شاعیر: شەریف کتێب: ملوانکەی شین سەرناو: قوتابخانە ١ پاش ئەوەی کە خۆر هەڵدێ پڕشنگ ئەخاتە سەر دێ خوێندەواران دێنە دەر رێی مەکتەب دەگرنە بەر *** لە نێو کۆمەڵی ماڵان بۆ خوێندنی منداڵان ماڵێکی زۆر وێرانە کراوەتە قوتابخانە کاکی مودیر بەیانی بەر لە خوێندەوارانی ئەڕوات و لەو بەر درگا ماوەیێ هاتوچۆ دەکا رەوشتی کاکی مودیر لاوی ژیر و رۆشنبیر لە نێو دڵی خەڵکی دێ بە جوانی گرتوویە جێ یاری هەژارەکانە هیوای نەدارەکانە لاوێکی چاک و رووخۆش کوردی وێژ و کوردی پۆش ٢ ماوەی تر مەکتەبی دێ گەرم ئەبێ بە سروودێ لە پەنجەرەی پورتوکاو تیشکی خۆر ئەداتە ناو مامۆستا وەکوو جاران ئەڵێ بە خوێندەواران: دیسان رۆژی شەممەیە کاتی پرسینەوەیە ( وریا تۆ هەستە سەر پێ دەرسی پێشووم بۆ بڵێ (ئا) وێنەی چی؟ (ب) وەک چی؟ (ت) وێنەی چی؟ (پ) وەک چی؟ لە ئەلفەوە تاکوو یێ هەرچی دەیزانی بیڵێ. ) وریا بیر ئەکاتەوە وەڵامی ئەداتەوە: ( ئا وێنەی ئازادی ئاڵای ئاوات و شادی ب وەکوو برسییەتی پ وێنەی پێ پەتی ت وەکوو تاڵی ژین تاریکی و تێکۆشین) کاتێ شتێ نازانێ بۆ منداڵان ئەڕوانێ (نون بە وێنەی نەدار هـ بە چەشنی هەژار) ٣ کاکی مودیر هەڵدەستێ بەرامبەریان دەوەستێ ئەڵێ: (بەسیەتی ئیتر دەس کەینە باسێکی تر هەتا من لە بیرم بێ ئەم وشانە ئەگوترێ تاکەی دەرسی دڵتەنگی؟ تاکەی دەرد و بێدەنگی؟ ئیتر لایان بەین لە بیر روو کەینە را و تەگبیر) *** منداڵەکان مات ئەبن دەرسی تازە گوێ دەگرن بێدەنگی قوتابخانە پڕ دەبێ لەم وشانە: (ئا وێنەی ئازادی ئاڵای ئاوات و شادی ب وەکوو بیرەوەر ت وێنەی تێکۆشەر س وەکوو سەربەستی سەر و سێدارە و سستی) منداڵ بە یەک دەنگەوە دەڵێن بە ئاهەنگەوە: (خ بە وێنەی خەبات خوێندن و خوێن و خەڵات کاف وێنەی کوردستان کورد و کۆمەڵ و کوێستان) *** ماوەی بەر لە نیوەڕۆ دوایی دێ دەرسی ئەمڕۆ ئێوارە منداڵەکان لە نێو باخ و لە سەربان دەرسی تازە دخوێنن بە خەڵکی رادەگەیێنن: (ی وەکوو یەکیەتی یەکگرتن و یارمەتی) ٤ ڕۆژی شەممەی داهاتوو ئەم دەرسەیان لەبەر بوو بەڵام تاکوو خۆراوا بەو گەرمای خۆرەتاوا لە رێی شارا وەستابوون چاوەڕێی مامۆستا بوون تینی خۆر و خەمباری پرسین و چاوەنواڕی: (مامۆستامان وا لە کوێ؟ بۆچی نایەتەوە دێ؟ ) *** پێش ئەوەی تاریک دابێ هەواڵێ کەوتە نێو دێ: (مامۆستای قوتابخانە کەوتووەتە بەندیخانە مامۆستای قوتابخانە کەوتووەتە بەندیخانە) *** ماوەی حەفتەیێ دەگوزەرێ نابێ لەوی خەبەرێ بەڵام خوێندەوارەکان هەر لە قوتابخانەدان دەنگی بەرزی دەرسی جوان ئەڕوا بەرەو ئاسمان: (ب وێنەی بێگانە برین و بەندیخانە... ) چاویان وا بە رێەوە مامۆستایان بێتەوە ٦ رۆژی هەوەڵی زستان کە سەرما هاتە کوێستان کەسێ هەواڵێ دێنێ دڵی دێ ئەلەرزێنێ: (چەن لاوێکی رۆشنبیر بە هاوڕێی کاکی مودیر ئەو رۆژە تاریک و روون لە سێدارە درابوون) ٧ ئیتر ئەو منداڵانە جێ دێڵن قوتابخانە کاتێ ئەڕۆن بە دڵتەنگ چاو بە فرمێسک و بێدەنگ خوێندەوارێ کش و مات سەرنجی دیوار ئەدات فرمێسکی پڕ لە گرێ دێت و بەر چاوی دەگرێ لە بان تەختەی سەر دیوار خەتێ مابوو بە یادگار دڵی نەدەهات کەسێ شتی لە سەر بنووسێ: (ی وەکوو یەکیەتی یەکگرتن و یارمەتی ئا وێنەی ئازادی ئاڵای ئاوات و شادی) ++++++++++++++++++++++