شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: لە وەڵامی نامەیەکدا سەبارەت: بۆ هەرە خۆشەویستەکەم ١کە شەپۆلی شەماڵەکەت لەناخەوە هەژانمی پەرداخی فرمێسکی پڕبووم تاسەی دووریی بە یەک قڵپ ڕژانمی *** لە خەم و پەژارەی خۆمالەناوەوە شانە شانە پوورەهەنگ و جێی شارە زەردەواڵە بووم کش و مات و وڕ و بێ دەنگ کە چی گیانە لەو دوورەوە هەستی تۆ ورووژانمی *** چەشنی گوڵە بەرۆژەیەکبەسەر لقی بەرزی خۆرپەرستی و ژیانمەوە هەڵ نیشتووم کە چی کڵپەی هەناسەکەت بە ڕەگەوە برژانمی ٢ دە ئەی بەچکە چۆلەکە بێ پەڕ و باڵ و باڵدارەکە ئاوارەکە بۆ لقەکان، هێلانەکە هەر بخوێنە و بخوێنەوە *** دە ئەی بەفر هەناوەکەئەی دڵداری لوتکەی بەرزی چیا گردن پیرۆزەکان نەرم نەرم، هەر ببارێ و بشۆرەوە ئازارەکان بۆ گزنگی هەتاوە کە *** بەلەمەوان! لەناو دەریای بێ سنووری ناز و خۆشەویستی خۆتا بەرەو ئاسۆی هەرە بەرز و گەش و پیرۆز بۆ پێشەوە هەر مل بنێ و سەوڵ لێدە بۆ مژینی شیلەی ژیان ٣ من ئەزانم، گوڵ و گەڵا هەر لەسەر لق و پەلی خۆی سەوز و ئاڵە من ئەزانم ئاوی کانی وەکو کۆرپەی کۆشی دایک هەر لەسەر سنگی سەرچاوە ڕوونی نازە و ئەڵێی دوو چاوی قرژاڵە من ئەزانم کەوی نامۆ لەقەد پاڵی شاخ و کێوا  بەرەڵابێ دەنگی دلێر و زوڵاڵە بەڵێ، بەڵێ، من ئەزانم مرۆڤی دوور و ئاوارەش لە بەهەشتا بۆ دۆزەخی نیشتمانی شیرینیی ژیانی، تاڵە ٤ ئەمە وایە ئەمە ئایینە، بڕوایە کە چی لەگەڵ ئەوانەشا خۆ شل کردن، «ترازاندن» تا لێواری «کەمێ مردن» ناڕەوایە ئەزانی بۆ، چونکە مرۆڤ ئەوەندەی لاوازی تیایە سەد ئەوەندەش سەرچاوەی پیرۆزی و ژیری و گەورەیی وای لە ناخایە کارێزێکە، وەک داربەڕوو ڕەگ و ڕیشەی چڕ و قووڵی لەبێخایە، لە بن نایە ٥ لەگەڵ هەموو ئەوانەشا کە دەیزانم، خۆزگەم وایە دڵێکی ئەوەندە گەورە و دەروونێکی وام هەبوایە چی خۆشەویستی هەڵئەگرێ لەم ناو سروشت و دنیایە بڵێم ئۆخەی لە دڵمایە بڵێم ئۆخەی لەگەڵمایە لە گیان و چاوی تۆدایە ++++++++++++++++++++++