شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: هەستێکی پیرۆز دڵم وەک خونچە ئەگەشێتەوە وەک ئەستێرەی گەش ئەدرەوشێتەوە وەک گوڵ بە شەماڵ ئەشەکێتەوە وەک ساوای نازدار ئەخنێتەوە: هەر کەناو بە ناو چاو ئەدەم زاخاو بە «ژین و هیوا و شەفەق و هەتاو» «ژین» هاوار ئەکا: کورد نەمردووە ژیانی ئەوێ چونکە زیندووە عومری لە ئەرکا بەسەر بردووە لەمەینەتیدا هەلێ کردووە بۆ ئەوەی بژی بەپێی دڵی خۆی: دەنگی ئەم «ژین»ە ڕابەرێکە بۆی «هیوا»ش خەریکە بە ڕۆژ و بە شەو کورد بۆ هیوای خۆی هەڵسێنێ لەخەو بەواتەی جوان و ڕەنجی ئەم و ئەو خەرمانی کومەڵ ئەکا شەن و کەو بەڵێ «هیوا»مان جێگەی هیوایە چونکە ئاوێتەی بیر و بڕوایە «شەفەق»یش مژدەی شەبەقی پێیە دەمەو بەیانی ناوشار و دێیە بۆ کاروانی کورد مەشخەڵی ڕێیە بەرەو قۆناخی جوان و بەجێیە «شەفەق» ڕوناکی بەری بەیانە ڕۆشن کەرەوەی شەوی ژیانە دیارە دوای «شەفەق» نۆرەی «هەتاو»ە ئەڵێ: تیشکی ڕۆژ وا بە ڕێگاوە، شەوگاری درێژ زۆری نەماوە ڕوناکی گاڵی تاریکی داوە گۆڤاری «هەتاو» تیشکی چرایە بۆ «ژین» و «هیوا» و «شەفەق» برایە ئەمانە بەهرەی «پێشکەوتن» مانن هۆی بوژاندنەوەی وێژە و زمانن مەشخەڵ هەڵگری ناو کوردستانن جێگەی شانازی نەوەی کوردانن بێ دەرد و بەڵاو گێرە و کێشەوە هەنگاوتان بنێن بەرەو پێشەوە *** بابە گیان وێنەت لە ناو چوارچێوەی دڵی منایە شەپۆلی هەستی خۆشەویستی تۆ هیچ لە بن نایە ساڵی هەزار و نۆسەد و پەنجا و هەشت بەجێت هێشتم ماڵی سەیوانت لە ژێر سێبەری ئەرخەوانایە ++++++++++++++++++++++