شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: شوانی بێ فەڕ هاوار ئەکەم بە ڕۆژ و شەو ئاخ لە دەس شوانی چاو لە خەو مەڕ بە گورگان خواردو ئەدا لەو کەژ و چۆڵ و دەشتەدا بۆ تۆزێ خەو، تۆزێ پشوو ئاگر بەر ئەداتە پوشوو گورگ بەر ئەداتە گیانی مەڕ شوانی وا پاتاڵ و بێ فەڕ ئەو مێگەلە بزن و مەڕە قوربانی سایەی سێبەرە قوربانی توزقاڵێ خەوە هۆی بە قڕدانی ئەم، ئەوە داد لەدەس شوانی خۆپەرست تێر نەخۆر و سک خۆشەویست تا ڕاوەستابێ ئەو ورگە کەی ئاگا و هۆشی لای گورگە هەر شیری تازە نۆش ئەکا شتی تر فەرامۆش ئەکا هەر شنەی شەماڵی ئەوێ هەر سۆزی شمشاڵی شەوێ هەر بەستە و گۆرانی ئەوێ هەر گەشت و سەیرانی ئەوێ هەر ئاوی سەرچاوەی ئەوێ هەر دەشتی ڕازاوەی ئەوێ هەر سایەی سێبەری ئەوێ هەوای دەشت و دەری ئەوێ شوانێ ڕەوشتی ئاوابێ دەربەستی مێگەلی نابێ بەڵام خاوەنی بزن و مەڕ مل کەچی نابێ تاکوو سەر خۆی بێ ترس و پەروا ئەکا شوانی وا هەر ڕسوا ئەکا مێگەل ئەداتە دەس شوانێ کەقەدری شوانی بزانێ ئەیداتە دەست پاسەوانی خۆی لەسەر مێگەلی دانێ ++++++++++++++++++++++