شاعیر: شەریف کتێب: ملوانکەی شین سەرناو: خاک و خۆر ١ ئێوارەیە و دنیا جوان لە سووچی تاقی ئاسمان کیژی زێڕینی هەتاو خۆی شاردەوە لە بەرچاو لە سەر سینگی شاخ و هەرد کۆی کردەوە زولفی زەرد تاکوو بەیان بە سەرخۆ لە تەختی سووری ئاسۆ دیسان بخاتە سەر شان زولفی زەرد و پەرێشان دارستان مات و خەمبار لە شوێنی کیژی دڵدار پەژارەی تاریک و رەش شەوگاری گرتە باوەش بە هیوای ژوانێکی تر خۆپیشاندانێکی تر سەری نا داوێنی شەو خەمی شاردەوە بە خەو تاکوو بەیانی نم نم فرمێسکی ساردی شەونم بۆئەوینی خاوێنی ئەڕژێنێتە داوێنی ٢ مانگە شەو چاو هەڵدێنێ روخساری خۆی بنوێنێ بە جوانی دەشنێتەوە جێگای خۆر بگرێتەوە خونچە سەری دەربێنێ باڵندە بجریوێنێ بەڵام هەرگیز ناتوانێ تەنیا ئەمە بزانێ نێوان ئەو دڵدارانە خاک و ئەو خۆرە جوانە بە راسی هەر رۆژێ دێ کە دڵداری تەواو بێ هەر وەها دەشنێتەوە جێگای خۆر بگرێتەوە خۆرەتاو چاو هەڵدێنێ دێت و دڵی ئەشکێنێ ++++++++++++++++++++++