شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: مامۆستا گیان سەبارەت: بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکەم لە چوارتا، مامۆستا «ع. و. نوری» لەژێر تەمی یادگارا تەمی خەستی ڕۆژگارا ئەو سەردەمەی من مناڵ بووم چۆلەکەی بێ پەڕ و باڵ بووم بە هەزار حاڵ شێوەت ئەکەم قەتماغەی زامێ لا ئەدەم هەناسەیەک بە با ئەدەم ساڵانی پێشووم ڕا ئەدەم زام: تا بڵێی سەخت و قووڵە هەناسەی چی؟ گەردەلوولە کە خوشکی لەش هەڵقرچاوم گیانی ئەدا لەبەر چاوم چۆن دایکی جگەر گڕ گرتووم بۆ فریشتەی لەدەس دەرچووم خوشکی من و قوتابی تۆ برژە برژی بوو بە پشکۆ کچانی لە هەیوان ڕاکشاو بە ئاستەمێ نووزە تیاماو هاتی بۆ لای، مامۆستا گیان ئەی مامۆستای دڵ میهرەبان بەدەست و پەنجەی پیرۆزت بە هەستی بەزەیی و سۆزت دەرمانت دا لە زامەکەی بۆت هێنا بڕوانامەکەی بە چاوی وتی: بۆ چیمە؟ هەرچی هیوای ژین بێ نیمە زۆر دانیشتی بەلایەوە وەک باوک دڵت دایەوە ئیستەش یادی ئەو کسپەیە لەناخا چەشنی کڵپەیە ++++++++++++++++++++++