شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: فەلسەفەی ژیان هەرچەن تەماشای شانۆی ژین ئەکەم چاوی تێبینی بە دووربین ئەکەم تەمێ ماتەمی دڵم دائەگرێ جار جارەش تاسەی پێکەنین ئەکەم *** سەرنجم ئەڕوا ورد ورد بەرەو ژوور قۆناخ بە قۆناخ، بۆ نزیک و دوور بەرەو سەرچاوەی مەڵبەندی ژیان دەریای بێ بن و بێ پەی و سنوور *** لێوی تەڕ نابێ سەرنجی تینووم تاسەی ناشکێ تاسە و ئارەزووم ناگاتە لووتکەی نەهێنی ژیان مەلی تیژ ڕەوی خەیاڵی بەربووم *** بەڵام ئەو شتەی لە لای من ڕوونە لەم کەین و بەینی بوون و نەبوونە ڕێی ناچارییە ژیان و مردن لەپاش دەرکەوتن ئەنجام ون بوونە *** ناچار دێمەوە لەو دوورە گەشتەم بۆ ناو کۆمەڵی ئەم سەر زەمینە بۆ سەیری شانۆی سەیری ئەم ژینە وێڵە بۆ مانای ژین ئەم هەڵبەستەم! *** هەندێک پێم ئەڵێن، لەو سەر شانۆیە! ژیان فرمێسک و شین و ڕۆیە هەناسەی سارد و نائومێدییە هەموو دڵێکی تیا ڕەنجەڕۆیە *** هەندێکیش ئەڵێن ژیان: خەباتە ڕێی پێشکەوتنی گەل و وڵاتە پەروانە پەروای سوتانی نییە بەرەو ڕووناکی گیانی خەڵاتە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین: نەسرەوتنە ڕەنج و تەقەلا و ئارەق ڕشتنە «دەست ماندوو نەبێ سکیش تێر نابێ» بە پارووی حەڵاڵ ژین دەسکەوتنە *** هەندێکیش ئەڵێن ژیان: زانینە خەو لێ زڕان و مێشک گووشینە وەک مۆم چۆن بە شەو کز کز ئەسووتێ مەبەستی بەرزی تیشک بەخشینە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین: شەڕ کردنە بۆ تۆڵە سەندن هێرش بردنە بەشەر هەر بە شەڕ ئەتوانێ بژی ژیان بە ئاشتی مانای مردنە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین: دڵدارییە لە ڕێگەی دڵا فیداکارییە پەپوولە شادە بگاتە گوڵی نەیگاتێ ئەوا دەردی کارییە *** هەندێکیش ئەڵێن گوایە ئەم ژینە بە دڵ مەست بوون و لەخۆ گۆڕینە بڕۆ سەرخۆش بە و بژی بە خەیاڵ بایەخی ژیان خۆنەناسینە *** هەندێکیش ئەڵێن ژین بایی بوونە پیاوی بێ هەوا، زار و زەبوونە هەر کەسێ مەستی بادەی وا نەبێ هەزار ساڵ بژی لەجێی نەبوونە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین پێکەنینە سەیر و سەیران و بەزمی بەجۆشە هەڵپەڕکێ و چەپڵەی گەرم و بەتینە بەستە و گۆرانی و ئاوازی خۆشە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین سەرمایەیە ڕێگەی ناوبانگ و بەرزیی پایەیە دراو بە بڕوای پارەپەرستان گوڵی سەرسنگی ئەم دنیایە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین خوێن مژینە ڕەنجی ئەم و ئەو بۆ خۆ دزینە هەر زەبر و زەنگ و فیداکارییە تەنها زەرووە شایستەی ژینە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین سەردارییە کەچ کردنی مل هۆی ناچارییە ملی ڕێ بگرە و بڕۆ بۆ بەرزی یا سەردارییە، یا سەر دارییە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان خۆ و بەختە بە ناوچەوانە، بە ڕۆژ و وەختە باز کە هەڵدرا ئەنیشێتەوە بۆ هاتوو ڕێگەی سەختی لاتەختە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین بێ هونەرە هەرچی کە هەیە قەزا و قەدەرە لە ڕۆژی خۆیا نووسراوە گشتی لێ پرسینەوەش ڕۆژی مەحشەر *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان حەیایە ڕەوشتی بەرز و شەرەفی تیایە عیززەتی نەفس و کەرامەت نەبێ بۆ دەردی ژیان مردن دەوایە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان وەفایە سپڵەی پێ نەزان پووشی دەم بایە نان فڕێ بدە و بە سپڵەی مەدە هەر وەفادارە ئەمەکی لایە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژین بێ باریە هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێک یاری یە بن بار و سەربار بابێ باری بێ پیشەی یەک ڕەنگی تاوان باریە *** هەندێکیش ئەڵێن: ژیان ڕیایە ڕستنی تەشی بۆ نان ڕەوایە مەرایی بکە و چاو بنووقێنە ژیان لە خەو و لە خواردنایە *** بەم چەشنە ژیان کە وەک دەریایە سەدان شەپۆلی وای لەناوایە سەرنجی لێ دەی ئەبینی کە چەند بەردی بەنرخ و بێ نرخی تیایە ++++++++++++++++++++++