شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: ئاخ لە میهر و وەفا نیشانە نەما ئاخ لە میهر و وەفا نیشانە نەما هەر نەبوو یا کوو لەم زەمانە نەما ئەشک و ئاه و سەر و دڵ و دینم بێ بەها ڕۆیی و بەهانە نەما گوڵی بەختت بە دڕکوداڵە قەرین بولبولا شۆری عاشقانە نەما ئەرغەنوون ساکت ئەرخەوان بێڕەنگ ئەسەری بادەیی موغانە نەما دەف وەکوو ڕازی عیشقی من دڕیا کاتی شەوق و نەوا و تەرانە نەما بێ وەفا بووم ئەگەر نیگاری عەزیز کە هەرا و وەجدی سەرمەسانە نەما چاوی من تانەگیری یارانە دوژمنا بۆ تۆ وەختی تانە نەما دڵەکەم حیزەجاڕی تیری غەمە ئیحتیاجی بە ئەم نیشانە نەما سەیلی میحنەت لەدووتە ئەی تاهیر باسی تۆ ئیدی لەم میانە نەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە عیشوە دڵبەری و دڵداری هێشتا بە عیشوە دڵبەری و دڵداری هێشتا بە غەمزە خوێنخوەر و جەبباری هێشتا بە ڕەوتی ئاهووانە و غونجی تاووس نیگارین یارەکەی پێراری هێشتا ئەگەرچی بێ دڵ و دینم لە داخت لە دڵدا حاکمی زۆرداری هێشتا بەڵێ تەرکی وەفا ڕەسمی قەدیمە نەبوویتە غەیری من هەر یاری هێشتا بە لێوان ڕووحبەخشی وەک مەسیحا بە چاوان نێرگسی بیماری هێشتا بە نافەی زوڵفی پڕ چین و موسەلسەل کەسادی تەببەت و تاتاری هێشتا ئەمن سەرمایەکەم بەربادە و ئاخۆ لەبەر من عاجز و غەمخواری هێشتا؟ بەڵێ گەرچی خەتا ڕۆییت بە یاری لە پێش چاوم نکووکرداری هێشتا ئەگەرچی بۆ ڕەقیب وەک گوڵ دەپشکووی لەلای من نەوگوڵی بێخاری هێشتا نەڵێی تاهیر لە ڕەفتارم بووە زیز لەتیف و شۆخ و خۆش ڕەفتاری هێشتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا هیممەتم کوتای بە تەمەننا دەری بەڵا تا هیممەتم کوتای بە تەمەننا دەری بەڵا دەربەس بووە بە ماڵی ئەمن کیشوەری بەڵا دەستی قەزا کڵاومی لە مزگێنییا فڕاند ئەو کاتە نایە سەر سەری من ئەفسەری بەڵا هێشتا کە بێشکە قەلعەئەمانی ئەمن بوو غەم هێنایە سەر وڵاتی دڵم لەشکەری بەڵا ڕوتبەی لە کۆهکەن گەلێ ئەو بان کراوە سەبت عوششاقی ڕووت، نێوی لەنێو دەفتەری بەڵا هەر سوبح و شامێ بۆ منی بێچارە پێشکەشە بێشک لە باخەوانی جیهان نۆبەری بەڵا کێ بوو کە قامەتی وەکوو نەی مایەوە و نەبوو چەوت و چەمیدەیی ئەسەری چەنبەری بەڵا یام خۆ لە چاوەکانی ئومێدی نەهاتە خوار سەد دورجی سەربەمۆر لە دوڕ و گەوهەری بەڵا تاتایە تا بەدەم شنەیی باوە زوڵفەکەت یاران چ چارە کەم سەری هەڵدا سەری بەڵا سووتام لەتاوی گەرمی گڕەی گیانستێنی غەم تاهیر کە کەوتە سەر سەری من سێبەری بەڵا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاهیر وەرە بەبێ خونکی و شائبەی ڕیا تاهیر وەرە بەبێ خونکی و شائبەی ڕیا هەڵدە لە خۆت و ڕوو کەرە دەرماڵی کیبریا تا خۆتی ترس و وەحشەتە میوانی نێو دڵت بێ خۆت بە بۆ موئانەسەتی ڕەحمەتی خودا خۆت هەر شقا و زوڵمەت و حیرەت ئەدەی سەمەر بێ خۆت سەعادەتت سەمەرە و ئولفەت و سەفا خۆت پڕ جەحیمی نیقمەت و ئاژاوەیە دڵت بێ خۆت ئەگەیتە جەننەتی پڕ نیعمەتی ڕەزا خۆت ماری حەوسەری دەگەڕی پێی ئومێدی خۆت بێ خۆت بە بۆ خەزێنەیی خۆف و سەرای ڕەجا ببڕە گورێسی خۆت و زەنجیری ئاوەزان نازانی و نەبوونییە ژینی هەتاهەتا ئەو ژینە نە کە وا ژن و ژان و ژڵیژەیە ئەو ژینە وا نە ژینە لەبۆی خوێن و خوێنبەها ژینێ کە وا بەهەشتە لەکن ئەو وەکوو سەقەر ژینێ کە وا نەعیمە لەلای نیقمەت و جەفا ژینێ کە خولد و تووبی و کەوسەر لەلای دەبەن خانووی خراپ و ئاوی سوێر، دڕکی سەرچیا ئەو ژینە بێ موتابەعەتی سوننەت و کیتاب هەیهات دوورە موشکیلە بۆ هیچکە دەس بدا گەر ئەو حەیاتە سەرمەدییەت پێ خۆشە دە زوو ڕێی سەفوەت و سەفا بگرە و شەرعی موستەفا ناگەیتە حەددی کیشوەری ئیمان هەتا نەکەی تابع بە شەرعی حەزرەتی ئەحمەد حودی و هەوا تاریکەڕێی سەعادەتی عوقبا دە زووبە زوو لەو بەحری نوور و ڕەحمەتە فکرێکە بۆ چرا جیسمت موتیعی ئەو کە هەتا دەرکەوی سەلام قەلبت - عیشقی ئەو کە هەتا ڕوو بدا زیا یادی جەماڵی ئەو شەهە کەوتۆتە هەر دڵێ ضوئ صبیحة الکوم حلّ فی الدُّجى ساداری ئەو بەسا مەخەرە سەر سەرای دەهر ئەو سا دەگەیتە سایەیی عیززەت دڵا بە سا عیشقی جەماڵی حەزرەتی مَحبوبِ ذوالمنن بگرە دە بەردە عیشقی ڕوخی نەوگوڵاڵە سا هەڵدە لە هەڕڕەهەڕ و هەرای مەردمی دەنی هەڵدە لە بوغز و کینەیی ئیخوانی هاوسا ئەو سیخ و زەرک و خنجەر و شمشێر و ئاگرە ئەم بەرد و دار و غەیبەت و فیسق و ڕیا و هەرا بێ سوودە بۆ شەریعەتی سوڵتانی موڕسەلین بێ نوورە بۆ تەریقەتی سالاری ئەولیا گەر تۆ بڵێی کە شەرع و تەریقەت لە یەک جیان وا بزانە ئەهلی کوفری و بێ دین و بێ حەیا هەر کەس لە ئەولیا کە بە شوێنێ گەییشتووە نەبوە مەگەر لە پەرتەوی شەرعی ئەبەد بەقا گەر قادریت بخوێنە لە غنیه و فتوح غیب دەستووری ئەم تەریقەتە بۆ خاتری خودا دەس هەڵگرە لە فیسق و فجوور و لە ماڵی خەڵق ئیڕشادە یا کوو جەممی مەڕ و بزن و ماڵ و گا ئەو فاسیقە کە شیر لە سکی خۆی ئەدا و ئەڵێ: من حایزی کەرامەتم و هیممەت و شەفا سا پێی بڵێن کەرامەتەکە ماڵی ئەو نییە ئەم عایدە بە خێوی خۆی و بەخشی ئەو شقا تاهیر غولامی ئەو کەسەیە وا بە سەد ئومێد گرتی تەریقی شەرعی نەبی و کردیە موقتەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ تەویەتی و لەبۆ لەبی خۆی بێقەرار ئەکا دڵ تەویەتی و لەبۆ لەبی خۆی بێقەرار ئەکا تادارە مەیلی پڕ بە دەمی دەنکەنار ئەکا دوێنێ هەموو جیهان شڵەژابوون وتم چییە؟ وتیان: وەفا و پیاوەتییە لێرە بار ئەکا وەک گا بە باڕەخوێنی هەواوە نزایەتی هەر عاشقێ وڕاوەیی بۆس و کەنار ئەکا وەک ئاوی ژێری کایە فەریبی نەکا بخۆی پیاوی هەوا کە مل کەچ ئەکا و خۆی هەژار ئەکا شێخم لە هەر کوێ کردیە سەر مینبەری ڕیا هەر عارفە کوڕانە لە ئەو جێ فیرار ئەکا کۆتا کە دەستی خۆزگە لە داوێنی دەهری دوون دوور بە لە مووچە گیانە هەتا پێت کار ئەکا ئاوی ژیانی خزر نەسیبی کەسێکە وا بەو خاکی بەردەرە دڵ و گیانی نیسار ئەکا تاهیر لە خاکی ڕێگوزەری دڵبەرێکە جێی بەو خاکی ڕێیەت هەفت فەلەک ئیفتیخار ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم بۆ حەزرەتی تۆ مەخزەنی دەرد و غەمە هێشتا دڵم بۆ حەزرەتی تۆ مەخزەنی دەرد و غەمە هێشتا غەمت شادیفەزایە هەرچی بیدەی هەر کەمە هێشتا ئەگەرچی بۆتە چاوەی زووخی مەینەت زامی ناسۆرم بە لەبخەندە و نیگای دا چاوەنواڕی مەرهەمە هێشتا وجوودی من سەراپا مەحوی سەیری حوسنیە و نوتقم لە وەسفی یەک سەری مووی هیچنەزان و ئەبکەمە هێشتا لە ئەو زوهرەجەبینە عەینی نەعشە عیقدی پەروینم بەڵام عوقدەی غەم و دەردی لەنێو دڵدا جەمە هێشتا لەگەڵ ئەو یاری غارەم ئاخ نەبوو عەیشی سەفەر قسمەت درێغ پێم چاوەنواڕی ئێشی نێشی ئەرقەمە هێشتا خەم و پێچی کەژ و کێوی چیا و هەردی وەفام تەی کرد کە زوڵفت خاوی ئەستۆم بێ و کەچی هەر پڕ خەمە هێشتا نیگای ئەو ئاهووە شێرانی بێشەی شێت و شەیدا کرد چ زێبا سەردەلیلەی شۆخ و دڵچەسپی ڕەمە هێشتا لە حەوزەی عیلم و عیرفان وێڵ و وەحشی ماوە گەر تاهیر چ غەم مەدداحی شێت و وێتی غوث الاعظمە هێشتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دەردی جەور و غەم هانامە هانا لە دەردی جەور و غەم هانامە هانا لە هیجری دڵبەری بێ تامە هانا نیهالی ئارەزووم بێ ئاوە هاوار بە وشکی کاتی هەڵکەنیامە هانا لە دنیادا ئەتۆ بووی شادمانیم لە داخی مەینەتی دنیامە هانا چواردە ساڵە هیوای وەسڵی باڵات خەیاڵ و وێردی تا ئێستامە هانا ئیدی کەڵکی نەما عومری درێژم ئەوا دەستی لە تۆ کۆتامە هانا جوابی مەرگی خۆم بیست و نەلەخشام حەیاتی وەسڵەکەت هیوامە هانا ئەتۆ کەی لایقی بەزمی خەسان بووی قسووری بەختی نازێبامە هانا ئەتۆ خۆ ئاسکەکەی هەردەی دڵم بووی چلۆن پێت گیری حەڵقەی دامە هانا ئیدی بۆ من ویساڵت ئەی عەزیزم تەمای پووچ و خەیاڵی خامە هانا ئەتۆ شیرین و من فەرهادی مەحزوون لە تیشەی جەورەکەت فریامە هانا وەکوو تاهیر بە تیری تەعنی ناکەس دڵم ڕێش و دەروونم زامە هانا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەگەر نەماوە مورووەت مەگەر بڕاوە وەفا مەگەر نەماوە مورووەت، مەگەر بڕاوە وەفا کە هەر جەفایە سزای حاڵی ئەهلی سەفا بە پێی پیادە لەدووی کارەوانی هیجرانم خۆشە ئەجەل وەکوو جەردە - هەڵپەڕێ لە قەفا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەهی من ڕۆشن و ڕەخشانە هێشتا مەهی من، ڕۆشن و ڕەخشانە هێشتا زەواڵی زوڵمەتی حیرمانە هێشتا دەوای حاڵی دەروونی نامورادە شەفای دەردی غەمی هیجرانە هێشتا مەڵێن گیراوە ڕووی وەک بەدری کامیل لەژێر هەوری غەما تابانە هێشتا بەگیانی ئەو کە گیانم پڕ عەزابە بەڵام گیان و دڵ و جانانە هێشتا ئەگەر چی بێ سوبات و کەم وەفا بوو لە عیشقی وا دڵم حەیرانە هێشتا بە میوانی دوو لەعلی جانفەزای بم لەنێو دڵیا غەمم میوانە هێشتا بەڵام داخی لە دڵما خانەخوێیە چرای لەو داخەیە، ئەویانە هێشتا بە ئینجازی ویساڵی ڕۆح و گیانم دەخیلی غەوسەکەی گەیلانە هێشتا کە پاشی هەشتسەد و بیست و چوارساڵ بە دڵدا یادی نوورئەفشانە هێشتا ئەگەرچی دیجلەیە فرمێسکی چاوم بە لوتفی ئەو لەبم خەندانە هێشتا ئەگەرچی شەرمەسار و پڕ گوناهم شەفیعم حەزرەتی سوڵتانە هێشتا وەکوو تاهیر ئەنیسی فەزڵی فەیزم لە تۆزی خاکی ئەو ئاسانە هێشتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو ئاواتی دڵ وا بێ ئەسەر ما هەموو ئاواتی دڵ وا بێ ئەسەر ما درەختی ئارەزووەکەم بێ سەمەر ما خەیاڵم کەوتە دووی عەنقای ویسالت ئەویش وەک من هەژار و دەربەدەر ما بەجێ هات سەبری ئەییوبیم بە دوو قات بەڵام دەردی دڵ و ژاراوی هەر ما لە هیجرا وا گەیی عومرم بە ئاخر لە کوێ وەک من کەسێ وا دەستەسەر ما زەمانە مووی سپی کردم بەبێ جێ لە حاڵم ڕووی سیا بێ بێ خەبەر ما دەمەی ئاهم چلۆن ڕێگەی دەگیرێ کە وەک ئەشکم ڕەوان و ڕێ لەبەرما گرفتارم بە داوی بێوەفایی کە خوێن و دین و ئیمانم هەدەر ما دەبا ڕەنجم بە با بێ میسلی فەرهاد بە شیرینی نیگارم وا سەمەر ما *** وتم ڕۆحم فیدای تۆ کەم وتی لا لە تۆ فیدیەم نییە مەقبووڵم الا هەتاکەی هەوری نیسان بێ دوو چاوم ئەیا خەندەت وەکوو لووئلووئی لالا وەکوو قومری هەتا کەی من بناڵم لە هیجری قامەتت ئەی سەروباڵا لەلات بێقەدرە گیان و دڵ وەکوو خۆڵ چ حاجەت نەقد و ماڵ و جینس و کاڵا شکا ئێسقانی جەستەی من لە جەورت بە ڕەفعەت هەر بژی ئەو قەدری والا ئەمن با زۆر بێ کۆگای سەییئاتم کەرەم مەبدایە بۆ ئیحسان و ئاڵا بە غەمخواری منم مەجنوونی کوردان بە دڵداری ئەتۆش لەیلا بە لەیلا بە مەخمووری وتم خوێنخۆرە چاوت ئیلاهی تۆبە بێ لەم تەرکی ئوولا بەجارێ بوون بە ناحەز یار و دڵسۆز بەڵا باری بەسەر مندا لە هەر لا بە ئوستادی موشیری عالەمێ بووم ئەمێستا مەسخەرەی ئەدنا و ئەعلا وەکوو تاهیر وەها بۆ حەزرەتی یار کەسێ نەیکردووە شیعری خۆش ئیملا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی فەڵەک ئیدی لە تۆ ناخۆم فەریب ئەی فەڵەک ئیدی لە تۆ ناخۆم فەریب بێ سەمەر بوو میحنەتی سەبر و شەکیب مەحوی نووری عیشقی یارم گوێم نییە گەر بڵاو بێ زوڵمەتی جەوری ڕەقیب فەسڵی خۆش ئاو وهەوای فەسڵە لەلام وەک بەهاری ڕووحفەزای وەسڵی حەبیب ئەی برای من تیری دوژمن نامکوژێ کوشتمی ئەمما جەفای عیشوەی تەبیب من لە ئەو نەخڵی قەدە، باتی ڕوتەب هەر بەڵا باری بە سەرما یا نەسیب نوکتەسەنجی باعیسی دەردیسەرە زوو بە بۆ خاڵی لەبی بە تۆ لەبیب سیلسیلەی مەنزوومی زوڵفی تاهیرا لایقە بۆ دەرسی ئوستادی ئەدیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە پێچی زوڵفت دوو ساخم مەکە بە پێچی زوڵفت دوو ساخم مەکە بە ئاگری هیجر داخم مەکە بێ بەش لە سەیری ناو باخم مەکە لە گوڵ و نێرگس یاساخم مەکە دوور لە سەیرانگەی ئێڵاخم مەکە بەندەفەرمانم قاچاخم مەکە مەمخە جەحانم دووری باڵای خۆت دوورم مەخەوە ساتێ لەلای خۆت جل و بەرگی خەم مەکە خەڵاتم مەپسێنە ڕشتەی هیوا و ئاواتم شەکەرم، بادامم، نوقڵ و نەباتم ئاوەکەی زەڵاڵ چاوەی حەیاتم کۆترە باریکەی سەوڵی باڵاتم مەلی دانەچین خاڵی ئاڵاتم سەرگەشتەم ڕەندی عاشقم مەستم دڵنەوازم بە، کەم بکە پەستم دێوانەی سەرشێت چاوانی مەستم کەوتووم جارێ سا بگرە دەستم خۆ قەولت دامێ لەگەڵم ڕاس بی یەکدڵ و یەکگیان بێ قسەوباس بی ئێستە باس هەر باس ناڕاسی تۆیە هەر باسەکەی یار نەناسی تۆیە بەزەئیت نەهات بە کەساسیما بە ڕووت و قووتی و بێ کراسیما من کەسم تۆ بووی کەوا و کراسم بۆ تۆ نەماوە خەون و خوراسم نازانم بۆچی لە من بووی یاخی بۆ چی بەم جۆرە لێم بێ دەماخی ئەوا بێ مەیل بوویت مەیلت دا بە غەیر لەگەڵ من بڕیت هێجگار سەواڵ خەیر نە بە سوورەسێو نە بە کاڵەبەی جارێ لە جاران من بە سەر ناکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو زوڵفە تا لە سەر ڕوخی ئەو سایەبانی گرت ئەو زوڵفە تا لە سەر ڕوخی ئەو سایەبانی گرت ون بوو هەتاو و سێبەری خەڵقی جیهانی گرت ئەو ڕوومەتە کە خێوەتی هەڵدا لە گوڵشەنا فەسڵی بەهاری لالەعوزاران خەزانی گرت چاوی ئەتۆ بوو ئاگری پیلانی هەڵگڕاند شمشێری تیژی هانی و تیروکەمانی گرت دڵ ویستی تەرکی فێڵ و فەنی واعیزان بکات پیاوانە هات و دامەنی پیری موغانی گرت ئەو عاشقەی کە کۆیی خەراباتی کردە شوێن بۆ خۆی لە سوور و شینی دوو عاڵەم ئەمانی گرت سەیری فەڵەک بە چاوی بچووکی دەکا ئەوەی لەو ئاستانە پاکە لەبۆ خۆی مەکانی گرت تاهیر ئەوەندە ناسک و خۆشە کەلامەکەت هەر کەس کە بیستی و دڵی تێ دا گیانی گرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی هەمنەفەسی نەسیمی جەننەت ئەی هەمنەفەسی نەسیمی جەننەت ئەی لابەری دەرد و ڕەنج و میحنەت ئەی مایەیی عیشق و سۆز و ناڵین ئەی وادییی ئولفەت و موحەببەت ئەی نەفحەگەری عەبیری سارا ئەی بەشدەری ئاهووانی تەببەت هەم مەعدەنی عەیش و شادمانی هەم مەنبەعی پەستی و مەشەققەت توڕڕەت سەبەبی جەفا و خاری جەبهەت سەری خۆشی و مەسەڕڕەت باڵا وەکوو نەخڵی کامەرانی هیجران هەموو خواری و مەزیللەت لەعلت بە شیفا وەکوو مەسیحا گیانبەخش و ڕەحیق و پڕ مەوەددەت غەمزەت بە شیفا وەکوو سکەندەر غارەتگەر و سەخت و بێ مورووەت زەهرە هەموو زاهیری کەلامت یەعنی هەموو ڕۆح و ڕاح و ڕاحەت ڕوخ مەتلەعی سوبحی نەوجوانی خۆش مەنزەر و پاک و باسەباحەت لەب چەشمەیی ئاوی زیندەگانی شیرینە بەڵام لەگەڵ مەلاحەت غەیر زوڵفی ئەتۆ نییە عەزیزم سەرڕشتەیی عیززەت و سەعادەت غەیر چاوی ئەتۆ نییە نیگارین ئاشووبی جیهانی پوڕ موسیبەت وەسڵت چییە؟ موڵک و پادشاهی هیجرانت؟ ئەمن دەخاتە نیکبەت خاکی دەری تۆیە زێڕ و زێوم چیم داوە ئەمن لە ماڵ و میکنەت دەرکەوت تەلیعەیی سەعادەت تا دڵبەری من نوواندی تەلعەت تا کەی لە فیراقی تۆ بکێشم باری غەم و دەرد و ڕەنج و سەخڵەت مەعنایی منت ئەگەر بدیبا بەم چەشنە نەبووی ئەسیری سوورەت گەر تۆ دەبڕی بەراتی تاهیر زۆر چاکە بەڵام بە سەبر و موهڵەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بوڵەندیم پەستییە و سوودم غەرامەت بوڵەندیم پەستییە و سوودم غەرامەت زەبوونیم عیززەتە و زیللەت کەرامەت ئەوا خەرمانی شادیم ئاگری سەند چ حاسڵ ئاوی فرمێسکی نەدامەت منم ماڵکاول و مەزڵووم و سەرکز منم «نحسن نحوسی» باشەئامەت ئومێدم بوو بە ئینفاقی کەریمان ئەمێستا گیری گێژاوی لەئامەت ئەخۆم خوێنی دەروون تا ڕۆژی مەحشەر ئەکەم ناڵەی حەزین هەر تا قیامەت بەدایم ڕووم لە میحرابی برۆتە هەتا نوێژی جەنازەم کەن ئیقامەت قەسەم ناخۆم بە تاقی ئەبرووانت لەژێر باری غەما چەوساوە قامەت ئەگەر بمرم بە ئەم دەردانە تاهیر حەیاتێکە لەنوێ یارم سەلامەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە پاکی تەور و ئەخلاق و نیژادت بە پاکی تەور و ئەخلاق و نیژادت چییە سووچم دەمێ ناکەومە یادت بە شیوەن عومری من سەرچوو بە تاڵی کە بتبینم بە شیرینی و بە شادت مورادی من لە دونیادا ئەتۆ بووی لەگەڵ من حەیفە، نەمزانی مورادت ئەتۆ بووی مەعدەنی حیلم و عەداڵەت بەڵام بێچارە مەحروومم لە دادت مەگەر ڕەنگی زەمانەت گرتووە وا بە ئەم خەڵقە نەماوە ئیعتیمادت هەموو عالەم لە فەیزت بەهرەمەندە بەڵام بۆ من خەسیسە تەبعی ڕادت بە چاو ئاو و بە دەم ئاگر بە سەر خاک ئەوی تاهیر لە دەس عومری بە بادت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاری من ڕەنگی ڕۆژگاری گرت یاری من ڕەنگی ڕۆژگاری گرت ئایەنەی خاترم غوباری گرت لێوی ناکەس لە لەعلەکەی ئەنگووت لێوی من لەم جەفایە باری گرت سەروەکەم هاونشینی کۆڵەبییە گوڵبونم ڕەنگ و بۆی خاری گرت بۆ مژینی ڕقیی پڕ سەفرا سەروی باڵای لە کۆی هەناری گرت بۆ مەزاجی منی حەزینی سەقیم نەیشەکەر چی بوو، زەهری ماری گرت ئاخ لە دەس چاوی پڕ لە کینی حەسوود چاوی بەختم غوباری تاری گرت جارێکی دڵبەرم بە میهر و وەفا حورمەتی عاشقی هەژاری گرت جارێکی ڕەهبەرم بە ڕەسمی قەدیم ڕێی سەفا و عیززەت و وەقاری گرت من بەدەس دۆسی خۆمەوە فەوتاوم هەموو دوژمن لە من کەناری گرت مەدەدی ڕۆحی غوث الاعظم بوو لایەنی خەستەیی فەگاری گرت ئەو کەسە وا لە فەیزی ئەنفاسی فەسڵی سوننەت شکۆی بەهاری گرت ئەو کەسەی وا لە حەڵقەیی دەرسی عالەمی عیلم ئیعتیباری گرت ئەو کەسەی وا لە عەتری ئیخلاسی شیعری تاهیر شنۆی تەتاری گرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاخ لە دەس کڵپە و شەرارەی ئارێ داخ ئاخ لە دەس کڵپە و شەرارەی ئارێ داخ داخ لە دەس ئێشی برینی خارێ داخ کەس نییە وەک من لە دەستی جەوری یار هەمدەمی ڕەنج و جەفای ئەغیارێ داخ بۆ غەمی من ئێستە دڵشادە ڕەقیب ئەو بە تۆ دڵخۆش و من غەمبارێ داخ تا بە ئەغیار هەمدەمە ئەو دڵبەرە بوو بە هاوڕازی ئەنیسی یارێ داخ چواردەساڵ گەنجی ویسالێکم دەویست عاقیبەت پێچیا بە پێما مارێ داخ نۆشە بۆ من نێشی ناهەمواری ئاه خۆشە بۆ من حەنزەلی گوفتارێ داخ بوو بە ئەغیار ئێستە یاری غاری من دادەنیشم من لە گۆشەی تارێ داخ شوێنی خاری میحنەت و زامی جەفا چاک بووە تێکەڵ لەگەڵ ئاسارێ داخ شەهدی وەسڵە تاهیرا بەهرەی ڕەقیب تۆ بنۆشە کاسەیێ پڕ ژارێ داخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تاڵیی تامی سەبری بێ سەمەر ئاخ لە تاڵیی تامی سەبری بێ سەمەر ئاخ لە نەشئەی زەهری لێوی وەک شەکەر ئاخ لە خولفی وەعدە و ئیقراری بێ سوود لە جەننەت زاهیری باتن سەقەر ئاخ لە لۆمەی سەگدڵانی دوور لە دین داد لە تانەی ناکەسانی بێ هونەر ئاخ لە قرچەی نیوەسووتی نەخڵی ئوممێد لە کڵپەی ناری سینەی پڕ شەرەر ئاخ لە ئیستیغنای حەبیب و جەوری ئەغیار لە شوومی بەخت و هیواکەی هەدەر ئاخ لە گیانی خۆی بە دڵ بێزارە تاهیر دەهەڵکێشێ هەناسە و ئاخ لە سەر ئاخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مەنبەعی حەقایق و بەحری سەفا مەدەد ئەی مەنبەعی حەقایق و بەحری سەفا مەدەد درمانده ایم ئەی شەهی چرچەقەڵا مەدەد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەستەیی باری گوناهم غەوسی گەیلانی مەدەد خەستەیی باری گوناهم غەوسی گەیلانی مەدەد شەرمەسارم ڕووسیاهم قوتبی ڕەببانی مەدەد ژەنگی عصیانها منی مەغزووبی عالەم کردووە هەڵکە دیجلەی ڕەحمەکەت مەحبووبی سوبحانی مەدەد زاهیرم بێرزراوی عالەم باتینم پڕ داخ و دەرد دڵ لە زوڵمەت کەیلە ئەی قەندیلی نوورانی مەدەد من زەلیلی هەڕگ و بێڵ و بێ دەلیل و ڕێنەزان ئەی هیدایەتبەخشی جەمعی جین و ئینسانی مەدەد من سەراپا نوقمی زوڵماتی گوناه و زیللەتم مەوریدی عِزّی تَجلّای نوری مَنّانی مەدەد من موتیعی نەفسی بەدفەڕ ماو لە تاعەت بێ نەسیب ئەی شەهەنشای بەرحەقی شاهانی ڕۆحانی مەدەد بێ بەش و مایەتەباه و تێشکاو و موفلیسم مەهبەتی فەیز و فوتوحی زاتی یەزدانی مەدەد بۆ دڵی مردووم دەخیلە وەک مەسیحا هیممەتێ لوتفی ئەنفاست شنۆی ئەنفاسی ڕەحمانی مەدەد چاوەنواڕی ڕێزە ئێسقانی موبارەک خوانی تۆم ئەی سەگانی دەرگەهت شێرانی مەیدانی مەدەد کەی من ئەوجاهەم هەیە تا بڵێم سەگی دەرماڵی تۆم بۆ سەگی دەرماڵەکەت کەم خۆم بە قوربانی مەدەد کاتی مردن سەرفەرازم کە بە فەیزی مەقدەمت بۆ خەلاسی من لە تەفتیناتی شەیتانی مەدەد ڕۆژی مەحشەر بمخەرە ژێر سێبەری بەیداخەکەت قوتبی بێ هەمتا دەخیلە غەوسی بێ سانی مەدەد هیممەتی ڕۆحی موقەددەس گەر نەکەیتە باوەڕم کێ نەجاتم دا لە تەسویلاتی نەفسانی مەدەد جورعەیێ چەشمەی حەقیقەت تینوویی ئەلتافی تۆم ئەی ئیمام و ڕەهبەری مەردانی عیرفانی مەدەد پەردەپۆشی بە، بە زەیلی مەرحەمەت ڕۆژی جەزا گەر لە تاهیر دەرکەوێ ئاساری نادانی مەدەد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیبلەیی عاریفان ئەمان قودوەیی موتتەقین مەدەد قیبلەیی عاریفان ئەمان، قودوەیی موتتەقین مەدەد کەعبەیی عاشقان کەرەم، ڕەهبەری ڕاستین مەدەد قووڕەیی عەینی موستەفا، غوڕڕەیی عەیشی مورتەزا قووەیی زەهری موجتەبا، تووڕەیی حوکمی دین مەدەد شاهیدی وەجهی لو کشف، لابیسی خەلعەتی شەرەف کاشفی سیڕڕی جاهدوا، قامیعی بوغز و کین مەدەد مُحِییی سوننەتی نبی موسلیحی جاهیل و غەبی غوث و امام و مقتدا، نوخبەیی ماء و تین مەدەد ڕەفڕەفی عالەمی عولا، هەمدەمی مەجمەعی سەفا هەم سەفەری «حەبیبی حەق»، هەم نەفەسی ئەمین مەدەد قوتبی مەداری مەعریفەت، حایزی فەزڵ و مەحمەدەت وارسی لوتف و مەکرەمەت، موجتەمەعی یەقین مەدەد هەوری سەخایە جوودی تۆ، بەحری عەتا وجوودی تۆ زوڵمەتە نێو دەروونی من، نووری دڵی حەزین مەدەد بەندەیی چاکەرانی تۆ، تاهیری دوور لە عەقڵ و دین چاوەنواڕی ڕەحمەتە، ئەعلەمی عالەمین مەدەد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گوڵێ پەردەی دڵم پڕ بوو لە خار بۆ گوڵێ پەردەی دڵم پڕ بوو لە خار کەس نەبێ وەک من زەبوون و دوور لە یار یار و یاریم دوژمنی ڕۆح و دڵە دڵنەوازیم دڵشکێنی و گەنجە مار با ببارێ چاوی من فرمێسکی خوێن بەڵکوو عاڵەم گشت ببێتە لالەزار با لە بەرقی ئاه و گرمەی هەوری غەم پێک بهێنم هەر زەمان فەسڵی بەهار با لە گەرمی سۆزی کینەی سینەکەم هەر وەکوو هاوین زەمان کەم پڕ شەرار با لە تانەی خەلق و سوونەی ئاهی سەرد یەخبەنان کەم دەشت و کێو و بەرد و دار هەروەکوو دەوران منی ئاوارە کرد با منیش خەلقی جیهان کەم بێقەرار من کە ما باخی ئومێدم بێ سەمەر من کە کەشتی ئارەزووم سووتا بە ئار من کە یارانم وەکوو مارانی ڕەش نۆشی منیان کرد بە نێشی پڕ لە ژار سا پەنای دەرماڵی کێ بەم بۆ نەجات غەیری غەوسی ئەعزەم و قوتبی مەدار سەیدی زومرەی گیرامی ئەولیا سەروەری پاکان ئیمامی باوەقار ڕەهبەر و قەییومی جوملەی کاینات حایزی ئەخلاقی حەق عالی شوعار دۆستی حەق، مەحبووبی فەخری مورسەلین وارسی عیلمی لەدون، واڵاتەبار من سەگی دەرماڵی ئەو شاهەنشەهەم نیمە ترسی شێر و گورگی ڕۆژگار تاهیرا بۆ ڕێزە ئێسکی خوانی ئەو زۆر بەجێیە گەر بکەی گیانت نیسار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهارە ئەی یار نازەنین پەیکەر بەهارە ئەی یار نازەنین پەیکەر تاوێ لە هۆدە سەر بهێنە دەر نەسیمی بێنخۆش شۆخی بەهاری تا بن مێشکی دڵ دەکا موعەتتەر وریجەی شەونم لەسەر بەرگی گوڵ ئەڵماسە لەدەور یاقووتی ئەحمەر چەمەن بوو بە داخ نەقاشخانەی چین لەبەر ڕەنگی گوڵ لەسەر سەوزە تەڕ لە هەموو لایێ کۆگا بووە گوڵ هەر گۆشە پڕە لە مینا و ساغەر گوێی هەر شەتاوێ لەبەر خەیمەی گوڵ وەک نەخشی مانی هۆش دەبا لە سەر خەیمەی پیرۆزە ئەڵماس دەبارێ لەسەر زمڕووتی کێو و دەشت و دەر داران ڕاست و ڕێک بە کەیف و پاراو گوڵی سوور بەسەر جلی سوور لەبەر لەسەر لقی گوڵ بولبول بە ئاهەنگ ئەڵێ بۆخۆشی: بڕیارە بێ گەر گوڵووگ لەسەر چڵ دەمی کردەوە وەک دەمی ساوای جوانی نازپەروەر نازانم شەتاو یام خۆ بادەیە یام بەهەشتە و حەوز پڕ شیر و شەکەر لە نەغمەی بولبول بەسەر غونچەدا مەینۆشان شەیدای دیداری دڵبەر تا چاو کار ئەکا گوڵ و سەوزییە سارا و سەرزەوی ئەمپەڕ تا ئەوپەڕ وەکوو فرمێسکی عاشق بۆ ئازیز تافان دەڕێژن بە خەرمان گەوهەر لەسەر هەر جۆگە یارانی گوڵڕوو وەک حۆری بەهەشت لەدەوری کەوسەر لەناو باخاندا مەست و دەس لە مل بێ خەمی دنیا دڵدار و دڵبەر بزە لەسەر لێو هەر دوو دەس لە مل بۆی هەناسە خۆش چفە بێ خەتەر نەسیم زوڵفی یار پەخش ئەکاتەوە جوانتر لە چنێر بەڕەزای سەر مەڕ عاشق وەک زرێ دەیخاتە سەر شان ئەڵێ ڕۆستەمم کوڕی زاڵی زەڕ بەهاری تازە و کاتی جوانی چی لەمە چاتر ئەی یاری باوەر بۆی شنەی بەهار عەتری زوڵفی لەیل خۆشتر لە نافەی موشکی ئاهووی بەڕ سارا و سەرچیا دۆڵ و شیو و چەم هەڵدێرگە و سەرکێو کاچ و ماوکەمەر هاتوەتە زمان بە ناڵەی مەلان چاک گوێ ڕاگرە ئەر نیتە باوەڕ فەسڵی بەهاران کاتی شاییە خۆش بە با نەچێ عومرت بە هەدەر سەیری نەوگوڵان زەرد و سپی کە بێ خەیاڵی خام کۆگای سیم و زەڕ وادەی بەربەیان هەناسەی نەسیم پڕشنگی ڕوومەت ئەستێرەی سەحەر لەم بەهارەدا ئەر بە ئیخلاس بی نوور ئەخاتە دڵ بە دانای داوەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە من چی شادمانی ڕۆژی نەورۆز بە من چی شادمانی ڕۆژی نەورۆز بە من چی خۆشی خۆشی جێژنی پیرۆز من و دەردی فیراق و ئێشی حیرمان من و شیری جگەربڕ تیری دڵدۆز من و هەوری هەناسە و تاوی فرمێسک بزیسکەی ئاری دڵ وەک بەرقی گیانسۆز من و نەکبای فیراق و نەکبەتی بەخت من و جیسمی لەژێر پێی هیجرەدا تۆز من و تانەی دوو چاو و تانەی ئەغیار بەبێ ڕوخساری یارم عالەمەفرۆز من و ڕەسمی بچووکی و سەربە ژێری ئەتۆ و بەرزی دەماخ و شێوەیی قۆز ڕەقیبت دی وتت ئەی شۆخی لاوچاک منت بینی وتت هۆمامە ڕیش بۆز دوو لەعلی تۆ لەبۆ ئەو شەهدی جانبەخش دوو چاوی تۆ لەبۆ من میحنەتامۆز کە ئەو پەروانەیە بۆ بەزمی جانان لە دڵدا من دەسووتێم میسلی فانۆز لەگەڵ ئەودا بە عەینی شەکر و شیری بەڵام دەردا بە مندا نایەنی پۆز لە تۆ پیرۆز بێ ئەی قیبلەی نیازم کە هەر تۆی مانگی ڕووناکی گەل و هۆز بژی ئارام و ڕێک و خۆش و مەسروور نەوەک تاهیر خەریکی بەختی ئاڵۆز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برا باسی من و ڕەنجی فیراق ئەی برا باسی من و ڕەنجی فیراق بوەتە واتەی هەموو ئەربابی ویفاق دڵی سووتاوە بە حاڵم هەموو کەس غەیری بێ ترس لە خودا و ئەهلی نیفاق بەو برۆی جووتە کە هەر وەک تاقە مام لە هۆش و خیرەد و تاقەت تاق بەو دوو لیمۆیە کە بیماری غەمم دەگرین جوملە بە حاڵم عوششاق بەو دوو چاوانە کە شەیدای ئەتۆم با بکەن لۆمە و تانەم ئافاق تۆ هەموو کاسی مەرامت بە موراد من وەکوو کاسەیی خاڵی وڕ و واق زاقە چاوم کە چی تاهیر ڕۆیی مَن لِا لامِهِ صدری قد ضاق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حاڵەکەم زار و پەرێشە قوتبی ئافاقم دەخیل حاڵەکەم زار و پەرێشە قوتبی ئافاقم دەخیل ئەی سرووری خاتیری ڕەنجووری عوششاقم دەخیل ئەی تەجەللای نووری حەق تەشریفی خاست ڕۆژ و شەو ئەی تەسەللای دەردەکەی مەردانی موشتاقم دەخیل غەوسی ئەعزەم، فەردی ئەفخەم، قوتبی ئەکرەم، هیممەتێ جووتی نووری حەق لە جەمعی ئەولیا تاقم دەخیل هەم لەبۆ گەنجی مەعاریف میسلی میفتاحی هودا هەم لەبۆ سەددی مەناهی عەینی میغلاقم دەخیل ئیزترابی بەحری ڕەحمەت گەوهەرێکی خستە دەر بێ گومان ئەو گەوهەرە تۆی هەوری ئینفاقم دەخیل ئەی سەفابەخشی دەروونی ڕۆشن و تارم مەدەد ئەی شەفابەخشی وجوودی ساق و ناساقم دەخیل زامنی ئیحیایی سوننەت حامیی شەرعیی مەتین نەجلی شاهی مورسەلین، مەحبووبی خەللاقم دەخیل ناشری عەدلی ڕەعایا قامیعی زوڵم و ستەم کافلی ڕزقی بەرایا یابی ئەرزاقم دەخیل بازی سەر ئوتراخی بورجی میخدەعی قورب و شەرەف تایری ئەوجی سروور و وەجد و ئەشواقم دەخیل تەشنەلەب تاکەی وەکوو تاهیر بمێنێم وێڵ و گێج ئەی بە هیممەت جورعەبەخشی جامی ئەزواقم دەخیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرمەسار و دڵحەزینم خەستە و خوار و زەلیل شەرمەسار و دڵحەزینم خەستە و خوار و زەلیل غەوسی ئەعزەم هیممەتێ قوتبی دوو عالەم سا دەخیل خاکی ئاسانەت بە سورمەی چاوی دڵ کەم کافییە قەت لە ڕێ وێڵ نابم ئەو تۆزە بەسە بۆ من دەلیل کێیە وێنەی من بە تاوان و قەباحەت بێ بەدەڵ کێیە وێنەی تۆ بە عیرفان و کەرامت بێ بە دیل کێیە وێنەی من بە عونفی باری عسیان بێ نەزیر کێیە وێنەی تۆ بە لوتفی فەیزی ڕەحمان بێ مەسیل من ئەسیری موڵکی ورد و هانی بەحری مەعسیەت تۆ ئەسیری موڵکی بێ پایانی ئەلتافی جەلیل من نگوونساری غرووری نەفسی بەدفەڕ جامی شووم تۆ لە ئەتواری سرووری قەبسی ئەنواری جەمیل تۆ جگەرگۆشەی حەبیبی زاتی ربّ العالمین من جەفاپیشەی قوسووری تاعەت و زادی قەلیل بەم هەموو باری گوناه و دەردی بێ پایانەوە هاتمە ژێر بەیداخەکەت ئەی خاوەنی زیللی زەلیل فەرموو با سنکم لە مل نین با ئیدی خوێڕی نەبم هاوسواڵەی کەلبی قاپیم کەن دەبا دەرچم لە بیل ئەی سەگانی دەرگەهت چاتر لە شێرانی عەرین ئەی غولامانی دەرت ئەو بان لە شاهانی نەبیل بۆ حەسەن حاڵم پەرێشانە و دەروونم پڕ عەزاب تۆ تەبیبی حاڵزان و من سەقیم و ئەو عەلیل هیممەتێ کە بۆ حەسەن ئەی فەیزی ئەنفاست شەفا ڕەحمەکەت شیفولعەلیل و لوتفەکەت یسقەلغەلیل هیممەتێ کە بۆ حەسەن ئەی سەروەری ئازادەگان ئەو نەخۆشە و من بە دەس ئالامەوە مەحبووس و دیل سا شفایێ بەو شەوەی وا بوویتە ڕەفڕەف بۆ نەبی سا شفایێ بەو دەمەی وا چوویتە یاری جیبڕەئیل بۆ حەسەن ڕەحمێ بە حاڵم کە بە حەققی ذوالمنن زوو بە سا جورعەی شفایێ ئەی بە هیممەت بێ عەدیل زوو بە سا جورعەی شفایێ ئەی لەبت چاوەی حەیات زوو بە سا جورعەی شفایێ ئەی دەهانت سەلسەبیل ئەی شفای بیمار بە ئەنفاسی موبارەک وەک مەسیح ئەی لە قەتعی تەو، بە ئەزکاری موقەددەس وەک خەلیل بۆ حەسەن با بێ شفایێ مەحزی ڕۆحی موستەفا خاتروڵڵا تابەکەی مێروولە بم غەم میسلی فیل تۆ شفای بیمار و ئالامی بە ئیزنی زاتی حەق زووبە سا تۆ بی و خودا، ئەی تۆ عەزیز و من زەلیل زووبە سا تۆ بی و خودا ئەی من جەهوول و تۆ عەقیل بۆ حەسەن با بێ شفایێ و لێم قبووڵ کەرێ قەدەم تا وەکوو تاهیر سەر و گیان کەم لەڕێی تۆدا سەجیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێیە وەک من سەرکز و خار و زەلیل کێیە وەک من سەرکز و خار و زەلیل کوێر و بێ دەسکێش و وێڵ و بێ دەلیل کێ وەکوو من ما لە بەندی میحنەتا بەرهەڵا زاهیر بە مەعنی عەینی دیل کێ وەکوو من بێ نەهالی قەددی یار سەر هەتا پێ بێ گوناهی نیشتە بیل دڵ بریندارم دەسا یا شێخ مەدەد دوور لە دڵدارم دەسا یا پیر دەخیل بێنەوا و داماوم ئامان یا کەریم لات و بێ بەش ڕووم لە تۆیە یا خەلیل من وەکوو کۆترم، جەفا عەینی هەڵۆ من وەکوو مێروولە، هیجران میسلی فیل گەر بەڕێی عیشقا بچی تاهیر فەلەک پێت دەبێژن مەرحەبا نعم السبیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسیری دامی عیشقم خەستەیی دەردی دڵم چ بکەم ئەسیری دامی عیشقم خەستەیی دەردی دڵم چ بکەم لە تۆ دایم پڕە قەلبم لە خۆم گەر غافڵم چ بکەم نە شێخ و زاهد و سۆفیم، نە قازی و واعیز و موفتیم نە دێوانەم، نە فەرزانەم، نە زانا و عاقڵم چ بکەم لە دەرکی پێچ و ئەشکەنجەی سەری زوڵفت پەرێشانم ئەترسم حەل نەبێ جارێ، خودایا موشکڵم چ بکەم لە سایەی خاری هیجرت دامەنم پڕ گوڵ لە ئەسرینە ئەگەر گاهێ دەناڵێم لێم مەڕەنجێن بوڵبوڵم چ بکەم بڵێم چی دەهری دوون گەر چاوی ئینعامی بە ئەنعامە نییە خۆ غەیری فرمێسک و هەناسە حاسڵم چ بکەم بڵا با مامە سۆفی ئاگرم تێ بەر نەدا وەعزی سرشتەی عیشقی خووبانە ئەمن ئاب و گڵم چ بکەم ئومێدی دیدەنی یارم هەیە تاهیر لەمەو پاشیش خەریکی نەزم و تەرتیبی خەیاڵی باتڵم چ بکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێبەر بووە لە جەوری زەمان نەخلی ئارەزۆم بێبەر بووە لە جەوری زەمان نەخلی ئارەزۆم عومرێکە ڕەنج ئەکێشم و ئێستاکە ڕەنجەڕۆم ئەییووبی ئەم دەمە منم و سەبری بێ سەمەر بێزاری کردووم لە دەوامی حەیاتی خۆم زۆر بووم دەخیلی عارف و عامی و نەگەیمە یار بۆ نەیلی ئەم مورادە خودایا دەخیلی تۆم گەر تۆ پەنام نەدەی لە جەفای یاری بێ وەفا ئاگر دەچێتە کشتی موحەببەت لە سوفتو سۆم ڕاستم وەکوو خەدەنگی موژەت، چەوتی وەک برۆت وەک شوهرەتی جەماڵی ئەتۆ ڕاست بێ درۆم بێ گوفتوگۆ سەر و دڵ و دینم بە تۆ سپارد لای تۆ نەما نە باس و ڕاز و نە گوفتوگۆم تا بووەتە سەجدەگاهی من ئەبروانی تۆ دەسنوێژ بە خوێنی گەرم و نەگرساوی دڵ دەشۆم بۆی بۆ پڕووزی جەرگ و دەمەی دووکەڵی نەفەس دایم لە لەمە بۆیە دڵ ئارامە ڕەنگ و بۆم تاهیر لە جەوری خزمە کە بێگانە مەشرەبم ئەم عالەمەی ئەوانی تیان، بەندە لێی دەڕۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ئەبرۆت من لە خەمدا وەک هیلالم بە ئەبرۆت من لە خەمدا وەک هیلالم بە زوڵفت والە و ئاشوفتە حاڵم بە نازت وێڵی سارا و کێو و دەشتم بە چاوت من گرۆی خێڵی غەزاڵم بە خاڵت پڕ سووەیدای میحنەتە دڵ بە لێوت زۆر گەشە فرمێسکی ئاڵم بە خەندەت لوئلوئی لالایە ئەشکم بە غەمزەت وەحشییە هۆش و