو تاکە وەنەوشە بۆ جوانەمەرگی ناو خاکە دەبا هەمیشە پانسیش گوڵی من بێ هەڵی پچوڕکێنە لەسەر گۆڕەکەم ئەوەی هەناسەی زیندوێتی تیا ئەدەم بێ ئەوەی دڵۆپێ فرمێسک بەری کەم مەهێڵە هاوڕێیەک چەن خۆشەویست بێ هیوام لە دەست با، یان ترس دای گرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە وەڵامی نامەیەکدا سەبارەت: بۆ هەرە خۆشەویستەکەم ١کە شەپۆلی شەماڵەکەت لەناخەوە هەژانمی پەرداخی فرمێسکی پڕبووم تاسەی دووریی بە یەک قڵپ ڕژانمی *** لە خەم و پەژارەی خۆمالەناوەوە شانە شانە پوورەهەنگ و جێی شارە زەردەواڵە بووم کش و مات و وڕ و بێ دەنگ کە چی گیانە لەو دوورەوە هەستی تۆ ورووژانمی *** چەشنی گوڵە بەرۆژەیەکبەسەر لقی بەرزی خۆرپەرستی و ژیانمەوە هەڵ نیشتووم کە چی کڵپەی هەناسەکەت بە ڕەگەوە برژانمی ٢ دە ئەی بەچکە چۆلەکە بێ پەڕ و باڵ و باڵدارەکە ئاوارەکە بۆ لقەکان، هێلانەکە هەر بخوێنە و بخوێنەوە *** دە ئەی بەفر هەناوەکەئەی دڵداری لوتکەی بەرزی چیا گردن پیرۆزەکان نەرم نەرم، هەر ببارێ و بشۆرەوە ئازارەکان بۆ گزنگی هەتاوە کە *** بەلەمەوان! لەناو دەریای بێ سنووری ناز و خۆشەویستی خۆتا بەرەو ئاسۆی هەرە بەرز و گەش و پیرۆز بۆ پێشەوە هەر مل بنێ و سەوڵ لێدە بۆ مژینی شیلەی ژیان ٣ من ئەزانم، گوڵ و گەڵا هەر لەسەر لق و پەلی خۆی سەوز و ئاڵە من ئەزانم ئاوی کانی وەکو کۆرپەی کۆشی دایک هەر لەسەر سنگی سەرچاوە ڕوونی نازە و ئەڵێی دوو چاوی قرژاڵە من ئەزانم کەوی نامۆ لەقەد پاڵی شاخ و کێوا  بەرەڵابێ دەنگی دلێر و زوڵاڵە بەڵێ، بەڵێ، من ئەزانم مرۆڤی دوور و ئاوارەش لە بەهەشتا بۆ دۆزەخی نیشتمانی شیرینیی ژیانی، تاڵە ٤ ئەمە وایە ئەمە ئایینە، بڕوایە کە چی لەگەڵ ئەوانەشا خۆ شل کردن، «ترازاندن» تا لێواری «کەمێ مردن» ناڕەوایە ئەزانی بۆ، چونکە مرۆڤ ئەوەندەی لاوازی تیایە سەد ئەوەندەش سەرچاوەی پیرۆزی و ژیری و گەورەیی وای لە ناخایە کارێزێکە، وەک داربەڕوو ڕەگ و ڕیشەی چڕ و قووڵی لەبێخایە، لە بن نایە ٥ لەگەڵ هەموو ئەوانەشا کە دەیزانم، خۆزگەم وایە دڵێکی ئەوەندە گەورە و دەروونێکی وام هەبوایە چی خۆشەویستی هەڵئەگرێ لەم ناو سروشت و دنیایە بڵێم ئۆخەی لە دڵمایە بڵێم ئۆخەی لەگەڵمایە لە گیان و چاوی تۆدایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەپاڵ کێلێکدا یەکەم: سەمەندەرێ ڕۆژێ بە قەقنەسێ گەیی وتی: وەرە با من و تۆ بە زمانی وەک ژیلەمۆ چیرۆکی ئاگراومان بنووسینەوە بە پشکۆ لە کۆنەوە لە مەڵبەندی هەزاران کات و شوێنەوە وتوویانە و دەیڵێنەوە: کە سەمەندەر وەک خدر و ئاوی ژیان هەڵقوڵاوی ئەفسانەیە پەلەوەری بێ لانەیە مەلێکی بێ هێلانەیە وەک چۆن ماسی هەر لە ئاوا توێشەبەرەی ژیانی دەپێچێتەوە ئەم تەواو پێچەوانەی ئەو بە ڕۆژ و شەو بۆی بگەڕێن لە شەپۆلی گڕی سوورا دەی دۆزنەوەو بەسەرهاتی دڵداری لەگەڵ ئاگرا وەک چەپکە گوڵ وەک شیعر دەهۆنێتەوە تەنها لە هێلانەی پشکۆی گەشاوەدا دەبێ و دەژی و دەزێ و دەمرێ ئەم بوون و ژین و زایینە بڵێسە نامەی ئایینە هەمووی بەسەرهاتی منە کە لە زۆر سەرنجا ونە دڵداریی بڵێسەی ئاگر گەرمایی و ڕووناکی پێیە خۆڵەمێشی سەر هەڵگرتووی تەریوەی سەر پشکۆی ئاگر دەیزانم و چاوم لێیە سووتووی گۆرستانی کێیە دووەم دەنگ: ئەی قەقنەسی وێرانە ماڵ دەزانی چۆن بە گڕی باڵ بە گڕی باڵەکانی خۆم وەکوو مەشخەڵێکی فڕیو دەسووتێم و دەنیشمەوە و دەبمە زووخاڵ دەزانی چۆن لەبەر ژان و داخی نەوی لەتاوی کزە و ناسۆری تاوانەکانی سەر زەوی لە خۆشیی بەرز بوونەوە و فڕینی بێ گەڕانەوە بە دەریای وشکی ئاسمانا جووتە باڵ دەمخاتە مەلە دڕ بە تاوانەکان ئەدەم دڕ بە سەر لوتکەکان ئەدەم دڕ بە باڵدارەکان ئەدەم دڕ بە ئەستێرەکان ئەدەم تا بە ئاگری فجووقو فڕینە سەرەو ژوورەکەم گڕێکی دۆزەخ ئاسایی لە دەروونی خۆم بەر ئەدەم تا لە قەقنەسی سوتاوا چاو هەڵدەهێنێ بەچکەکەم سێیەم دەنگ: کە شەو داهات پەروانەیەک لە دوورەوە ڕووی کردە هاو سۆزەکانی بە خۆیو گڕی سورەوە وتی: منیش وەکو ئێوە لە شەوگاری شەوەزەنگا لەوەتەی هەم بە تاریکی پەژارە و خەم گڕ و ڕووناکی پەرستم تەنها گڕە خۆشەویستم من دێوانە بم ئەو شەمە من خاتوو