شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: سێ تەڵ سەرنج ١ئەستێرەیەک لە ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی خۆشەویستیەک گوێم لێ بوو سکاڵای ئەکرد جار جارە بە مانگی ئەوت: بۆچ وەک ئەستێرەکانی تر تریفەی زۆرم نادەیتێ و تێری گەشەی خۆتم ناکەی مانگیش ئەیوت: پێش ئەوەی لەدایک ببن لەناخی دڵسۆزی من و خۆشەویستی بێ سنوورا چەن مرواری و گەوهەرێ بوون یەک لەدوای یەک هەر وەکوو یەک ڕووناکیی سۆزم پێدان و خەڵاتی ئاسمانم کردن تاگەش بن و بجریوێنن ٢ لە خەوما باخەوانێ بووم باخێکی بچکۆلەم هەبوو یەکێ لەشەتڵە کۆرپەکان ویستی بەجێمان بهێڵێ ڕووی تێ کردم: - تۆ ئەڵێی چی؟ گەر ئەزانی هەواری نوێ سەوزی و بەرزی و گەشەی پێیە مەیلی خۆتە، وابەجێیە ئەویش کەلێکی دایەوە زانی هەڵەت و ڕەقەنە لە باخەکەی خۆی مایەوە ٣ ڕۆژێ لە کەناری چەمێ گوێم لە شەپۆلێکی ورد بوو بە خوڕەی ئاوەکەی ئەوت: ناتوانی وەکوو من مەنگ بی وا بێ دەنگ بی خوڕەش وتی: ئەگەر وابم شایستەی ناوەکەم نابم ئەگەر خەو بچێتە چاوم ونی ئەکەم دەنگ و ناوم شەپۆل وتی: نەخێر کە ئەگەینە دەریا کە لەوێ کۆ ئەبینەوە گەورە ئەبین هەرچی هێمنیی دنیایە ئاوێتەی ناخی دەریایە هەرچی جوانی و پیرۆزییە لەوەدایە بەو مەزنی و تەوژمەوە هاژەی نایە ++++++++++++++++++++++