خەیاڵم بە ڕازت ئاشکرایە دەرد و داخم بە گوفتارت ئەمن دەم پڕ لە ژاڵم بە خۆشیت خەستەکەی دەردی فیراقم بە شادیت بەرزە گریە و ناڵەناڵم بە عەهدت بێبەرە نەخڵی مورادم بە سوێندت ناسەوابە ڕای ویساڵم بە عەقدت پڕ گرێ پڕ ئێشە ڕۆحم بە حەجلەت موفلیسی وێرانەماڵم بە جەبهەت ڕۆژی ناکامیم دەمی دا بە گۆنات هاتووە کاتی زەواڵم بە شۆخیت ئارەزووم بێ بەرگ و بارە بە ماچت شەربەتی ئاماڵە تاڵم بە باڵات وشکەسەروی باغی شادیم بە دووریت نیوەسووتی تەن زوخاڵم بە پەیمانت قەڵای شادیم هەڕۆژا بە ئیقرارت بوڵەندە داد و قاڵم بە شەوقی تۆ کە سووتا ڕۆح و گیانم بە شۆڵەت هەڵپڕووزا پەڕڕ و باڵم وتم پوختەم وەکوو تاهیر لە عیشقا کەچی هێشتاکە زۆر نادان و کاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە تاڵی بۆچ لە شاری قەسری شیرین دەربچێ یارم بە تاڵی بۆچ لە شاری قەسری شیرین دەربچێ یارم دەخیلە غەوسی ئەعزەم هیممەتی خۆت کە مەدەدکارم کزەی سۆزی هەناسەی سەرد و گەرمی ئاگری داخم زەلیلی دەستی بێگانەم ئەسیری بەندی ئەغیارم شکاوە شووشەکەی خاتیر بە بەردی تەعنی بەدخوازم تکاوە قەترەکەی حورمەت بە ئاوی تاڵی گوفتارم ئەمان لافاوی فرمێسکم نەکا خانەی ئەمەل کاول دەخیلە بای هەناسەم با نەبا ئەوراقی ئاسارم بەسە یاری جەفای مەحبووب و تانەی هەرکەس و ناکەس خودایا هیجری قیبلەم با نەبێتە ڕەنج و سەربارم لە قاپی ڕەحمەتی تۆدا بە پەستی بەرزە لاڵەی من ئیلاهی من جەفاپیشەم خودایا من گوناکارم بە حەققی ئەو کەسەی وا جورعەنۆشی بەزمی لَولاکە دەروون چاکم دەسا ڕەحمێ بە حاڵی خەستە و زارم ئەمن بێ حورمەتم خۆت حورمەتی دۆسانی خۆت بگرە لەبەر خواری و زەلیلی دۆستی تۆ من بەرزە هاوارم محەممەد تاهیری تاهیرنەسەب ها قەلبی غەمبارە منیش تاهیر لە چاوان بۆ غەمی ئەو ئەشکی خوێنبارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەجێیە ئەی ڕەفیقان گەر بەدڵ مەدهۆش و شەیدا بم بەجێیە ئەی ڕەفیقان گەر بەدڵ مەدهۆش و شەیدا بم سزایە ئەی عەزیزان گەر بە گیان وەیلانی بەیدا بم بە شەیدایی چ خۆشە هاونشینی ئاسکەکەی بەڕڕ بم بە وەیلانی چ چاکە هەمقەرینی وەحشی سارا بم لە پێ تا سەر لیباسم غەرقی نیلی هیجری مەحبووبە سزاوارە کە غەرقی نیلی وەسڵی ئەو سەراپا بم لەسەر تەسلیمی گیان سنکی ملم تەوسیمی ئیسلامە لە تۆ هەر چاترم زاهید بە سوورەت گەرچی تەرسا بم جەفای نێشی موغەیلانم سەفای نۆشی موهەننایە وەکوو مەجنوون ئەگەر ئیحرامبەندی تەوفی لەیلا بم کە تەیری دڵ ئەسیری دامی زوڵف و دانەیی خاڵە بە ئازادی گەییشتووم گەر بە سەبری حەبسی ئازا بم بە کڵپەی ئاگری حیرمان دەسووتێ خەرمەنی عەیشم دڵم کاتی موناجات هەر ئەڵێ: یا ڕەببی هەر وا بم بە بێهۆشی ئەبێ تەی مەنزڵی پڕ دڕکوداڵی خەم پرووسکێکم بەشی دڕکێکە گەر یەک لەحزە وریا بم لە زوڵماتی غەما پەنهان منم تۆ ئاوی حەیوانی حەیاتی عاشقان هەر تۆی چ حاجەت من هووەیدا بم بڵا با نوقمەساری توونی قووڵی ڕەنج و مەینەت بم جیهانێ دێتە ناڵین یەک زەمان گەر بەندە پەیدا بم شەوی تاریکی هیجران تاقە ئەستێرەی کەلی زاریم خەوی ڕاحەت ئەچێتە چاوی خەلقی گەر من ئاوا بم لە دیقی سوودی مایەی پڕ زیانی عیشقی ئەو یارە نەماوە هیچ عیلاجم با ئەنیسی داغ و سەودا بم بیابانێکە پڕ خۆف و خەتەر ڕێی عیشقی نازاران گیان دەرناکەم ئەی یاران چ بێ گوێ بم چ پرسا بم لەبۆ حەللی موعەممای خولفی وەعدە و سیدقی بەدقەولی هەتا مەحشەر لە بیر دام گەر چی نادان یا کە دانا بم لە گەنجی وەسڵەکەت مایەم سەوادی وەجهی دارەینە بڵا با لەم سەوادە بەشدەری سەودا و سووەیدا بم لەکن ئەو ناکەسە ئەشعاری من شیری جیگەر پاچە چ وەک تەییانی نامەوزوون و چ وەک سەحبانی شیوا بم یەمینم نایرەی حیرمان، یەسارم گۆمی فرمێسکە لەنێوان ئاو و ئاگر چۆن دەبێ بێ شوێن و ماوا بم لە ئاقاری مەجازا خول دەخوا ئەم چەشنە گوفتارە دەبا بۆ ڕێی حەقیقەت شاعیرێکی عارفاسا بم دەسا با کەم خەریکی بیری خاو و شیعری ناڕەس بم دەسا با کەم لە داوی تەبعی پەست و تەمعی بێجا بم لە سوورەت هەر کەدوورەت هەڵدەسێ دانیشە با جارێ وەکوو ئەهلی سەفا فەرمانبەری ئەربابی مەعنا بم بە ئیخلاس هاوسوواڵەی کەلبی قاپی غەوسی ئەعزەم بم بە ڕاستی هاوپیاڵەی ڕەندی دەرگای پیری بەغدا بم لە زشتی لەونی تەوری پڕ لە جەوری نەفسی بەدفەڕما بە دیجلەی لوتفەکەی چاک خۆم بشۆم و جوان و زێبا بم لە خڵت و خەوشی ویزر و خاک و پووشی مەعسیە و تاوان لە عیشوەی چاوی دەربانی وەکوو دوڕڕی موسەففا بم لە سبغەی میهری ئەو شاهەنشەهە بەش وەرگرە تاهیر ئەوە نەقشی حەقیقەت، سا مەڵێ وەک نەقشی دێبا بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵبەرم سەر سپێری میهر و وەفاتم دڵبەرم سەرسپێری میهر و وەفاتم گەرچی هەر پێ لە بەندی جەور و جەفاتم گەر لەگەڵ من وەفات لە کاتی وەفاتە من بە دڵ چاوەنواڕی کاتی وەفاتم بە حەیاتی ئەبەد دەگەم کە بە دەستت بمکوژیت و ببێ لە غوسسە نەجاتم سەر بە سەرگەردی قامەتی وەکوو سەروت گیان بە قوربانی ڕوومەتی بە سەفاتم هەر نی تۆ دڵ لە سەنگ و پاک و لەتیفی ئەمنیش بادەوام و سەبر و سوباتم من بە دەم ڕقمە لێت و ڕۆحە غولامت تۆ بە دڵ ڕقتە لێم و گیان بە فیداتم تاهیرا موژدەیێ لە لەعلی نیگارم کافییە بۆ دەوامی ژین و حەیاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیل سوبحی ئەمەل نوورێ لە جەبهەی ماه سیماکەم سەبارەت: ئەم غەزەڵەم بە ناتەواو ماوەتەوە دەخیل سوبحی ئەمەل نوورێ لە جەبهەی ماه سیماکەم شەوی تاریکە دەیجوورێ بە یادی زوڵفی لەیلاکەم شەڕەنگی بێکەسی شەهدێ بە عیشقی لێوەکەی ئازیز خوماری سەرخۆشم کە سا بە نەشئەی جامی سەهباکەم دەسۆزێ حاڵەتی موتریب، دە جامێ شۆڕشی ساقی! کە عالەم گیر بێ بانگی ' اَحسَن و سَیقا ' و رَعیَا ' کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سووتانی کشتی هۆش و دەکا ئاگری تاسەکەم سووتانی کشتی هۆش و دەکا ئاگری تاسەکەم فەوتانی باغی شەوق و ئەمەل بای هەناسەکەم بوویتە ڕەفیقی ناکەس و ناوت لەنێو نەما شوکری خودا کە بەرزە بە غەم دەنگ و باسەکەم مەحوە لە دەفتەری کەرەما وەعدەکەی درۆت سەبتە لە مەحزەری هیمەمما قەولە ڕاسەکەم ئاخ بۆ چواردە ساڵە دڵی پڕ لە داخەکەم بۆ لەم زەمانە باوەڕەکەی بێ ئەساسەکەم وام زانی ئەو ڕەفیقە لەگەڵ من بە شیفقەتە نەمزانی دوژمنە، جل و بەرگ و کراسەکەم وەک مانگەکەی هیلالی برۆت قامەتم خەمە کشتم درەو ئەکا بە شەقا و تیژە داسەکەم عومرم گەیشتە ئاخر و دەورم نەکەوتە بەر بۆ دەست و شیشەکەی ئەمەلم واقە کاسەکەم تا تۆم هەبووی شەهیری جیهان بووم بە عاشقی تاهیر ئەمێستە غەمزەدەکەی کەسنەناسەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەک مەهجووری سایەی ئەو نەمامی نەوبەرەی کردم فەلەک مەهجووری سایەی ئەو نەمامی نەوبەرەی کردم زەمان مەحروومی وەسڵی ئەو پەریوەش دڵبەرەی کردم هەتاو بوو یا کە تاوی دۆزەخی هیجرانی ماڵکاول کە بێبەش لەو بەهەشتە و بێنەسیب لەو سێبەرەی کردم خزر تووشم نەبوو یا خۆ قسەی ئیبلیس لەڕێی بردم کە بێبەش لەو حەیاتە و لێوبەبار لەو کەوسەرەی کردم مەگەر سروەی نەسیمی سوبحدەم زەنجیرلەپێ داما کە خایب لەو دوو زوڵفە و بێ دەماخ لەو عەنبەرەی کردم بەڵێ گەنجووری دەوران ڕقیە لێم وا میسلی نامەردان بەری لەو لەعل و یاقووتە و عەری لەو گەوهەرەی کردم فەلەک ئاوارە بێ وەک دڵ، زەمان بێچارە بێ وەک گیان کەوا یەکبارە دوور و دەربەدەر لەو بەردەرەی کردم نیشانەی تالعی نەحسم، دەگۆڕی سیدقی سیددیقیم ئەمارەی بەختەکەی بەرزم بە پەستی مەسخەرەی کردم سەرم دانا لەپێناوی خەیاڵی وەسڵی بێ حاسڵ کەچی دەستی زەمان بۆ فەسڵی دایم یەکسەرەی کردم سپەندی بەزمی مەحروومیم ئەمن تاهیر کە هیجرانی بە ئاه ئاگر، بە دڵ پشکۆ، بە سینە مەجمەرەی کردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر چی یارەکەم نایێتە خاوم لەبەر چی یارەکەم نایێتە خاوم؟ چلۆن بێ؟ چونکوو خەو ناچێتە چاوم لەلای من دێ برا ئەم بۆپڕووزە کە هەڵقرچا هەموو جەرگ و هەناوم فەڵەک مەشکێنە شووشەی خاتری من کە مەئیووس و حەزین و تێشکاوم بە جورعەی وەسڵەکەت ئیدی چ حاجەت ئەوا ڕندی حەیا و حورمەت تکاوم مەنێن پێی ناپیاوی دی بە سەرما ئەزانن موفلیس و هەستی نەماوم وتت بێ دەنگ و داخواز و سوئالیت سوئالم کرد و تۆ نەت دا جواوم دەبا هاڕی فەلەک دانەم بهاڕێ وەها بەڵکوو خەلاسی بێ لە داوم وتم ها ئەسپی ئامالم لەژێر داس وتم سەیدی ئەمانی کەوتە ڕاوم ئەمن مەستی هەوا بووم کاتێ خۆم دی کەچی بێگانە وەزعی بەش خوراوم کە چی مەتروودی بابی شیفقەت خەفیف و خائیب و تێهەڵدراوم کە چوو گیان و دڵم تاهیر بە تاڵان چ باقی بێ و چ فانی شیعر و ناوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من لە دەس هیجرانی دڵبەر سەرکز و داماوە خۆم من لە دەس هیجرانی دڵبەر سەرکز و داماوە خۆم عەیش تەیش و گەنج ڕەنج و مەی وەکوو زووخاوە خۆم دانەدانەی خاڵەکەت مورغێکی دی خستە تەما ئەو بە ناکام هەڵفڕی و من گیری پێچی داوە خۆم بێ ئەوەی وا شەعشەعەی شەمسی حەقیقەت بێتە دڵ دڵ بە تاو و چاو پڕ ئاو، لێو وشک هەڵقرچاوە خۆم وەک سەری زوڵفەینی تۆ دەستی حەوادیس بام دەدا گاه کورت گەه درێژ، گەه لوول و گاهێ خاوە خۆم مەستی چاوی مەست و پەستی کیبر و ئیستغنای ڕەقیب تێشکاو، هەستی نەماو و بێبەش و بێناوە خۆم بۆ نیگاهی شوێن هەواری ئەو بوتەی لەیلیوەشە وەک چیای مەجنوون چنیو و حەیران و ڕاوەستاوە خۆم هەر وەکوو پەروانە خۆش دێ بۆپڕووزی باڵەکەم تاکوو من وەک شەم تواوە و لاشە هەڵگیرساوە خۆم گەر نەکا هیممەت شەهەنشاهی گورۆهی ئەولیا بێگومان تاهیر غەریقی مەینەت و گێژاوە خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەپرسن لە هیچ لایێ ناو و نیشانم سەبارەت: اقتباس لە غەزەلی - محتشم مەپرسن لە هیچ لایێ ناو و نیشانم کە من مەحوی دەرد و غەمی دڵستانم بە گیانت کە تا گیان لە لاشەم بمێنێ ئەتۆی ڕاحەتی ڕۆح و ئارامی گیانم لەبەر پێت ئەخەم گیانی شیرین بە سەد دڵ ئەگەر ببیە میوانم ئەی یاری جوانم لەلای من چەمەن جێگەیی دڕکوداڵە بەبێ قامەتی تازە سەروی ڕەوانم بە سووکی ئەگەر پێم لەسەر نێی عەزیزم هەموو دڕکی تۆیە وەکوو گوڵستانم لەژێر باری خەم گەرچی باڵام کەمانە بە گیان تینووی تیری ئەبرۆکەمانم دەری ماڵەکەی دڵبەرە قیبلەگاهم مەزانە کە من قەت لە بیری جیهانم شەوەزەنگە دڵ هەروەکوو پێچی زوڵفت وەکوو ئاوی حەیوان لەوێدا نیهانم دڵم هەروەکوو شەم دەسووتێ لە داخت بە قرچەی دڵا عەینی پەروانەکانم لەتاو دۆزەخی دووریەکەت بوومە قاڵاو کە هاوڕەنگی تاووسی باغی جینانم بە سەبر و توانا وەکوو بەحری قووڵم وەدەر ناکەوێ ئەوپەڕی بێ گومانم بە شیعر و ئەدەب تاهیرا کێو و دەشتم بە فەزڵ و هونەر کات و وەخت و زەمانم بەڵام تۆ کە ناکەی بە هیچ شت حەسێبم ئەمن ئێستە بێ نرخ و بێ خان و مانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەڵێن من موشتەریم چون بەختی وەک میڕڕیخی بەدفەرجام مەڵێن من موشتەریم چون بەختی وەک میڕڕیخی بەدفەرجام قیڕانی هیجری دامێ کەی قەرینی زوهرەیی زەهرام ئەنیسی ئاه و ناڵینم جەلیسی ناری حیرمانم ڕەفیقی ئەشکی حەسرەت خاکنشینی مەینەتی دنیام ئەمن گەنجی وەفام وا خێڵی یاران بوون بە مارانم ئەمن چاوەی سەفام نوقمی دیاری زوڵمەتی ئەعدام کوڕی مەنسوورم ئەی یاران جونەیدی عەسرە مەحبووبم بە ڕەفعی من لە سەردار بۆتە یاری دژمنی ئەدنام بە وەسڵی فەسڵ و فەسڵی وەسڵ و نۆشی نێش و لەسمی سەم لە باغی دڵبەران بێ بەش لە جەمعی عاشقان بێ تام مەڵێن یاران زەلیل و ڕەنج بە باد و خاسیر و موفلیس لە گوڵزار و دیار و یار عەیشی وەسڵی دڵبەر مام بە ئەم دەردانە ڕازیم گەر وەکوو ساحیبدڵان جارێ بزانم هاوسواڵەی کەلبی قاپی غەوسەکەی بەغدام ئەڵێ: ڕەفڕەف منم فەخری بەشەر پێی نایە سەر شانم لەبۆ خەتمی نوبووەت من ڕەفیقی لەیلەتولئەسرام ئەڵێ: نەجلی حەسەن میخدەع مەقامی مەرتەبەی قوربم ئەڵێ: پێم نایە سەر مل جوملە پاکان غەوس و شاهەنشام ئەڵێ: سیڕڕم ئەگەر دەرخەم لەتاوی ئاگری دۆزەخ ئەبێ خامۆش لە سیڕڕی حاڵەتی پڕ شۆڕش و غەوغام ئەڵێ: سیڕڕم ئەگەر دەرخەم لە مردووی کۆنی سەدساڵە بە ئیزنی زاتی حەق گورج هەڵدەسێ و گورجانە دێ بۆ لام سەگی دەرگاهی ئەو شاهەنشەهەم تاهیر کە بەر قاپی ئەوم گەر دەس کەوێ ساکین لە سەدری جەننەتولمەئوام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نزیکە هاودەمان کاتی نەمانم نزیکە هاودەمان کاتی نەمانم لە دەس دەرچوو ئەڵێن مایەی ژیانم جەفابارم کە یارم بێوەفا بوو کە ئەو چوو سا کە با دەرچێ گیانم وتم قازانجمی پێویستە وەک خۆی کەچی وا بووەتە پێکهێنی ژیانم خوشا وەختێ لە هەستی بێ خەبەر مام بوتی زوهرەجەبین خۆی دا نیشانم نیشانەی شادمانیم بوو بە میحنەت کە بێ مەیلە مەهی پەڕتەوفشانم دوو چەندانە ئەمن سەبرم لە ئەییوب بەڵام بێ سوودە ڕەنجی ساڵیانم ئومێدی گەنجی وەسڵم لا نەماوە ئەوا ماری فیراقە هاوزمانم دەریغا بووبە تەعنەی لانشینان لە لاما دانەنیشت یاری جوانم ئەڵێن بێ مەیلە تاهیر میهرەبانت چلۆن بڕوا بکەم ببڕن زوانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلی مەحوی نیساری ڕێی کەسێ سەد گەوهەری یەکتا نەکەم چ بکەم بە شەمسێ مانگی دڵ پڕ شوعلە و ئەحلا نەکەم چ بکەم لە قاپی پیری مەیخانە دەمێ هانا نەکەم چ بکەم بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم چ بکەم بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم چ بکەم سەحیفەی خاترم تۆماری ئالام و سووەیدایە بە باڵام کیسوەتی غەم وەک خەڵاتێکی سەراپایە هەزاران گەنجی خانەی ڕەنجی هیجری دڵبەرم لایە لە خەزنەی دڵمەدا هەر چی هەیە، هەر داغی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم چ بکەم بە مەستی شوهرە نابی تا نەگەیتە مەستەبەی خەممار مەدەد بگرە لە عیشوەی چاوەکانی حەزرەتی دڵدار خیلافی عیشقە عوجب و خۆپەرستی و کیبر و عەیب و عار لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار وەکوو شێخ ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم چ بکەم دەریغا سەیلی غەم نەیهێشت لە هەستیم نوون و ئاسارێ تەبیبی دەردی دڵ نەیبیست دەمێ ناڵینی بیمارێ لە پرشەی خوێنی من خۆی لا ئەدا ڕەندی جەفاکارێ لەڕێی ئەو شۆخەدا خۆم کرد بە خاک پێی پیا نەنام جارێ دەسا خاکی هەموو عالەم بەسەر خۆما نەکەم چ بکەم زەمانێکە کە ئاشوفتەی نیگاهت مەست و مەدهۆشە عەزیزم ڕۆزگارێکە کە خۆشم لا فەرامۆشە دڵا بێ سوودە دانیشتن لە ئەم سووچ و لە ئەو گۆشە دەمێکە شاری پڕ شۆری موحەببەت مات و خامۆشە بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم چ بکەم دڵم پڕ مەینەتە شادیم غەمی دووری لەپێی سەریە ویساڵم وەسوەسەی هیجرە خەیاڵم عیشقی تۆ بەریە فیدای سایەی هومایێکم کە عالەم شێتی سێبەریە لە چاوا نم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستسقا نەکەم چ بکەم ڕەفێقی هەمدەمم ئاهە شەرابی عیشرەتم دەمعە غوڵامی سووتن و تاوانەوەم پەروانە و شەمعە لە تەعنەی ناکەسان بیستن عوقوولم قاصرالسَمعە لەسەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجَمعە کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم چ بکەم ئەیا ئەشکی جەفای جانان بە کوڵ جارێ لەسەر ڕوو بە ئەیا بەختی ڕەشم وەک زوڵفەکەی پڕ پێچ و واروو بە دڵی زارم! لە کونجی سینەدا بێ دەنگ و نوستوو بە بەجێماوم لە یاران، نابەجێ ماوم، ئەجەل، زوو بە بە مردن لەم قوسووری ژینە ئیستعفا نەکەم چ بکەم لە مەکتووبی دڵمدا غەیری دەرد و غەم نییە مەتوی لە تەگبیری ژیانمدا جەماڵی دڵبەرە مەنوی بە مەیلت فانییە تاهیر مەکەن یاران خەیاڵی وی ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی هەتا قامی قیامەت ئاه و واوەیلا نەکەم چ بکەم بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم! بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم! لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم! لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار وەکوو «شێخ» ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم، چ بکەم! لە ڕێی ئەو شۆخە دا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بە سەر خۆما نەکەم، چ بکەم! دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم! لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم! لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجمعە کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم! بەجێ ماوم لە یاران، نابەجێ ماوم. ئەجەل، زوو بە! بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم! ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی! هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم! «مەحوی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەفێقان هاتووە وادەی وەفاتم ڕەفێقان هاتووە وادەی وەفاتم ئەڵێن بێ مەیلە سەرمایەی حەیاتم بە حوسن و بێوەفایی ئەو شەهیرە وەکوو عیشق و غەم و سەبر و سوباتم ئەگەر ببڕێتەوە بازاڕی عالەم ئەمن نابڕێتەوە داوا و خەباتم لە من دووری بە زاهیر نەک بە باتین لە تۆ تاکم بەڵام دایم لە لاتم بژی ئەی نازەنین یارم بە شادی جەهەننەم، من کە وا تانەی وڵاتم ئەگەر زوهرەی ئەمن هەر موشتەریتم ئەگەر زەهری ئەتۆ نوقڵ و نەباتم ئەگەر مانگی کەتانی سینەچاکم ئەگەر ڕۆژی ئەمن زەڕڕە سیفاتم ئەگەر بەردی لە حەسرەت وەک هیلالم ئەگەر گیانی بە قورئان گیانفیداتم لەگەڵ تاهیر ئەگەر کەچبازی ئەی یار بە ڕاستی خاوەنی میهر و وەفاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کریشمەی چاوەکەت تاڵانی کردم کریشمەی چاوەکەت تاڵانی کردم غەریب و وێڵی دەرماڵانی کردم تەمەننای وەسڵت ئەی دڵبەر بەجارێ لە سەبر و حەوسەلەی ساڵانی کردم بوتی ئاهوونیگاهم هەر بە نازێ ئەنیسی حاڵی بەدحاڵانی کردم هەموو تاڵانی دڵ بوو وا بەجارێ ئەسیری زوڵفی چاوکاڵانی کردم بە چاوی تۆ شکاتی من لە زوڵفە لە سەیری نوختەکەی خاڵانی کردم بە شیرینی نیگاری نازەنینم گرفتاری قسەتاڵانی کردم ئەمن خوێنین دڵم تاهیر کە گەردوون قەرینی عیشقی لێوئاڵانی کردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە تۆ هەستای بە تەرکم من لە داخا جێبەجێ کەوتم کە تۆ هەستای بە تەرکم من لە داخا جێ بە جێ کەوتم دەمێ دەستت نەگرتم تا بە مەحروومی لە پێ کەوتم هەتا دڵداری من بووی بۆ ڕەزای تۆ بەخت ئەبوو گیانم کە دڵ بەرداری من بووی موفلیس و بێ خانەخوێ کەوتم وڵاتی ئارەزووی وەسڵت بەهەشت و دەشتی گەشتم بوو ئەمێستا وێڵی هیجرم خەڵکی کوێ بووم وا لە کوێ کەوتم وتم ئەی دڵ: دە ڕێ کە، ڕێ کە، ڕێ کەوتی لەگەڵ مندا بەڵام حەیفم لە دەردی تەرکی ڕێکەوتت لە ڕێ کەوتم تەلەف بوو هەر بە باس و هات و چوو ئەمڕۆ و سبەی عومرم لە ترس لەرزی جوابە تاڵەکەی پێری و دوێ کەوتم لە بەحری عیشقدا وەک گەوهەرێکی زۆر بە قیمەت بووم وەکوو بەردیش خەریدارم نییەن ئاخ دەستی کێ کەوتم لە داوی میحنەتی هیوای خەلاسیم موشکڵە تاهیر هەموو تاوانی دڵ بوو، بێ گوناه بەمجۆرە تێکەوتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە سووتا هەروەکوو پەروانە باڵم کە سووتا هەروەکوو پەروانە باڵم بڵێن قیروسیا وێرانەماڵم سەری تۆ خۆش کە سەرداری مەهانی ئەمن ها بێ سەروسامانە ماڵم ئەمن بووم بولبولی باغت ئەمێستا لە داخی ئەم گورۆی نادانە لاڵم کە بێبەش بووم وەکوو مەجنوون لە باوەش بە بەردی سەختی سەربەرزانە پاڵم بە شیرینی شەهیری عالەمێ بووم لە عەهدی سوستی نامەردانە تاڵم سەرم گۆیە لە مەیدانی وەفادا لە ئەو لای ئاخری دەورانە داڵم وتی گەر زوڵفەکەیشم بەرکەنار بێ وەکوو دامێکە دانەدانە خاڵم وەکوو تاهیر لە گەشتی کێو و دەشتم بە سەیدی ئاسکی ئەم هەردانە زاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەلێ ساڵە گرفتاری فیراقم گەلێ ساڵە گرفتاری فیراقم دەمێ وەختە ئەنیسی ئیشتیاقم لە لۆمەی ناکەسان حاڵم مەلوولە لە تانەی سەگدڵان تاڵە مەزاقم غەمی دووریت وەها داگیری کردووم نەماوە هیچ غەمی ماڵ و تفاقم بە سیددیقی شەهیری عالەمێ بووم ئەمێستا تیرزەدەی ئەهلی نیفاقم لە هیجرت گەر چی من بێوادە پیر بووم بەڵام بەندەی جوانانی عەراقم لەبۆ دەست و سوراحی ساقی ئێستاش لەپاش قەڕنێ وەکوو پەیمانە واقم لە دەس جەوری حەبیبان شەکوە ناکەم بەڵام خەندەی ڕەقیب بووەتە مەراقم پەرێشانی دڵ و دینم قەبووڵە کە مەحکەم بێ لە گەڵ تۆ ئیتیفاقم بەڵام بەختم ویساڵی عەینی فەسڵە دەکێشێ تاهیرا بۆ ئیفتیراقم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیچ تەیرێکم نەدی وەک خۆم سەفیه و هیچنەفام هیچ تەیرێکم نەدی وەک خۆم سەفیه و هیچنەفام هێندە نادان بووم بەبێ دانە بەپێی خۆم کەوتمە دام تەیری دڵ گەر بێتە پەرواز بۆ جەماڵی دڵبەران دامی زوڵفە دامی خاڵ، مەحبەس مەقام و خۆشمەرام خۆم لە بیرم نایە تێکچوو حاڵی پڵمژراوی من وەک خەیاتەی زوڵفی دڵبەر، وەک شەوی عوششاقی خام خۆم لە بیرم نایە کەی ئەسپی حەروونی بەختی شووم هەڵمی گرت و بردمی بۆ کێوی جەفا سەرکەش، نە ڕام خۆم لە بیرم نایە کەی بوو شەوقی یارم کەوتە دڵ میسلی ئەو نوورەی کە تێکەڵ بێ لەگەڵ لەیلی زولام خۆم لە بیرم نایە کەی بوو دەردی عیشقم کەوتە گیان بردی چی دەرد بوو لە لاشەم دووری کرد ڕەنج و سیقام سەد هەزاران تەور و دەورم دی لە خۆم دا و عاقیبەت مامەوە بۆ دڵخۆشی ناکەس هەژار و نابەکام عاری مزگەوتم ئەگەر بم بێ هەوای تاعات و زوهد نەنگی مەیخانەم ئەگەر مەیل کەم بە ساقی و خەمر و جام دڵخۆشم یاران کە ڕێی مزگەوت و مەیخانەم نەما ڕێی سێیەم چاکە بە قەولی شێخی جام پیری هومام تاهیرا ئەو ڕێیە بگرە گەر بە ڕاستی عاشقی بەڵکوو لەو ڕێدا بگەیتە وەسڵی یار و نام و کام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موحەببەت بۆتە داخی ڕۆح و گیانم موحەببەت بۆتە داخی ڕۆح و گیانم موحەببەت بردی ئارام و تەوانم موحەببەت پێم دەبەخشێ تاجی شاهی موحەببەت پێم ئەدا بەرگی گەدایی موحەببەت بۆتە ئاگری زۆر بەتاوم دەسووتێنێ هەموو جەرگ و هەناوم موحەببەت شێر دەکاتە مامەڕێوی موحەببەت خەڵک دەکاتە وەحشی کێوی موحەببەت بۆ پەڕەی دڵ نیشی خارە موحەببەت بۆ گەرووی گیان ژاری مارە موحەببەت وەک عەزابێکی ئەلیمە کەسێ بوو موبتەڵای، دایم سەقیمە موحەببەت زیللەتە و خواری و خەفیفی موحەببەت میحنەتە و زاری و زەعیفی موحەببەت یەئس و بێزاری و حیرمان موحەببەت دەردی بێ پایان و دەرمان موحەببەت مەکر و خودعە و کیزبی ئەقوال موحەببەت زوڵمەتی ئەخلاق و ئەفعال موحەببەت نەخڵی باخی نائومێدی موحەببەت بێ مورادی و بێ موریدی موحەببەت نەوبەری باخی مەلامەت موحەببەت سوودی سەرمایەی نەدامەت موحەببەت نفرەت و دووری لە ئینسان موحەببەت وەحشەت و درژی لە یاران موحەببەت خولفی وەعدە و دووزەبانی بەزاهیر گوڵ بەڵام دڕکی نەهانی موحەببەت دووزەبانی و دووکراسی موحەببەت بەدنەهادی و بێ ئەساسی موحەببەت نەفیی هاوڕێیی و ڕەفاقەت موحەببەت تەردی ئیخلاس و سەداقەت موحەببەت قەترەکەی فرمێسکی عوششاق موحەببەت ئاهەکەی گیانسۆزی موشتاق موحەببەت باس و بەدنامی زەمانە موحەببەت بۆهەموو تیرێ نیشانە موحەببەت غارەتی زوهد و تەسەووف موحەببەت باعیسی ئاخ و تەئەسسوف موحەببەت دوور لە شێوەی ئەهلی عیرفان موحەببەت نەقزی حوکمی عەقڵ و ئیمان موحەببەت زوڵمەتی بێ سەفوەتی دڵ موحەببەت زەحمەتی بێ ڕەحمەتی دڵ موحەببەت مەحوی ڕێ و ئایینی پاکان موحەببەت ڕەددی داوای سینەچاکان موحەببەت ئاه و ناڵە و دڵفگاری موحەببەت میحنەت و گریان و زاری موحەببەت تاهیرا بەهرە و نەسیبت موحەببەت دای بە ئەم چەشنە فەریبت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەگەر کاڵای وەفایایی نەماوە مەگەر کاڵای وەفایایی نەماوە مەگەر نرخی موحەببەت تێکشکاوە مەگەر تەبعی جەوانمەردان لەئیمە مەگەر زەینی سوخەنسەنجان عەقیمە مەگەر ئەهلی تەسەووف بێ سەفا مان مەگەر ئەربابی دانش بێ زەکا مان مەگەر بەحری هیمەم وشکە سەراوی مەگەر هەوری کەرەم بێ ئاوە تاوی مەگەر شیعر و ئەدەب قەدری نگوونە مەگەر فەزڵ و هونەر خوار و زەبوونە مەگەر دوڕڕی سەجایا ناڕەوایە مەگەر نەقدی مەزایا کەمبەهایە وەفا کاسید تەقەللوب چاک و مەتڵووب سەفا فاسید تەزەوور باش و مەحبووب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەتەن ئەی دڵم ئایەنەی جەماڵی وەتەن حاڵ و ماڵم فیدایی حاڵی وەتەن بولبولێکم بە نەغمە و ئاهەنگ گوڵشەنم پووش و دڕکوداڵی وەتەن بە وەتەن سوێند دەخۆم چ ڕۆژ و چ شەو بووەتە زیکری دڵم خەیاڵی وەتەن هیچ خوەراکێ نییە لەلام خۆشتر وەکوو نانی زڕات و گاڵی وەتەن جەننەتم کێو و بەرد و داری وڵات سورمەی چاوەکەم زوخاڵی وەتەن نافرۆشم بە گەنج و تاج و تەخت سێبەری وەک هومای باڵی وەتەن شەونم و سەوزە و گوڵاڵە و گوڵ دوڕڕ و زومڕڕوت و لەعلی ئاڵی وەتەن دڵەکەم بۆی برێشکەیە بە خودا وەکوو منداڵی خۆم مناڵی وەتەن کانی شیلانە تاش و سەختی چیا بەحرە یام کۆسپ و کێو، چاڵی وەتەن بای زەلانی وەکوو نەسیمی بەهەشت جا وەرە سەیری بای شەماڵی وەتەن بۆپڕووزم لە جەرگ و دڵ هەستا دیم کە فرمێسکی چاوی کاڵی وەتەن وەکوو شێت دامە کێو و دەیری بووم من لەبەر دەرد و ناڵەناڵی وەتەن خاڵی خووبان لە میسکە یا عەنبەر چییە تاهیر کە سوورە خاڵی وەتەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وجوودی پڕ لە جوودت قووەتی شەرعی مەتین ئەی وجوودی پڕ لە جوودت قووەتی شەرعی مەتین ئەی جەماڵی باکەماڵت شەوکەتی دینی موبین فەردی ئەفخەم کانی عیرفان ماحیی کوفر و بدەع غەوسی ئەعزەم، عەبدی قادر، موحەیی ئەسراری دین بۆچ وەکوو عیسا بە دەم زیندوو ئەکەی عەزمی ڕەمیم ئەی بە دەم تیراوی چەشمەی نۆشی فەخری مورسەلین بۆچ حەیاتی مەعنەویت باقی نەبێ تا ڕۆژی حەشر ئەی لە لێوی موستەفا جورعەی خۆری مائی مەعین بۆچ هەتاوی مەجد و عیززەت تا ئەبەد تالیع نەبێ ئەی دەروونت مەهبەتی ئەنواری رب العالمین جلوەیێکی تۆ و فوتووحی بابی سینەی عالەمێ یەک نیگاهی تۆ و سرووری یەک جیهان قەلبی حەزین قەترەیی فەیزت هەزاران بەحری فەوز و مەعریفەت ڕەشحەیی ڕەحمت هەزاران تاوی ئەمتاری یەقین هەر پەیامی تۆ و هەزاران ئایەتی عیزز و عولا یەک کەلامی تۆ و هەزاران مەخزەنی دوڕڕی سەمین هەر گەدای دەرگاهی تۆ شاهێکی خاوەن تاج و تەخت ڕەهنەمای ڕێی ڕاستی بۆ بێکەسان یار و موعین هەرموریدێکت بە ڕاستی هادییە بۆ کەج ڕەوان هەر غولامێکت بە ڕوتبە بۆتە قطب العارفین ئەی بە قوربانی سەگی دەرماڵەکەت کەم گیان و دڵ زوو بە سا فریام کەوە داماوم و پەست و غەمین تووتگەکەی قاپی ئەتۆیە ئەی شەهی عالەم حەسەن هیممەتێ کە بۆ شفای ئەی دافعی دەرد و ئەنین من سرووری خاترم خۆشی و بەقای ئەم تیفلەیە هیممەتێ کە بۆ شفای ئەی غەوسی ئەفلاک و زەمین گەر نەخۆش بێ من لە غەمدا نێودڵم وەک دۆزەخە هیممەتێ ئەی ئاستانت هەر وەکوو خولدی بەرین زوو بە بۆ خاتر خودا و سوڵتانی جەمعی ئەنبیا هیممەتێ کە بۆ حەسەن ئەی شاهی زومڕەی ڕاستین هیممەتێ کە بۆ حەسەن تاهیر بکە ڕزگار لە غەم ئەی دڵ و گیانم فیدات بێ و هەم سەر و ماڵم ڕەهین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە شاخی داخەوە تەنیا وەکوو قۆتر مەدارێ من بە شاخی داخەوە تەنیا، وەکوو قۆتر مەدارێ من هەزارساڵ ڕابوارد و بێ کشەی بازی شکارێ من لە بن مەڕ نامورادی زەرد و سیس و وشک و چەوساوە گوڵی ئاوات و عەزرەت بێ هەتاو و بای بەهارێ من لە هاژەی قەڵبەز و سروە، لە خشپەی سەرچڵ و سێبەر تەریک و هاوشەریکی ئەشک و ئاه و لێوبەبارێ من چ دەشتێکە کەوا حۆلی بیابانی لەنێو ئاسکە چ ئاو، هەر جۆگەیم بۆ پێی ئەمەل لێ بوو بە مارێ من هەتا کونجی غەمت جێم بوو، دڵم جێی گەنجی شادی بوو لە کۆشکی عیززەتا ئاخ سەرکز و بێ ئیعتبارێ من بە بازاڕی ئەویندا وێڵەکەی بێ داخ و سەودا خۆم لە دەس چوو، زێڕ و زیوی ڕەنگ و فرمێسک بەجارێ من ئەوا دڵبەر ئەڵێن دیسان جیهان دێنێتە فەڕ تاهیر دڵ و گیان جاری پێشوو چوو، دە چ بکەم بۆ نیسارێ من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج خشتەکی لە سەر غەزەڵی مامۆستا ناری و تاهیر بەگ بە ناز و نیونگاهی شێت و وێڵ و مەلعەبەی کردین بە ناز و عیشوەکەی مەجزووبی ناڵەی چەنگ و نەی کردین سەحەر هاودەم بە گریان شەو ڕەفیقی وای و وەی کردین بە غەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی مەستی مەی کردین بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی کردین لەبەر تیشکی تەوێڵی ڕوونە ڕۆژانی سیاهی من بە نیو دیتن گەیانیە ئاسمان سایەی کولاهی من کە سۆزەی عیشقەکەی کەوتە دەروونی غەمپەناهی من ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من کەچی دەستی لە سەر دانا لە سەیری باخی بەی کردین شەوێ ساقی ڕەحیقی سەفوەت و حاڵی بە من نۆشی تەبیبی چاوی یارم بۆ عەلاجی دەردی من کۆشی دڵ و دینی لە دەس سەندم بەجارێ، کەوتمە بێهۆشی بە هەوری پەرچەمی ئەبرۆ و ڕوخ و کوڵمی کە داپۆشی لە شەوقی ڕوئیەتی بەدر و هیلالی یەک شەوەی کردین بە چاوی نیوەخێلی مەستی پڕ ئاشووبی فەتتانی ئەکا عەقڵی حەکیمانی جیهان مەفتوون و حەیرانی ئەگەرچی بەندی کردین پێچی زولفەینی پەرێشانی ئەگەرچی کوشتینی خۆ قابِض الأرواحی موژگانی بە قانوونی مەسیحایی لە خەندەی لێوی حەی کردین سەرم سەرگەردی نەشئەی سەیحەیێکی خۆش و مەستانە موژەم جاڕووکەشی جێی هەڵپەڕینی ڕەقسی مەردانە دڵ و جانم فیدای جورعەی شەرابی لەعلی جانانە گوناهی من نەبوو زاهید کە مەیلم دا بە مەیخانە هەموو تاوانی دڵ بوو عاشقی تەرسابەچەی کردین وەرە تاهیر لە داخی دڵبەران خۆت شێت و ڕیسوا کە لە عیشقی تاهیران شادی دڵی مەحزوون تەقازا کە خەزانەی دین و دانش خاکی ڕێگەی عیشق و سەودا کە عەلاجی دەردی دڵ ناری لە تاهیربەگ تەمەننا کە بڵێ ئەمڕۆ گوڵەندامێ بە تیرێ جەرگی پەی کردین بە خەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی، مەستی مەی کردین بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی کردین ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من کە چی دەستی لە سەر دانا، لە سەیری باخی بەی کردین بە هەوری پەرچەم و زولفی، ڕوخ و ئەبرۆی کە داپۆشی لە شەوقی ڕوئیەتی بەدر و هیلالی یەک شەوەی کردین ئەگەرچی کوشتنی خۆ قابِض الأرواحی موژگانی بە قانوونی مەسیحایی، بە خەندەی لێوی حەی کردین عیلاجی دەدری دڵ «ناری» لە تاهیر بەگ تەمەننا کە بڵێ ئەمرۆ گوڵئەندامێ، بە تیرێ جەرگی پەی کردین «تاهیربەگ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەیری حەسرەت نییە بۆ من سەمەری باخی ژیان غەیری حەسرەت نییە بۆ من سەمەری باخی ژیان کەس بە دڵیا نەچزێ بەم ستەمە داخی ژیان پڕ لە ژان کەس وەکوو من بۆ غەم و میحنەت نەژیا تف لە چارەی من و شکڵی بەدی گوستاخی ژیان زۆر بە داخە دڵی مەحروومی من و ماڵی ڕەقیب گوتی شوعلەی شەرەفی شەمسی بە پەرداخی ژیان بۆ ڕەقیب کونجی غەمان گەنجی جیهان و بۆ من ئافەتە ماری شەوی هیجرەتە نێو کاخی ژیان پێم لە زەنجیری غەما تا بە قیامەت بەندە ئەی خوا چۆن بگەمە لوتکەیی سەرشاخی ژیان دوو زمانی لە منی یەکدڵ و ڕەنگی تێک دا کە لە نەرمانی ئەمەل کەوتمە نێو ڕاخی ژیان تاهیر ئەو دیدەغەزاڵە کە بە سەییادی نەبووم وتی بن هەردی جەفایە و سەبەبی ئاخی ژیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئومێدی دین و دونیامی دەمێ لوتف و خیتابێ زوو ئومێدی دین و دونیامی دەمێ لوتف و خیتابێ زوو دەری فەیزم لە ڕوو بەسراوە جارێ فەتحی بابێ زوو شەوم تاریک و خوێنین دڵ هەسێرەی بەختەکەم پەنهان دەسا سوبحی سەفا دەرخە بە خەندە لەعلی نابێ زوو لە نیسبەت خارجم ڕەحمێ لە ڕەحمەت بێ بەریم لوتفێ لە زیللی فیرقەتم لادە بە عیززی ئینتسابێ زوو شەوی زولفەینی... ڕووی ڕۆژی بەختی کردووم ڕووناک شەوت وایە، چلۆنە گەر هەڵێنی ئافتابێ زوو؟ لە نەشئەی نێشی هاتوچۆی برژانگت عایدم نۆشە چ بێ مایەم؟ لە لەفزت گەر ئەمن ببیەم عیتابێ زوو لەگەڵ توولی ئەمەل دەستم لە چاکی وەسڵی کۆتایە سەبا! داماوی هیجرانم دە عەتری زوڵفی با بێ زوو پڕووزا کشتی ئومێدم بە تاوی وشکەساڵی غەم دەخیلە ئاسمانی مەکرەمەت تاوی سەحابێ زوو ئەتۆ شەهبازی ئەوجی عیزز و مەجد و فەزڵ و عیرفانی دەرێنە کۆترەکەی قەلبم لەژێر چنگی عوقابێ زوو گەدای دەرماڵی ئەو شاهەنشەهەم تاهیر بە مسکینی سوئالێکم هەیە یاڕەب لە ئەو ببیەم جوابێ زوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ یەک دەس لە مل ماوین من و دەردی فیراق ئیمشەو سەبارەت: ئەم غەزەڵەم بۆ سەید حەسەن سەیدزادەی هاشمی کوڕی خۆم - سلمە اللە تعالی وتووە لەگەڵ یەک دەس لە مل ماوین من و دەردی فیراق ئیمشەو بە با چوو کۆمەڵی شادیم بە سروەی ئیشتیاق ئیمشەو بە تینی تاسەکەم برژا هەناوی سەبر و ئارامم لەبەر چاوەنواڕیم چاوی تاقەت ماوە زاق ئیمشەو حەسەن وەک گەنجی گەوهەر کەوتە پێچی حەڵقەیی ماران ئەمن لێرە خەریک و پڕ پەژارە و بێ تفاق ئیمشەو بچێتە چاوم ئەر تاوێ خەوی پڕ مەینەتی هیجران خەفەت هەروەک شەوەچی هات و دەستی نامە ناق ئیمشەو لە ناڵەم ئاه و ناڵە سا چلۆن زاڵەترەک نابێ کە بۆ زۆری خەمم کردی لە داخا خەم مەراق ئیمشەو کە ئەو مانگە جوانەم لێ کلایە هاودەمان یاران دڵم گڕگڕ دەسووتێت و دەمم وا بووەتە تاق ئیمشەو پیاڵەی پڕ شەرابی مەینەتە واقی ئەمن ماوە وە یا گیان بۆ پیاڵەی وەسڵی باڵات ماوە واق ئیمشەو حەسەن گیان بۆ ڕەهائیت لەم هەموو دەردیسەر و ڕەنجە شەفیعم لای خوا کێیە؟ جگە سواری بوراق ئیمشەو سپاسالاری هۆزی ئەنبیا سەرئێلی دڵپاکان لە تاڵیت خات و شیرین کا بە ئەلتافی مەزاق ئیمشەو بە ئوممێدی خودا و لوتفی شفیع المذنبین تاهیر حەسەن ڕزگار ئەبێ و نامێنێ ئاساری فیراق ئیمشەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: منم دڵچاکی سەر مەودای بژانگی خەنجەرت یا ئەو منم دڵچاکی سەر مەودای بژانگی خەنجەرت یا ئەو منم زامداری شمشێری برۆی دڵ پەیکەرت یا ئەو لە بەیدای عیشقە وا عومرێکە عارەقڕێژ و حەیرانم بەڵێ ئەی نەونەهاڵم چاکە بۆ من سێبەرت یا ئەو منم زەردی بەڵا و دەردی فیراق و تایەرەی حیرمان بە دەستی من سزایە جووتەلیمۆی نەوبەرت یا ئەو دڵی من ماوە زیندانی لەبن چاهی زەنەخدانت لە ئەستۆی من بئاڵێ زوڵفەکەی وەک چەنبەرت یا ئەو منم سووتاوی تاوی ئاگری دۆزەخ سەرای هیجران لەبۆ من چاکە جورعەی ئاوی چەشمەی کەوسەرت یا ئەو منم کوشتەی مەسافی ڕەنجی عیشق و داخی بێ حاسڵ بەسەر مندا بلەرزێ قامەتی وەک عەرعەرت یا ئەو بەتاڵیم ها بەتاڵە، هەوڵ و پێشەی تالیعم نێشە منم موحتاجی ماچی لەعلی نۆشی شەککەرت یا ئەو نوقوشی لەوحی خاتر مووبەموو داغ و سوەیدایە لە زوڵمی من بناڵم خاڵەکەی بۆ عەنبەرت یا ئەو جنوون و شێت و مەفتوون، والە و مەسحوور و بێ سامان ئەمن ماوم لە عیشوەی چاوەکەی جادووگەرت یا ئەو عەتارود هاتە سەر تەوسیفی مانگی زوهرە ئەنوارم ئەتۆ جێی دەرد و داخی یارە تاهیر دەفتەرت یا ئەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاودەمی تاقەدڵی بێ لوتفی تۆ تەنیامە شەو هاودەمی تاقەدڵی بێ لوتفی تۆ تەنیامە شەو جووتی ڕازی سینەکەی سەفوەت لە دەس سەنیامە شەو پەردەکەی سەتتاری عەیب و عاری دەردی میحنەتە جێی هەناسە و ئاه و فرمێسک و هەلا و هوریامە شەو هاوزمانی دەرد و داخی ڕۆژی هیجری دڵبەرە پێخەفی ئەندامەکەی بێ لایەن و بێ لامە شەو بۆ حوسوڵی خەڵوەتی ئونسی خەیاڵێکی مودام مەبدەئی داغ و سووەیدا مەقسەدی سەودامە شەو تا بە سیڕڕی پێچی زوڵفی ئەو نیگارەم کا ئەمین ڕەهنەمای ڕێگەی حەقیقەت موڕشیدی بێ تامە شەو چاوی ئەستێرە کلا نابێ ویساڵی موشکڵە گیری دەس پەردەی ڕەقیب وەک یاری مەه ئاسامە شەو گەر دزی غەم بێتە سەر ماڵی دڵت تاهیر چ باک چونکە کێشکچی بەڕێز و حازر و وریامە شەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک شەماڵ گەڕیام بە بەرزانەوە وەک شەماڵ گەڕیام بە بەرزانەوە بە لاشەی لاواز خەم هەرزانەوە کێوان بە کێوان سەختی سەرشاخان تێپەڕیم لە گشت گوڵزار و باخان نە شاخی دڵگیر نە باخی ئازیز من زیز و دڵسارد وەک سەرمای پاییز بەڵام ماندووییم ڕێ نەدا لە دڵ نەترسام لە کێو لە دۆڵ و شەخڵ شاوە و ماکوان بەندی بەنی گەز پەلی هەواندەردڵ لە هەیبەت لەرز سەرکانی ڕێزە کۆپی ساراوەند ڕاخی پڕ پەرداخ شۆخی دڵپەسەند دەشتم سەیران کرد کانی و سەرئاوان هەمووم جریو دا وێران تا ئاوان لووتکە بە لووتکە سەرشاخی بەمۆ تا ئاخر قوللەی بەرزی زمناکۆ کشەم کرد وەبان دەربەندیخاندا لە سەلیم پیرک خۆمم نیشان دا ئیتر نەوێستام وەک بەرقی بەڵا شەونگم گەییم ئە گەورەقەڵا فرە نەوێستام لەو جێگە چۆڵە گژەم هات تا بان سەرشاخی سۆڵە کە گەییمە سەر شاخی خۆش ڕەونەق گۆشەی کێشابوو زوهرەی سوب شەبەق لە ورشە و پرشەی زوهرەی بەیانی کەوتەوە بیرم کاتی جوانی دووکەڵی ڕەشی دڵی پڕ لە ئاخ دای گرت شاخ و داخ دۆڵی قەرەداخ فرمێسکم چەشنی چەمی دێوانە هاژەی کرد وەک تاف لەو سەر کێوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر وەکوو من وێڵ و گێج و مات و سەرگەردانە ڕۆژ هەر وەکوو من وێڵ و گێج و مات و سەرگەردانە ڕۆژ تیشکی ڕووی تۆی دی کە لێوە و عاشق و حەیرانە ڕۆژ من سەرم دانا لەپێناوی کەسێکی بێوەفا هەر وەکوو من دەردەدار و بێسەر و سامانە ڕۆژ من خەدەنگی غەمزەکەت جەرگی لەبن پاچیم بەڵام زەرد و خوێنین چاکە مەجرۆی زامی بێدەرمانە ڕۆژ جاربەجار خونچەی دڵم زامی دەپشکوێ و زووخ دەچێ بۆیە گاهێ لێو دەبات ئیشی هەر گەڕیانە ڕۆژ جەوری ئیستیغنای حەبیب و ئیحتیاجی موبرەمم باعیسی گریانی شەو ناڵینی بێ پایانە ڕۆژ داغی جەبهەی مانگە، شوعلەی دڵبەری زوهرە جەبین خوێنی لێ دێ بۆ لەبی وا جەرگی پڕ پەیکانە ڕۆژ تاکوو تاهیر ڕەنجی حیرمانی لە دڵبەر بوو نەسیب بەزمی عەیشی دایمەن عەینی شەوی هیجرانە ڕۆژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلا ئەی هەر لە سەرتا پایی تۆ چاک ئەلا ئەی هەر لە سەرتا پایی تۆ چاک جەماڵت وەک قەدی ڕەعنایی تۆ چاک هەموو ئەخلاقی تۆ دڵ پێ خوەش و جوان بە زێبایی هەموو ئەعزایی تۆ چاک ئەپرسن چاوی من حەیرانە بۆ چی؟ دەبینێ نێرگسی شەهلایی تۆ چاک وڵاتی دڵ شوکر بێ فیتنە ماوە کە دیویە ڕووی موڵکارایی تۆ چاک بە باڵای هێندەران کۆتا و تەنگە خەڵاتی حوسنە بۆ باڵایی تۆ چاک لە عالەم دا نییە هاوڕەنگی حوسنت مەگەر خۆت بی وەکوو هەمتایی تۆ چاک بە عیشقت هێندە پێبەرجێیە تاهیر وەکوو باسی جیهانپەیمایی تۆ چاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەچنەزەر دوغڵ و دەغەڵ میسلی یەکن لاکن بە ڕەنگ سەبارەت: بۆ خوالێخۆشبوو شێخ محی الدینی ئامۆزام کەچنەزەر دوغڵ و دەغەڵ میسلی یەکن لاکن بە ڕەنگ مەعنییان فەرقی هەیە دوور و درێژ وەک ئاب و سەنگ گیانەکەم دوغڵم نویسا نەک دەغەڵ عاجز مەبە قەسدی من شۆخی گوزەشتە و دڵ مەهێنە تۆ بە تەنگ تۆ دەغەڵبازیت لەگەڵ من نەبوە غەیری ڕاستی ڕوو لە تۆ چەرخاندنم نابێ ئەگەر لێم دەی خەدەنگ کاکە گیانا گەر دەپرسی تا کە دوغڵیت بۆ بڵێم دەی لەمەولا فەڕق بخەی دوغڵ و دەغەڵ بێ قاڵ و جەنگ مامەڵەی ماین بهێنە بەر نەزەر تا تێ بگەی بۆچ بە دوغڵ و عاجزم زانیت عەزیزی شۆخ و شەنگ کاتی بەیع و مامەڵە من دوغڵ و تۆ دڵ شادمان من پەرێشانی بە پێ پیاوڕۆین و دڵ پڕ لە ژەنگ تۆ سروورت بۆ سواری و قیر و قاج و گاڵەگاڵ من خەمم بۆ پیادەڕێ تەی کردن و بۆ لەنگەلەنگ تۆ دەماغت پڕ نیشاتی ڕۆژی ڕمبازی و شکار من دڵم پڕ مەینەتی ماین نەدان و سەنگەسەنگ تۆ سەری پڕ شۆڕشی ڕۆژی مەساف و کاتی ڕەزم من غەمم بوو، پێپیاو چۆن لێم ئەخێزێ زەرب و چەنگ هەر دوو بەم دەستوورە بووین تاکوو لەیەک جوێ بووینەوە تۆ موفەڕڕەح من پەرێشان تۆ وەکوو گیو، من پەشەنگ عاقیبەت وەختێ پەشیمان بوویتەوە هاتیتەوە لێوبەبار و دوغڵ و عاجز دەردەدار و زە ڕدرەنگ قەسدی من بۆ حەرفی دال و غەین و لام ئەم قیسسە بوو نەک حکایاتی دەغەڵبازی و شەرووری و دەنگەدەنگ خۆت ئەزانی من لە تەئسیری دڵە وا شاعیرم مایلم دایم بە سەوتی خۆش و نەغمەی ساز و چەنگ کونجی ئازادیم دەوێ و دیداری یاری نازەنین نەک شەهەنشاهی وڵاتی چین و ژاپۆن و فەرەنگ دڵ ئەسیری داوی غەددارێکە بێ دانەی ویسال ئێستە وەک ئاسن لە کونجی سینەدا گرتوویە ژەنگ وەسڵی شیرین گەر لەبۆی دەسدا چ غەمیە کۆهکەن خوسرەو ئەر عالەم بکا پڕ تیشە و تەوقوڵەنگ مەقسەدم ئەی کاکە محیی الدین بەیانی دوغڵ بوو بۆیە نەقشی نامەکەم کردی بە ئەشعاری قەشەنگ وەرنە تاهیر دەربەدەر کەوتووی وڵاتی دانشە گەرچی ئەوساکە ئەدیب بوو ئێستە نادان و دەبەنگ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسیرە سەروی بوستان پێ لە نێو گڵ سەبارەت: وەرگیراو لە غەزەڵی موحتەشەم ئەسیرە سەروی بوستان پێ لەنێو گڵ بەڵام سەروی ڕەوانم پێ لەنێو دڵ کە چاو ئەو ڕوومەتەی دی، پێی وتم عەقڵ: دە بگرە قەدری کات و بەختی موقبڵ دڵم مەشکێنن ئەی یاران بە واتە بە دەریا تیر دەهاوێژن چ حاسڵ ئەمن وا غەرقی گێژاوەی جەفا مام ئەمن فەوتاوم و دوژمن کەوتە ساحل لەکوێ هاوزۆری شەوقە سەبری بێ هێز لەگەڵ عیشقا تەقالای عەقڵە باتڵ مەڵێن عاشق نە بیری ما و نە ئارام ئەوەی بێ عیشقە: گێلە، شێتە، غافڵ دەبینی پیاوی تینوو چۆنە بۆ ئاو وەهایە گیان بە ئەو ئازیزە مایڵ هەتاکوو بیری تۆ ماڵ و جەماڵە لە ڕێگەی عیشقدا ناگەیتە مەنزڵ دەگریا عاشقێکی زار و دەیوت: ئەمە گیان و سەرم، گەر یارە قاتڵ لەکن خاوەندڵان تاهیر هەموو خەڵک وەکوو مەجنوونن و مەجنوونە ئاقڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناکرێ بۆ کەس عەزیزم سەیقەل و پەرداخی دڵ ناکرێ بۆ کەس عەزیزم سەیقەل و پەرداخی دڵ تا لە دەس دڵبەر نەچێژێ ڕۆژێ سەدجار داخی دڵ دەردی دووری باخەوان دۆچ و هەرێز بیری ویسال تا نەکەی بێڵباخی سا چۆن بەردەبەخشێ باخی دڵ تا نەگەییە سەرپلەی ئەووەڵ لە ڕندی و عاشقی کەی بە دڵبەر ڕادەگا هاوار و ناڵە و ئاخی دڵ جێی شنەی شەوبای هەناسەی خۆشی ڕازی یار نییە تا گوڵ و شەوبۆی تیا بەرهەم نەیێ سەرشاخی دڵ سینەیی پێویستە وەک ئاوێنە ساف و بێ گرێژ تاکوو بێ بیانوو بڕی منداڵەکەی گوستاخی دڵ لەشکری: بوخڵ و حەسەد، کینە و تەمەع، کیبر و ڕیا تار و مار و ون دەبن تا هەڵکرا بەیداخی دڵ ڕامی کەس نابێ لە مەیدانی سەفا ئەسپی هەوا بێ تەکەڵتوو تەنگ و ئاوزەنگی و بەرەو قەڵتاخی دڵ گەر زمانم لاڵە بۆ عەرزی دروود و ئیشتیاق پڕ لە دەرد و داخی هیجرانی ئەتۆیە ناخی دڵ زوو بە تاهیر ئاب و جاڕوو کە بە فرمێسک و بژانگ بۆ نزوولی عیشقی ئەو دڵ پیکەرە یاتاخی دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهارە و کاتی نێو گوڵزارە ئەمڕۆ بەهارە و کاتی نێو گوڵزارە ئەمڕۆ غەمم کەم شادی یەکەم زۆر جارە ئەمڕۆ کە غونچە بەریەخەی سەوزی ئەکا چاک چریکەی بولبولان هێجگارە ئەمڕۆ دە تێ فکرە دەمێ و سەیری سرووشت کە هەلی عیرفان بەبێ هەژمارە ئەمڕۆ مەجازیش هاتە سەر ڕێی ڕاستەقینە کە ئاساری حەقیقەت دیارە ئەمڕۆ لە خاکی وشک و ئاوی ساف نەسیمی بەیانیان دێ کە ڕەحمەتبارە ئەمڕۆ لە شەوبۆ و نێرگس و گوڵ دی مەکە باس لەبۆ عارف هەموو تکرارە ئەمڕۆ هەتا کەی باسی چیرۆکی مناڵان کە نۆبەی باسی حوسنی یارە ئەمڕۆ گوڵی بەستەزمانیش شێتی عیشقە انا الحق بێژ، جێگای سەردارە ئەمڕۆ من و ئەو گەر بەباچووی ئاری عیشقین وەکوو مەنسوورەکەی بێچارە ئەمڕۆ لە سەرمان نا، هەموو بادەی حەقیقەت چ باکمان لۆمەیی بەدکارە ئەمڕۆ کە ڕۆییشتین لە شوێنمان چی دەمێنێ: ئەوەی بۆ عاشقان ئاسارە ئەمڕۆ بڵا با دەردی عیشقم هەر نهێن بێ کە مەجلیس جێگەیی ئەغیارە ئەمڕۆ ئەپرسی شێتی ڕووی کامین نیگارم لە ڕەنگی زەردما خۆ دیارە ئەمڕۆ لە دڵدایە هەتا عیشقی ڕوخی یار لەبۆ دڵ سەیری گوڵ وەک خارە ئەمڕۆ لە هەوری تەبعی من بۆ دوڕشناسان ڕەهێڵەی گەوهەری شەهوارە ئەمڕۆ لەبەر چین چینی زوڵفی گرژ و لوولت دڵم جێی داوی ناهەموارە ئەمڕۆ بە ڕەندی و عاشقی و بادەپەرەستی ئەوی مەشهوورە شیرینکارە ئەمڕۆ لە ناوت بەرزە جانا ناوی تاهیر ئەگەر چی خوار و بێ مقدارە ئەمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمە باڵای ئەتویە یا کە سەروە هاتە ڕەفتاری ئەمە باڵای ئەتویە، یا کە سەروە هاتە ڕەفتاری؟ فریشتە هاتە شێوەی ئادەمی و گوڵ لادەبا خاری گەلێ ساڵە پەری ڕووی خۆی نهێن کرد هیچکە نەیبینێ ئەوا دیسان لە عالەم کەوتە دەر پڕشنگی ڕوخساری دەسووتێ عوود و عەنبەر؟ یام گوڵی گوڵزارە؟ ڕووی دەرکەوت چییە یاران؟ مەگەر هات کاروانی موشکی تاتاری کە دیم ئەو ڕوومەتە وا مەست و حەیران بووم، پەری ڕوویان لە پێش چاوم چمانێ بوونەتە وەک نەخشی دیواری دەخیلە قافڵەچی بایی نیگاهی ئەو نیگارینە بە گیان گەر دەیفرۆشی با بە سەد دڵ ببمە کڕیاری بە بەرزی هیممەتت تاهیر بناڵێنە لە جەوری یار کە تا دنیا بووە هەر یار دەکێشێ مەینەتی یاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بەختی ڕەشم تاکەی ڕوو زەردی و بەدنامی ئەی بەختی ڕەشم تاکەی، ڕوو زەردی و بەدنامی ئەی موویی سپیم تاکەی، مەحروومی و ناکامی سەد جەوری کەسانم دی، سەد تیری خەسانم چەشت سەد زووخی نهێنم خوارد، بێ دڵبەر و بێ حامی ناپوختە خەیاڵێ بوو باوەڕ بە قسەی یاران سەد داخ لە دڵپاکی و ئەفسووس تەمەع خامی غەیر جەور و دڵازاری، نەمدی سەمەری یاری غەیر مەکر و فریو و ڕەنج، نەمدیوە دڵارامی ئەو ساڵە جەفای زامان هەر مەر هەموو ئاواتم ئێستا کە ئەناڵێنم، من بۆ غەمی بێ زامی تا یاری جەفاپێشەم، هەم ڕازی ڕەقیبان بوو دەرچوو لە دەماغ و دڵ، ئاوات و سوخەنفامی من تامی فیراقم چەشت، هێشتاکوو بە گیان زیندووم ئاخ جەور و جەفای یاران، بێزاری و بێتامی حەیرانە لە بازاڕم، هەم عالیم و هەم جاهیل سەرسامە لە گوفتارم، هەم عارف و هەم عامی بۆ دانەیە لەو خاڵە، سەد دامی لە ڕێم دانا خاڵ کەوتە دەسی ناکەس، لەو زوڵفە بە بێ دامی غارەتگەری گیانە چاو، بەو غەمزە بە قەتتاڵی زیندووکەری جیسمە لێو، بوە عیشوە بە بەسسامی مەنعی مەکەن ئەر تاهیر دەردی دڵی خۆی دەرخست چونکوو سەبەبی ئەووەڵ، مەئیۆسییە سەرسامی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مەتلەعی جەبهەت شەفەقی سوبحی جوانی ئەی مەتلەعی جەبهەت شەفەقی سوبحی جوانی ئەی ماچی دوو لێوت سەمەری نەخلی ئەمانی زوڵفت بەشکەن ڕۆژی ڕەشی زاهیری عاشق چاوت بە فیتەن غارەتی ئەسرار و مەعانی سوونەی نەفەست وەک نەفسی بادی بەهەشتی یا نەفحەیی ئیخلاسی برای گیانی بە گیانی هاژەی غەزەبت وەک لەهەبی ناری جەحیمی یا حیلە و مەکر و دەغەڵی دۆستی زبانی بوومە هەدەفی بێ سەبەبی تیری مەلامەت تۆ خۆش بە لەگەڵ عیشوەیی ئەبرووی کەمانی لەو چەشمەیی نۆشە هەموو زەهراوە نەسیبم لەم زەهرەیە من تاڵە دەمم یا لە نەزانی من بوومە کوجاری ڕەشی جێماوی هەواران ئاخ بێ کەسە قاڵ و تەرەب و وەجد و ئەغانی عومرێکە ئەخۆم ڕەنجی درۆ و وەعد و فەریبت لاکن لەگەڵ ئەو ناکەسە بوو حەتمی و ئانی وام زانی وەکوو کێوە وەفا و سەبر و سەباتت نەمزانی ئەخۆی گۆڵی قسەی موفسید و جانی یا خوا ببڕن زوانی لەبندا بە زەلیلی وا تاهیری خستە غەمی ئێوارە و بەیانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مەهبەتی ئەنواری جەماڵی و جەلالی ئەی مەهبەتی ئەنواری جەماڵی و جەلالی تۆ بەحری عولوومی لەدونیت قالی و حالی پەنهانە لە ورشەی دووڕەڕت نسووری دوراری بێ نرخە لە پرشەی گوهەرت سەوئی لوئالی بۆ ئەهلی کەماڵات و توقا داغی غوڵامیت ڕوتبە و دەرەجات و عیزەم و مەجد و مەعالی هەم فانیی فیللایی و هەم باقییی بیللا بێ فەسڵ و قەتیعەت لە کەفت کەئسی ویساڵی ڕێزەخۆری خوانت هەموو ئەربابی تەسەووف جاڕووکەشی دەرگات هەموو ئەعیانی مەقالی غەوس و سەر و سالاری سپای هۆزی ویلایەت باز ئەشهەبی سەردەستی زهووراتی جەماڵی تۆ شەمسی تەجەللای کەرەم و پاک دەروونان بۆ جیلوەیی ئەنواری ئەتۆ جوملە مەجالی غەوسی سەقەلەینیی و نەتیجەی حەسەنەینی بۆ تۆ نییە ئەی قوتبی جیهان سانی و تالی وەک عیسیی مەریەم نەفەسی پاک و نەفیست گیانبەخشە بە ئێسقانی ڕزاو، جوسسەیی باڵی ئیحیایە لە شێوەت سونەن و شەرعی محەممەد پەیدایە لە کەردەت ڕەوشی سەحبی و ئالی جێی ئەهلی ویلایەت کە مەقاماتی عولایە مازالَ مەقامت لە مەقامی هەموو عالی مەستی مەی تەوحیدی دڵت عەرشی خودایە شایانی ئەتۆیە کە ئەڵێی ساقی ملالی قوربانی زڕەی باڵی ئەتۆم باز الأشهَب شایانی قەدی تۆیە ڕیدای غەوسی میسالی پێت نا لە سەر ئەعناقی کەریمانی جەوانمەرد تا ناتە سەرت تاجی دڵارایی کەمالی تۆ بەدری و جەمعی شورەفا میسلی هەسێرە تۆ سەدری و ڕەهتی عوزەما عەینی مەوالی تاهیر سەگی تۆیە نییەتی خەوفی موفەتتێن هاوارە دەسا ئەی بطَلی عِند قتالی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: براکەم دڵ لەگەڵ تۆ ئاشتی نابێتۆ کە بێباکی براکەم دڵ لەگەڵ تۆ ئاشتی نابێتۆ کە بێباکی لەگەڵ من ئاگری سۆزان لەگەڵ ناکەس وەکوو خاکی لەگەڵ من ئاسمانی کەجڕەوی، بێ عەهد و ئیقراری لەگەڵ ئەو عەردی ئارام و وەفادار و تەرەبناکی بە مێهرم لایە فرمێسکە و بە قەهرم لایە خوێنڕێژی تَعال الله چ سەففاحی، مَعاذ الله چ سەففاکی لە میهری گەرم و