زین بم، ئەو مەمە بۆیە هەرکە تاریکی هات خۆم ئەسووتێنم کش و مات بۆیە کە ڕووناکی دەرکەوت ئەبینی پەروانە دەرکەوت خۆم بەدەوری سەری ئەوا زۆر زۆر ئەگێڕم لە شەوا پەروانەم و خاوەنی ڕێ دڵدارێکی گڕ گرتووم و بەبێ ئەوەی لەپاڵ کزە و قرچەکەما تۆزقاڵێ دەنگم لێوە بێ دەنگی دوایی: لایانەوە، بەردە کێلێ بەم وشانە هاتە زمان: سەرگوزشتەی سەمەندەر و قەقنەس هەمووی ئەفسانەیە کەی هونەری جوانەمەرگی و گڕ پەرستی بۆ بێ هەست و گیانێکی وەک پەروانەیە ئەو بەهرەیە بۆ مرۆڤی ڕاکشاوی ئەو خاکەیە وەک چەخماخەی هەوری ژان گرتووی بارانێ ڕووناکی خستە ناوەوە وەک تریفەی مانگەشەوی دەمەو بەهار شەپۆل، شەپۆل، تیشکی ئاسۆی ئەرخەوانی پرشنگی ڕشتە گلێنەی چاوەکانی چەوساوەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەچلەی بەهرەیەکدا سەبارەت: بەبۆنەی چلەی ماتەمی شاعیری دیار و کۆچ کردوو «کامەران»ەوە کە پرشنگێکی بەهرەداروەکوو خۆر سەر ئەنێتەوە و بۆ یەکجاری ئاوا ئەبێ لێم مەپرسە گێژەڵوکەی پەژارە و خەم لەناخی شەکەتی منا چۆن ئەوروژێ *** هەر کە جگەرگۆشەی شیعر- بە کۆچی بێ گەڕانەوەی - خەمخۆری کۆستی ئەکەوێ و لە پایزێکی درەنگا وەک مناڵێکی نازداری گەرماوگەرم لە ناز کەوتوو یان با بڵێین وەکوو کۆترێکی تەریو بە گمەگم لە بەڕۆچکەی دیوانێکا دەفتەرێکا کاغەزێکا کز و کەساس هەڵ ئەکورمێ من لێرەوە ئاگرێکم تێ بەر ئەبێ بە گریانی وشک نەبێ بە شەپۆلی هیچ ڕووبار و هیچ چەمێ ناکوژێمەوە کە بەهرەیەک لە ناکاوا وەکوو ئەستێرە گەشەیەک لە ئاسۆی شاری دێرینی هەولێرەوە بەرەو سلێمانی ئەکشێ بۆ ماڵ ئاوا - لەژێر سێبەری درەختی - بێ گەڵای دار ئەرخەوانی سەیوانی خەما ڕائەکشێ هیچ مەپرسە دڵدارانی شیعر و وشە و خۆشەویستی هەناسەیان چۆن بۆ کۆچی ئەو بەهرەیە ئەو هەورەیە لە جێی بەفر و لە جێی باران پرسە و ماتەم ئەبارێنێ ئەو بەهرەیەی سەردەمێکی دوور و درێژ وەکوو حاجی، وەکوو بێکەس لەڕێی وشە و هەڵبەستەوە بۆ نەتەوە بەچەپک «گوڵاڵە سوورە»ی خوێن گەرمیی ڕشتە بەستەوە بەدەم «ڕەنج و ئاوات»ەوە بڵێسەی «ئاگر و ژیلە» لە شەوگاری شەوەزەنگا مەشخەڵێ بوو بەدەستەوە بۆ «دیاری»، «گوڵە ئەستێرە»ی گەشە و زەبری هۆنراوە بوو گوڵێ بوو، بەرهەمی شیعر کە چوار وەرزە گەشاوە بوو بۆ سەرفرازیی ئەم کوردە و بۆ مرۆڤی چەوساوە بوو *** ئەو بەهرەیەیکە شوێنە زای نۆبەرەی شیعری «بەدرە» بوو دەستبەسەریی، بەندیی، خەبات هۆی هەژان و تەقینەوەی کانی و کارێزی بەهرە بوو لە زیندانی تاریکەوە زڕەی زنجیر ئەبێ بڵێ: «هەزار سڵاو لە خاکەکەم کە خۆمی بۆ وا لێ ئەکەم کاتێ دڵی من ئەگەشێتەوە کە بەفری خەمی کورد بتوێتەوە» ئێستەش هەرچەن ئەو بەهرەیە ڕێبواری سەر ئەو ڕێگەیە بە ناکامی دڵشکاوی بێ ئارامی لە سەیوان سەری نایەوە بە ناچاریی حەسایەوە ئەویش وەک زۆر شاعیری کورد تا هانای بۆ ئەرخەوان برد تەنها بەناو کامەران بوو خێر نەدیو بوو بەڵام لە جیهانی شیعر و وشەی گەرم و ڕاپەڕینا پشکۆی دیار بوو لە دنیای گیانی و هیوادا بەختی یار بوو بۆیە کوردستان هەتا بمێنێ سەرلوتکە و کەژی گوڵ و گوڵاڵەی هەڵبەست و نووسین وەک نێرگسەجاڕ نەورۆز و بەهار بگەشێتەوە، بشەکێتەوە وەک ساوای نازدار بشنێتەوە، بخنێتەوە ئەویش لە شیعر و بەرهەمی جوانا گوڵاڵە سوورە و دار ئەرخەوانا خەمە گەورەکەی دڵی سەیوانا گزنگی ئاسۆی گەشی هەمووانا وەک نەمرانمان کامەرانیشمان زیندووە و ئەژی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مرۆڤ نەورۆز هیوا کە ئاسمانەکەی تەقیانووسهەوری ڕەشی کردە بەری جریوەی ئەستێرەی بڕی ئەنگوستە چاو بەرەهێڵەو لێزمەی خوڕی سەر بە کڵاو لە جێی باران مەرگ و خوێن و شەوی باران نە بە نیوەڕۆ خۆر دیار بوو نە شەو ئەستێرە بێدار بوو نە هاژەی تاڤگە و ڕووبار بوو نە دەنگی زەنگی کاروان و نە ترپەی پێی ڕێی ڕێبوار بوو هەرچی هەبوو هەر ستەم بوو هەر تەم و خەم هەر ماتەم بوو هەرچی هەبوو، هەرچی نەبوو بۆ کرنووش و مل کەچی بوو بۆ تەقیانووسێ کە چاوی کە هەناوی کە گیانی، کە چارەی، زاری هەر بروسکە و گرمەگرمی لێ ئەبارێ: کەس نابینم خۆم ئەبینم خوای ئاسمان و سەرزەمینم هەموو هەستن نوێژی کڕنووش بردنم بۆ داببەستن