شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: بەراوردێک بەردی تانوت و پلاری دوژمن بریندار ناکا هەست و سۆزی من بەڵام ئەو گوڵەی دۆستم تێم ئەگرێ پێم هەڵ ئەکێشی هەناسەی بێ بن *** ئەگەر خۆ دڕکێ هەڵ چەقی لەپێم پێم ئەڵێ: دڕکم هەر ئازارە پێم ئەی ئەگەر گوڵێ بۆنی ناخۆش با خەڵکینە! ئاخۆ ئەو ئەڵێ چی پێم! ؟ *** دەبا بای خەزان گوڵ هەڵوەرێنێ زەردی کا، سەوزی گەڵا بسێنێ بەڵام بۆ بەهار لە کوێ ڕەوایە وەیشومەی مەرگی خونچە بهێنێ؟ *** بایەقوش بۆ خۆی باهەر بخوێنێ دەنگی ناسازوشومی بنوێنێ بەڵام کفرە لام بلبلی دەنگ خۆش بەدەنگێکی تر دەرون بدوێنێ *** با شەوی تاریک دەریای بێ بن بێ تریفەی مانگ و ئەستێرەی ون بێ بەڵام جێی داخە ڕۆژی گەرم و گوڕ ساردی وتاریکی ببێ و بۆ من بێ ++++++++++++++++++++++