قەهری ساردی تۆ من مات و حەیرانم کە گاهێ وەک شەوی زوڵمەت، دەمێ وەک سوبحی ڕووناکی لەگەڵ تۆ عومری من سەر چوو تەجاهول عوزری بێ جێیە چلۆن دەرکت نەبردە دەردەکەم، خۆ خاوەن ئیداراکی دەوای پاش مردنە بۆ من، هەموو ئەلتاف و ئیکڕامت منت کوشت ئێستە جا بۆ دەرد و داخم سینە سەدچاکی بەڵێ شاهی، بەڵێ ماهی، بەڵێ سەروی، بەڵێ گوڵشەن بەری پێی خۆت نەدیوە، کەی لە بیری خار و خاشاکی لەگەڵ عالەم وەکوو غەیسی کەرەم، پڕ جوود و ئیحسانی لەگەڵ من قەحتەساڵی هەر خەریکی بوخڵ و ئیمساکی نیشانەی عەدلی سەرمایەی حەیاتی ئەهلی عیرفانی کە باسی من دەکەن قوربان، لە بیری زوڵم و ئیهلاکی بە عومری ڕەنج و میحنەت دەممرێنی جا ئەڵێی چۆنی بە قەرنێ جەور و زەحمەت ئەمکوژی ئەوسا ئەڵێی چاکی دە بۆچ شیرینە لای تۆ سەبری تاڵ و بێ بەرم خۆ تۆ فریشتەی ڕەحمەتی، پاکی، نەتیجەی خیلی ئەملاکی مەبە قوربان لە دەرد و داخ و ناڵە و سەگوەڕیم عاجز ئەتۆ هەر مانگی ئافاتی، ئەتۆ هەر شەمسی ئەفلاکی ئەگەر بەدحاڵە تاهیر لێی ببوورە چونکە مەئیووسە ئەتۆ تاهیر بە حەققی تاهیران ڕووحپاک و دڵپاکی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵا تا کەی خەریکی خاک و خۆڵ وەک تیفلی نادانی دڵا تا کەی خەریکی خاک و خۆڵ وەک تیفلی نادانی لە بیری نوقڵی لێو بادامی چاوسێوی زەنەخدانی بە یادی میسکی زوڵفی و ڕووسیائیت عەینی وەک میسکە وەکوو کافوورە مووت تاکەی ئەڵێی مافووری پێشانی دە ڕێکخە میسک و کافوورێ لە تاعەت بۆ حەنووتی خۆت ئەگەر تۆ دانەچینی خەرمەنی ئەربابی عیرفانی لە ئونس و ئولفەتە باست کە چی وەحشەت سەرا جێتە کەری ژێرباری ئەممارەی، لەکن خۆت شەخسی ئینسانی نییە کوفری جەلیت زاهیر دەسا شیرکی خەفی تا کەی ئیتاعەی ئەمری شەیتان کەم بکە خۆ عەبدی سوبحانی بە شیعر و قافیە و زەرب و عەرووز گەر امرأ القیسی بە خوتبە و سەجع و گوفتار و جەدەل گەر عەینی «سەحبانی» دڵی خۆت خۆش مەکە بێ ڕێی حەقیقەت باقیلی مەحزی مەڵێ سیحرئافەرینم گیانەکەم تۆ میسلی طَیانی بە کردە وەک یەزیدی، کەی مەقامی بایەزید جێتە کە بیرت لوقمەیە، چۆن حاییزی ئەوسافی لوقمانی ئەسیری دامی زولفەینی قەتیلی نازی عەینەنی نە ئەسری ئوسرەیی کافیر، نە کوشتەی نێو شەهیدانی لە بیری مەی ویساڵی چاوەڕێی نوقڵی مەزەی ماچی نە مەستی بادەیی تەوحید و مەحوی نووری جانانی لە هەر کوێ ئەهلی دینە تۆ نەفوور و وەحشی و تۆڕی لە هەر لا ئەهلی دونیایە نەدیم و عەبد و دەربانی لە دانش دەم ئەدەی موستەجمیعی وەسفی غیوا و جەهلی ئەبێژی ئەهلی دینم، تارکی فەرمانی قورئانی بە باتن ڕەیمەن و زاهیر فریشتەی باغی فیردەوسی بە سیرەت ڕەندی مەیخوارە بە سوورەت ئەهلی ئیحسانی بە دەعوی سیدقی سەددیقی، بە مەعنی کیزبی بووجەهلی بە گوفتە میسلی هاڕوونی بە کەردە شیبهی هامانی دە لابە لەونی دووڕوویی، دە بگرە ڕەنگی یەکڕەنگی یەکێ بگرە و بناسە گەر لە زومرەی ئەهلی ئیمانی قەلادەی ئیتیباعی حەزرەتی خاتەم لە گەردەن نێ ئەگەر تۆ ڕاست ئەڵێی و کەلبی قاپی غەوسی گەیلانی بەبێ ئەنواری شەمسی شەرعی ئەحمەد ئەم شەوەزەنگەت بە سوبحی سیدق و ئیمان ناگەیی تا چەندە حەیرانی ئەگەر تۆ قادری ئەسڵی تەریقەی پیری خۆت بگرە کیتاب و سوننەتە شێخی ئەتۆ و ئەنجامی فەرمانی خەلافی نەفسی شووم بەو یاری گۆی بۆ سونەن تاهیر هەتاکوو پێت بڵێم وەک خۆڵی ژێر پێی پاکی پاکانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵا تا کەی لە بیری چاوی مەست و لێوی مەیگوونی دڵا تا کەی لە بیری چاوی مەست و لێوی مەیگوونی بەسە ئیتواری فەرهادی، بەسە ئەخلاقی مەجنوونی بەسەر نێشی بژانگت بێستوونێ گەر لەبن بێنی وە یا پڕ کەی لە وەحشی.. وڵاتی نەجد و دەشت و هاموونی ئەگەر لات و گەدای کووچەی هەژاری و بێنەوای دەوری ئەگەر سیددیقی ساحیب شەوکەت و بەختی هومایوونی هەناسەت گەر لەبن بێنێ ڕەی و ئەلبوزی زۆر بەرزی وە یا فرمێسکی تۆ داگیر بکا خاڕەزم و جەیجوونی ئەگەر شیعرت کەساد کا بەیتی نالی و کوردی و مەحوی ئەگەر کانی فەساحەت، بەحری مەعنا، هەوری مەزموونی هەژار و ناموراد و دوور لە دین و دانش و هۆشی خزاو و بەشخوراو و بێ دەس و مسکین و مەفتوونی مەزاجت تێکچووە هێندە مەزاجە حاسڵی ژینت کەلامت لا کە ماڵە هێندە کەچڕەفتار و واروونی هەناسەت بۆپڕووزی عالەمی داگرتووە و پەستی لە تاڵەت شوعلە هەر تا ئاسمان ڕۆییشتووە و دوونی بەڕاستی قامەتی ئیخلاس و سیدقت عەینی وەک ئەلفە کەچی بۆ سادی عەینی مەهڕووخان وەک لام و وەک نوونی بەهاری نەوجوانیت تێپەڕی و زستانی پیریت هات کەچی بۆ کاری عوقبا لێڵی و بۆ دەهری دوون ڕوونی بە یەک خەندە و نیگا شیرین، بە یەک عیشوە و جەفا تاڵی بە یەک ناز و سەفا سوێری بە یەک غەمزە و هەرا توونی بە نادانی بەسەرچوو عومری تۆ و نەتزانی نادانی بنی توونی نەفامی جێتە، لای خۆت وەک فەلاتوونی دەروونت دەفتەری زووخاو و داخ و دەردی هیجرانە وەکوو لالە دەروون داخی، وەکوو غونچە جگەرخوونی لە ئافاتی مەجازی تێپەڕە گەر بازی تەحقیقی هەتا کەی کۆتری پێچوو خەمی ئەدواری گەردوونی بەبێ چوون و چرا تاهیر مەکانت ئەوجی عولیایە ئەگەر وەک پاکبازان دڵ بە یادی زاتی بێچوونی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دین و دڵەکەم یاری دڵارامی ئەمن تۆی دین و دڵەکەم یاری دڵارامی ئەمن تۆی باغ و گوڵەکەم سەروی خۆش ئەندامی ئەمن تۆی وام زانی کە تۆ سەیدی کەمەندی منی ئێستا وادیارە کە سەییادی من و دامی ئەمن تۆی وەک تاوس و ئاسکی لە کەل و هەردی دەرووندا من ڕامی ئەتۆم گیانە نەکوو ڕامی ئەمن تۆی هەم تاقەگوڵی وادیی سوبحی ئەمەلی من هەم شەمعی جگەرسۆزی سەری شامی ئەمن تۆی کەی جامی جەم ئاخر وەکوو سینگی منە ڕووناک لەوساوە کە سەهبایی من و جامی ئەمن تۆی هەم نەوبەری ئەسماری ئومێدی دڵی مەحزوون هەم مەقسەد و هەم و مەبدەئ- و هەم کامی ئەمن تۆی ئەزواق و هەرا و وەجد و زهوورات و کەرامات ئەشواق و سەفا و شۆڕشی ئەییامی ئەمن تۆی فەزڵ و ئەدەب و دانش و ئەخلاق و کەماڵات فەرهەنگی من و عەقڵی من و فامی ئەمن تۆی بێ نام و نیشانم وەکوو تاهیر لە دوو عالەم ئەی زوهرەجەبین باسی من و نامی ئەمن تۆی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە ڕووخام عاشق و دێوانە تا کەی کە ڕووخام عاشق و دێوانە تا کەی غەمی تۆ ساکنی وێرانە تا کەی بە تیری ئاشنایان کونکونە جەرگ تەمەننای مەرهەمی بێگانە تا کەی بەبێ شەمعی جەماڵت هەڵپڕووزام بەڵێ یاران، قسەی پەروانە تا کەی کە فرمێسکم نیساری خاکی پێت کرد هەواڵی قیمەتی دوڕدانە تا کەی پەرێشان - عەقڵ و هۆشم تار ماوە ئەکەی ئەو زوڵفە جانا شانە تا کەی بە نامەردی سەرم پاماڵی غەم بوو خەیاڵی هیممەتی مەردانە تا کەی ڕەقیبان شاد و من غەمبار و دڵتەنگ نیزاعی جاهیل و فەرزانە تا کەی دڵە جێگات و جانە پاسەبانت لە من بێزاری ئەی جانانە تا کەی موقیمی ئاگری حیرمانە تاهیر عەزیزم سینە ئاتەش خانە تا کەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمان لەو کاتە کە یارم بە عیشوە لەنجە دەنوێنێ سەبارەت: ئقتباس لە غەزەلی موحتەشەم ئەمان لەو کاتە کە یارم بە عیشوە لەنجە دەنوێنێ هەڵئەستێ، هەڵدەکا چاک، مەی دەڕێژێ، ساغەر ئەشکێنێ دەچێت و من لەسەر ئاگر ئەبرژێم ئاخۆ کەی بێ ئەو دووبارە بێتەوە، حەققم لە دەستی هیجر بستێنێ کە کێشای خەنجەری ناز، دەس لە من هەڵگر نییە تاوێ مەگەر دەستی شەکەت بێ و شێوەیی مروەت بەجێ بێنێ فدای ئەو مەستییەم وا ڕێگەیی مەیخانە کەج ناکا لەگەڵ شەحنەش ئەگەر تێهەڵ بچێت و دەستی بسپێنێ چ قەسرێ بوو خودایا دوێنێ شەو من گەیمە قاپی ئەو کە دەربانی بە قەیسەرداغی چەندین ساڵە دەڕژێنێ لە ترسا مانگی چواردە مووی هەموو ئەعزای ئەبێ سنگ سنگ هەتاوی من لە ئاسۆی حوسنەوە گەر ڕوویی هەڵبێنێ لە خوێنی خۆت دە تاهیر جامی بادەی نابی بۆ تێکە کە بادەی خوێنی تۆی گەر دەس کەوێتن ناچێ بۆ شوێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بریندارم بریندارم تەبیبم زوو بە دەرمانێ بریندارم بریندارم تەبیبم زوو بە دەرمانێ گەدای تۆم، من گەدای تۆم، شاهەکەم سا دێرە ئیحسانێ خرابم لەشخرابم بۆ سەراپام بیری تەعمیرێ شکاوم، تێشکاوم، سەر فیدات بێ حاڵ و سامانێ لە عالەمدا، لە عالەمدا، نییە وەک بەندە مەئیووسێ دسا ڕەحمێ، دەسا ڕەحمێ، بە خواری دڵپەرێشانێ ئەمن ڕووتم، ئەمن ڕووتم، عەتا کە سیتری ئەندامێ سەگی دەرگام، سەگی دەرگام، کەرەم کە ڕێزە ئێسقانێ زەلیلم من، زەلیلم من، ئەمان سا عیززی ئەلتافێ لە ڕێ وێڵم، لە ڕێ وێڵم، دەخیلە ناو و نیشانێ وەکوو مەجنوون، وەکوو مەجنوون، بە کێو و دەشتەدا وێڵم بپرسە، تۆ بپرسە، حاڵەکەی شێتی بیابانێ فیدات بێ، گیان فیدات بێ سا بکە لوتفێ لەگەڵ تاهیر بڵێ جارێ، بڵێ جارێ: سەگی دەرماڵەکەم کوانێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێ دەکۆشم کە بکەم یار لە ئەغیار جوێ تێ دەکۆشم کە بکەم یار لە ئەغیار جوێ نەبوو ئەم کارە و خۆم مام لە دڵدار جوێ گەر جوێ ببمەوە لێی خوێنی ئەمن دەڕژێنن دڵی پڕ غەم بەجوێ دیدەیی خوێنخوار جوێ لەبەر ئەو ماڵە ئەوا لاشەیی وەک پووشی ئەمن وەکوو کایێکە کە بووبێت لە دیوار جوێ پێکەوە بوون خۆشە سا نرخی بزانن یاران تا فەڵەک بەشکوو نەکا ئێمە لە دیدار جوێ غەیری ئەو مانگە کە تاهیر بە ویساڵی نەگەیی هیچ گوڵێ نابێ لە دڕک و شەخەڵ و خار جوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ و دینم لە دەس چوو ئەی سەنەم سا بۆ خودا نازێ دڵ و دینم لە دەس چوو ئەی سەنەم سا بۆ خودا، نازێ کە بەش بمکاتە سەر دیسان نیگاهی چاوی تەننازێ هەزار دەفتەر لە سینەمدایە ڕازی دەردی هیجرانت ئەسەف سا من لە کوێ بێنم ڕەفیقی نوکتەپەردازێ کە لەو دەر ماڵە والایە دەرت کردم بە سەد خواری نەما ئیدی بەرەو ئەوجی ویساڵم حاڵ و پەروازێ وەرە قوربان لە دووریت بەزمی عەیشی من تەماشا کە نییە مەی غەیری فرمێسک، بێجگە ناڵە دەنگ و ئاوازێ کە دووریت کرد لە من کاتم لە لا وەک تیغی تیژ وایە جگە پەستی و پەشێوی نیمە گیانە یار و دەمسازێ لە نازی چاوی مەستی حاڵی دڵ سا بێنە بیر تاهیر چلۆنە؟ کۆترێکە زامزەدەی چنگووڕی شابازێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە بێنەوا و ناڵەم ئەمان سا هیممەتێ با بێ دەمێکە بێنەوا و ناڵەم ئەمان سا هیممەتێ با بێ نەپشکووت غونچەکەی دڵ با نەسیمی ڕەحمەتێ با بێ دەخیلە غەوسی ئەعزەم من زەلیل و زار و مەحزوونم دەمی با عیززی لوتفت بۆ نەمانی زیللەتێ با بێ درۆ یا ڕاس بە کەلبی قاپیەکەی تۆ خۆم ئەدەم نیسبەت دەماغی دڵ زوکامە دەی شەمیمی نیسبەتێ با بێ زەبوونی سەیتەرەی ڕەزڵی خەبیسی خایینی دوونم لەلایەن تۆوە خۆشە جارێ سامی سەتوەتێ با بێ گەدای دەرماڵی تۆم حەیفە بە هەر ناکەس پەنا بێنم شەها ڕەحمێ بە حاڵی دڵحەزینی مەینەتێ با بێ لە ڕەنجی دەهری دوون دڵ بۆتە بەردی جێ هەواری غەم بە تۆ هانامە هانا شۆر و وەجد و حاڵەتێ با بێ پەراسووم ورد و هانی بەردی جەوری دەستی ئەغیارە لەبەر پایی دڵم قوربان بەجێیە شیفقەتێ با بێ ئەتۆ بەحری کەرەم من بەشبڕاوی دین و دنیا خۆم بە قوربانی سەگی ئاسانەکەت بم قیسمەتێ با بێ نەماوە حورمەت و مەجد و وقار و شەوکەت و زۆرم پەرێشانم، گرفتارم، هەژارم، ڕەئفەتێ با بێ پەنای دەرماڵی تۆیە لەم زەبوونی و خوارییە تاهیر شەهەنشای ئەولیا فریاڕەسێ بە عیززەتێ با بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرگیراو لە غەزەڵی مەستوورەی ئەردەڵان سەبارەت: وەرگیراو لە غەزەڵی مەستوورەی ئەردەڵان زمانی شەوقی من کۆتایە، سا ئەی خامە تەحریرێ بە هانام گوێی نەدا دڵبەر، دە زوو بە ناڵە تەئسیرێ لە عیشق ئەو مانگە ڕسوام سا بە دڵسۆزی بکەن چارەم کە شێتیم ئاشکرا بوو، نۆرەتە سا عەقڵە! تەگبیرێ موسڵمانی لە دەستم دەرچووە کافر وەرە ڕەحمێ ئەمن دەیری دوو چاوم، زوڵفی پڕ چین! هێزی زەنجیرێ هەتا کەی بیری ئازارم، فەلەک جارێ مودارایێ بە کامی دوژمنان سا کەم بچەرخێ، چەرخە دەی بیرێ لەگەڵ مندا جەفاکارە و لە گەڵ ناحەز وەفاشێوە لە دەس چو عەقڵ و عیلمم، شێخی خۆم ئامانە، تەفسیرێ لەبەر ئارامی لەش وەسپی ویساڵێ، دۆستان جارێ لەبەر تەسکینی دڵ باسی جەماڵێ، بیرە! تەسویرێ بە کوێ ئەو دڵبەرە عومرێکە ڕێم نادەن ئەجەل ڕەحمێ کە دڵشاد بم بە پابۆسی، دەخیلە، مەرگە! تەئخیرێ ئەمن تاساوی تاسەی دڵبەرم یاریم دە ئەی تالیع دڵم وێرانی هیجرانە فەدات بم وەسڵە تەعمیرێ نییە قاسد بباتە لایی دڵبەر عەرزەکەی تاهیر بە قوربانی دەمت سروەی نەسیمی سوبحی شەبگیرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەوسی ئەعزەم شاهبازی ئەوجی عولیا هیممەتێ غەوسی ئەعزەم شاهبازی ئەوجی عولیا هیممەتێ قوتبی عالەم سەرفەرازی تاجی عوزما هیممەتێ من لە دۆسان دوژمنیم بینی و گوڵم لێ بوو بە خار دۆستی حەق ڕەحمێ، گوڵی گوڵزاری زەهرا هیممەتێ من لە ڕاستی کەوتمە گێجی کەجڕەوی ئەبنائی دەور ئەی خەلاسی بەخشی هەر ئەعلا و ئەدنا هیممەتێ من فەریبی زاهیری شیرین و ڕۆحی تاڵ ئەخۆم ئەی بە باتن شەربەتی هەر دەرد و سەودا هیممەتێ گەر نەکەی هیممەت سەر و سامان و هەستیم چوو بە باد ئەی سولالەی ئەتهەری یاسین و تاها هیممەتێ تۆ حەیاتبەخشی بە ئیسقانی ڕزیوو و من ڕزیو فەیزی ئەنفاست وەکوو شەخسی مەسیحا هیممەتێ تۆ سەفابەخشی دڵی تاریک و من دڵ پڕ خەفەت مانگی بورجی مەکرەمەت شەمسی تەجەللا هیممەتێ تۆ تەبیبی نێودڵی ئێستەش بە ئیزنی زاتی حەق سا شفابەخشی دڵی پڕ دەرد و هیوا هیممەتێ غەم مەخۆ تاهیر کە سوڵتان مەعدەنی بەخشایشە ئەی سەخا وەک هەوری ڕەحمەت بێ تەقازا هیممەتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێو تینووە دڵ تاریک هانامە دەسا ڕەحمێ لێو تینووە دڵ تاریک، هانامە دەسا ڕەحمێ ئەی نووری هودا لوتفێ، ئەی هەوری سەخا ڕەحمێ ئەی خەڵوەنشینی قودس، ئەی حیلوەگوزینی فەیز شەهبازی فەزای لاهووت مەحبووبی خودا ڕەحمێ غوث الثقلین ئامان، تۆ مەزهەری ئەنواری من ڕووڕەش و بێ حاسیل بێ بەرگ و گەدا ڕەحمێ ئەی من سەگی دەرماڵت، تۆ خۆ فەلەکی جوودی بەم خوێڕییە سا جارێ، لەو خوانی عەتا ڕەحمێ مایەم هەموو ناکامی، نامەم هەموو بەدنامی هیممەت کە دەمێ قوربان، بەم ڕووڕەشە سا ڕەحمێ کردوویە بە داخی ڕەش، عیسیان لە سەرین تا پێم ئەی کانی سەفا هانا، ئەی بەحری توقا ڕەحمێ تۆ سەروەری ئەخیاری، تۆ ڕەهبەری ئەبراری سەردەفتەری ئەشرارم، پاماڵی جەفا ڕەحمێ بەم قەلبە کە وا سووتا وەک پووشی دەر و دەشتان بەم جیسمە کە وا وەستا وەک بەردی چیا ڕەحمێ بەم مەینەتی حیرمانە، بەم زیللەتی هیجرانە بەم حاڵە پەرێشانە بەم ڕەنج و عەنا ڕەحمێ بەم دوور لە ئاواتە، بەم دەربەدەرە لاتە بەو هەموە کەراماتە، خۆ کەم نییە جا ڕەحمێ تاهیر بە هەموو ئیخلاس پاڕانەوەیە کاری بەڵکوو بە کەرەم جارێ ئەو شاهە بکا ڕەحمێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کوێ بێنم دڵ و هیوا و نیازێ لە کوێ بێنم دڵ و هیوا و نیازێ لە کوێ بێنم ڕەفێقێ دڵنەوازێ ئەمن بێچارە و مەحرووم و مەئیۆس دەرێغا کوا کەریمێ، چارەسازێ دەروونم پڕ لە زووخاوی جەفایە ئەسەف بۆ مەحرەمێ بۆ ئەهلی ڕازێ وەکوو فەرهادی بێبەش تاڵە کامم لە هیجرانی بوتی شیرین تەرازێ سەروماڵم لە پێی دانا بە شۆڕی دڵ و دینم لە دەس دەرچوو بە نازێ لە سەد پەردەی حەقایق تێپەڕیوم نەگەیمە ئیبتیدای عیشقی مەجازێ وتم خەیمەی جەلالم پێ نیشان دەن ئەڵێن مەردانە زوو بێنە جەوازێ منی نالایەق و بێ تاعەت و دین ئەمن ئاوارەی دڵ لانەوازێ نییە هیچ مەلجەیێکی دین و دونیام مەگەر سایەی دوو باڵی شاهبازێ موغیسی ئەهلی عالەم غەوسی ئەعزەم پەنای هەر غەمزەدە و ساحیب نیازێ بە مەحموودی شەهی موڵکی ویلایەت هەموو شاهانی دین بۆ ئەو ئەیازێ لە ناپاکی مەبە تاهیر پەرێشان بڵێ یا فەیزی ڕۆحی پاکبازێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەزرەعەی دڵ تینووە بەحری فتووەت هیممەتێ مەزرەعەی دڵ تینووە بەحری فتّوَت هیممەتێ هەڵکە بارانی کەرەم ئەی هەوری ڕەحمەت هیممەتێ ئەی سرووری خاتری وشک و حەزینی پڕ خەفەت ئەی نیشاتی ڕۆحی پڕ زووخاڵی میحنەت هیممەتێ خاسیر و پێ کۆ و دەس ئەوسان بێ سەر و سامان و پەست لێوبەبار و موفلیسم خاوەندی هیممەت هیممەتێ شەیبەتم شێوەی سیاکاری شەبابە و ڕوومەتم لۆچی ئەعمالی قەبیحە کاتی ڕەئفەت هیممەتێ سەوزەکەی هەردەی دەروون وشکی سیاساڵی غەمە سروەکەی فەیزی ئەزەل تاوی سەعادەت هیممەتێ وەختی مەستی و وەجدە کاتی ڕەقس و