بمپەرستن ئەوی ئێوە ئەتانەوێ من نامەوێ بەڵام هەموو ئەو شتانەی من ئەمەوێ ئەبێ ئێوەش بتانەوێ لە وەرزی بەهاری منا بۆ ئێوەی بە کۆیلە خوڵقاو لافاوی فرمێسک هەیە دڕکی خەم و ئێسک هەیە لەو شەوگارە تاریکەشا حەوت ئەستێرەی جریوەدار دەرکەوتن، درەوشانەوە وەک چەن گوڵێکی شانازیی ئینجانەی نەورۆز و بەهار بە بای باوەڕ گەشانەوە تا لەبەر لافاوی ڕەشا لە ئەشکەوتێ گیرسانەوە بەدەم خەیاڵ و ئەندێشە و خەوی مان و نەمانەوە بە گل و پێج و ژانەوە نووستن و هەڵ نەستانەوە ئەمە پێرێ بەڵام دوێنێ لە زرێبار لە وڵاتی بەفر و کەژ و نێرگسە جار یەکێکی کەی وەک تەقیانووس وەک ئەهریمەن، وەک ئەژدەهاک بەسەر دەریای ئارەزووا پردی بۆ خۆی هەڵبەست لە لاک لە گۆمی فرمێسکی چاوا چاوی کەساس و داماوا مەلەی ئەکرد تا ئەوەندە ئارەق و خوێن فرمێسکی گەرمی بەرد توێن نارەوا ڕژایە زەوی ئاو سەری کرد زەمین نەوی تەخت و بەختی شای ئارەزوو بەشارەوە هەمووی ڕۆچوو بوو بە گۆلی زرێبارێ شوێن هەوارێ سەهۆڵ و چلوورە و شەختە و بەستەڵەکی لێ ئەبارێ هەتاکوو ببێتە نێزە بۆ چاوی هەموو زۆردارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مرۆڤە و لە میزەڵڵان ئەچێ کە میزەڵڵانلە سنووری خۆی زیاتری فوو تێ کرا ئەتەقێت و جارێکی تر فوو بە خۆیەوە نابینێ مرۆڤی ئەوتۆشمان هەیە لە ئاقاری ئەم ژینەدا هەر لە میزەڵڵان ئەچێ بەدەستی ئەو بەدەستی ئەم بەو دەم، بەم دەم مرۆڤن، میزەڵڵان ئاسا سەرومڕ فوویان تێ ئەکەن هەڵیان ئەدەن ئەوانیش بەرز ئەبنەوە ئەکەون و هەڵئەسنەوە کە بەو فووە داناکەون پەیتا پەیتا فووی زۆرتریان تێ ئەپەستن کەی دەربەستن ئەمجارە پیرە میزەڵڵان یا لە دەمی فوویتێکەرا یان لە بەرزبوونەوەدا ئەتەقێت و ناوی جارانی نامێنێ شەرمەزاری بەسەر خۆیا ئەبارێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: منیش وتم پێیان وتم: بخۆرەوە، بخۆرەوە، بخۆرەوەژەنگ و ژاری دەروونەکەت بشۆرەوە هەتا ئەتوانی بە بادە خەرمانی خەفەت بە با دە وەک ئەوانەی هاوزامی تۆن ساڕێژ بە بە شەرابی کۆن هەرچی خەم و خەفەت هەیە لەشکر بێ شکستەی مەیە هەرچی هەوری ڕەش و تاڵە پەرتی دەس شەرابی ئاڵە هەرچی کە وا گەردەلوول و ڕەشەبایە گیژەڵووکەی ئەم سەر ئەو سەری دنیایە لەدەست تەلیسمی بادەدا وژەی نایە دەنگی نایە کەواتە تۆش بخۆرەوە، بخۆرەوە، بخۆرەوە منیش وتم: ناخۆمەوە، ناخۆمەوە، ناخۆمەوە ئەوانەی کە دەخۆنەوە تا خۆیان بیر بچێتەوە تا خەمیان بیر بچێتەوە لاوازن هەر لە کۆنەوە حەز لە هەست و ژیری ناکەن لە چەشنە بادەیەک ناگەن کە چۆن لە پیاڵەی ژیرییا یەک بینە خۆم ئەخۆمەوە تا ماوم خۆم ئەخۆمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەی بەندییەک سەبارەت: لە شیعری نازم حیکمەت تاقانەکەم! پێت وتم لە دوا نامەتا: سەرم چەن ئازارم ئەدا دڵم سەرسامە، پێت وتم: ئەگەر هاتوو تۆیان خنکان تۆم لەدەس چوو مەحاڵە بەبێ تۆ ژیان ئەژیت ئەی ژنە خۆشەویستەکەم! هەرچییەکم لێ ئەزانیت نامێنێ، ئەڕەوێتەوە وەکوو ئەو دوو کەڵە ڕەشەی لە هەوادا ئەچێتەوە ئەژیت ئەی خوشکی دڵەکەم! ئەی خاوەن قژی خورمایی! چونکە لە چەرخی بیستەما خەم و پەژارە بوو مردوو ساڵێ پتر تێ ناپەڕێ *** مردن چییە؟ لاشەیەکەلە کۆتایی پەتێکا ئەلەرێتەوە ناتوانم خۆم بۆ ئەم مردنە ڕابێنم بەڵام ئەی خۆشەویستەکەم بڕوا بکە کە دوو دەستی تووکناوی جەللادەکان پەت لە ملی من توند ئەکەن بە خۆڕایی لە چاوی شینی نازما بۆ تارمایی ترس ئەگەڕێن لە پاشماوەی ڕووناکییا ڕووناکی دوا بەیانییا هاوڕێکانم لەبەر چاوە تۆ ئەبینم هیچ نابەمە ناو گۆڕەوە خەمی ئەو سروودە نەبێ: ناتەواوە *** ئەی ژنەکەمئەی ئەو کەسەی کەهی منی ئەی دار سەروە دڵ نەرمەکەم ئەی دوو چاوە شیرینتر لە هەنگوینەکەم ئەپرسی چۆن ئەمەم نووسی؟ ئەیانەوێ فرمانی خنکانم بدەن کاتی لێ پرسینەوەمە چۆن ئەتوانن هەر بەوێنەی سەلکە توورێ سەری مرۆڤی هەڵکەنن نە بیری وا با بە سەرتا جارێکی تر ڕانەبوورێ هەموو ئەو شتانە ئێستا دوور ئەبینم *** ئەگەر ئێستە پارەت هەیەپۆشاکی ژێرەوەم بەرێ بادارییە و لێم ناگەڕێ هەرگیز بیرت نەچێتەوە کە وا خێزانی بەندییەک بیری لە لای ئەو کۆمەڵە شتانە بێ بە خۆشی ئەگەشێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنە سەبارەت: شیعری نازم حیکمەت جوانترین دەریا، ئەو دەریایەیە: کە تاکو ئێستە مەلەی نەدیوە جوانترین ساوا، ئەو ساوایەیە: لێوی گەورەیی پێ نەکەنیوە خۆشترین ڕۆژمان، ئەو ڕۆژەیە وا: بە ژینی ئێمە ڕانەچەنیوە جوانترین وشەش، کە بە تۆی بڵێم: ئەوەیە لەدەم هەڵنەوەریوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنە لە شیعری بابلۆ نیرۆدا ١کۆتایی جەژن من بابلۆم تا ئێستا نەگۆڕاوم خۆشەویستم هەیە، گومانیشم پێیە قەرزاریشم لە دەریایەکی فراوانام لەگەڵ فەرمانبەرانا کە شەپۆل دوای شەپۆل ئەیبزوێنن لە ئاڵ و گۆڕام سەر لە گەلانی وا ئەدەم هێشتا لە دایک نەبوون دێم و ئەچم بەناو دەریا و وتانا من زمانی دڕک و داڵ و دانی تیژی ژەهر و لەرزەی ئاو و هەوا و خوێنی ڕێکەوت و شەوگاری درێژی حووت ئەزانم چونکە لە زەمینێکەوە ئەچم بۆ زەمینێکی تر تاڤگەی چەندان چەمی گەورە و هەورازی ئەوتۆم بڕیوە کە یەکجار ستەمە هەمیشە ئەگەڕامەوە بەبێ دڵنیایی و مل کەچی ئەتوانم چی بڵێم؟ ئەگەر ڕەگ و ڕیشەکانم نەبوونایە ٢ من بۆ گەل ئەنووسم هەرچەندە بە چاوە ماندووەکانی ناتوانێ شیعرەکانم بخوێنێتەوە بەڵام ئەو کاتە دێت کە دێڕێک بگاتە گوێی، گێژەلووکەیەک بوومەلەرزە بخاتە ژیانمەوە ئەوسا جووتیاری چاک چاو هەڵ ئەبڕێ کرێکار بە زەردەخەنەوە بەرد لەت ئەکات پاچ وەشێن ناوچەوان بەرز ئەکاتەوە ماسیگر تۆڕ هەڵ ئەدا بۆ ئەو ماسییەی دەستی ئەسووتێنێ فیتەر بە بۆن و بەرامەی سابوونەوە لە شیعرەکانم ورد ئەبێتەوە ڕەنگە هەموویان بڵێن: هاوڕێی ئێمە بوو من ئەوەم بەسە ئەوە ئەو تاجەیە ئارەزووی ئەکەم لە هەوا و لە مرۆڤی کەرامەت بریندارا بتوێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڕیشکەکان سەبارەت: شیعری ئاراگون، شاعیری گەورەی فەرەنسایە ١واز لە سکاڵا بێنە هیچ شتێک لەوە زیاتر مایەی گاڵتە پێ کردن نییە کە مرۆڤێک بکڕووزێتەوە ئەگەر نەگری ٢ بڕوام پێ بکەن هیچ شتێک بە قەدەر بیرکردنەوە ژان کێش نییە ٣ هەرچەندە شیعر کورتتر بێ چاکتر بە ناخی دەروونا ڕۆ ئەچێت ٤ با ئەم شاعیرە شاربەدەر کەین چونکە لە شارەکەدا جێگای ئەم جۆرە ژانە نابێتەوە ٥ ئەسووڕێمەوە نووکی نێزە لە دەروونم چەقیوە ئەسووڕێمەوە شتێک لە خەیاڵمایە ئەسووڕێمەوە بە گوڵدانێکی گوڵی سیس و ژاکاوەوە بە چەند وێنەیەکی بچووک کراوەوە ئەسووڕێمەوە بە جلوبەرگی کۆنەوە ئەسوڕێمەوە کونێکی گەورە لەدڵمایە ٦ هەموو شتێکمان بۆ ئەوانە دروست کردووە کەوا ئەخنکێن هەموو شتێک بۆ ئەوانەی هەناسە بدەن پەنجەرەمان بەسەر شەوا بەرز کردۆتەوە لە هەموو شوێنێک داڵدەمان کردۆتەوە ئێوەش ڕەگی سکاڵامان ببڕن ٧ هەرگیز هیچ شتێک لە زەردەخەنە جوانتر نییە با لەسەر ڕوویەکی شێواویش بێت ئایا ناتانەوێ جوان بێت؟ ٨ ئەم هەنگاوە بریندارانە دوور خەنەوە ٩ چەن پێت ڕەوایە چاو وەرگێڕی لەو شتانەی خوێناوین ١٠ هەموو شتێک بە تەواوی لە شوێنی خۆیایەتی؟ یان هیچ نەبێ وا ئەبێ؟ ١١ ئەی دەرۆزەکەر دەستە ڕاکێشراوەکانت بشۆ ١٢ کێ ئەڵێی من ئازار ئەکێشم؟ ئەوانم لەبیر ئەچێتەوە؟ ١٣ بێ دەنگ بوونت بەس نییە بەڵکوو پێویستە بزانی شتێکی تر بڵێ یت ١٤ ئەو دەرختە، بە نەفرەت کراوە ئەگەر چاو شاد و دڵخۆش نەکات هەروەها شاعیریش مافی مانەوەی نییە ئەگەر گوڵ دەرنەکات ١٥ هیچ زامێک نییە ئەگەر کەمێک جوانی بکەین دەمێکی لێ نەیەتە دی هەروەها هاوارێک نەتوانین بیگۆڕین تاقانە تاوان: ڕێک نەخستنی ئاوازەکانە ١٦ قسە بۆ ئەو کەسانە ئەکەم کە ناتوانن بخەون ئەوان بە تەنیا نین مادام لەوان ئەچم هەروەها قسەش بۆ ئەوانە ئەکەم حەز ئەکەن بمرن بۆ چی ئەڵێن: من خۆپەرستم ١٧ ژیان پڕە لە پڕیشک بەڵام لەگەڵ ئەوەشا هەر ژیانە ١٨ جار جار جێی خۆیەتی لە شەوا هاوار کەین ١٩ جارێکی تر چاوی منداڵە مردوەکان نایەڵێ لەمڕۆ بەدواوە ئاوێنە ببینێ ٢٠ ئایا ئەزانی؟ وشەی شەرمەزاری چییە ٢١ هەوڵ بەن ئەم وشەیەی لە خەنجەر ئەچێ ئاوێتەی بەیتی شیعرێکی فەرەنسی بێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێ بکەنە بۆ ژیان سەبارەت: لە فارسییەوە ئەی کۆرپەلە ساواکەم! گوێم لێ بگرە، بزە بتگرێ پێ بکەنە، پێکەنینێکی شیرین پێم بڵێ، ئەم خەم و ئازارانەت لە کوێوە هەڵقوڵاون پاشماوەی فرمێسک لە چاوە جوانەکانت بسڕە چونکە مۆتەکە ڕەشە نەفرەت لێ کراوەکە دێتە ماڵەکەمانەوە و لەنێوان هەنیسک و فرمێسکی تۆدا خۆی حەشار ئەدات. بۆ ئەوەی لە نیوەشەوا بتفڕێنێ ئاخ.. خۆزگە ئەزانی ئەو مۆتەکە ڕەشە چەن دڵڕەقە پێ بکەنە بەڕووی هەر شتێکدا کە ئەتگرێنێ. مایەی بەختەوەریم پێ بکەنە، پێکەنینێکی سەرکەوتووانە بزە بتگرێ بەڕووی تیشکی برایەتی و خۆشەویست و ئاواتی خۆشدا ئەی کۆرپەلە خۆشەویستە گڕوگاڵ شیرینەکەم! واز لە گریان بێنە واز لە فرمێسک بێنە پێکەنینت تروسکەی شەبەقی ڕووناکمانە بزە بتگرێ، بزە بتگرێ بۆ ژیان بزەی شیرینت مەشخەڵی ڕێگا، ڕێگای خۆشی و شادییە بۆ ناخی دڵمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەپوولەکان فریشتەی سۆز! هەر وەکوو جارەکانی تر ئەمجارەشیان زوو کە بێ بە هانامەوە تۆش ئەی بەهرە! بۆ هەوێنی شیعرێکی نوێ هیچ مەوەستە، فریا کەوە دنیا شەوە بەڵام کپ و خامۆش نییە پێکەنینە و سەربڕاوە خۆشیی ونە بۆ نازانی ئەو شیعرەی بە دڵی منە زادەی خەم، بەرهەمی شەوە؟ باخچەی تەمەنی شاعیریش پایزێکی دڵ شکاوە بەڵام بەڵام بەسەر لقی هەرە بەرزی سێ نەمامی ئەو باخەوە زەردەخەنەی سێ چرۆیە و وەکوو خۆزگە، وەکوو ئۆخەی لەو نەمامانە ئاڵاوە وا ئەم شیعرەی پێ ڕسکاوە، ١ تۆ ئەی «ژێوار»ی ئێسک سووک بەچکە چۆلەکەی بێ دەنووک ئەی سمۆرە! ئەی نۆبەرەی نەمامەکان شادم بەوەی لەگەڵ تۆی تەمەن ساڵ و نیو قسە و بیرەوەریم زۆرە ئەی تۆ نەبووی وەکوو گوڵێ لەسەرچنار گەشایتەوە شەپۆل شەپۆل، بە هاژەهاژ گەشە و بزەت دا بە چەم و دا بە کەنار بە گڕوگاڵ شنەشنت دا بە شەماڵ ئەی تۆ نەبووی هەرکە هاتی وەکوو باران دڵۆپ، دڵۆپ ناوی تازە و ناوی زۆرت بەسەر هەموومانا باران هەرکە هاتی وردە خەم و پەژارەی زۆر لە هێلانە ڕەوایەوە لەم شەوەدا بێ ئەوەی ڕۆژ ببێتەوە گزنگی خۆر هی گەش بینی بە بزەوە گەشایەوە کە هاتی بە ماچ و نوقوڵ بە شیعر و گوڵ باوەشت بۆ کرایەوە ئەی بەرخەکە! جەرگی جەرگی هەمە هەمە؛ ئەی پەروەردەی کۆشی ناز و خۆشەویستی ئەم سەردەمە ئەی ڕۆڵەی زیت ژیر و بزێو تۆ مناڵی، یان سحرێکی تاکوو لەناخی ناخەوە نزیکت بین، خۆشمان بوێی نازت بگرین، هێشتا کەمە هێشتا کەمە (٢) تۆش سۆما گیان! سۆمای چاوەکانی شاعیر ئەی خونچەی تازە پشکووتوو تەنیا لە وێنەکەدا دیتوو کۆرپەی باوەشی نامۆیی ئای چەن ستەمە بێ تۆیی ڕۆڵە، ڕۆڵە! ئەی کارژۆلە! هەڵبەت ئێستاکە تێم ناگەی تۆش و هەزاران بەرخ و کار هەزاران شوان باخ، باخەوان تەرەی کەڵبەی گورگی هارن ئاوارەی دێهات و شارن بێزاری دووپشک و مارن ئەم وڵاتە دارستانی کارەساتە ئەم هەزار و یەک شەوەیە شارە و هی زەردەواڵەیە فاشستەکان گورگە ڕەگەزپەرستەکان پڕ بە دنیا ئەلوورێنن تامەزرۆی فرمێسک و خوێنن زەردەخەنەی لێوی ساوا ئەتاسێنن بێشکە و جۆلانە ئەشکێنن شارۆچکە و دێ ئەڕوخێنن سەگی هارن، سەگی هارن هەڵ ئەبەزن، دا ئەبەرزن یان، ئەوەڕن، یان ئەگەزن مارن مارن بۆ پێوەدان ئەفیشکێنن برسی و تینووی پەلامارن شێت و هارن پۆل پۆل مناڵ ئەخنکێنن ئەیانەوێ ئاشی شەڕ بەخوێن بگەڕێ پرسەیان بۆ هەموو ئەوێ کانی ڕوون و کارێزی پاک تینوو ئەکەن لە وڵاتی ڕەش و ڕووتا گوڵەگەنم ئەسووتێنن وەکوو بەراز بێستان و باخ پێشێل ئەکەن گۆڕستانمان بێ کێل ئەکەن دەس بۆ شەرەف درێژ ئەکەن لەسەر بەرماڵیش نوێژ ئەکەن سۆما! سۆما! هەرچیم وت و هەرچیش ئەڵێم هەمووی وایە جام پڕ بووە و لێی ڕژاوە لێی ڕژاوە ٣ سانا، سانا، تۆش وەک سۆما ئەوەندەی بە گیان نزیکی بە هەناسە و شێوە دووری ئەی پەپوولە! خەم خەم نییە، گێژەڵووکە و گەردەلوولە دەمێ ساڵە کە ئەم شارە بێ نەورۆز و بێ بەهارە کە ئەم باخە بۆ باخەوان گوڵی هەمووی ئاخ و داخە کە ئەم ماڵە یانزە ساڵە بۆ خەم خۆرە غەریبەکەت هەنگوینی لەدەما تاڵە سانا، سانا تۆش وەک سۆما چەن نزیکی، هێندە دووری لێم ببوورە کە پێت بڵێم، جارێ ساوای تۆ نازانی سانا بەچکەی کۆترێکە یانزە ساڵە لەسەر بەرد و لەبن داری هێلانەی گەرمی خۆی دوورە کۆترێکە شەڕی ناوێ دژی داوە دژی فرمێسک و خوێناوە ئاشتی ئەوێ مەشخەڵی زانستی ئەوێ پێکەنینی گشتی ئەوێ پەپوولەکان بێ خەم بن و، بێ خەم بنوون بفڕن، بفڕن هەر وەکوو هەنگ بێ دەنگ بۆ سەر شانەی هەنگوین کە بەرزە و پیرۆزە و شیرین ئەم شەوگارە بۆ کوێ ئەچێ هەر کۆچ ئەکا نەورۆزی سەرفرازی دێ و زستانی کۆیلەیی ئەڕوا باخچەی تاسە و خۆزگە و هیوا چەپکە گوڵی بەهار ئەگرێ چەپکە گوڵی دیدار ئەگرێ زەردەخەنەی هەمیشەیی سانا و سۆما و ژیوار ئەگرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چوار دڵۆپی قەتیس ماو سەبارەت: بۆ چوار هونەرمەندە بچکۆلە جوانەمەرگەکان ١ مناڵەکان! ئەی باڵدارە بێ باڵەکان هەبوو، نەبوو ڕۆژگارێ بوو بەهارێ بوو دەشت و دەری ڕازاوە بوو گوڵەباخی گەشاوە بوو دەمێ ئاونگ، دەمێ باران سەوزایی و فەڕیان ئەباران بەدڵی سەیران و گەشتا کوردستانی وەک بەهەشتا هەر چرۆ بوو چاوی نازی هەڵ ئەهێنا هەر گۆپکە بوو هەر خونچە بوو بزەی لێوی بەشنە بوو خۆشیی سروشت پرشنگدار بوو هەر خوڕەی چەم و ڕووبار بوو کارێزو کانی و سەرچاوە یەک بە یەک تەقیوی ئاوە هاژەی تاڤگە بۆ ئەوە بوو بڵێ: بەهاری وا هەبوو ٢ مناڵەکان! جگەرگۆشە هەڤاڵەکان هەبوو، نەبوو بەهارێ بوو لە شارێ بوو بەهار هەر ئەم بەهارە بوو شارەکەش هەر ئەم شارە بوو ئەو شارەی لە بنیاتەوە دڵگیرە بە خەباتەوە ئەو شارەی لە بابانەوە شیرینە بە زۆرانەوە. بە نەبەزین و جەرگەوە کاروانی جوانەمەگەوە ئەوەی کە پێی ڕازاوەیە باخچەی هونەر و بەهرەیە شارەکەمان ئەو شارەیە گۆشی ئەو دار و بارەیە بۆ سەربەرزیی مرۆڤی کورد بەخت ئەکا درشت و ورد ٣ مناڵەکان! ئەی چۆلەکەی بەرماڵەکان! هەبوو، نەبوو شەوانێ بوو کاروانێ بوو ویستی بەسەر پشکۆی خەما بە ناو ژیلەمۆی ماتەما بە دەریای فرمێسکی چاوا جەرگی چەن جارە سووتاوا بەسەر ئاخ و داخی زۆرا بەسەر تەرم و تاتەشۆرا بەسەر باڵداری گیراوا بەسەر هێلانەی شێواوا بەسەر هەموو ئەمانەدا فەرهەنگی ئەم خەمانەدا بەرەو ئاسۆی بەرزی هونەر ڕێگای مەبەست بگرێتە بەر ٤ مناڵەکان! گلێنە تەمەن کاڵەکان! ئەم بەهارە لەم شارە بڵێسەدارە هەبوو، نەبوو کارزانێ بوو فرمانێ بوو هەبوو، نەبوو ئازادێ بوو ڕێبوارێ بوو کە هەر یەکەی ڕووبارێ بوو لە دنیای ئاوازی کوردا هونەری ڕەنگین و وردا ئەو کاروانە بەهرەدارە ئەو ڕۆژەی دەرچوون لەم شارە بۆ سەرکەوتن بەڕێ کەوتن بە ڕێی متمانە و هیوادا ڕێگای شانازی و خولیادا ڕێگای هونەری ڕەسەندا پەلکەزێڕینەکەی فەندا کە چی دز و جەردەی مردن چڵێسانە ڕێی پێ گرتن کامە کارزانی لێ زان بوو کامە پەیامی فرمان بوو کێ ڕێبواری ڕێی هونەر بوو کێ ئازادی بەهرەوەر بوو وەکوو گورگێکی چاو برسی هەڵی بژاردن بۆ نەوسی بەدەم بروسکەی مەرگەوە شەبەقیان خستە جەرگەوە کۆچێکی ئەوتۆیان نۆشی پرسەیان بە شارێ پۆشی تا بۆ کورد و کوردستانی ببن بە قۆچی قوربانی بۆ پەیامی بەرزی هونەر جوانەرگێ بن هەتا سەر ناخی دڵی هەموو کوردێ بۆ پەیکەریان بکەن بەجێ تا نەمر بن لە مردنا لەچاوی لەخۆبوردنا هەڵبژاردە بن لە مانا هەڵبژاردەش لەنە مانا بۆیە تاکوو بەهرە زابێ تا مناڵ و هونەر مابێ دایک کۆرپەی لە کۆشا بێ ئەو چوار ئاوازە ون نابێ ئەو چوار ئاوازە ون نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاروان کاروانی سەر ڕێگەی خەباتهەزاران ساڵە بێ وچان بێ سرەوتن، بێ پشودان ڕێگە ئەبڕێ تێ ئەپەڕێ هەنگاو ئەنێ بەرەو ئاوات بەرەو قۆناغی ئازادی بوژینی پڕ گەشەی شادی ئەو کاروانە بە ڕۆژ و شەو لەدو چاوی حەرامە خەو ڕێگا ون بوی شەوەزەنگە بەڵام گوێی لە دەنگی زەنگە لە تاریکی بۆ ڕووناکی ئەشێلێ کەند و کۆسپی ڕێ ناو جەرگی تاریکی ئەدڕێ بەرەو ئاسۆ، بەرەو گزنگ هەورازی بەردەمی ئەبڕێ لەو ڕۆژەوە کەوتۆتە ڕێ ئەو کاروانە هەر لێی ئەدرێ هەزاران جار دەستی زۆردار قەڵای لەبەر دەما هەڵبەست - قەڵای دەرگا و دیوار ئاسن - زنجیری خستە قاچ و دەست تەوقی زلی کردە گەردن بەڵام کە شانی ڕاوەشان کاوانە گەورەی تێکۆشان دەرگا و دیواری هەڵتەکان قەف قەف زنجیری تێک شکان هەرچەن ڕێگای سەخت و دوورە لەبەر چقڵ شوێن پێی سوورە لێرە و لەوێ کە دەرکەوێ چەتە و ڕێگر دەوری داوە کاروان خڵتانی خۆیناوە بەڵام بێ ترس و بێ پەروا مل ئەنێ بۆ قۆناخ ئەروا ڕاهاتووی ڕێی سەخت و