شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: ئەوە پێرێ، ئەمە دوێنێ، بەڵام ئەمڕۆ ئەژدەهاکەکانی سەردەم! هەموو هەورەکانی مێژوو کۆ بوونەوە هەموو زام و برینەکانی ڕابردوو هەرچی کۆن و نوێیە هەموو بە ناسۆریی ڕاست بوونەوە لە زۆر لاوە ڕەهێڵەی باران و لافاو جێ پێی ستەم ئەشواتەوە لە زۆر لاوە هەوری ژان خۆی ئەخواتەوە بۆ دەمێ تەوژمی بەتاو تامەزرۆیە و تینووە بۆ ماچی هەتاو تا نەورۆزی ڕاستەقینە بۆ مرۆڤی ڕاستەقینە وەکوو خۆرێ لە ئاسۆوە پرشنگ ببەخشێ بە هیوای ڕەنگاوڕەنگی هەزاران پەلکەزێڕینە ++++++++++++++++++++++