شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: دەزانی بۆ من وەک تۆ نیمپەرت و پەرێشانم، کۆ نیم: دانیشتووم و کە چی دەڕۆم مرۆڤێکی چەن سەرەڕۆم دەرۆم و کە چی وەستاوم ڕێبوارێکی بێ هەنگاوم بە هەورازا بە نشێوا هەڵدەگەڕێم دادەگەڕێم بەڕێی خەیاڵا خۆش ڕەوتم کڵپە و گڕێکی نەسرەوتم بەربوومەتە گیانی بزێو گیانی بێ ئۆقرە و ئارامم گیانی تامەزرۆ و ناکامم درەختێکم هەرچی لق و پەل و ڕەگ و گەڵام هەیە جیابوونەوە و بەدەم ڕەشەبای سەختەوە بەدەم وەیشوومە و شەختەوە دێن و دەچن لەبەر چاوم بە گێژەڵووکەی هەناوم من دیوانی شاعیرێکم کە شیرازەی هەموو واتاو بەیت و پارچە شیعرێکی ناو ئەو دیوانە هەڵوەشابێ کێش و قافیەی نەمابێ دەنگ و ڕەنگ و ورشە و پرشنگی چی هەیە لە تەما بێ وەک دڵۆپە فرمێسکی چاوی داماو وشە وشە هەڵوەریبێ ئاوارە بن وەک غەریبێ شاعیرێکم چی وشە و دەربڕین هەیە هەرچی وێنەی شیرین هەیە هەرچی هەست و نەستم هەیە ئەندێشەی هەڵبەستم هەیە هەرچی بەهرەی پاراو هەیە گوڵی شیعری گەشاو هەیە لێم یاخین و لێم ڕەنجاون بە گڕەی پەریتم ژاکاون دەزانی بۆ من وەک تۆ نیم، پەرت و پەرێشانم کۆ نیم؟ : «خەبەر بەرە بۆ خزمانم» «ئاگر بەربۆتە خەرمانم» ناخی خەمم هێندە قووڵە بوومە لەرزەی هیچ خۆشیەک - ئەم دنیایە بهەژێنێ - دەریاکەم ناخاتە جووڵە ++++++++++++++++++++++