دوورە چ دەربەستی لوورەلوورە خوێن ئەرێژێ لەش ئەنێژێ لە سەرکەوتن پشت ئەستوورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە ئەهاتی کە ئەهاتیوام ئەزانی پەژارە و خەم نە زۆر، نە کەم وەکوو گڕەی ئاگرێکی بڵێسەدار باخی خۆشی دڵنیایی دەروونی تۆی نەناسیوە *** کە ئەهاتی، وام ئەزانیچاوی بزە و پێکەنینە ساکارەکەت وەکوو ئەستێرەی گەلاوێژ لە خۆشی و گەشە بەو لاوە لە ورشە و پرشە بەو لاوە هێشتا فرمێسکی نەدیوە کە ئەهاتی، وام ئەزانی شەپۆلی جم و جووڵەکەت لە دەریای بەخۆنازینا ڕۆژێ لە ڕۆژانی تەمەن وەک بەفرێکی بێ گەرد و پاک لەسەر کێوی: دڵ شکان و پەشیمانی و بێ ئارامی نەباریوە *** کە ئەهاتی، وام ئەزانیپەپوولەیت و بەشوێن گوڵ و هەڵاڵەدا دێیت و دەچی و بۆنی هەرە خۆشی عەتری باخچەی ژیانت مژیوە *** کە چی داخەکەی داخانمئەمجارەیان پێچەوانەی جاری جاران بەو چیرۆکە دڵتەزێن و بەسەرهاتە خەماویەت وەک مامۆستا هاتی تەختەسڕت هێنا چی نوسرابوو لەسەر تەختەی هەست و هۆشم دەربارەی کامەرانیی تۆ هەر هەموویت کوژانەوە *** ئەمە وابووبەڵام ئاخۆ تۆماری ژین دەفتەری تەمەنی مرۆڤ تەنها یەک دوو لاپەڕەیە و ئەبڕێتەوە؟ مرۆڤ چییە؟ ! حەز و خولیا و ئارەزووە تیشکی ئێستەو ڕابوردووە کانیی هەستێکی زیندووە گەر بیەوێ باڵدارێکی سەرکەوتووە دەریایەکە سەدان شەپۆلی نەبەزی و نەسرەوتن و یاخی بوونی بۆ گەوهەری کامەرانی بۆ ئەو ژینەی شیاوی ناوی مرۆڤ و دوا ڕۆژی ڕووناک و گەشە گرتۆتە خۆ *** دە تۆش وەرە، بە گوێم بکەبەسەر دڕکی ڕێی ژیانا هەتاکوو سەر هەنگاو بنێ وەک مرۆڤێکی بێ پەروا هیچ مەترسە، هیچ سڵ مەکە وەک کۆترێ بفڕە بەرەو ئەو باخچەیەی گوڵی ڕەنگاوڕەنگی لێیە: خۆشەویستی دڵنیایی ئارامی زۆر خەونی سەوز کەسایەتی ئەبێ من و تۆ بزانین گوڵی باخچەی ئەگەر هەبێ - کامەرانین سامانی چڵکن و پڵکن هەر پێشکەشی ژەنگ و ژارکە وەکوو کردت چۆنت ئەوێ، وەها بژی بە شانازی، بە سەربەرزی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە شار گڕ ئەدرێ گڕ ئەگرێ سەبارەت: پێشکەشە بە کاک هێمنی هاوڕێ و شاعیر کە مناڵ بووملە کاروانێکی شەوڕەوا باوکی منیش ڕێبوارێ بوو بۆ شارەکەی بانە ئەچوو بەپێی بەڵێنێکی کرچی پەڵپم لێ گرت بم با لەگەڵ ئەو کاروانە بۆ شارە کۆنەکەی بانە *** - نەء، نەء، مەیە تۆ مناڵیتۆ خەلفێکی تازە ساوای شەو درێژە و ڕێمان سەختە زستان ئەتسووتێنێ شەختە بڕۆ دواوە سەفەری کەمان زۆر ماوە - نەخێر، نەخێر، ناڕۆمەوە من هەر ئەم کاروانەم ئەوێ هەر ئەم ڕێگاو بانەم ئەوێ گەشتی ئەم زستانەم ئەوێ هەر شارەکەی بانەم ئەوێ *** هەر ڕۆیشتمپێم نا بە گڵ و بە ژانا بە ئارەق و بە فرمێسک و خوێن و کۆسپی ڕێگاو بانا هەر ڕۆیشتم لەگەڵ کاروانا گەیشتم دەمەو ئێوارەیەک درەنگ خامۆشیی خۆی گەیاندە زەنگ کە گەیشتم پێ یان وتم: دوا مەنزڵە ئەمە شارەکەی بانەیە ئەو بانەیەی بە ئەسحابە کوژ ناسراوە ئەو بانەیەی کەوا چەن جارێ سووتاوە تا سەرلەنوێ خۆی، خۆی بنیات بنێتەوە بۆ سووتانی کە هەنگاو هەڵبگرێتەوە تا بۆ دواجار وەکوو درەختێکی پیرۆز بژێتەوەو ببڕای ببڕای نەمرێتەوە *** ئێستاش هەرچەن بیرەوەریمهەرچەن چاوی ئەندێشە و بیر ژان ئەکات و ڕەهێڵەی گل ئەبارێنێ ئەو کاروانەم لەبەر چاوە چۆن بە ژیلەمۆی ئازارا نەکوو هەر لەلایەکەوە لە زۆر لاوە لەشی خڵتانی خوێناوە بە هەورازی وەک دۆزەخا سەر ئەکەوێ ئەکەوێ و هەڵ ئەستێتەوە ئەکەوێ ئەگەڕێتەوە ئەکەوێ و بۆ پێشەوە هەر ئەچێتەوە بۆ سێبەری ئەو درەختەی کە پیرۆزە و ئەژێتەوە ئەژێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوڕێم نازم سەبارەت: ئەم پارچە شیعرە لە زیندانە بەسامەکەی ماکرونیزۆس شاعیری تێکۆشەری یۆنان «متلاوس لاومس» نوسیویە و بە شێوەی نامەیەک بە نەهێنی ناردوویەتی بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی تورکیا بۆ «نازم حیکمەت» کە ئەو دەمە لە زیندانە تاریکەکەی ئەستەمووڵدا بووە.. لە وەڵامی شیعرێکی کە بەو شێوە نەهێنییە بۆی ناردووە هاوڕێم نازمبیستم دوێنێ داخت بۆ یۆنانمان ئەخوارد دوێنێ، شەو بوو کاتێکی تا بڵێی تاڵ بوو داخەکەی تۆ خۆی کێشا بەسەر سنگمانا ئا ئەو کاتەی کەوا خۆمان