شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: ئەی کامەرانی ئەی کامەرانی! گەشە و ڕووناکی هیوای ژیانی بۆ شەو شەبەقی، گزنگی خۆری دەمەو بەیانی تریفەی مانگی، جریوەی خۆشی ئەستێرەی گەشی ڕۆشن کەرەوەی دڵ و دەروونی تاریک و ڕەشی تۆ ئەو مەبەستە پیرۆزەی بەرەو قۆناخی شادی یەکەم ڕابەری کاروانە گەورەی ئادەمیزادی تۆ چارەسەریی دەردی گرانی گیانی کۆمەڵی بۆ دۆزینەوەی ڕێ لە ژیانا گڕ و مەشخەڵی وێرانە گەر تۆ بچیتە ناوی، خۆشە، ئاوایە تۆ هەبێ خەم و پەژارە و سزاکەی لە ناوایە؟ تۆ هەبی ئەوەی کەوا هەژار و دیل و کڵۆڵە، بەخت و ناوچاوی ڕەشی لە تاوا ئاوارەی چۆڵە تۆ کلیلێکی زنجیر و کۆتی پێ ئەکەیتەوە جەرگ و هەناوی ڕەشی بەدبەختی بەر ئەدەیتەوە ئەوەش ئەزانم کە تۆ نە بەهرەی، تۆ نە خەڵاتی بەڵکوو بەروبووی بەپیت و فەڕی تۆوی خەباتی چەن لافاوی خوێن، خوێنی گەش و ئاڵ بۆ تۆ ڕژاوە چەن کەللەی سەر و مێشکی بلیمەت بۆ تۆ پژاوە چەن پێ هەڵوەری بەدەم زنجیر و کۆتی سزاوە چەن دەست و مەچەک لەناو ئاسنا بۆ تۆ ڕزاوە چەن مل لەسەر تۆ، بە ڕۆژی ڕووناک، کرا بە پەتا چەن جەستە، چەن گیان، سووتا لە بۆتەی جەور و مەینەتا چەن دڵی ناکام، ئێستا لە سەر تۆ، ئەسپەردەی گڵە گلێنەی چاوی چەن گوڵی نازدار زەدەی چقڵە چەن گیانی نەبەز بۆ تۆ، لەسەر تۆ، گیرۆدەی بەندە دیلی زیندانی تەنگ و تاریک و ئەڵقەی پێوەندە چەن جوانەمەرگی خێر لەخۆنەدیو کە گیانی دەرچوو بەستە و گۆرانیی ئاوات و هیوای تۆی لەسەر دەم بوو بە کورتی ماک و هەوێنی شادی و خۆشیی ژیانیت بەنرخی بۆیە وەها گرانە قۆچی قوربانیت ++++++++++++++++++++++