شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: لە چوارینەکانی بابە تایەری هەمەدانی بەبێ تۆ، گوڵ لە باخا خوایە نەڕوێت ئەگەر هات و ڕووا بێ ڕەنگ و بۆ بێت بەبێ تۆ هەرکەسێ لێوی بزەی بێ لەڕووی خۆی، خوێنی دڵ، تاماوە نەسڕێت *** دڵێکم لایە کڕیاری موحیبەت کەهەر بەو گەرمە بازاڕی موحیبەت جلێکم کردە بەر باڵای دڵی خۆم کەوا پۆی مەینەتە و تاری موحیبەت *** لە دەستی چاو ودڵ هەردووکی فەریاد ئەوەی چاوی دی، دڵم کردوویەتی یاد دروست کەم خەنجەرێ نووکی لە پۆڵا لە چاوی خۆمی بەم تا دڵ بێ ئازاد *** بەبێ تۆ، دڵ لە کوێ خۆشی ئەبینێ لە ڕووی تۆدا ئەبینم خەم ڕەوێنێ ئەگەر دەردی دڵم دابەش بکەم کەی لەدنیادا دڵێ بێ دەرد ئەمێنێ؟ *** بەڵایە دڵ، بەڵایە دڵ، بەڵایە گوناهبار چاومە و دڵ موبتەلایە ئەگەر چاوم سەرنجی خۆی نەگێڕێ دڵم چوزانێ جوان وا لەچ لایە؟ *** لەدەریا سەیر ئەکەم، هەر تۆ ئەبینم لەسارا سەیر ئەکەم، هەر تۆ ئەبینم لەهەر لاسەیر ئەکەم دەشت و دەر و کەژ هەمووی هەر بەژنی تۆیە نازەنینم *** دڵم زار و حەزینە، چۆن نەناڵم؟ ژیانم ئاگریینە، چۆن نەناڵم؟ ئەڵێن پێم: بۆچ و تاکەی هەر ئەناڵی؟ کە مەرگم لە کەمینەچۆن نەناڵم؟ *** مەگەر شێر و پڵنگی، ئەی دڵ! ئەی دڵ! لەگەڵما هەر بەجەنگی ئەی دڵ! ئەی دڵ! ئەگەر دەستم کەوی خوێنت ئەڕێژم بزانم تاچ ڕەنگی، ئەی دڵ! ئەی دڵ! *** وەرن ئەی دڵ سووتاوان! با بناڵێن لە دەستی یاری بێ پەروا بناڵێن بچین بلبل لە باخا گەر نەناڵێ لەباتی بلبلی شەیدا بناڵێن *** درەختی خەم لە گیان کردوویە ڕیشە لە دەرگای خوایە ناڵەی من هەمیشە عەزیزان! بایەخی یەکتر بزانین ئەجەل بەردەو مرۆڤیش چەشنی شووشە ++++++++++++++++++++++