شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: تۆ ئەو تۆیەی کە بێ دەنگم، وا نەزانی ڕۆژانی زوو ژیلەمۆ بووم نەپشکۆ بووم هێدی، هێدی، سارد بوومەوە و ئێستە مشتێ، خۆڵەمێشی سارد و سڕم *** کە بێ دەنگمواتێ نەگەی، سۆزی جاران وەکوو بەچکە چۆلەکەیەک لەبەر تۆف و کڕێوەدا زمانی لە گۆ کەوتوە و کەسیرەیە و، جریوەی لە بیر چۆتەوە *** کە بێ دەنگموای بۆ نەچی، هەستی گەرمم لەبەر گێژەڵووکەی ئازار پلە پووشێکی پایزە و بەدەم ڕەشەبای تووڕەوە بێ ئارام و بێ ئۆقرەیە و جێ چییە بە خۆی ناگرێ *** کە بێ دەنگمگومان نەکەی درەختی یاد و مەیلی تۆ گەڵاکانی هەڵوەریبێ و جارێکی تر چرۆ لە ئامێزی نەگرێ و ئیتر سەوز نەبێتەوە *** کە بێ دەنگمدڵنیا بە بێ دەنگی من دەنگە، دەنگە ئەزانێ بۆ؟ ! چونکە سۆز و چونکە هەستی ڕاستەقینەم پشکۆیەکە هەرگیز بە ژیلەمۆ نابێ خۆشەویستیم، باڵدارێکە بە هیچ هێزێ کەسیرە و دەستەمۆ نابێ یاد و بیرەوەریم بۆ تۆ درەختێکە هەمیشە هەر گەش و سەوزە و بێ نەمام و بەبێ گۆپکە و بەبێ بزەی چرۆ نابێ تۆ ئەو تۆیەی ئەو گەوهەرەی وەختە بڵێم... هیچ گەوهەرێ بە تۆ نابێ ++++++++++++++++++++++