شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: گوڵی جێ ماو ئەی ئەو کەسەی هەمیشە پیشەت کۆشش و ئیشە بە سەرگەرمی بێ وچان لەسەر ڕێگەی هەوڵدان تاکوو دواهەناسەی ژین بەخت ئەکەی تەوژم و تین بە ڕەنجی شانی بازوو بە گاسنی بێ پشوو جەرگی زەوی دەر ئەدەی تۆوی بەسەردا ئەکەی بە ئارەق و ئەشکی چاو پەروەردەی ئەکەی تیر ئاو جا بە داسی بزوتن ئەکەویە درەو کردن لەگەڵیا ئەکەویە خۆ پێی ئەبڕی بەرگی مەڵۆ لەوێ لەسەر پشتی ورد گێرەی ئەکەی دەست و برد بە شەنی بێ وچانی لێک ئەکەی پوش و دانی دوای ئەو ئەمجا کێشەوە خۆی ئەکوتێ بۆ پێشەوە سەروەری گوڵی جێماو هەر تۆی تۆ ئەی بەجێماو ڕەنج و کنەی ڕۆژ و شەو کردەی تۆیە و بردەی ئەو ++++++++++++++++++++++