نەعرە و شادییە نەشئەکەی سەهبای حەقیقی جامی وەحدەت هیممەتێ قادریی ئەسڵم، سەگی دەرماڵی عەبدولقادرم ڕەحمەتێ شەهبازەکەی سەردەستی قودرەت هیممەتێ با نەبم خوێڕی و گەڕ و ڕێزەخوەری دەرماڵی کەس ئەی شەهەنشای تەختی مەجد و نوور و عیززەت هیممەتێ تۆ عەزیزی بارەگاهی زولجەلال و من زەلیل با خەلاس بێ تاهیری مەحزوون لە مکبەت هیممەتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەما ناوم لەناوا سا لەبەر ناوی خودا ڕەحمێ نەما ناوم لەناوا سا لەبەر ناوی خودا ڕەحمێ بە حاڵی ئەم حەزینەی دوور لە یارەی بێنەوا ڕەحمێ پەنام لای هەر کەسێ برد دەستی ڕەددی نایە سەر سینگم دەخیلە غەوسی بەغدا ئەی پەنای هەر بێ پەنا ڕەحمێ یەیانی دەردی خۆم لای هەر تەبیبێ کرد و نەیناسی خوداناس و تەبیبی ئێش و دەردی بێدەوا ڕەحمێ بەشم تێ هەڵدەیە و خواری جنێو و نەعلەت و نەفرین لەجێی مووچە و خەڵات و مەرحەبا باوکی گەدا ڕەحمێ بە پشتگەرمی کەسێ من چواردە ساڵ باری عەنام کێشا کە وا خۆی بەردی سەردی داوەتە سەر دڵمدا ڕەحمێ لە تاریکەی شەوی حیرمانەدا من وێڵ و حەیرانم ئەمان هادی سوبول نووری خودا شەمسی سەفا ڕەحمێ هەموو ئێسک و پەراسووم ورد و هانی بەردی ئەغیارە سەگی دەرماڵی تۆم بێرە جواو کانی وەفا ڕەحمێ لەکوێ وەک تۆ لە مەیدانی قەدەر گۆی سەروەری دەرکرد هومایۆن شەهسەواری تر بە گۆچانی قەزا ڕەحمێ لەکوێ وەک تۆ کەسێ سەرمەستی بادەی نوور و تەوحیدە بە دەستی مورتەزا حەو جار لە کاسی موستەفا ڕەحمێ بەجێیە گەردەنی پاکان وەکوو فەرشی قەدەمگاتە کە شەئنی شانی تۆیە پێی شەهەنشای ئەنبیا ڕەحمێ نەتیجەی ڕەنجی عومرێکم هەناسە و ئاه و ئەفغانە لەبەر سوێنی درۆ و وەعدەی خیلافی پڕ جەفا ڕەحمێ بە عیززی حەزرەتی خاتەم، شەفیعی ئادەم و عالەم ئەمینی سیڕڕی ما أوحىٰ شەهی موڵکی دَنىٰ ڕەحمێ بە سیدقی سینەیی بووبەکر و سۆزی باتنی فارووق بە حەققی شەرمی عوسمان عیلم و تەقوای مورتەزا ڕەحمێ بە حەققی عیسمەتی زەهرا کە بِضعَةی فەخری ئەکوانە بە جەرگی لەتلەت و سەبر و سکوونی موجتەبا ڕەحمێ بە خوێنی حەڵقی تینووی ئەو کەسەی وا مەرقەدی پاکی وەکوو کەعبەی فەقیرانە لە شاری کەربەلا ڕەحمێ بە حەققی جەمعی ئەسحاب و ئەئیممەی پاکدین لوتفێ بە ئەقتاب و مەشایخ ئەسفیا و ئەزکیا ڕەحمێ بە حاڵم سا بە حاڵم قیبلەگاهم گۆشەیی چاوێ لەگەڵ من سا، لەگەڵ من شاهەکەم، تۆ بی و خودا ڕەحمێ بە هاژەی باڵەکەی خۆت بازی ئەوجی لامەکان جارێ بە ئەم پۆڕە خوراوەی کەوتووەی بێ دەست و پا ڕەحمێ شەهەنشاها ئەتۆی میخدەع مەقامی زوروەیی عیززەت بە حاڵی تاهیری پەستی زەلیلی ڕووسیا ڕەحمێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسێ وەک من زەلیل و تێشکاو و خوار و مەحزوون بێ کەسێ وەک من زەلیل و تێشکاو و خوار و مەحزوون بێ ئەنیسی داغی لەیلی، واریسی ئالامی مەجنوون بێ دەخیلی هەر کەس و ناکەس، زەلیلی هەر سەگ و دوون بێ درەختی ئارەزووی بێ بەر، قەڵاجەی بەختی واروون بێ پەنای سوڵتانی ساحیب سەتوەتی موڵکی ئەو ئەدنایە قەسیدی لامەکان شەو مەنزڵی سەر عەرشی ئەعلایە کەسێ وەک من ئەسیری داوی بێ دانەی خەمی غەم بێ لە یاری بێوەفا بێگانە، دەردی هیجری مەحرەم بێ لە گەنجی وەسڵی ئەو بێ بەش، بە ڕەنجی فەسڵی بەهرەم بێ خەفیفی دەستی میحنەت، دڵشکاوی بەردی ئەستەم بێ پەنای شاهەنشەهی خاوەن سەریر و تاجی لَولاکە کە لوتفی زاتی بێ هەمتا لەگەڵ ئەو یار و هەمتایە ئیمامی مَسجد الأقصىٰ، ئەمینی سیڕڕی ما أوحىٰ خەڵاتپۆشی لَعَمرُک، جورعەنۆشی بەزمی أو أدنىٰ لە خەیلی ئەنبیا بێ تا بە سُبحان الذی السرىٰ بە بسم الله لەبن هەڵکەن ئەساسی مەرتەبەی عُزّىٰ فیدای ئەو ناوە بم تەعویزی بازووی ڕاسی جبریلە لەپاش ناوی خودا ناوی موحەممەد خَیرُالأسمایە سەرم سەرگەردی تۆزی پێ و سەری جاڕوو کەشی دەرگات دڵم سواڵەی سەگی ڕێزەخۆری دەرماڵەکەی واڵات بژانگ و چاوم ئاو و گسکی دەوری فەرشی عەرش ئاسات من و ئەولادی من قوربانی خاکی مەنزڵ و ماوات لە کی ترسم ببێ یاران ئەگەر چی وەختی ترسانە پەنام فەخری ڕوسول یەعنی حەبیبی حەییی دانایە دەبا لوتفی لەگەڵ من بێ، بە لوتف و مەرحەمەت شاهم لە ئاسمانی دڵم غایب نەبێ با یەک زەمان ماهم نەسووتێنێ دەسا با پووشی هەستی ئاگری ئاهم نەڕووخێ با قەڵای مەجد و ویقار و عیزەت و جاهم دەخیلە یا رسول الله لە قاپی خالقی ئەکبەر شفاعەت کە، شفاعەت هەرچی تۆ بڵێی لازم ئیجرایە دەخیلە یا رسول الله، نەسیمی ڕەحمەتت با بێ ئەمن داماو و بێچارەم، نیشانەی هیممەتت با بێ هەژار و دڵحەزینم، شەوقی لوتف و ڕەئفەتت با بێ سوپای زیللەت نزیکە، فەوجی فەزڵ و عیززەتت با بێ حەزین و بێ خەو و ئارام و دڵ پڕ میحنەتە تاهیر بەدڵ چاوەنواڕی عەفوی خۆی و لوتفی واڵایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیان بە سەرگەردی سەرای میوانەکەی تۆم هیممەتێ گیان بە سەرگەردی سەرای میوانەکەی تۆم هیممەتێ ڕۆح فیدای جاڕووکەشی دەرگانەکەی تۆم هیممەتێ ئینتزاری ڕێزەنانی خوانەکەی تۆم هیممەتێ غەوسی ئەعزەم من سەگی ئاسانەکەی تۆم هیممەتێ خاکی ژێر پێی خادەم و دەربانەکەی تۆم هیممەتێ شاهی جوملەی ئەسفیاکانی توقا و مەرحەمەت ماهی زومرەی ئەتقیا هەوری سەخا و مەحمیدەت شێخی یەکسەر ئینس و جان، قوتبی عَظیم المَرتَبه ت شەمعی جەمعی ئەولیا شەمسی بورووجی مەکرەمەت زەڕڕەکەی بێ هەستی و پەروانەکەی تۆم هیممەتێ ها لە تەوفی کەعبەکەی کۆی تۆ ئەوا بێ بەهرە مام دوور لە نووری فەیز و مەحبووسی غەمی زوڵمەت سەرام تەیری بێ خەیرم سیفاتی خۆم هەموو لێ بۆتە دام من ئەسیری نەفسی شووم و گیری زەنجیری هەوام چاوەنواڕی هیممەتە مەردانەکەی تۆم هیممەتێ کەوتمە ئاوایی و بیابان دەشت بە دەشت و کێو بە کێو هەم ئەنیسی وەحش و تەیر و هەم ڕەفیقی جین و دێو گەر نەبێ لوتفت لەگەڵ من هیچکەسێ نامکا بە خێو وەک سەگی خوێڕی لەدووم کەوتن بە هووها و بەرد و چێو چاوەڕێی ئێسقانی شۆرباخانەکەی تۆم هیممەتێ ئەی بە دەستت حەلل و عەقدی ئەزکیا و ڕەدد و قوبووڵ هە وەها فەیز و فتووح و کەشف و تەرفیع و نزوول ئەی سرووری مورتەزا و موجتەبا، نووری بەتوول ئەی ئەمیری ئەولیا ئەڵڵا و مەحبووبی ڕەسوول دەس بە دامان و گەدای ئیحسانەکەی تۆم هیممەتێ شاملی بەخشایشی تەبعی سەلیمت کەی منم واسیلی ئاسایشی خولقی ڕەحیمت کەی منم حایزی ڕوتبەی سەخاکەففی کەریمت کەی منم لایقی جەننەت سەرای قوربی حەریمت کەی منم خاروخاشاکی بەری کاشانەکەی تۆم هیممەتێ هەر شەریفێ بێ گومان بەندە و وەزیعێکی هەیە هەر ئەمیرێ چاکر و عەبد و موتیعێکی هەیە هەر شەهەنشاهێ هەوای عەفوی جەمیعێکی هەیە ڕۆژی دیوانی جەزا هەر کەس شەفیعێکی هەیە ئارەزوومەندی خەتی دیوانەکەی تۆم هیممەتێ موفلیس و بێ خان و مان تێ هەڵدرا و بەش خوراو ڕەنج بە باد و خۆڵ بە سەر ماڵ کاول و هەستی نەماو پێ وڵوو، سەرکز، خەفیف، قەترەی حەیا و حورمەت تکاو ڕووسیا و شەرمەسار و دڵحەزین و تێشکاو عایدی ئەلتافە بێ پایانەکەی تۆم هیممەتێ گەر بە ڕندی و عاشقی و مەستی و خراپی شوهرەبم یا بە بەدکاری و قەباحەت بەدتری ئەم شەهرەبم بێ نەسیب و شاربەدەر بێ جێ و سەرای ئەم دەهرەبم گەر وەکوو تاهیر لە دنیا و ئاخیرەت بێ بەهرەبم گیانفیدای ناڵە و نەوای دێوانەکەی تۆم هیممەتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەسوولەڵڵا حەزین و تێشکاوم ڕەحمەتێ سەبارەت: حەوتبەند ١ یا ڕەسوولەڵڵا حەزین و تێشکاوم ڕەحمەتێ دەردی خاکی ڕێت لە نووری هەر دوو چاوم ڕەحمەتێ ناڕەوای بازاڕی عالەم سەرکز و خوار و خەفیف عاتیل و بێ دین و دڵ هەستی نەماوم ڕەحمەتێ من بە تیری تەعن و لۆمەی ناکەسانی ڕۆزگار کونکونە سینە و دڵ و جەڕگ و هەناوم ڕەحمەتێ سەربەس و ئازادە بووم وەک تایری ئەوجی سوروور ئێستە وا بەندی حەوادیس بۆتە داوم ڕەحمەتێ بەرجنێو و لەعن و نفرینی نەفامانم مەخە با لە سایەی فەزڵی تۆ لار بێ کڵاوم ڕەحمەتێ من گیاکەی بن مەڕی جەور و جەفای بێ حاسڵم چاوەڕێی ئەنواری تۆم تیشکی هەتاوم ڕەحمەتێ من سەگی تینووی بیابانی خراپی و زیللەتم زوان ئەڵای دم کەوتوویی یەک جورعە ئاوم ڕەحمەتێ یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک با نەکەن بێ حورمەتم زۆر زەلیل و خوار و پەست و دڵ بەتاوم ڕەحمەتێ ڕێ دە ئەی سالاری دین تاهیر لە سایەی ڕەحمی خۆت ئەی بوڵەندی بەخشی دین و جاه و ناوم ڕەحمەتێ ٢ ئەی مەقامت قاپ قەوسەین أو أدنىٰ ڕەحمەتێ ئەی خەتابی حەزرەتت یاسین و تاها ڕەحمەتێ غایشەکێشی بە ئیخلاسی بوراقت جبرەئیل سۆڵی پێت تاجی سەری عەرشی موعەللا ڕەحمەتێ ئەهلی بەیتت شارحی ئەسراری ئایاتی کەلام چوار یارت چوار ڕوکنی شەرعی بەیزا ڕەحمەتێ یادی ڕووی تۆ بوو کە ئاگر بوو بە گوڵزاری خەلیل نووری تۆ بەخشی یەدی بەیزا بە مووسا ڕەحمەتێ یا ڕەسوولەڵڵا بە قوربانی سەگی ئاسانەتم پێ وڵوم ئەی سەروەری دونیا و عوقبا ڕەحمەتێ کەس لە ڕەنجی خۆی وەکوو من خاسیر و بێ بەش نەما هەوری ڕەحمەت بەحری هیممەت، کانی جیدوا ڕەحمەتێ مووی سپی کردم سیاکاری بە هیوای نەفسی شووم ئەی سەفابەخشی دەروونی پڕ سووەیدا ڕەحمەتێ کەی بەبێ ئەلتافی تۆ من موشکیلاتم حەل دەبێ یەک نیگاهی تۆیە حەللی سەد موعەمما ڕەحمەتێ یا شَفیع المذنَبین سا تۆ پەنای تاهیر بدە لەم غەم و ئاو و هەوای ناسازی دونیا ڕەحمەتێ ٣ ئەی چرای گۆشەی دڵی ئەربابی عیرفان ڕەحمەتێ شەمسی ئەوجی باتینی ئەسحابی ئیمان ڕەحمەتێ ئەی ئومێدی مەجمەعی پڕ تەفرەقەی ڕیندانی دەور ئەی هیدایەتبەخشی زومڕەی ئەهلی خوزڵان ڕەحمەتێ پێم خزا خاکم بەسەر ڕەنجم هەموو ڕۆیی بە با بگرە دەستم ئەی ئومێدی نائومێدان ڕەحمەتێ یا ڕەسوولەڵڵا شکاتی دەردی خۆم لای تۆ دەکەم بەڵکوو لوتفی تۆ بکا ئەم دەردە دەرمان ڕەحمەتێ یاری خۆم لێ بوو بە ئەغیار و گوڵم لێ بوو بە خار نووری من وەک زوڵمەتە و جەمعەم پەرێشان ڕەحمەتێ گەنجەکەم لێ بوو بە ڕەنج و شەهدەکەم لێ بوو بە ژار ئولفەتم وەحشەت، ئومێدم یەئس و حیرمان ڕەحمەتێ من گیاکەی هەڵپڕووزاوی شەرارەی میحنەتم چاوەڕێی بارانی تۆم ئەی هەوری ئیحسان ڕەحمەتێ من لەڕێ وێڵ بووم و دونیام وەک شەوەزەنگە دەخیل سا دەمێ بنوێنە ڕووت ئەی ماهی تابان ڕەحمەتێ عاجز و داماوە تاهیر کاتی لوتف و ڕەحمەتە ئەی حەبیبی زاتی حەق، مەحبووبی ڕەحمان ڕەحمەتێ ٤ دڵشکاوی میحنەتم ئەی دڵنەوازم ڕەحمەتێ غەمزەدە و بێچارە ماوم چارەسازم ڕەحمەتێ سەوزەکەی هەستیمی فەوتان حادیسەی جەوری زەمان وەختی بارانی بەقایە سەرفرازم ڕەحمەتێ وەک گوڵە دڕکم لە دڵ وەک بولبولم خوێنین سرشک وەک شەم و پەروانەیە سۆز و گودازم ڕەحمەتێ یا ڕەسوولەڵڵا ئەتۆی ئەسڵی حەقایق ئەلئەمان من ئەوا سەوداسەری فەرعی مەجازم ڕەحمەتێ ئاوی چاوی، ئاگری دڵی برد، خاکی تەن ڕۆیی بە با بێ نیاز ماوم لە ژین، ئەی جێی نیازم ڕەحمەتێ شاهی دین عومرێکە من وەک غونچە خوێنی دڵ دەخۆم غونچەکەم پشکووت و ها مەکشووفە ڕازم ڕەحمەتێ کەس منی ناوێ، قەبووڵم کە بە ئەلتافی عەمیم ئەی سورووری ڕۆح و مایەی ئیمتیازم ڕەحمەتێ هەر وەکوو تاهیر لە ئاوات بێ بەش و وامەندە مام کاتی لوتفی تۆیە ئەی ئاواتەخوازم ڕەحمەتێ ٥ یا ڕەسوولەڵڵا غەمین و شەرمەسارم ڕەحمەتێ موفلیس و بێ حاسیل و خەستە و هەژارم ڕەحمەتێ ئەی ئومێدی شەرمەسارانی سەفی ڕۆژی حیساب ئەی تەبیبی نەفسی سەرکەش دەردەدارم ڕەحمەتێ یادی ئەو جاهەی کە لام بوو بۆتە چاهی زیللەتم بیری ئەو گەنجەی کە ئەمویست بۆتە مارم ڕەحمەتێ نەوبەهارم بۆتە پایز عەیش و خۆشیم سەخڵەتە بولبولی مەحزوون گوڵی دڵ پڕ لە خارم ڕەحمەتێ سەروەریم پاماڵییە سام و شکۆهم خوارییە ڕەنجە مایەم، زەهرە شەهدی خۆشگەوارم ڕەحمەتێ من خۆڵی ژێر پێی سەگی دەرماڵی سەگبانانی تۆم سەرکز و لات و حەزینم، شەهریارم ڕەحمەتێ بەم هەموو نالایەقی و عوسیانی بێ سامانەوە ڕووم لە تۆیە شافیعی یەومولقەرارم ڕەحمەتێ ئەمنواند ئەو ساڵە لای هەر کەس وەکوو زێوی سپی ئێستە وەک بەردی ڕەشی جێگە هەوارم ڕەحمەتێ دڵ پەشیمانم وەکوو تاهیر لە کردەی ناپەسەند ئەی فەرەحبەخشی دەروونی بێ قەرارم ڕەحمەتێ ٦ ئەی نیشانەت فەقر و فەخری کائیناتم ڕەحمەتێ حامی و پشت و پەنا و مایەی نەجاتم ڕەحمەتێ ڕۆژی دیوانی جەزا ئاگات لە من بێ بۆ خودا با نەخوێنن نامەکەی پڕ سەییئاتم ڕەحمەتێ چاو بە گریان، ندڵ پڕ ئاگر، سینە تەنگ و دەم بە ئاه پێ لە بەند و سەرکز و بێ دەستەڵاتم ڕەحمەتێ یا ڕەسوولەڵڵا گونابار و قەبیح و ڕووڕەشم ئەی سپی ڕوخساری خاوەن موعجیزاتم ڕەحمەتێ کشتی دڵ سووتاو لەبەر ئاو و هەوای کرداری شوومم ئاودێریم کە دە سەرچاوەی حەیاتم ڕەحمەتێ دانەمەزراوم لەسەر ڕێی ئەتتیباعی حەزرەتت سا عەتا کە لەحزەیێ سەبر و سوباتم ڕەحمەتێ تۆ حەبیبی حەق و من مەنفووری خەلقی ڕۆزگار تۆ شەهی کەونەین و من داماو و لاتم ڕەحمەتێ تۆ کەفی پێت تاجی عەرشە و من سەرم پێماڵی غەم تۆ شەفیعی خەلق و من ئەعسەلعوساتم، ڕەحمەتێ ڕووت و قووتێکم وەکوو تاهیر لە بەرگی ئیتیبباع بەرگی لوتفت کافییە شاها خەڵاتم ڕەحمەتێ ٧ ئەی فەڵەک ڕاکیع لەبەر جاه و جەلالت ڕەحمەتێ ئەی زەمین ساجید لەبۆ ماچی نەعالت ڕەحمەتێ دڵ بەداخە موشکی نافی ئاسکەکەی چین و خەتا بۆ سەودای غالیەی چیهرەی بەلالت ڕەحمەتێ یا ڕەسوولەڵڵا جیهانی عیشق و میهر و عاتیفەت ئافەریدەی حەققە بۆ حوسن و جەماڵت ڕەحمەتێ مانگی نوێ بۆ عارفان تەقریری دەرسی عیشق ئەکا تا لە دڵ خەن یادی ئەبرۆی وەک هیلالت ڕەحمەتێ ئەی دڵ و گیانم بە نەزری خاکی ڕەوزەی ئەتهەرت ئەی سەر و ماڵم فیدای ئەسحاب و ئالت ڕەحمەتێ تووتیای عَین الکَمالە، تۆزی پاکی سۆڵەکەت ڕشتەکەی بەندی دڵە تاڵی عەگاڵت ڕەحمەتێ فیکر و شەرعی ئەنبیا ئەزکار و وەرعی ئەولیا وەک تکێ بارانە لای بەحری کەماڵت ڕەحمەتێ وەجد و ناڵەی سۆفیان، تەوحید و جەزبەی عارفان جارییە بۆ ڕێزەکەی خوانی نەواڵت ڕەحمەتێ دڵڕەشە تاهیر لەبەر داغ و سووەیدای بێ عیلاج سا دڵی ڕوون کە بە نووری بێ زەواڵت ڕەحمەتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاخ بەبێ بارانی لوتفت وەک گیا چەوسامەوە ئاخ بەبێ بارانی لوتفت وەک گیا چەوسامەوە داخ وەکوو پووشێ بە جەزوەی جەزبە هەڵگیرسامەوە لەم جەفا و جەورە ئیتر دەس هەڵگرە تۆ بی خودا گەر لە ناڵەم تێک دەچی وا لەم خەوە وێستامەوە شۆر و جەزبەی عالەمێ بووم من بە عیشق و شیعر و سۆز گیانەکەم: تاوانی سەردی تۆیە وا تەوسامەوە تۆ بە دەستی جەورەوە پچڕیت گەڵای عومرم لە چڵ دەستی تۆم هاوڕێ بوو دیسان مامەوە و گیرسامەوە کەوتمە ژێر پێلەقەی زوڵمی ڕەقیبی ملشکاو بیری ئەو یارەم لەسەردا بوو چ خۆش هەڵسامەوە ئاخ چ خۆشە سەهمی نازت بێتە نێو ئاماجی دڵ جا لە باوەش ڕایگرم بەم قەددی قەوساسامەوە تیری جەورت سەد شکافی خستە نێو جەرگ و دڵم من لە سەگمەرگی نەمردم دەمبەدەم لێسامەوە عەقڵی من حەیرانە بۆ حەللی موعەممای زوڵفەکەت من لە ئەو هەم زیندەگیم وەرگرت و هەم تاسامەوە یەعنی وەک ڕشتەی حەیات و بەندی جەرگ و تاڵی دڵ کاتێ جار نامە ملی خۆم کاتێ جار بۆسامەوە شیعری من وەک پەتکی داپیر بێبەهایە لای حەبیب هیچ گرەی مەعنی نەما، شیم کردەوە و ڕێسامەوە ئۆف چ خۆشە یارەکەم بمداتە بەر شەق وەک ڕەقیب بەم غوروور و نخووەت و بەم تەبعی ناپەرسامەوە بەختی بەدنێو چاوی تاڵ کرد لێم بە حیرمانی ئەبەد چاری بەختی خۆم نەکرد هەرچەندە لێی خێسامەوە ڕۆژێ وەعدی دا بە یاری ڕۆژی گوستاخیم هەڵات شەو کە ڕووی درژ کرد ئەمن حیز بووم و هەم ترسامەوە مانگی دڵشادیم لەگەڵ ئاوایە، وایە بەختەکەم چیت دەوێ حاسید لە کانە و ئەسبەحە و ئەمسامەوە خۆشە تاهیر گۆشەگیری تا جەسوورانی لەئیم تێ نە فیکرێ هیچ لە وەزعی ئێستە و ئەوسامەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاسکەکەم بۆ تۆیە خۆش ڕاکردن و وەستانەوە ئاسکەکەم: بۆ تۆیە خۆش ڕاکردن و وەستانەوە عاشقانیشت لەژێر باری جەفا: چەوسانەوە بێنە بۆمان ساقیا لەو بادە سافەت کاسەیێ تا بەکەی وەک خڵتی لێڵی بێخی خومرە، مانەوە تۆ بە شیر و تیر قەزائاسا لە قەتڵی عاشقان من بەدەس زامی بەلاوە کەوتن و هەستانەوە تا عەرەق وەک شەونم ئەو کوڵمە دێنێتە جەلا پووشەکەی هەردەی دەروون دێنێتەوە بووژانەوە قەت نەبوو جارێ بڵێم لای بەرد و داریش دەردی خۆم هێندە ترساوم لە واتەی سەرد و دڵ تەوسانەوە بەسمە بەش، لەم دەهرە تاهیر شێوەی بەردی سەبوور چونکە هەر بێ قیمەتی دێنێتە بەر، پاڕانەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمشەو بە ڕاستی شەوی من ڕۆژی ڕۆشنە سەبارەت: ئیقتباس لە غەزەلی: