شاعیر: شەریف کتێب: ملوانکەی شین سەرناو: دیل وەکوو ئاوی بنی گۆمێ کە جێمابێ لە رووبارێ وەکوو بەردی سەری شاخێ کە دانرابێ لە دیوارێ وەکوو کاتێ گەڵای زەردێ دەسی بەربێ لە سەر دارێ دڵم تەنگە لە تەنیایی نە هاوڕازێ نە خەمخوارێ من ئەو بەردەی گرفتارم، کە دیلی چینی دیوارم من ئەو ئاوەی بنی گۆمم کە جێماوم لە رووبارم گەڵای زەردم، مەلێ پیرم، منم دڵداری زنجیرم لە بیرم دێ کە سی ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم لە تاریکی ژیانم دا لە سووچی سەردی زیندانا بە مۆرەی بەردی ناکامی بە جارێ عومری خۆم دانا بەڵێ ئەو ساتە لاوێ بووم وەلێ ئێستا وەها پیرم هەیە جارێ بەسەرهاتی خەمینی خۆم نییە بیرم قەرەوڵ دێت و رادەبرێ، شەوانی عومرم ئەژمێرێ شەوێکیش وا منی دیل، بە دەستی مردن ئەسپێرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەیەک بۆ فەلەستین ئەی سەرگەردانی مانوو لێقەوماوی بێخانوو ئەی ماڵ و منداڵ لە کۆڵ ئاوارەی نیشتمان چۆڵ ئەی برای فەلەستینی کەی مافی خۆت ئەستێنی؟ ئەی باڵندەی بێ هێلان ئەی وەیلانی بەستەزمان لەو دەشت و دۆڵ و کێوە دوو کۆڵ ئەبەیت بە رێوە کۆڵێ ماڵ و منداڵت تەزاندوویەتی باڵت کۆڵێ خەمی وەیلانی دڵت گرتوویە شانی بارت قورس و پێ پەتی رێبواری رێی مەینەتی ئاخۆ خەمی نیشتمان پێت قورسە یا کۆڵی شان؟ ! ئەی فەلەستینی هەژار وێڵی دەستی ئیستیعمار رۆژێ دەبێ خەباتت بێنێتە دەس وڵاتت ئاخۆ ئەو رۆژە کەی بێ؟ ئاخۆ ئەو رۆژە کە بێ؟ ! *** ئی باڵندەی بێ هێلان ئەی وەیلانی بەستەزمان *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادێ بولبولی بەندی قەفەس پەروەردەی ئەو کێوانەیە بۆیە تا ئاخر نەفەس هەر وا بە تاسەی لانەیە باڵی ئازادی ئەسووتێنین و دانەی پێ ئەدەین نەک ژیانی ئەو مەلە، تەنیا بە ئاو و دانەیە شینی هێلانەی دەکا، ئەگریت وسەربەستی دەوێ بانگ و ئاوازی قەفەس، ئەو شیوەن و گریانەیە سووچی بەندی بۆ دەڕازێنینەوە بێخەم بژی کەی نیشانەی ژینی بێخەم، زیوەری کاشانەیە؟ ! تێدەکۆشێ هەڵفڕێ، بەندی قەفەس بۆی ناچڕێ ئاخرین ئاواتی بەرزی دیتنی هێلانەیە نەغمە سەردانی کە وا پاراوی هەستی گەل دەکا شینی بێ فرمێسکی ئەو باڵندە بەستەزمانەیە سووچی بەندیخانە وایە هەر کە ئازادی دەوێ بەرهەمی کاتی خەمی، ئەو نەغمە بەرز و جوانەیە (قانع)م دێنێتەوە بیر ئاوازی باڵندەی قەفەس قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوتابخانە ١ پاش ئەوەی کە خۆر هەڵدێ پڕشنگ ئەخاتە سەر دێ خوێندەواران دێنە دەر رێی مەکتەب دەگرنە بەر *** لە نێو کۆمەڵی ماڵان بۆ خوێندنی منداڵان ماڵێکی زۆر وێرانە کراوەتە قوتابخانە کاکی مودیر بەیانی بەر لە خوێندەوارانی ئەڕوات و لەو بەر درگا ماوەیێ هاتوچۆ دەکا رەوشتی کاکی مودیر لاوی ژیر و رۆشنبیر لە نێو دڵی خەڵکی دێ بە جوانی گرتوویە جێ یاری هەژارەکانە هیوای نەدارەکانە لاوێکی چاک و رووخۆش کوردی وێژ و کوردی پۆش ٢ ماوەی تر مەکتەبی دێ گەرم ئەبێ بە سروودێ لە پەنجەرەی پورتوکاو تیشکی خۆر ئەداتە ناو مامۆستا وەکوو جاران ئەڵێ بە خوێندەواران: دیسان رۆژی شەممەیە کاتی پرسینەوەیە ( وریا تۆ هەستە سەر پێ دەرسی پێشووم بۆ بڵێ (ئا) وێنەی چی؟ (ب) وەک چی؟ (ت) وێنەی چی؟ (پ) وەک چی؟ لە ئەلفەوە تاکوو یێ هەرچی دەیزانی بیڵێ. ) وریا بیر ئەکاتەوە وەڵامی ئەداتەوە: ( ئا وێنەی ئازادی ئاڵای ئاوات و شادی ب وەکوو برسییەتی پ وێنەی پێ پەتی ت وەکوو تاڵی ژین تاریکی و تێکۆشین) کاتێ شتێ نازانێ بۆ منداڵان ئەڕوانێ (نون بە وێنەی نەدار هـ بە چەشنی هەژار) ٣ کاکی مودیر هەڵدەستێ بەرامبەریان دەوەستێ ئەڵێ: (بەسیەتی ئیتر دەس کەینە باسێکی تر هەتا من لە بیرم بێ ئەم وشانە ئەگوترێ تاکەی دەرسی دڵتەنگی؟ تاکەی دەرد و بێدەنگی؟ ئیتر لایان بەین لە بیر روو کەینە را و تەگبیر) *** منداڵەکان مات ئەبن دەرسی تازە گوێ دەگرن بێدەنگی قوتابخانە پڕ دەبێ لەم وشانە: (ئا وێنەی ئازادی ئاڵای ئاوات و شادی ب وەکوو بیرەوەر ت وێنەی تێکۆشەر س وەکوو سەربەستی سەر و سێدارە و سستی) منداڵ بە یەک دەنگەوە دەڵێن بە ئاهەنگەوە: (خ بە وێنەی خەبات خوێندن و خوێن و خەڵات کاف وێنەی کوردستان کورد و کۆمەڵ و کوێستان) *** ماوەی بەر لە نیوەڕۆ دوایی دێ دەرسی ئەمڕۆ ئێوارە منداڵەکان لە نێو باخ و لە سەربان دەرسی تازە دخوێنن بە خەڵکی رادەگەیێنن: (ی وەکوو یەکیەتی یەکگرتن و یارمەتی) ٤ ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەم دەرسەیان لەبەر بوو بەڵام تاکوو خۆراوا بەو گەرمای خۆرەتاوا لە رێی شارا وەستابوون چاوەڕێی مامۆستا بوون تینی خۆر و خەمباری پرسین و چاوەنواڕی: (مامۆستامان وا لە کوێ؟ بۆچی نایەتەوە دێ؟ ) *** پێش ئەوەی تاریک دابێ هەواڵێ کەوتە نێو دێ: (مامۆستای قوتابخانە کەوتووەتە بەندیخانە مامۆستای قوتابخانە کەوتووەتە بەندیخانە) *** ماوەی حەفتەیێ دەگوزەرێ نابێ لەوی خەبەرێ بەڵام خوێندەوارەکان هەر لە قوتابخانەدان دەنگی بەرزی دەرسی جوان ئەڕوا بەرەو ئاسمان: (ب وێنەی بێگانە برین و بەندیخانە... ) چاویان وا بە رێەوە مامۆستایان بێتەوە ٦ رۆژی هەوەڵی زستان کە سەرما هاتە کوێستان کەسێ هەواڵێ دێنێ دڵی دێ ئەلەرزێنێ: (چەن لاوێکی رۆشنبیر بە هاوڕێی کاکی مودیر ئەو رۆژە تاریک و روون لە سێدارە درابوون) ٧ ئیتر ئەو منداڵانە جێ دێڵن قوتابخانە کاتێ ئەڕۆن بە دڵتەنگ چاو بە فرمێسک و بێدەنگ خوێندەوارێ کش و مات سەرنجی دیوار ئەدات فرمێسکی پڕ لە گرێ دێت و بەر چاوی دەگرێ لە بان تەختەی سەر دیوار خەتێ مابوو بە یادگار دڵی نەدەهات کەسێ شتی لە سەر بنووسێ: (ی وەکوو یەکیەتی یەکگرتن و یارمەتی ئا وێنەی ئازادی ئاڵای ئاوات و شادی) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەیێ بۆ کۆڕی شاعیران کورد ئەگەرچی زۆرە دەردی، بەردی مەینەت وا لە رێی دەس لە ئەژنۆگرتن ئەو بەردانە لانابا لەرێی شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ بۆ چی قانع بم لە ژینا، بۆ ئەبێ هەوڵێ نەدەم؟ ! بۆ ئەبێ دەس هەڵگرم، تاکوو بە ئامانجم نەگەم؟ ! هێمنی هەڵناگرێ ئەم چەرخە بۆ کوردی کوڵۆڵ تا بەکەی هێمن بژین و تێنەکۆشین گورج و گۆڵ؟ گەر هەموو پەرداخی ژینم هەر وەها پڕ بێ لە ژار ناگرم دەستم لە ئەژنۆ، قەت بە خۆم ناڵێم هەژار هەر وەکوو (بێکەس) ئەگەرچی دەردەدار و بێکەسم من کەسم کوردە، بە کەس ناڵێم هەژار و بێکەسم شێعری خاوێنم دەوێ خوێنی دڵ و زاری نەبێ رەنگی فرمێسکی دەروون و بۆنی خەمباری نەبێ ٢ تا پەری شێعرم نەدی، هەر ساتە بیرێ وام هەبوو داخەکەم چاوی پەریش، غەیری خەمی تێدا نەبوو بۆ گوڵی شادی گەڕام ماوەیێ، هەتا بیدۆزمەوە تاکوو بەرگی بووکی شێعری پێ بڕازێنمەوە شار و کوێستانی وڵاتی کوردەواریم گرتە بەر پێکەنینم نەدی هەرگیز لە دڵ هاتبێتە دەر بۆ نەگریم من کە پەروەردەی هەوای شاری خەمم؟ ! چی بنووسم؟ غەیری ئەو فرمێسکە، چی بێ بەرهەمم؟ ! کوردەواری هەر بەشی زووخاو و دەرد و زیللەتە تاکوو داهاتووی بە چی بێ، زەحمەتی ئەم میللەتە؟ ! لێم ببوورن ئەی هەژار و بێکەس و هێمن، ئەمن ئێستە ئەیزانم کە ئێوە بۆچی ئالوودەی خەمن؟ ! ئەو خەمانەی نەمدەناسین وا ئەسیری کردووم چی بڵێم؟ ! چۆنی بڵێم؟ ! چەشنێ کە پیری کردووم **** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامانجی قەڵەم ئامانجی وایە پێنووسی دەستم وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم تاقەی مرواری هەرچەندە جوانە بووکی بە نرخی نێو گەوهەرانە بەڵام ئەو کاتەی کۆ بکرێتەوە لە سەر شریتێ بهۆنرێتەوە ئەو ساتە جوانە و جوانتر دەنوێنێ تاکوو بە تەنیا لە لای بمێنێ **** زمانی کوردیش ئەو گەوهەرەیە کە دیاری بەرزی مێژووی ئێمەیە وشەی جوان جوانی نێو کوردەواری جوانتر لە زێڕ و لەعل و مرواری کاتێ بە شێوەی جوانێ هۆنراوە کرایە بەستە و شێعر و هۆنراوە چاکتر دەنوێنێ و هەر لە بەر چاوە هەرگیز ون نابێ و ناخرێتە لاوە ئامانجی وایە پێنووسی دەستم وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گۆران بە ئاواتم چەپکە شێعرێ هەڵبەستم بۆ (گۆران)ی شاعیری جوان پەرەستم تێدەکۆشم بە هێزی بیر و هەستم وشەیێ نیە کە دەربڕێ مەبەستم پێنوسەکەم! ئەی قەڵەمی سەربەستم! دەخیلی تۆم بۆ جارێ بگرە دەستم (هەرچەن دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچ ئاوایی لە شان چۆم و باخەوە پاڵی داوەتە سینگی شاخەوە عومرێکە نێوان لەشی کۆرپەی دێ خوێنی ژین گەرمە و دڵی خورپەی دێ باڵندەی رەنگین، کۆتری نەخشین بە دەوری دێ دا ئەگەڕێ چین چین تاوێ لە باخان، تاوێ لە سەر دێ هەر یەک نەغمەیێ لە ناخی دەردێ **** ئەو دەشتە سەوزە، ئەو دێیە جوانە ئەو هەموو دار و باخ و بێستانە دەستی سیاسەت ئاورێ دێنێ یەک لە شوێن یەکا ئەیانسووتێنێ دێ ئەسووتێت و خەڵکی کۆچ ئەدرێن کۆچی دڵتەزێن بۆ دەشتی گەرمێن بە وێنەی شەمێ کە توابێتەوە پەپوولەی تەنیای لا مابێتەوە ئەو کۆترانەی بە ئاسمانەوە لە دەوری دێ دا ئەسووڕانەوە بە ئاهەنگی خەم تاکوو خۆراوا ئەگەڕێن بە سەر دەشتی سووتاوا تا وردە وردە دڵنیا ئەبن دێ بە جێ دێڵن ئەوانیش دەچن **** گەرمەسێر ئەگەر بەهەشتی روون بێ باخی گەوهەر و دەشتی ئاڵتوون بێ ئێستاش هەر وەها کوردی کۆچ دراو باڵندەی کزی لە هێلان بڕاو مشتێ لەو خاک و بەردە سووتاوە خاکی ئەو دەشتەی تێیدا ژیاوە بە سەرتاسەری گەرمێنی نادا نایگۆڕێتەوە لە گەڵ دنیادا ئاخر بە خوێنی ئاوی پێدابوون باو و باپیری لەوێ ژیابوون **** گەرمەسێر ئەگەر بەهەشتی روون بێ باخی گەوهەر و دەشتی ئاڵتوون بێ هەموویان ئەدا تەنیا هەناسەی بە یادی وڵات بشکێنێ تاسەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: رووبار قەڵبەزەی بەرزی کوێستان ئەڕژێتە نێو دارستان بەفراوی کێوان دێنێ رووباری پێک ئەهێنێ رووبارێ ئەکەوێتە رێ دارستان دێڵێتە جێ **** ئاواییەک لەو قەراخا لە نێوان دار و باخا بەرامبەر بە خۆراوا ئەڕوانێتە سەر ئاوا رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا خوڕەی جوانی دێتە گوێدا هاوینان خۆر داخ ئەبێ گەرمە نیوەڕۆی ناو دێ منداڵان دێنە سەر ئاو بۆ مەلە یا ماسی راو زۆریان تێدا هەژارە چاوی لە دەس رووبارە بۆ پێخۆر ماڵێ داماو کاری بووەتە ماسی راو **** نیوەڕۆیە و ناو دێ چۆڵ کوڕی شوان، گورج و گۆڵ رێ دەکەوێ بۆ رووبار سک برسی و شڕە بار بە هیوای قولاپ و تۆڕ ماسی بگرێ بۆپێخۆر **** دێت و ئەگاتە سەر ئاو دەس ئەکاتە ماسی راو رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا خوڕەی جوانی دێتە گوێدا ماوەیێ زۆر ئەدا سەر ماسییەک دێنێتە دەر ماسی کۆرپە و وردە زۆر بە کار نایە بۆ پێخۆر سینگی سپی، خوێناوی پەلەقاژەی تاوتاوی تێدەکۆشێ جار و بار خۆی بخاتەوە رووبار پێستی جوانی برژاوە زیخی پێوە تلاوە زیخی داخی نیوەڕۆ دڵ ماسی دێنێتە سۆ **** کاتێ قولاپی خوێنین ئەخرێتە نێو ئاوی شین دڵی ئەو ماسیە کۆرپە راوەستابوو لە خورپە رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا خوڕەی جوانی دێتە گوێدا **** ئەی ماسی وێڵی هەژار! بۆ دەگەڕای لە رووبار؟ ! ئاخۆ تۆش لە رێی سەفەر بۆ پێخۆر بووی دەربەدەر؟ ! ئێوەش لە نێو ماسیان بۆ پارە و پێخۆر و ژیان هەژارەکان ئەمرێنن خوێنی یەکتر ئەڕژێنن؟ !!! **** رووبار ئەڕوا بە بەر دێدا خوڕەی جوانی دێتە گوێدا **** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنیا خانووی ساردم کش و مات بۆنی بێدەنگی ئەدات لە شوێنی پیری رێبوار چاوم بڕیوە دیوار جارێ هەتا ماوەی دێر گوێ دەگرم بۆ کاتژمێر هاتوچۆی عەقرەبەکان وەک رێبوارانی زەمان یەکێ گورج و یەک هێمن رێگای عومرم دەپێون بە ناوەدڵ ئەمەوێ بەڵکوو دەردێ بسرەوێ پەنا بەمە پێنووسم بیرەکانم بنووسم من کێم و لە کوێم و چیم؟ ! تا کەی و بۆچی دەژیم؟ ! جارێ قاقای پێکەنین بە دنیا و ئاسمان و ژین جارێکیش بوغزی گریان بۆ ماوەی خۆ خەڵەتان خەمبار و بێدەنگ و باس خەیاڵاوی و کەساس هیچ ئاهەنگێ نایێتە گوێ بەحری بێدەنگی بشکێ **** خانووی ساردم کش و مات بۆنی بێدەنگی ئەدات **** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژار لە داخی مەینەتی دەوران دڵم پڕ ئاورە ساقی لە ژاری تاڵی ژین دیسان پیاڵەی دڵ پڕە ساقی وەرە ئەمشەو وەکوو هەر شەو، وەرە ساقی دڵم خوێنە هەتاکوو دێتە چاوم خەو، حەرامە شەربەتان بێنە دڵم زووخاوی لێ دەڕژێ دەسا هەستە بکە مەستم شەڕابی کۆن لە جامی نوێ، بە خوڕ تێکە بدە دەستم کە وا کون کون بووە جەرگم، لە جەوری ماتەمی دنیا هەتاکوو سەردەمی مەرگم، وەرە هەر تۆم دەوێ تەنیا هەناسەی سەردی پڕ داخم دەمێکە گرتوویە ناخم شەڕابی تۆیە دەیشۆرێ پەژارەی ژینی پڕ ئاخم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دێ شەوگاری بەهار دەرچوو لە نیوە تاریکی ئەڕوات بەرەو کازیوە ئاوایی تاریک، ورشەی چرایێ لە نێو پەنجەرەی هیچ ماڵێ نایێ دێ دەرکی لە رووی رۆژ داخستووە لە بەرگی شەودا جوان جوان نوستووە منداڵێ ساوا دەگریێ جار جار ئەشکێنێ دەریای بێدەنگی شەوگار دایکێ سەر لە بان لانکی کۆرپەوە سەردەمێکە خەو بردوویەتەوە ئەو ساتە کوڵی شەو دەتوێتەوە سەر گۆنای ئاسۆ سوور ئەبێتەوە کەڵەشێرێ دێ و لەو سەربانانە مزگێنی ئەدا هەستن بەیانە شنەی بەر بەیان یەک لە شوێن یەکا ماڵانی نوستوو باوەشێن ئەکا هەتاو لای ئەبا دیسان بە سپایی پەردەی شەو لەسەر بووکی ئاوایی ماڵان بەردەچن، ئاوایی ساکار گرتوویە باوەش باپیری کۆسار ماویانە خەڵکی ماندوویی دوێنێ گزنگی هەتاو هەڵیاندەستێنێ ژنێ گورج و گۆڵ ئەڕوا بۆ کانی بە نەزمی جوانی لەرزانەکانی ژنێ لە کانی ماندوو دێتەوە سەری ناوەتە سینگی گۆزەوە دووکەڵ لە سەربان ئەڕوا بەرەو ژوور سوور ئەبێتەوە سەر گۆنای تەنوور تەندووری ماڵان نانی گەرم و جوان دەکا بە تۆشووی باخەوان و شوان مریشکی سپی، جووجەڵە لە شوێن بە جێ دەهێڵێ تاریکی کولێن پێش ئەوەی کە خۆر بدا لە ناو دێ رانی ئاوایی دەکەوێتە رێ نیوەی ناوەدڵ لە دێ دەرئەچێ بەرخ و کارژیلەی هێشتووەتە جێ **** مراوی لە سەر چیمەنی جۆبار دەشکێنێ شەقڵی شەونمی بەهار ئاسمانی شین و کۆچی هەورەکان پڕشنگی خۆر و دەشتی سەوز و جوان هاتوچۆی ئاسکی بزێوی سەرکۆ شنەی شەماڵ و لەرەی لەق و پۆ جریوەی بولبول، خوڕەی جۆباران شمشاڵی شوان و بەستەی دڵداران موسیقای جوانی ژینی دێهاتن دیمەنی رەنگین، خاکی وڵاتن **** ژینی رۆژێکی ئەو دێیە لە لای من ئەژی بە شاری دووکەڵ و ئاسن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بگری دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ من گوڵی سەد ئارەزووی ژینم لە خاکا خەوتووە خاکی مەیدانی خەبات رەنگینی خوێنی من بووە دامەنیشە دایەگیان بۆ هاتنی من چاوەڕێ دڵنیا بە، بەسیەتی، بۆ دەنگی درگا مەگرە گوێ دایە گیان سوێندم بە فرمێسکی گەش و ئێشی دڵت دایە گیان سوێندم بە جەور و مەینەتی بێ حاسڵت من دەمێکە جەرگی سووتاندووم هەناسەی سەردی گەل دڵپڕی کردووم خەمی دەسکورتی و رەنگ زەردی گەل من کوڕی کوردی شەهیدی رێی خەباتم دایە گیان کۆتری خوێنین پەڕی باخی وڵاتم دایە گیان هەر وەکوو بێگانەیێ دڵ پڕ لە ناکامی و گرێ لەم هەموو دەستە نەبوو دەستێ، کە بێ و دەستم گرێ من لە شاری خۆم غەریب و بۆهەموو بێگانە خۆم کۆتری کوژراوی رێگای لانە خۆم، بێ لانە خۆم دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ دایە گیان ئەو کیژە وا ئەتویس بە بووکی تۆ ببێت خۆت بدە پیشانی جارێ با بە هیوای من نەبێت تاکوو بتبینێ کە رەشپۆشی لە سەر تا پاتەوە بەڵکوو بڕوا دڵنیا بێ و من لە بیرەو باتەوە دایە گیان بگری لە سەر خاکم کەوا شینم دەوێ زۆر بگریە دایە گیان فرمێسکی خوێنینم دەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلسەفەی گەردوون هاکا ئەم چەرخەش هەڵگەڕایەوە ئیتر نەگەڕاو نەسووڕایەوە کیژێ خاوەنی ژینی دنیایە ریزێ مرواری لە گەردنیایە کیژێ کە تینی ئەوینی وایە ژیان و مردن لە دەستی دایە مرواری لە سەر سینگی رازاون بە هێزی جەزبەی عەشقی وەستاون **** ئەویش وەک هەموو رۆژێ پیر ئەبێ بە تیری مردن داوێنگیر ئەبێ بەڵێ ئەمرێت و ئەکوژێتەوە ملوانکەی ملی ئەپچڕێتەوە نۆ مرواری یەک لە شوێن یەکتر شینی مردنی ئەگاتە ئاخر شینی مردنی ئەو کیژە وایە کە لە شونێی دا ئاخر دنیایە بناغەی گەردوون وا دەشکێتەوە ئیتر ناگەڕێ و ناسووڕێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵاڵە دەوڵ و زوڕنایە، چەپڵە ڕێزانە بەزمی شادی و چۆپی کێشانە بەرگی رەنگاوڕەنگ کیژی سەربانان دەکێشێ نیگای لاوی کۆڵانان ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەو پەڕ دێ لە نێو کیژانا تەنیا هەڵاڵە دڵی خەمینە و لە سووچی ماڵە ئاخر دیاری یاری بێوەفای دەستەی چنوورە، ماوەتەوە لای یادگارێکە یاری پێی داوە ئێستا بێڕەنگە و بۆنی نەماوە **** هەڵاڵە دەڕوا بۆ خەیاڵی دوور ئەڕوانێ جارجار بۆ چەپکەی چنوور **** دەنگی زەماوەن ئەتۆم دێتە گوێ کوانێ پەیمانت، کوانێ وا لە کوێ؟ قەولی ئەم رۆژی سەما و شادییە بە منت دابوو لە بیرت نییە؟ ! دڵم گوڵێ بوو بۆچیت هەڵوەراند؟ ! بۆچی ئاوێنەی ئەوینت شکاند؟ ! کوانێ مەیلەکەی جاری جارانت کوانێ هاتوچۆ و ئیشارەکانت کوانێ راوەستان، سەر ڕێگای کانی؟ کوانێ سێوی سوور، کوانێ گۆرانی؟ گیانی شیرینم، دڵت شکاندم دڵت شکاندم، دڵت شکاندم **** جارجارێ فرمێسک لە چاوی سوورا ئەبارێتە سەر چەپکەی چنوورا ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەوپەڕ دێ **** هەڵاڵە وا بیر ئەکاتەوە دەفتەری ژینی هەڵئەداتەوە: سوێندم بە سۆزی دڵی ئەسیرم تا ساتێ ماوم هەر وای لە بیرم ئەو ساتە لاشەم سەرد ئەبێتەوە چرای ژیانم ئەکوژێتەوە ئاخرین قسەم هەر ناوی تۆیە هەر چاوەکانم پڕ ئاوی تۆیە دڵم گوڵێ بوو بۆچیت هەڵوەراند؟ ! بۆچی ئاوێنەی ئەوینت شکاند؟ ! تۆ دەوڵەمەند و من کیژێ نەدار بە غەیری وەفا چی هەیە هەژار؟ خونچەی دڵی خۆم هێنا و دام بە تۆ بەڵام وتەی تۆ هەموویان درۆ **** جارجارێ فرمێسک لە چاوی سوورا ئەبارێنە سەر چەپکەی چنوورا دایکی لە داخی کچ، بێخەبەرە بانگی لێ دەکا لەو بەر پەنجەرە: (هەڵاڵە وەرە هەڵاڵە وەرە کیژە جوانەکەم تاوێ هەڵپەڕە) دایکی نەیبینی فرمێسکی چاوی زولفی شێواوی دڵی شکاوی ئاهەنگی زوڕنا و بەزمی هەڵپەڕکێ دەنگ ئەداتەوە هەتا ئەوپەڕ دێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەنسک و فرمێسک ژینی منداڵی دنیای شیرینە شێعری سەرەتای چیرۆکی ژینە عومری منداڵیم چەن زوو وەک نەسیمێ هات و چوو مەلێ غەریب بوو، رۆیشت هە یادێکی بە جێ هێشت **** کەم کەم وریا بوومەوە بیرم چاوی کردەوە دنیایەکم بینی بێ تین نە وەک منداڵی شیرین خەمی کاتی منداڵی گرێ نەبوو لە پاڵی کەی وەکوو خەمی ئێستا ریشەی لە دڵ ئەوەستا هەر خەمێک و فرمێسکێ فرمێسکێک و هەنسکێ تەمی دڵ ئەشۆرێ دنیای تاڵی دەگۆڕێ چ دەروون و چ لە روو دنیامان هەر ئەوە بوو ژینی منداڵی دنیای شیرینە شێعری سەرەتای چیرۆکی ژینە **** وریا بوومەوە کەم کەم دەوری گرتم گەلێ خەم کە هەوەڵ جارێ گریام لە بۆ هەژارێ گریام بۆ ئەو گریام و بۆ خۆم کە ئاخۆ بۆ کوێ دەڕۆم؟ ! وەک منداڵێ ون بووبێ نەمدەزانی وام لە کوێ؟ ئێستاش هەرچی دەڕوانم خۆم بە وەیلان دەزانم سەرنجی هەر لایێ ئەدەم هیچ شتێ بەدی ناکەم هەر چەن ئەو سەری رێگا نایزانم بە کوێ دەگا پێم خۆشە جارێکی تر تەنیا گوزارێگی تر بگەڕایمەوە لە نوێ دیسان بۆ هەوەڵی رێ بگام لەو دنیا جوانە وەکوو ئەو منداڵانە با خەمەکانم سووک بێ بێ گرێ و بچووک بێ باکوو تەنیا فرمێسکێ هەناسەیەک و هەنسکێ تەمی دڵم بشۆرێ دنیای ژینم بگۆڕێ ژینی منداڵی دنیای شیرینە شێعری سەرەتای چیرۆکی ژینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لانەی بایەقووش ١ نیوە شەوێکی سەرد و دڵتەنگە خەڵکی خەوتوون دنیا بێدەنگە شار پەردەی رەشی کێشاوەتە سەر مانگی شەوان پێو، لە کێو هاتە دەر بایەقۆشێ پیر دێت و جارجارێک دەخوێنێ لە سەر کۆنە دیوارێک **** لە وێرانەیەکی چۆڵ و بێدەنگا لە نێو ماڵێکی سەرد و دڵتەنگا خەوتووە خەمین کچێکی هەتیو هەتیوێ خۆشی لە دنیا نەدیو دایکی بەینێکە دوورە لە دنیا ئەو کچە ماوە لەوێدا تەنیا منداڵی بچووک لە نێو بەرگی خەو ئەدا لە گۆنای شەوقی مانگە شەو بەڵام خەوی چی؟ هەتاکوو بەیان وتووێژ دەکا لە گەڵ ئەستێران لەوان دەپرسێ دایکی وا لەکوێ؟ بۆچی بە تەنیا هێشتوویەتە جێ؟ ساتێ فرمێسکی لێ جیا نابێ ئاخر منداڵە و دڵنیا نابێ گوێ بدە ساتێ، بەسەرهاتی ئەو لە گەڵ ئەستێران چی دەکوت ئەوشەو: ٢ (ئەی مانگی جوان! ئەی ئەستێرەکان! ئێوە دەبینن لە نێو ئاسمان باخی بەهەشتی خودا لە کوێدا؟ ئەڵێن دایکی من وا لە وێدا ئەی مانگ! تۆ دایکی ئەستێرەکانی تۆ خودا پێم بڵێ ئەگەر دەزانی ئەستێرەکانت کۆ بوونەتەوە وان لە گەڵ خۆتا چەشنی هەر شەوە پێم بڵێ داکی من کەی دێتەوە؟ منیش ئەستێرەم، مانگی من ئەوە ئەی ئەستێرەی خۆم گوێ بگرە ساتێ بە دایکم بڵێ دەیبینی کاتێ: دایکی خۆشەویست! بینایی چاوم! هێزی ژیانم، تەنیا هەتاوم بۆچی رۆیشتی لە گەڵ نەتبردم؟ تەنیا لەم دنیا وەیلانت کردم؟ هەتا دێیتەوە هەر چاوەڕێتم بە هیوای بیستن ئاهەنگی پێتم) ئەی ئەستێرەی خۆم گوێ بگرە ساتێ بە دایکم بڵێ ئەیبینی کاتێ زۆر بە ئاواتم کاتێ هاتەوە لە سەر داوێنی خەو بمباتەوە ئەگەر وەکوو مەل دوو باڵم هەبوو لە نێو دنیادا ئەمکرد هاتوچوو دەگەڕام هەموو کێو و دەر و دەشت هەتاکوو دەگام بە باخی بەهەشت بەڵکوو لەوێدا جارێ بتبینم ئەتۆش ببینی گریان و شینم **** بەڵام باسی من زۆر بێ فایەیە ئاخر کەی هەتیو ئەستێرەی هەیە؟ دەردی دڵی خۆم من دەڵێم بە کێ؟ هەتیو چی هەیە تا ئەستێرەی بێ؟ ٣ نەختێ دەگوزەرێ خەو دێتە چاوی باسی دەمێنێ بە ناتەواوی تاکوو دەخەوێ لە نیوەی شەودا دایکی دەبینێ لە دنیای خەودا دەپاڕێتەوە لە گەڵ خۆی بیبا نەڕوات و دیسان نەیهێڵێ تەنیا دایکی دەکێشێ لە سەری دەستێ ئەڵێ: نەبوونە، پاشی هەر هەستێ کچم جێگای من جگە دنیایە دایکت وەکوو تۆ لەوێ تەنیایە رۆڵە ماڵی من تاریک و سەردە جێگاکەم خاکە، سەرینم بەردە **** بە دایکی دەڵێ کچ بە چای سوور لە قرچە و سۆزی دڵ وەکوو تەنوور: نامەوێ بێ تۆ، رووناکی دنیا هەر خۆتم دەوێ وای لە هەر کوێدا دیسان بۆ دڵم دەشکێنیتەوە؟ گەر نامبەی لە گەڵ، بۆ هاتوویتەوە؟ **** دایکی بە دڵێ پڕ ئێش و خەمناک تک تک فرمێسک دەتکێتە سەر خاک ئەڵێ: (کچەکەم شەوێکی سەردە سەرماش سەرەتای نەخۆشی و دەردە تۆش لە جێگاکەت کەوتبوویتە دەر هاتووم بیکێشم پۆشینت لە سەر زستان بێنەوا نابەتەو لە هۆش باکوو لە سەرما نەکەوی نەخۆش کێ لە ناخۆشی شەوان یارت بێ؟ کێ لە جێگای خۆم پەرەستارت بێ؟ ) وەڵامی ئەدا بەم چەشنە و ئەڕوا ئیتر هاواری کچی پێناگا ٤ سبەینێ کاتێ خۆر دای لە سەر کێو لە شووشەی شکاو، شەوقی دایە نێو دای لە سەر جێگا و لاشەی سەردی کچ رووناکی دەکرد گۆنای زەردی کچ بایەقۆش نەختێ چڵی بردبوو لەو ماڵە چۆڵە لانەی گرتبوو ئاخر چۆن بڵێم ئەو کچە مردبوو بایەقۆش دەیکوت: دیقی کردبوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنە گەڵاڕێزان هاتەوە ناخی باخی گرتەوە گەڵای زۆری وەریون سینگی باخی پۆشیون تاو ناتاوێ شنەی با بە ئەسپایی دەیانبا خۆری بێ تینی سەر دێ وەک رێبوارێ ماندوو بێ وردە وردە دێتە خوار ئەنیشێتە سەر کۆسار دیسان بە لوتکەی کێوا رێ دەکەوێ بەو دیوا **** باخەوان کز و تەنیا لە سەر ئاوی کانیا دەستی پیر و لەرزۆکی داناوەتە سەر چۆکی بە شوێن بیری پڕ داخا چاوی دەکشێتە باخا دارێکی وشک و مردوو لانەی مەلی کۆچ کردوو نە سەوزایی نە سێبەر نە ئاهەنگی پەلەوەر لە بیری نایە هەرگیز گەڵاڕێزانی پاییز وا دڵپڕی کردبێ ناخی گیانی گرتبێ **** جارێ سەری دائەخا سەرنجی کانی ئەدا ئاوێنەی رووناکی ئاو وێنەی دێنێتە بەرچاو وێنەی پیر و زەردی خەم پڕ چین و خەتی ماتەم وێنەیێ پەژارە دیو وێنەی گوڵێ هەڵوەریو فرمێسکی ژینی تاڵی دێنێتەوە خەیاڵی ئەوسا بەهاری بێ تین ئێستا پاییزی خەمین گاڵاڕێزانیش ئەڕوات هاکا بەهارێ تر هات تەنیا ژینی من وایە ئیتر بەهاری نایە **** کەم کەم فرمێسکێ ئەتکێ ئاوێنەی کانی دەشکێ لە چۆڵی باخا جار جار گەڵای زەردێ دێتە خوار لە گەڵ ئاوی کانیا رێ دەکەوێ دڵنیا باخەوان سەر دائەخا سەرنجی وێنەی بدا ئاوی کانی شێواوە وێنەی تێدا نەماوە لە چۆڵی باخا جار جار گەڵای زەردێ دێتە خوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەپوولەی خەیاڵ پەپوولەی خەیاڵ سەرمەست و هێمن دەپێوێ سینگی ئاسمانی بێ بن دەفتەری ژینم پەڕ ئەداتەوە لاپەڕەی لاویم بیر ئەخاتەوە ئەم هۆنراوانە، تۆم دێنێتە بیر پێکەنینی تاڵ دەتباتەو لە بیر: **** لە خاکی لاشەم بەیانی بەهار گوڵاڵە سوورەیەکی ئاورین روخسار بە جوانی گۆنات سەر دەرئەهێنێ لە سەر مەزارم دێ خۆی بنوێنێ ئەتۆش کە هاتووی لە بۆ گوڵچنین جوان رادەبووری دەم بە پێکەنین ئەو گوڵاڵە سوورە، دەچێنی لە رێت ئاخۆ دەیزانی بۆنی کێی لێ دێت؟ ئەڵێی: چەن جوانە! چەن رەنگی گەشە داخەکەم داخۆم بۆچ دڵی رەشە؟ ! بەڵێ ئەو ساتە بزانە گوڵم! گوڵی بەهەشتی ئاواتی دڵم! ئەو گوڵە خاکی دڵداری خۆتە ئێستاش بە هیوای روخساری خۆتە بۆیە بەو چەشنە گەش و خۆشڕەنگە بۆیە ئەوەندە مات و دڵتەنگە بۆیە وەستاوە دڵتەنگ لە سەر رێت دڵی داخورپێ دیسان لە بەر پێت گیانە لەو گوڵەی چیت دێتە بەرچاو لەو گوڵاڵە سوورە، گوڵی دڵ سووتاو جوانی هەڵبگرە هەر چەن خۆت گوڵی خۆشبۆتر لە بۆن یاس و سونبوڵی خاکی دڵدارە ئەیهێنیتەوە زامی دڵەکەی نەکولێنیتەوە ئەم هۆنراوانە تۆم دێنێتە بیر پێکەنینی تاڵ دەتباتەو لە بیر **** پەپوولەی خەیاڵ ئەڕوا لە سەرخۆ لە شوێن بیری تر ئاسۆ بە ئاسۆ هەتاکوو خەو دێ، بیرم ئەمرێنێ پەپوولەی خەیاڵ هەڵدەوەرێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بادە ساقی گوزەرا شەو، بە فیداتم وەرە دێرە دڵ تەنگە، درەنگە، وەرە سا بادە بگێڕە تا تۆ بی و مەی بێ، من و دڵ لێرە خەمۆشین هەر دوو بە تەماتین، وەرە مەی بێرە بنۆشین تینوویە دەمێکە چەمەنی باخی ئەوینم ئەم باخە بدێرە وەرە مەی بێنە سەرینم ویستوومە کە تەنیا بم و لەم سووچە بمێنم دیسانەوە ئەم باری خەمە کەوتووە شوێنم دەستی خەمەکەم بگرە لە مەیخانە بە دەر کە رێگای مەدە ئێرە وەرە لەو مەستە حەزەر کە نانا، لێیگەڕێ باکوو بمێنێتەوە گیانە ئەم کۆترە وەیلانە دڵی گرتووە لانە بۆ مەی نیە ساقی کە پەنا دێنمە ئێرە هەر کەس بە شەڕابی خەمی جانانەیێ تێرە من هەمدەمی بادەم کە خەمی سینە بە با دەم دەستم بگرە گیانە وەرە بسپێرە بە بادەم ساقی گوزەرا شەو، بە فیداتم وەرە دێرە دڵ تەنگە، درەنگە، وەرە سا بادە بگێڕە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خێراب لە سەردەمی بەهارێ، شەڕابی دەستی یارێ کە قەترە قەترە مەستی بە سەر دڵا ئەبارێ هەر چەندە نەختێ تاڵە شادی هێنەر ئاوێکە خێرابە نەک شەڕابە، چ وەرگێڕاو ناوێکە ئەوەی کە تینی گیانە دەوای خەمی دڵانە سوێندم بە دەستی ساقی حەرامە شەربەتانە ساقی بگرە دەستم، دەرکی مەیخانە کامە؟ پێکەوە جامی پڕ کەین، با هەر بڵین حەرامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زرێبار لە پەڕ شاری مەریوان دوو چین کێوی سەوز و جوان راوەستاون بەرانبەر بەرز و دارستان لە سەر لە داوێن ئەو کێوانا لە ژێر تاقی ئاسمانا گۆمێکی جوان وەستاوە کە (زرێبار)ی ناوە کێوان سەوز و دڵنشین ئاسمان و ئاو هەر دوو شین زرێبار و بەهاری بەهەشتی کوردەواری **** لە نێو دارستان قەراخ باڵندەکان شاخ بە شاخ کۆ دەبن و یەک دەگرن ئاسمانی سەر ئاو دەبڕن لە ژێر تیشکی هەتاوا لە سەر ئاوێنەی ئاوا وێنەی خۆیان دەبینن مەست دەبن و ئەخوێنن: زرێبار و بەهاری بەهەشتی کوردەواری **** شنەی بەیانی بەهار ئەدا لە سەر زرێبار کاتێ کە بووکی هەتاو تیشکی ئەخاتە سەر ئاو وێنەی کراسی کیژی کورد کە شەماڵ لێیدا ورد ورد شەپۆلی جوان و زێڕین دەڕژێتە سەر ئاوی شین بەرەو چیمەن و گوڵزار رێ دەکەون بۆ لێوار بەرانبەر بووکی هەتاو کیژی زێڕینی هەتاو لەو کاتی بەربەیانە شادی و سەمایانە ئەڵێن شەپۆلی قەراخ دەنگیان ئەڕوا شاخ بە شاخ: زرێبار و بەهاری بەهەشتی کوردەواری **** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوداتان لە گەڵ کەوتووەتە بەرم رێگای غەریبی گەلی رەفیقان! خوداتان لەگەڵ هەر کەس رێگایێ بووەتە نەسیبی گەلی رەفیقان! خوداتان لەگەڵ کۆترانی زۆر لە شوێنی دانە هێشتوویانە جێ کونجی هێلانە زۆر کەسێ رۆیشت پاشان بێتەوە بەڵام نەیدی کەس بگەڕێتەوە کێ چاک دەزانێ چی دەکا گەردوون یەکێ سەرکەوتوو، یەکێ سەرنگوون دڵی گرتووم خەم وەکوو دووکەڵ گەلی رەفیقان! خوداتان لە گەڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ملوانکەی شین ١ نیوەڕۆی گەرمی رۆژێکی بەهار لە ژێر هەتاوی ڕێگای زرێبار منداڵێ مل کز، چۆخە و رانک شڕ رێگا دەپێوێ پەشێو و دڵ پڕ بێ وچان دەڕوا و هەنگاو هەڵدەگرێ بە گوێی چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ نەختێ نانە رەق لە توێی جامانە بوونەتە تۆشووی ئەو بەستەزمانە بۆ تێکۆشانی رۆژێ ماسی ڕاو نەختێ شریت و تۆڕێ پورتوکاو لەگەڵ قولاپێ کۆن و ژەنگ هێناو هێناویە ئەمڕۆش بیانخاتە ئاو ئەڕوات و جار جار لە چۆڵی رێدا ئەزرنگێتەوە دەنگێ لە گوێیدا: (هیوا خێراکە، خوا نەتهێنێتۆ حەو ڕۆژە ئەڕۆی دەسخاڵی دێیتۆ ئەمجار بێ ماسی نەیتەوە بۆ شار ئەر بۆت نەگیرا، خۆت خە زرێبار) **** ئەڕوات وا لە نێو دڕک و داڵی رێ کڵاش کۆنی تاوتاو، ئەکنرێ لە پێ بێ وچان ئەڕوا و هەنگاو هەڵدەگرێ بە گوێی چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ جارێ بۆ لاڕێ ورد ئەبێتەوە ملوانکەیەکی شین ئەدۆزێتەوە بە چاکی چۆخەی خاکی لائەبا ئەڕوات و جار جار سەرنجی ئەدا بێ وچان ئەڕوا و هەنگاو هەڵدەگڕێ بە گوێی چۆخەکەی ئارەقی دەسڕێ ٢ کاتێ ئەگاتە ئاوی زرێبار دێتە گوێ دەنگی شەپۆل و لێوار دوو فرمێسکی داخ دێنە گوێی چاوی سووکێ ئەشۆرێن گۆنای سووتاوی ئەڵێ: زرێبار! چەن پاڕێمەوە؟ ! لەم لێوارانەت بسووڕێمەوە؟ ! حەو ڕۆژ ئەم تۆڕەم هێنا و بردم ماسیت پێنەدام مەیۆست کردم باوەژنیشم کوتوویە ئەمجار ئەر ماسیت نەگرت خۆت خە زرێبار بەڵکوو نەختێ زوو بگەڕێمەوە ملوانکەی شینم دۆزیوەتەوە دەیبەمەوە بۆ خوشکم ئێوارە ئاخر لە هاوماڵ سەری لە خوارە زرێبار! من و خوشکم هەژارین دایکمان نەماوە، باوەژن دارین خوشکم هەر خەریک فرمانە بۆ ئەو وچانی نییە بەیان تاکوو شەو هەرچی دەیبینم چاوی پڕ ئاوە لە بەر سەرماوە دەستی تەزاوە شەوان کە ماندوو دێینەوە بۆ ماڵ کارمان گریانە و بیستن قسەی تاڵ بەیان ناهێڵێ خۆر سەر دەربێرێ هەر یەکمان بەرەو شوێنێ ئەنێرێ خوشکی هەژارم دەس ئەکا بە کار منیش بۆ راوە ماسی دێم بۆ زرێبار خێرا کە توخوا با بڕۆمەوە با ئەم ملوانکەی زوو بۆ بەمەوە گیرفانم کونە نەک وا داکەوێ با لە دەستم بێ هەتاکوو شەوێ ٣ ئەمڕۆش بە وێنەی رۆژانی پێشوو دێت و شریتی ئەخا هاتوچوو هەتا رۆژ ئەگا داوێن خۆرئاوا سێبەری کێوان دێنە سەر ئاوا هیوا هەر پەنجەی لێ هەڵپێکاوە چاوەڕێی تۆڕ و دەریا وەستاوە ٤ تاریکی شەو هات رەنگ ئاوی گۆڕی هێشتا ماسییەک نەکەوتووە تۆڕی وتەی باوەژن لە نیوە شەوە هەر وەها لە گوێیدا دەنگ ئەداتەوە (هیوا خێراکە، خوا نەتهێنێتۆ حەو ڕۆژە ئەڕۆی دەسخاڵی دێیتۆ ئەمجار بێ ماسی نەیتەوە بۆ شار ئەر بۆت نەگیرا، خۆت خە زرێبار) **** زرێبار تاریک، شەو سەرد و دڵتەنگ هیوا کش و مات وەستاوە بێدەنگ وتەی باوەژن لەو نیوە شەوە هەر وەها لە گوێی دەنگ ئەداتەوە ٥ بەیان زرێبار تەمی گرتبوو باران دوێنێ شەو لێڵی کردبوو پەڵەی هەوری رەش بە ئاسمانەوە لە سەر ئاوی لێڵ ئەسووڕانەوە کاتێ چەخماخە لێی ئەدا تاو تاو لاشەی منداڵێ کەوتبووە سەر ئاو ملوانکەیێ شین لە نێو دەسیایە بۆ کێو ئەڕوانێ ئەڵێ هیوایە نێو ئەو شەپۆلەی دەور و بەریایە دوو بەچکە ماسی کەوتبوونە کایە **** کاتێ کە نم نم باران هاتە خوار ئەڕژا سەر سینگی سەردی زرێبار سووکێ کەوتە رێ، شەپۆلێ خەمبار تا لاشەی هیوای هێنا بۆ لێوار ملوانکەیش هەر وا لە چنگیا مابوو هێشتاکوو لە دەس بەری نەدابوو زرێبار ئەیکوت: زۆری کۆشابوو بەستەزمان ماسی بۆ نەگیرابوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوان مامە شوانی دەربەدەر کوردی فەرەنجی لەبەر خونچەی دڵم بێ ئاوە هانام بۆ تۆ هێناوە نە خوڕەی ئاوی کانی نە باخ و نەغمەکانی نە دیمەنی بەهاران نە باڵندەی کۆساران ماوێکە مەستم ناکەن پاراوی هەستم ناکەن دڵتەنگم زۆر خەمینم پەشێوی کۆچی ژینم منداڵی بە خەمباری لاوی بە چاوەنواڕی مانگ و ساڵی ژیانم کەی هات و چوو؟ نازانم **** مامە شوانی دەربەدەر کوردی فەرەنجی لە بەر خونچەی دڵم بێ ئاوە هانام بۆ تۆ هێناوە ساتێ لە بەر شاڵەکەت دەربێنە شمشاڵەکەت لە سێبەری ئەو دارە بڕوانە ئەو جۆبارە بە سۆزی جەرگی بریان بلوێرت بێنە گریان باخی ئەم دڵە تەنگە پاراو کە بەو ئاهەنگە ئاهەنگی بە جێ هێشتن نەغمەی کۆچ و رۆیشتن باکوو بە نەزمی حەیران فرمێسکم بێنە سەیران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگارێ شنەی بەر بەیان دیمەن بە دیمەن باوەشێن ئەکا ئەگریجەی چیمەن کیژی خۆرەتاو چاوی هەڵدێنێ دێت و گوڵی شەو هەڵدەوەرێنێ ئەوەستێ لە سەر دیواری ئاسۆ بۆ سەیری دەشت و سەوزی کەژ و کۆ ئەستێرەکانیش وەک ماسی نێو ئاو لە دەریای شینا ون دەبن لە چاو چیمەنی سەوزی ژێر پێی مراوی فرمێسکی شەونم، دەتکێ لە چاوی گەلێ ئاسکی جوان لە خەو هەڵدەستن دێنە سەر کانی، کۆڕێ دەبەستن لاولاوی رەنگین، دەس لە ملانی دار پێدەکەنێ بۆ گوڵی بێ دڵدار پەلەوەر دەنگی بەرز ئەکاتەوە لە چۆڵی باخا دەنگ ئەداتەوە ئاوی چۆم ئەڕوا و گەڵای زەردی پار دەسپێرێ بە دەس رێبواری رووبار پەپوولەی نەخشین لەو سەر جۆبارە بۆنی گوڵ دەکا هەتا ئێوارە پەرژینی دەوری باخی گرتووە باڵندە لانەی تێدا بەستووە خۆر بە جێدێڵێ داوێنی کوێستان دێتە سەربانی باخ و دارستان بەفراو بە وێنەی فرمێسکی دڵدار خوڕخوڕ بە گۆنای کێوا دێتە خوار بولبول نەغمە خوێن، ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ پێدەکەنێ بۆی غونچەی ئاڵی گوڵ ئاوی سافی گۆم، ئەڵێی نیگارە وێنەی سروشتی تێدا دیارە کەوێ دێ لە سەر چیمەنی کۆسار بە دەندووکی سوور ئەنووسێ: بەهار ئەی بەهاری من تۆ کەی دێیتەوە؟ ! ئەی بەهاری من تۆ کەی دێیتەوە؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو بەیتی سەبارەت: پێداچوونەوە: ناشناس شەوی تاریکە لێم شێواوە رێگا بەیانی هات و زۆری ماوە رێکا ژیانی من وەکوو ئەمشەو وەهایە بەرەو هەر لا دەچم بەسراوە رێگا **** گوڵی سەر بەرزی لاولاو کورتە ژینی دەمێکە سەیری باخ و پێکەنینی بە ناکامی سەری دانا کە بمرێ هەتاکوو رەنگی ئەم دنیایەی بینی **** گەڵاڕێزان گوڵی باخانی دا با بەهارێ دیکە دێ ئەم داخە لابا هەناسەی باخەوانی پیرە دەیکوت: هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با **** دڵم تەنگە پەرێشانم دەمێکە خەیاڵم هەر دەمێ لانەی خەمێکە ئەوەندە دڵپڕم پێم خۆشە بگریم کە فرمێسک و هەناسە مەرهەمێکە **** چلەی زستانی کوێستانە و کچی کێو دەپۆشێ بەژن و باڵاکەی بە چاشێو من ئەیزانم چ سێحرێکە ئەگەر بێ و لە درزی پەردەوە دەرخا بزەی لێو **** ژیانی لاویم وێنەی گوڵێ بوو کە هاتە باخی ژین و هەڵوەری زوو وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران خەمێکی نایە داوێنی دڵ و چوو **** چیمەنی نەورۆزی ئەمساڵی سنە خوێناوییە دەشت و کێوانی لە خوێنی لاوەکان نەخشاوییە سێسەد و پەنجاوحەوتە، ساڵی دین و راپەڕین کوردی ئازادە بەرەپیری لە شۆڕش باویە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابووتی سوور هەستە ئەی لاوی سنە! هیوات ئەگەر سەرکەوتنە کورد ئەبێ ئازادە بێ، هەستە چ باکی مردنە؟ رەنگی خوێن چاوت نەترسێنێ و خۆت نەگریتە دوور هەستە تێکۆشین و دیسان خەینە رێ تابووتی سوور دڵ بڵێسەی دێ لە شوێنی لاوەکان، وێنەی تەنوور هەستە بخرۆشین و دیسان خەینە رێ تابووتی سوور خوێنی بێ تاوانی لاوانم لە بیر ناچێتەوە یەک گرین، بۆ گرتنی مافی ئەوان کۆ بینەوە هەستە باکوو یەک گرین تا ئەوجی سەرکەوتن بڕۆین دەنگی گوللە گەر بهێڵێ بەو پۆلیسانە بڵێین: هەڵگەڕێنەو ئەو چەکە، تۆ دوژمنت ون گردووە دوژمن ئەو خوێنخوارەیە مافی من و تۆی بردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خاک و خۆر ١ ئێوارەیە و دنیا جوان لە سووچی تاقی ئاسمان کیژی زێڕینی هەتاو خۆی شاردەوە لە بەرچاو لە سەر سینگی شاخ و هەرد کۆی کردەوە زولفی زەرد تاکوو بەیان بە سەرخۆ لە تەختی سووری ئاسۆ دیسان بخاتە سەر شان زولفی زەرد و پەرێشان دارستان مات و خەمبار لە شوێنی کیژی دڵدار پەژارەی تاریک و رەش شەوگاری گرتە باوەش بە هیوای ژوانێکی تر خۆپیشاندانێکی تر سەری نا داوێنی شەو خەمی شاردەوە بە خەو تاکوو بەیانی نم نم فرمێسکی ساردی شەونم بۆئەوینی خاوێنی ئەڕژێنێتە داوێنی ٢ مانگە شەو چاو هەڵدێنێ روخساری خۆی بنوێنێ بە جوانی دەشنێتەوە جێگای خۆر بگرێتەوە خونچە سەری دەربێنێ باڵندە بجریوێنێ بەڵام هەرگیز ناتوانێ تەنیا ئەمە بزانێ نێوان ئەو دڵدارانە خاک و ئەو خۆرە جوانە بە راسی هەر رۆژێ دێ کە دڵداری تەواو بێ هەر وەها دەشنێتەوە جێگای خۆر بگرێتەوە خۆرەتاو چاو هەڵدێنێ دێت و دڵی ئەشکێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی مامۆستا هەژار سەبارەت: گۆڤاری سروە گزنگی خۆری ئێواران کشاوه تەمی ماتەم به سەر شارا کشاوه دڵی لەرزیوه شاری پڕ پەژاره هەواڵی مەرگی مامۆستا هەژاره له سەر قەبرانەوه خەڵکی گەڕاوه کچێ رەشپۆشه هەر لەو شوێنه ماوه دەخوێنێ شێعری پڕ سۆزی بەسەرهات دەمێ دەگری، دەمێ هەرواکش و مات شەمی دانا له سەر هەر سێ مەزارا گوڵی بارانده سەر گڵکۆی هەژارا له سەر بەردی مەزاری شاعیرانا گوڵی سوور و سەری ئاڵۆزی دانا کچ و شەم بەو شەوه گەرمی گرینن له کۆڕی شاعیرانەی گەرمه شینن له بەر شەوقی شەما تا لای بەیانی وەکوو ئەستێرەیه فرمێسکەکانی دەخوێنێ شێعری پڕ سۆزی بەسەرهات دەمێ دەگری، دەمێ هەرواکش و مات کچی خەمباری سەر قەبرانی خامۆش فریشتەی چاو به فرمێسکی سیاپۆش به شیوەن ئاگرت بەردا له گیانم دەزانم، تۆ پەری شێعری، دەزانم پەری شێعری کەوا دەگری شەوانه به جێ ناهێڵی کۆڕی شاعیرانه چ شێعرێ مەرهەمی جەرگی بەخوێنه؟ وەکوو ناڵەی جودایی دڵتەزێنه؟ فریشته، عەتری شێعری تازه بێنه به سەر خاکی هەژارا بیپژێنه بڵێ هێمن! بەسه ناڵەی جودایی هەژاریش هاتەوه بۆ لای خەزایی له بەر شەوقی شەما تا لای بەیانی وەکوو ئەستێرەیه فرمێسکەکانی گەلێ گریا پەری شێعر و لە ناکاو لە گەڵ هەوری رەشا ون بوو لە بەرچاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەری شێعر سەبارەت: گۆڤاری سروە هەموو شەوێ له ئاسمان له عەرشی بەرز و دوورەوه به باوەشێ گوڵی گەش و خەیاڵی بێسنوورەوە لە شوێنی هەورەکانەوە پەری شێعر بەڕێوەیە کە هەر گوڵێکی دەستی وی پەپوولەیەکی پێوەیە هەواڵە خۆشەویستەکەم! فریشتەکەم! دەچیتە کوێ؟ لە مێژە نایەتە ژوانی دڵ بە سۆزی گەرمی شێعری نوێ مەترسە مەیژە کوندەبۆ مەلی ئەوینی سەربڕی مەڵێ کە کۆتری شێعر لە شاری ئێمە هەڵفڕی لە نێو شەپۆلی مانگە شەو گەڕامە شوێنی تۆ، پەری! بەجێم مەهێڵە، سا مەچۆ دە بەسیە مەمکە بێ بەری کە تۆ لە ماڵە چۆڵەکەم پەڕیوە بووی و نایەوە شەمی هەزار و یەک شێعر لە سووچی دڵ کوژایەوە گەڵای نەمامی شێعری من کە دانە دانە هەڵوەری بە چەشنی هەوری کۆچەری نەبوویە سێبەری، پەری! لە ترسی چاوی کوندەبۆ مەچۆ، دە خۆت مەشارەوە بەرەو هەواری دڵ وەرە بە دەستی پڕ هەسارەوە بە سۆزی شێعری تازەوە بە گوڵ وشەی ئەوینەوە بە شەونمی گرینەوە بە شێعری ئاگرینەوە **** دەڵێن دڵی پەری شێعر بە چەشنی ئاوی کانییە شنەی بەیان و بۆنی گوڵ هەناسە جوانەکانییە دەمی لە شەوق و پێکەنین دەمێ لە شین و زارییە هەڵاڵەکانی بەندەنی بەهاری کوردەوارییە **** لە نێو شەپۆلی مانگەشەو گەڕامە شوێنی تۆ، پەری! بەجێم مەهێڵە، سا مەچۆ دە بەسیە، مەمکە بێ بەری دەمێ دەبیتە سوورە گوڵ بە دەستی باخەوانەوە شەپۆلی دەنگی بولبولێ لە کووچە باخەکانەوە دەبێ بە شێعری ماتەمێ لە بەردی سەر مەزارەوە دڵۆپی گەرمی حەسرەتێ لە چاوێ دێتە خوارەوە دەبێ بە سۆزی نەغمەیێ لە سینگی سازێ دێتە دەر دەبێتە بەستە بۆ خەم و خەیاڵەکانی رێی سەفەر لە ترسی چاوی کوندەبۆ مەچۆ، دە خۆت مەشارەوە بەرەو هەواری دڵ وەرە بە دەستی پڕ هەسارەوە **** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سازی ئاوارە سەبارەت: لە کاسێتەکانی عەدنان کەریم وەرگیراوە وەرە ئەی سازی ئاوارە بە هانای سۆزی گریانم دڵم بەستەی دەوێ ئەمڕۆ بە جێ دێڵم موکریانم وەکوو هەنگاوەکانیشم دەلەرزێوە دڵ و دەنگم دەبا وێنەی منی کۆچەر بناڵێ سازی دڵتەنگم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچ سەبارەت: لە کاسێتەکانی عەدنان کەریم وەرگیراوە کۆچی کوردان وا بە کاروان دێ لە رێی شارانەوە رۆژ بە باری قورس و برسی، شەو لە بەر بارانەوە نیشتمانی خۆمە دەیپێوم، پێم دەڵێن ئاوارەیە گەرچی بێ رەشماڵ و پێخواس، سەر بە کۆسارانەوە رێگە دوور و خێڵ، ماندوو و لێوبەبار و پێپەتی چاو بە ئەسرین دێنە پیری کۆچەکەی یارانەوە نایە سۆزی دەنگی گۆرانی، هەوارە و کۆچی سوور کاروان گوێی داوە بە ناڵەی بریندارانەوە بۆ مناڵێ تەرمی دایکی خۆی بە جێ دێڵێ و ئەچێ ئاسمان دەگری، مەلان دەگرین بە سەر دارانەوە دەنگی تۆپ و تیری دوژمن دێ لە شوێنی کۆچەوە جێ هەواران وا بە دەستی سووری زۆردارانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێشەکی مامۆستا ھێمن سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یەکەم جار لە بەزمێکی شاعیرانی مەھاباددا ناسیم و شێعریم بیست و خۆشم ویست. دوایەش بۆ رەخنە لێگرتن زۆربەی شێعرەکانی بۆ خوێندمەوە. بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم خۆشم لێ ھاتن و بۆنی شێعرم لێ کردن. خەیاڵی ناسک و ھەستی ھونەرمەندانە و مەزموونی شاعیرانەم تێدا بەدی کرد. ھەر کەسە جۆرە بۆچوونێکی لە شێعردا ھەیە. من زیاتر لە خەیاڵی ناسک و مەزموونی ورد و نوێ دەگەڕێم، تا رواڵەتی جوان و رازاوە و کێش و قافیەی سەیر و سەمەرە، یا باشتر بڵێم شێعرم لە نەزم خۆشتر دەوێ. شێعرێکم پێ باشترە کە لە دڵەوە ھەڵقوڵێ و بە دڵەوە بنووسێ. بەشی زۆری شێعرەکانی شەریف وان. سۆز و عاتیفە و کوڵ و کۆی دەروونی خۆنی. ھەستی خوێنەر یا گوێگر دەبزوێنن و حاڵەتی شاعیر لە کاتی نووسینی شێعرەکەیدا لە پیاوی ورد دەگەیەنن. بە بڕوای من ئەگەر ئەم شاعیرە زیاتر خۆماندوو بکا و پتر ھەوڵ بدا، شاعیرێکی نەک باش، بەڵکوو گەورەشی لێ پەیدا دەبێ. ھونەر سنووری بۆ نییە، ھیچ ھونەرمەندێک نەگەیشتووەتە دوندی ھونەر و ناشگاتێ، بەڵام ھی وا ھەیە زۆر بەرەو ژوور دەچن. وەک تێگەیشتووم شەریف دەزانێ تازە وردە ھەنگاو بەرەو مەنزڵ ھەڵدێنێتەوە بۆیە بە ھیوام زۆر بەرەو ژوور بچێ. وا ھەست دەکەم شەریف وەک من لەو بڕوایە دایە کە شێعر کۆن و نوێی نییە و باش و خراپی ھەیە. نەزم نە بە وشەی جوان و وەزنی سەنگین و قافیەی گران دبێتەوە شێعر، و شێعریش نە بە وشەی ساکار و کێشی سووک و لە کار نەھێنانی قافیە نزم دەبێتەوە بۆ نەزم. شێعر و نەزم دوو جۆرە ھونەرن کە دەبێ خوێنەری ورد، حوکمیان لە سەر بدا. بەڵام چەن خۆشە شێعر ئەوەندە باش بێ کە ھەم فۆڕمی لێک و لووس و رێک و پێک بێ و ھەم ناوەرۆکی ھەست بزوێن و دڵڕفێن. خۆزیا شەریف ئەو ئامۆژگارییانەی ھەمیشە لە پێش چاو بێ: ھەرگیز لە شێعری خۆی رازی نەبێ و پێی وابێ کە دەتوانێ لەوەش باشتر شێعر بڵێ. تا شێعر دنەی نەدا، لە خەوی رائەپەڕێنێ و ھەستی نەبزوێنێ دەست نەداتە قەڵەم. ئەوەشی لە بیر بێ کە زمانەکەمان پێویستی بە خزمەت ھەیە و ھەوڵ بدا وشەی ڕەسەنی کوردی بەکار بێنێ و لە وشەی دەسکرد و داتاشراو خۆی بپارێزێ. تەنانەت لەکارھێنانی وشەی بێگانەی لە وشەی ناڕەسەنی کوردی پێ باشتر بێ. ھیوادارم دیوانی دووەمی ئەم شاعیرە زیاترم ڕازی بکا. هێمن ١٣٥٨٫٠٥٫٢٢ ++++++++++++++++++++++