شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: هیوا سەبارەت: ١٩٥٨ هیوا لە ژینا ڕێ پیشاندەرمە وێڵ و ئاوارەم هەر ئەو ڕابەرمە بۆ لووتکەی بەرزیی پاڵ پێوەنەرمە بۆ شەڕی ژیان قەڵا و سوپەرمە خۆراکی گیان و توێشووی سەفەرمە بێ هیوا، ژیان: زیندانی تەنگە تاریک و نووتەک وەک شەوەزەنگە هیوا هەڵدێنێ چاوی خەوتنم ئەبێتە مایە و هۆی سەرکەوتنم بە جووڵانەوەم، بە نەسرەوتنم بە هەڵسانەوەم لەپاش کەوتنم بێ هیوا، ژیان: وشک و بێ تامە بێ پاشە ڕۆژە، بێ سەرەنجامە تەنها بە هیوا دڵ ئەکرێتەوە دەروون زاخاوی پێ ئەدرێتەوە گیان ژەنگ و ژاری خۆی ئەسڕێتەوە ورە و هێز جێگای زووی ئەگرێتەوە هەنگاو گرەوی پێ ئەبڕێتەوە بێ هیوا، ژیان: نائومێدییە ڕەنجەڕۆیییە، نامرادییە هیوایە ساڕێژ ئەکا برینم ئەسڕێ فرمێسکی چاوی گرینم گریان ئەگۆڕێ بە پێکەنینم خۆشی ئەخاتە دڵەی خەمگینم شەبەق ئەبەخشێ بە شەوی ژینم بێ هیوا، ژیان: پەست و ناخۆشە گوڕستانێکی مات و خامۆشە ++++++++++++++++++++++