پێچابووە زامەکانمان پەڕۆمان لەسەر لا ئەبرد گوێمان ئەگرت ناڵەی تۆ بوو لە زیندانا لە زیندانی ئەستەمووڵا کە وا ئەتدا بە گوێمانا بەگوێی هەموو زیندانەکانی جیهانا ئێستە نازم من ئەتوانم بە تۆ بڵێم چەرمی چۆلەکەیە کە جێم ئێستە نازم کە چین چین ئارەق ئەڕێژم ژەنگی پێوەندم ئەچێژم من ئەتوانم بە تۆ بڵێم لەم سەر ئاسنی مەچەکەم هەست بە دەستەکەی تۆ ئەکەم هەست ئەکەم وای لە گیانما لە قوڵایی زیندانما لە ناکاوا لە کۆتایی عومری شەوا نامەکەت بۆ ئێرە فڕی وەک باڵدارێک لەپڕ لە قەفەز دەر پەڕی وەکوو دەستێک لە شەپۆل سەری هەڵ بڕی بڕگە بڕگە، بە ترس و لەرز خوێندمانەوە لەبەر تریفەی مانگە شەو ئەم بوو سوێندی ئەخوارد بۆ ئەو کە مۆرەکەی ماکرونیزوس لەسەر کراسەکەت بچنین ناوەکەی تۆ، وەکوو یەکێک لە جوانەمەرگانی بڕوا و هاوڕێیانی خۆمان بێنین ئێمە لێرەدا گیراوین بێ بن میچ و بەرەلڵایە پیس و بۆگەن تاریکییە و دەوری داوە لە چوار لاوە ئەوەی کە ئەجووڵێتەوە بڕبڕە پشتی وەستاوە چۆن شیعرەکەت توانی ڕێی خۆی بکاتەوە لە پیاو کوژ و ڕەشەبای سەخت بەو لاوە هیچ شتی تر ڕێی ناکەوێتە ئەم ناوە چۆن شیعرەکەت بۆی کرا مل بنێ واوە ئەوەی ئەمڕۆ لە وڵاتەکەم ڕووی داوە ئەی هاوڕێکەم لە هیچ شوێنی ئەم دنیایە لەوە پێش وا ڕووی نەداوە نە ئەکرێ بیگێڕینەوە  نە ئەکرێ بینووسینەوە تەنیا ئەوەی بە تۆی ئەڵێم: مناڵەکان ئەوانەی کە سەدان ساڵە تەنیا بۆ خۆیان گریاون کەچی ئەمڕۆ لە ناو لانک ئەگرین بۆ ئازاری باوک ویستم ئەمە بە تۆ بڵێم کەچی تەنانەت مۆمەکەم سەری خەمی لار کردەوە و دایە پڕمەی گریانی خەست ئێستا کە شەوێکی خۆشە سبەی شەبەق ئەبێتەوە بەیانی زوو، لێرە و لەوێ خۆر دەر دەکەوێ پێوەندمان لە پێ بێتەوە بە سواری پاپۆری شادی بە ئازادی دێم هەتاکوو تۆ ببینم دانامێنم دەستە سڕ ڕائەوەشێنم تۆش دێی بۆ بەخێر هاتنم ئەوسا بە وێنەی دوو برا باوەش ئەکەین بە یەکترا وێڵ ئەبین لەم سەر دنیایە وەک تازە لەدایک بین وایە هاوڕێ نازم ئەگەر دایکەکەی تۆ مابێ بە ماچی دەستی ئەنازم برات مابێ داوا ئەکەم ناوەکەی تۆم پێ ببەخشێ کوڕت هەبێ دەستی ئەنێمە ناو دەستی کچە بچکۆلەکەمەوە ئەگەر بێت و کەست نەبێ هەر کەس ئەوا مناڵە تورکەکان دایکە بێ دەرەتانەکان لەسەر تەپۆلکە و گردەکان لەپشت پەنجەرەی کۆگاکان لەسەرمان وشک هەڵاتوون من و تۆ دوو بە دوو ئەچین لەگەڵ دایک و مناڵانی وڵاتی یۆنانی خۆمان ئەیانبینین جا پێکەوە سوێندی ڕق و قینی نەسرەوت ئەخۆین: هەرگیز پێ نەکەنین تا هەموومان پێ ئەکەنین گۆرانی ئەڵێین، تا دوایی بە فرمێسکی جیهان دێنین ئێستەش ئەی هاوڕێ بمبەخشە وەردیانەکەم لێ نزیکە مۆمەکەیشم ئەوا کز کز لەگەڵ مردنا خەریکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادێکی ٢٥ ساڵە ١ یادگارێ، دەریای خەمم ئەهەژێنێ پوورە هەنگی پەژارەم لێ ئەوروژێنێ هەرچەن ئەکەم لمی تینووی هەتاوی سوور فرمێسکی چاوی ئەو یادە ناخواتەوە هەرچەن ئەکەم ئیسفەنجی لەبیر چوونەوە کفەی خوێنی بەربووی ڕەگی ناخواتەوە لەو ساتەوە، ئەو یادە لە دایک بووە لەناخما، وەکوو خۆی ماوە زیندوە: ٢ بیرەوەری ئەو بەندییەی وەک بزمارێ سەرنجی بە بن میچەوە داچەقاوە وەک هەژارێ وەک هەزارێ پلیشاوەی ژێرپێی کاروانی سزا بوو مرۆڤێکی ئەم خاکی کوردستانە بوو تاوانەکەی؟ لەگەڵ براکەی دووانە بوو ٣ ئەو برایەی خوێنی ستەمکارێکی ڕشت گورگێکی بەرەڵڵا و هاری لەو شاخە کوشت دادگای دڵنیا نەبوو، بەدەست و برد داوای تاقە بیست ساڵێکی تەمەنی کرد لەناو دۆزەخی ئازار و ژان و ئێشا هەر چۆنێ بوو، سێ چوار ساڵێکی ڕاکێشا تا بە بن باڵی دەرفەتا، دەرچوو هەڵات لەو دیوەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هات ٤ کە ئەو هەڵات، یاساوڵ ئەمی ڕاپێچا بە سەر دڕکی یاسای خێل و خوار و خێچا هەزار هاوار، هاوار، هاوار، کە من ئەو نیم ئێمە دووانەین لە یەک ئەچین، ڕۆژم شەو نیم وس بێ دەنگ بە، تۆ هەر ئەوی، تۆ هەر ئەوی بۆ ڕا ئەکەی؟ نازانی بەر دەست ئەکەوی بارستایی چوار ساڵی کەش لە ئەستۆتە هاوڕێی ڕۆژ و شەوتە ئەو زنجیر و کۆتە ٥ تا لەو کونجی زیندانە خۆی بخواتەوە بە فرمێسک چڵکی ستەم بشواتەوە ++++++++++++++++++++++