شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: شاعیر بۆیە شیعر ئەڵێ کە وشکە خەم ئەتوێتەوە وئەبێ بە فرمێسکێکی گەش ئەڵێن باری لەش سووک ئەبێ ئەی ئەوانەی خەمیان زۆرە و لەناوەوە خۆیان، خۆیان ئەخۆنەوە چاویان فرمێسک ناناسێ ئاخۆ قوڕقوشمی سەر دڵیان چەن گران بێ؟ ! بەو هەموو خەمە سەوزەوە ئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ ئەبێ هەور لە وەرزی شەستەبارانا دا نەکات و بەهاریش وەجاخی کوێر بێ و گوڵی پێ نەگەشێتەوە بەو هەموو خەمە چڕەوە ئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ ئەبێ چاو بۆ بینین و گوێ بۆ بیستن و دڵ بۆ لێدان و بۆ ژیان نەبێ *** بەو هەموو خەم و ژانەوەئەگەر شاعیر شیعر نەڵێ ئەبێ دایک نەزۆک بێت و مناڵیش بێ هەناسە بێ و لێوی ساواش بزە هەر نەزانێ چییە *** شاعیر بۆیە شیعر ئەڵێ: وشکە خەمی بتوێتەوە و ببێ بە فرمێسکی شیعر ببێ بە بارانی شیعر گوڵ و بەهارانی شیعر ببێ بە چاو بە گوێ بە دڵ بۆ بینین و بۆ بیستن و بۆ چرکەو لێدانی شیعر *** شاعیر مناڵیشی نەبێبە شیعر وەجاخی ڕوونە چاوی کۆرپە و لێوی ساوای گەر بشگری هەر بزەیە و زەردەخەنە ++++++++++++++++++++++