شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: بەستەیەک من مەلێکم ئاشتیخواز بە چریکەی خۆش ئاواز لە خاکی کوردستانا خەڵکی ئەخەمە پەرواز *** بە بەستەی شیرین و خۆش بە کوڵ بە تاسە، بە جۆش لەهەرلا دەنگ هەڵ ئەبڕم ئەیخەمە بەزم و خرۆش *** ئەخوێنم، دڵم شادە لەش لە قەفەس ئازادە بەستەی ئاسایش ئەڵێم بەزوبانێکی سادە *** هەتا ڕۆژ بە شەو ئەکەم بانگی ئەم و ئەو ئەکەم بۆ ئاشتی و برایەتی هی نووستوو لە خەو ئەکەم *** بۆ ئەوەمە بە جارێ هەڵسن بیکەینە کارێ کوننە پەپووی شەڕانی چنگ لەسەر شان بتاری *** نەهێڵین لێرە و لەوێ هەناسەیەک بسرەوێ ئەوەندەی هەڵفرێنین تالەپەل و پۆ کەوێ *** چونکە کوندە پەپووی گەڕ زۆر حەز ئەکا وشک و تەڕ بەسەر یەکا بسووتێ بەئاگری شوومی شەڕ *** حەز ئەکا دەستی تاوان بگرێ بەرۆکی لاوان بەناسۆر هەڵوەرینێ گوڵی تەمەنی جوانان *** یان بۆمبا لە ناکاوا لەو پەڕی تین و تاوا لەگەرمەی شیرین خەوا خۆی با لە کۆرپەی ساوا *** یان ئافرەتێکی سک پڕ نێزەیەکی جگەر بڕ لەشی ئەنجن ئەنجن کا لەگۆشەی ماڵا لە پڕ *** یان پیرێکی دەروون پاک سادە و ساویلکە و خەمناک پارچە بۆمبایەکی وێڵ بۆ خۆی بیکا بە خۆراک *** یان ئەتۆمی بێ ئامان دوژمنی سەر و سامان دەس کا بە پاکۆ دانی ژینی پڕ لە هیوامان *** یان سەرانسەر شار و دێ بەسەر خەڵکا بڕوخێ کوننەپەپوو کەلاوەی بۆ خۆی لێ بکا بەجێ *** بەڵام خەیاڵی خاوە ئەو چەپەلی گڵاوە خەڵکی بەسۆز و بەکوڵ پەیمانی ئەوەی داوە *** ئەو پەڕی هێز و توانا لە ڕێگەی هیوای جوانا بۆ ئاسایش بەخت کا لەپێناوی ژیانا *** بەهۆی ئەم خەباتەوە دنیا دەنگ ئەداتەوە: سەفەربەر و ڕەشبگیر ئەبێ ڕوو نەداتەوە *** گەلانی نزیک و دوور زەرد و ڕەش و سپی و سوو هاوار ئەکەن پڕ بە دەم هیوادار و پشت ئەستور: *** ئاشتی هەر پایەدار بێ دنیا گوڵ و گوڵزار بێ پڕ گوڵی ئاڵ و واڵا چوار وەرزەکەی بەهار بێ *** منیش مەلی کوردانم پەروەردەی کوردستانم بۆ گوڵی ئەو بەهارە بلبلی نەغمە خوانم ++++++++++++++++++++++