سەعدی شیرازی ئەمشەو بە ڕاستی شەوی من ڕۆژی ڕۆشنە باسی ویساڵی یارە، دەمی مەرگی دوژمنە سروەی بەهەشتە یا کە شنەی دڵڕفێنی باغ بێنی خۆشی هەناسەیە یا عەتری لادەنە کەی خۆشەویستە وەک لەش و گیانت بە لامەوە ئەو چاو و گیان و هێز و توانە کە هی منە بۆ لات ملم دەهێنم و دەبیسم قسەت بە دڵ تا دڵ خەزێنەداری زڕی گوێ و گەردنە تۆ شاهی حوسنی سێبەری خۆت کەم مەکە لە من هەر جێ کە خەرمەنێکە هەزارێکی گوڵچنە دوورم لە تۆ لە دەشتی فیراقا بە تەنگدڵی دنیا بە لامەوە هەر ئەڵێی چاوی سووژنە تاهیر بە دەستی شەوقەوە ڕزگاری ئەستەمە بۆ تۆ هەمیشە بەرهەمی دڵشکاندنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو لالە بە نامی من و کامی خەسە ڕاسە ئەو لالە بە نامی من و کامی خەسە، ڕاسە ئەو خزم و کەسەم دەس لە ملی ناکەسە، ڕاسە بێزارە لە غونچەی دڵەکەم خاری بژانگی بێ مەیلە جەفاخۆیە، درۆ هەڵبەسە، ڕاسە ئەو دەربەسی ڕەنجی کوهەن و نوێم نییە یا خۆ دڵ بۆ غەمی ئەو ئەبلەه و بێ دەربەسە، ڕاسە ڕووزەردی جەفام سەرچڵی ئالامە مەقامم ئەو ناکەسە دەستی لە بەهێی نەوڕەسە، ڕاسە یارم کە بە بەندی غەمی ئازادی جیهان بووم بۆ ئەو دڵەکەم ئێستە وەکوو مەحبەسە، ڕاسە تا ئاگری حیرمان چووەتە نێو دڵی تاهیر بێچارە هەموو جەرگ و دڵی قەقنەسە، ڕاسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مەهبەتی ئەنواری خودا لوتف و کەرەم کە ئەی مەهبەتی ئەنواری خودا لوتف و کەرەم کە ئەم زوڵمەتە لەم سینەیی پڕ زوڵمەتە کەم کە سا چونکە لە گێڵان بە سەفا هاتیتە دنیا فریام کەوە شاها، بە کەرەم قەسدی عەجەم کە مەزڵوومم و هانامە ئە لات بابی عەداڵەت بێ لەم سەگی دەرماڵی خوەتە قەسدی ستەم کە ڕۆح و دڵ و جیسمی منی بێچارە نەخۆشە بەو هیممەتە والایە دەوای دەرد و ئەلەم کە غوث الثقلین ئەی شەهی ئافاتی ویلایەت سا گیانی چرۆساوی ئەمن بێ تەم و غەم کە تۆ شەمسی سەمای مەعریفەت و دوور لە ئوقوولی بەو نوورە وەرە دەفعی هەموو زوڵمی زوڵەم کە بێ هیممەتە تۆ کیشوەری کەی کەی بە سەفایە جەم کە هیمەم ئیرشادی هەموو میلکەتی جەم کە تەوقیعی فەرامینی ویلایەت بووە باتڵ تۆبی و خودا دێرە دە ئاهەنگی قەڵەم کە بێ بەش بووە عالەم بە مەحەببەت وەکوو جاران بەخشین و خەڵات، سەڵتەنەت و تاج و عەلەم کە تاهیر دڵی تاریکە لە زوڵماتی حەوادیس بەشداری لە شوعلەی گەشی ئەنواری قیدەم کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برا شادیم غەمە و سوودم زیانە برا شادیم غەمە و سوودم زیانە ڕەفیق، ڕۆحم سەبوک دەردم گرانە دڵا، گوڵ خار و شەهدم وەک شەرەنگە ژیانم ژانە، جیسمم ناتەوانە کەسان، من ڕاحەتم ڕەنجی فیراقە خزم، ڕۆژم شەوە و شەو بێ ئەمانە خودا، من داری سەبرم سبرە باری نەبێ، من یاری گیانیم حاڵنەزانە ئەنیسم ئاه و ئەفسووسە هەموو ڕۆژ ڕەفیقم ناڵە و گریەی شەوانە دەبینم تاڵە شیرینی حەیاتم دەبیسم دڵبەرم نامێهرەبانە فەڵەک تا دەستی دایە قەوسی میحنەت ئەمن بۆ تیری غەم بوومە نیشانە وەکوو قەیسی سیەچارەم بەڵام یار وەکوو لەیلایە، مەشهووری جیهانە بە مێهرت ها ڕەقیب ئاوایە ماڵی بە قەهرت عاشقان وا ماڵوێرانە ڕەقیب کەیلی مەییی وەسڵە و بەدایم ئەداتن گوێ لە ئاواز و تەرانە بەڵام عاشق دڵی خاڵی لە شادی ئەنیسی میحنەت و ئاه و فەغانە دەریغا ڕەقس و شادی و وەسڵی دڵبەر نەوایی موتریب و چەنگی چەغانە دەریغ پیری موغان و بەزمی قودسی سەڵایی ساقی و بادەی موغانە هەمووم لێ بوو بە خەو، دەردا، دەریغا لە ڕەنجی دڵبەر و جەوری زەمانە دەسا من چۆن بژیم تاهیر کە یارم بە کوێری من، بە کامی ناکەسانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بوتی باڵانەمام سەروی بەهەشتی تەلعەتە جافە بوتی باڵانەمام سەروی بەهەشتی تەلعەتە، جافە لەبی کەوسەر قەدی تووبا ڕوخی وەک جەننەتە، جافە عەشیرەی نازی تیپارایە بۆ شۆڕ و شەڕ و غەوغا لە ناوچەی گیان و دڵدا وا خەریکی غارەتە، جافە ئەڵێن ئەو ئافەتی دین و دڵ و دانایی و عەقڵە کەوا خاوەنشکۆ و بێباک و ساحیب شەوکەتە، جافە بە شمشێری برۆ و دشنەی بژانگی جەرگی پەی کردم دیارە ئەی ڕەفێقان دوور لە ڕەحم و شەفقەتە، جافە وەکوو شەعرای یەمانی کاتی عیشوە سەرد و بێباکە ئەڵێی پاییزە نازی پڕ لە لەرز و سەخڵەتە، جافە نیگاهی دڵ دەبا و نەشئەی کەلامی ڕاحەتی گیانە پەیامی میحنەتەنگێزە، وەڵامی ڕەحمەتە، جافە تەریدەی ڕێی دڵە جەردەی قوماشی شادی و شەوقە چەپاوی خێڵی گیان بۆ ئەو هەمیشە عادەتە، جافە ڕەئیسی ماهڕوویان ئامیر و سەرعێلی خووبانە ئەمیری موڵکی عیزز و ناز و سام و سەتوەتە، جافە لە باسی حوسنی ئەو مەهڕوویە تاهیر گێج و حەیرانە بەڵێ شایانی سەد نەعت و سپاس و مەدحەتە، جافە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڵێن پێم ئەی ڕەفێقان سینەکەی پڕ خاری من چۆنە بڵێن پێم ئەی ڕەفێقان سینەکەی پڕ خاری من چۆنە لە خوێنی دڵ تکەی فرمێسکی وەک گوڵزاری من چۆنە نەتیجەی ساڵەها ناڵە و فەغان و زایەڵەم چی بوو نیشانەی سەبری بێبەر، دۆستی بێ ئیقراری من چۆنە لە نەخڵی ئارەزووم حاسڵ وەکوو خورمایی بووجەهلە ئەمن گەنجم لە دەس چوو، ئیشی گەستەی ماری من چۆنە لەژێر باری غەما خەم بووم، لە دڵشادی ژیان مەحرووم لەپێ کەوتم خودایا ڕەحمەکەی سەرداری من چۆنە کوجاری دووکەڵاوی، جێ هەواری خێڵی غەمبارم بڵێن ئێوە بن و یەزدان گەوهەری شەهواری من چۆنە ئەمن قاژە ڕەشەی سەر بەردی تاریکەشەوی هیجرم بڵێن تاووسەکەی سەرمەستی خۆش ڕەفتاری من چۆنە شەوی هیجرانە، کاتی بەزلی ڕۆح و هەستی و گیانە فەڵەک تیرت لە دڵ چێ سا بڵێ یارغاری من چۆنە لە بەزمی میحنەتا زەهراوە بێ ئەو ساغەری عەیشم دەریغا دیدەمەستی خوێنخۆری خەمماری من چۆنە هەسێرەی ئەوجی سێهەم، سەعدی عوزما، کانی دڵشادی درەخشان نووربەخشان هۆی هەرا و هاواری من چۆنە شەکەرلەب، زەهرهیجران ڕەنج و ڕاحەت مەینەت و خۆشی نیشانەی وەسڵ و فیرقەت دڵبەر و دڵداری من چۆنە لەگەڵ ئازاری عومرێکە کە من هاومل کرام تاهیر دەریغ نەمزانی ئەو یارە لەگەڵ ئەغیاری من چۆنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ قاتی وەفات حاڵەتەکەم ڕوو بە وەفاتە بۆ قاتی وەفات حاڵەتەکەم ڕوو بە وەفاتە بۆ ساردییەکەت گەرمییەکەم ڕوو بە سوباتە تۆ هەر بە جەفا شووشەیی شادیم بشکێنە من هەر بە وەفا بەردی جەفام فەخر و خەڵاتە هەر چەندە بە تاڵی دەشکێنی دڵی زارم مەشکێنە دڵی ڕەببی کە شیرین حەرەکاتە خۆی داوی تەنی و دانەیی ئوممێدی نیشان دام دین و دڵی لێم برد و ئەڵێن بێدەسەڵاتە ئەو بێدەسەڵاتە کە دەسی زوڵمی درێژە بۆ بردنی شادی دڵم ئاشووبی وەڵاتە گەر سەروە فیدای قامەتی ڕەعنایی ئەتۆیە وەر عیشوە و نازە خەدەمەی حوسنی ئەداتە ئەو زوهرەجەبینە کە مەهی بەدری غوڵامە ئەو زەهرە کە گوفتاری وەکوو نوقڵ و نەباتە بۆ من بووەتە مایەیی ڕەنج و غەم و زووخاو تاهیر چ دەڵێی زەهر نییە و ئاوی حەیاتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەبێ شەمعی جەماڵت مەجلیسی پەروانە بێ نوورە بەبێ شەمعی جەماڵت مەجلیسی پەروانە بێ نوورە بەبێ گوڵزاری حوسنت بولبولی دێوانە مەغدوورە چ غەم فرمێسکی من گەر باعیسی شادی ڕەقیبانە بەڵێ لای پیاوی نادان قیمەتی دوڕدانە مەستوورە جەزای عوششاقی سادق میحنەتە و بەهرەی ڕەقیب ڕاحەت نەسیبی مەردی جاهل عیززەتە و فەرزانە مەقهوورە لە کونجی تاری دڵدا نووری تۆ بێ خۆش و ئاوایە بەبێ یادی جەماڵت هەر دوو عاڵەم خانەخاپوورە لە من عەقڵ و دڵ و دین درژ و ڕووگەردان و تۆراوە مەگەر تەئسیری میهری دڵبەری جانانە لێم دوورە دەکەن لۆمەم لەسەر عیشقت هەموو قەوم و کەس و کارم ئەمێستا شیعر و ئاسارم لەکن بێگانە مەنزوورە لە ئاه و ناڵە مەنعی تاهیری ئاوارە بێ سوودە کە مەستانی مەییت لەم ناڵەیی مەستانە مەغدوورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەندی قەیدی هیجرەتم ئەی سەروی ئازادم وەرە بەندی قەیدی هیجرەتم ئەی سەروی ئازادم وەرە زار و غەمباری جەفام، دڵداری دڵشادم وەرە گەر لە عیلمی عاشقی وا هیچنەزان و کاهیلم زوو بە عیشوەی چاوەکانت کە بە ئوستادم وەرە من زەلیلی دەستی جەوری ناکەسانی سوفلەخووم کەلبی دەرماڵی ئەتۆم ئەی غەوسی بەغدادم وەرە ها لەدووم کەوتن بە هووها و لەعنەت و بەرد و جنێو گیان و ماڵم بێ فیدات سا مەحزی ئیمدادم وەرە من لە ڕێ وێڵم لە سارای گومڕەهیدا سەرنگوون بێکەس و خوار و مەلوولم، قوتبی ئیڕشادم وەرە بۆ شیفای زامی دەروونی پڕ لە زووخم مەرهەمێ بۆ سەفای حاڵی حەزین و ڕەنجی بەربادم وەرە بۆ خەلاسی تاهیری مەحزوون لە حیرمانی ویساڵ چاوەنواڕی لوتفەکەی تۆم خۆت بخە یادم وەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابەکەی بتلێم بە ئێشی دەردی بێ دەرمانەوە تابەکەی بتلێم بە ئێشی دەردی بێ دەرمانەوە تابەکەی بمرم لە داخی ڕەنجی بێ پایانەوە چاومە پڕ فرمێسکی حەسرەت، لێومە پڕ ئاهی جەفا دڵمە هەڵقرچا بە کڵپەی ئاگری حیرمانەوە داخی مەحڕوومی لە جیسم و ڕۆح و دڵما زاهیرە بەسیە ئیستیغنا بە تەنز و تەعن و تاڵی زوانەوە تۆ وەکوو لەیلی بە مەیلی بن سەلامێ مایلی من وەکوو مەجنوون بە وێڵی کەوتمە کێوانەوە تۆ بە لێوی لەعلەوە هەر پێکەنینە مایەکەت بێڵە با من هەر بناڵێنم بەدەم گریانەوە بۆچ منی ئاوارە مەحوی خاتری ئەو یارەمام بۆچی نەیهاویشت لە من سەد تیر بە سەد پەیکانەوە بۆچ بڵێسەم دار و بەرد و کێو و سارای گرتە بەر من کەچی هەرمامەوە بەم عیشقی بێ سامانەوە ڕاستی، داخی دا بە جەرگم چەوتە بۆ من حاسڵی یەکدڵی دووبینییە، تاهیر بەلای نادانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زوو بە بولبول شیوەنی گوڵ چاک بگێڕە و گوێ مەدە سەبارەت: نیوەچڵە زوو بە بولبول شیوەنی گوڵ چاک بگێڕە و گوێ مەدە گەر عەدووی بادی سەحەر هەڵکا بە شووت و شاتەوە شیوەنت وەک شادمانی وایە با ترست نەبێ شیوەنی گوڵ خار دەبارێنێ بە سەر ئەعداتەوە شیوەنی پاییزە هۆی دڵ پێ خۆشی و کەیفی بەهار خۆت بە مەعزوور دامەنێ چاو نێ بە ڕێگەی کاتەوە سەد پەڕەی پڕ خوێنە سەفحەی خاتری پڕ مەینەتم هەم بە دەس هیجرانی یار و هەم بە دەس سەرهاتەوە گوڵ گوڵە داوێنی ئامالم بە قەترەی خوێنی دڵ یار لە من شاهید تەڵەبکارە بە سەد ئیسباتەوە ڕازی شیرینی زەمانی وەسڵە تاهیر میسلی زەهر ئەی خودا چ بکەم بە دەستی تاڵیەکەی ئەوقاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهی خوسرەومیسالم قەسرشیرین تەرک نەکا چاکە شەهی خوسرەومیسالم قەسرشیرین تەرک نەکا چاکە وەکوو فەرهاد ئەمن بۆ ئەو دەروونی سینەکەم چاکە لە دەرماڵی خودادا شافیعم بۆ مانەوەی قەسری شەهی تەختی لَعَمرُک سەرفەرازی تاجی لَولاکە لە غەوسی ئەعزەم و سوڵتانی جەمعی ئەولیا هیممەت دەخوازم تا کە جێگیر بێ لە قەسر ئەو عونسوورە پاکە محەممەد تاهیری ئەجوەد، نەتیجەی حەیدەر و ئەحمەد کە باری دوڕڕی لا بەردە کە کۆگای زێڕی لا خاکە ئومێدم تۆی خودایا بێ غوبار بێ ئایەتی سینەی بە نووری ئەو شەوی بەختم بە عەینی ڕۆژی ڕووناکە قوڵی فرمێسکی من وەک جۆشی سینەی خاکەکەی قەسرە خودایا ڕەحمەتێ بەم دار و بەرد و خار و خاشاکە کە سووتام وەک شەم و تاهیر وەکوو پەروانە چاک برژام مەکانم بەزمی مەحبووبە مەقامم فەوقی ئەفلاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهەنشاهێ کە جەبهەی مەتلەعی ئەنواری تەوحیدە شەهەنشاهێ کە جەبهەی مەتلەعی ئەنواری تەوحیدە جەبین ماهێ کە توڕڕەی کاشفی ئەسراری تەجریدە سەهی سەروێ کە سایەی فەیزبەخشی بەزمی تەفریدە شەکەرڕازی کە قەولی سەربەسەر تەحمید و تەمجیدە ئیمام و غەوس و قوتب و فەرد و فەخری ئەهلی عیرفانە فەقیری شەهنیشان، شاهی ویلایەت، شێخی ئەکوانە ئەمیری تورک و موستەنجید، غوڵامی ئاستانی بوون شەهانی غەزنە و دەیلەم کەمینە پاسەبانی بوون مەهانی غووز و خواڕەزم و خەتا موحتاجی نانی بوون عورابی و فورس و کورد و تورک و گێلی جانفشانی بوون کەسێ مەحوی شەماڵی نووری زاتی پاکی بێ چوون بێ وەکوو شەمعی تەجەللا، ئینس و جان بۆی دەبنە پەروانە ئیمام و موقتەدای ئەسحابی ئەیقان، غەوسی گەیلانی خەلیفە و پێشەوای ئەربابی ئیمان، قوتبی ڕەببانی سولالەی پاکی شاهی ئەنبیا مەحبووبی سوبحانی زیابەخشی جیهانی مەعریفەت قەندیلی نوورانی بە ئیزنی زاتی حەق تا ڕۆژی مەحشەر قاسیمی فەیزە هەموو ئەهلی تەرایق بەش دەبەن لەو خوانی ئیحسانە عەلی و عَدیِ مُسافِر بونەجیب و شێخ بەقا و مووسا رِفاعی و عبدرحمن ماجد و بُومَدیَنی زانا محمّد شیخ حَیاة رسلان و عثمان شێخی خاوەن ڕا فضیب البان، سویدی کُرد، مکارم، بوالوَفای مرضى لە شەمسی تەلعەتی تۆ جوملە وەک ئەستێرە ڕووناکی بەڵێ وایە کە ڕوخسارت نیشانگەی نووری سوبحانە ئەتۆ لایق بە جورعەی جامی بادەی سافی زولمەجدی ئەتۆ شایانی ئەنواری شهوود و سەکرەتی وەجدی لە ئەقتاب تێپەڕیت بۆ بابی عیززەت قاسیدی نەجدی لە بەزمی وەحدەتا بۆ سەیر سِرّ یەکتا و بوبَجدی ئەتۆی بەحری موحیت و ئەولیا ئەنهاری ئەو بەحرەن ئەتۆی مەحبووبی حەق و حوببی تۆ سەرمایەیی ئیمانە لەژێر پێی حەزرەتا رەفرەف ئەنیسی لەیلی میعراجی بەسەر بەر پێت نیانی ئەولیا بەخشەندەی تاجی بە ئیحیای شەرع و سوننەت نووربەخشی سینەیی داجی مەلازی هەر کەس و ناکەس، پەنای هەر لات و موحتاجی بە قوربان موهری میهری حەزرەتی خۆتم بە دڵدانێ کە میهرت ڕاحەتی دڵ، نووری قەلب، ئاسایشی گیانە ئەتۆی مێخدەع مەقام و خازینی تەشریفی ئەشرافی موقیمی بابی قوربی حائزی تەکریم و ئەوسافی ئەتۆ نعم الخلیفه، وارسی ئەخلاقی ئەسلافی مەلا ذوغوث و قائد، کاربەدەستی قاف تا قافی دەسا ڕەحمێ بە تاهیر کە بە نەزری عەبدی جەببارت کە زۆر مەهتووک و پەست و ڕووڕەش و عامی و پەرێشانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهەنشاهێ کە نێوچاوانی شەمسی ئەوجی ئەیقانە شەهەنشاهێ کە نێوچاوانی شەمسی ئەوجی ئەیقانە ئیمامی ئەولیا سەرداری زومڕەی ئەهلی عیرفانە لە بەغدا مەهبەتی ئەنواری قودسە مەرقەدی پاکی لە گێڵاندا لە دایک بوو لە ئەسڵا خەڵقی ئێرانە لە ساڵی چوارسەدوهەفتا جیهان ڕوون بوو لە ئەنواری لە ساڵی پانسەد و شەست و یەکا تەسلیمی جانانە کە ساڵی چوار سەد و هەشتا و هەشت هات ڕۆژی ئەو شاهە تمەز وەک بەدری کامیل مەیلی خەزرا و شەوقی گەریانە لە هەر کوێ مانگە سەوریش فەخری ئەو خێڵەی بە دەس هێنا دڵی ئەهلی خودا مایل بە خۆشی حاڵی حەیوانە شوانی وادیی ئەیمەن لە مەدیەن بێنە یادی خۆت لەگەڵ بەرخەلەوانی لای حەرەم وا فەخری ئەکوانە هەتا تێگەی کە ئەم باسە شیاوی سەمعی ئەملاکە هەتا تێگەی کە ئەم دوڕڕە لە بەحری عیلم و ئیحسانە بەڵێ سەورێکی برد بۆ مەزرەعەی سەوزی فەڵەک ماهم لە ناکا سەور وتی: تەعلیفی من بۆ تۆ نە شایانە ئەتۆ مەخلووق نەبووی بۆ کار و کەسب و خزمەتی حەیوان ئەتۆ ئەمرت نییە تا پێت بڵێن ئەم لاوە گاوانە کە عەبدولقادری سەرداری پاکان ئەم قسانەی بیست بە لەفزی ڕێکوپێک و جوان و بیسراو لەو بەسەزمانە بەجێی هێشت و هەڕای کرد تا چووە سەر بانی ماڵ خۆیان لەوێ دی حاجی و کەعبە و عەڕەفات لێی نمایانە لەوێ دەیبیست بە چاکی دەنگی حاج و تەلبیە و تەکبیر لەوێ ئەیدی کە کاتی ڕەمییی جەمرە و قۆچی قوربانە لە سەر بان هاتە خوارێ ڕۆیە خزمەت والیدەی پاکی وتی دایە دەخیل ڕەحمێ کە حاڵم زۆر پەرێشانە ئەڵێن بەغدا مەقامی زوهد و تەقوا و تاعەت و عیلمە لەوێ تەحسیلی عیلم و ڕێی تەریقەت زۆر بە سامانە وەرە تۆ داکی چاک بە بەندە ئازاد کە لە حەققی خۆت کە ئازادی ئەتۆ بۆ من ڕەزای خەللاقی مەننانە موبارەک والیدە چون ئەم بەیانەی بیست لە ئەو زاتە وتی: ئازادی ئەمما بێ درۆ بە و ڕاست و مەردانە لە ئیرسی بابی چل دیناری دووریە بن دەسی خەرقەی لەگەڵ کاروانی گێڵان ڕوو بە بەغدا ڕۆیی ئازانە لە نێزیکی هەمەدان جەردەیان لێ هەڵپەڕی و بێ هەڵم هەموو ماڵیان لە دەس چوو جەمعی ئەو توججار و کاروانە لە ڕێ گیران یەکێکیان هاتە لای ئەو زاتە لێی پرسی بڵێ پێم ئەی فەقیر تۆ چیت هەیە لەم بار و ئەشیانە وەڵامی دایەوە زێڕم هەیە تەقریبی چل دینار لەبن دەس خەرقەکەمدا بێ درۆ مەخفیی و پەنهانە یەکێ تر پرسیاری کرد و دیسان ئەو وەڵامەی بیست کە بیستیان هەر دوو وتیان با بڵێین بەو میری دوزدانە کە میر بیستی وتی بانگی کەن و هات خەرقەکەی داکەند بە دەسیان کەوت هەموو ئەو زێڕە بێ نوقسانی یەکدانە لەپاشان پێی وت ئەو سەرداری دوزدانە سەبەب چی بوو کە زێڕی خۆت لەلای من ئاشکرا کرد بێ درۆ و بانە وتی کاتێ کە هاتم قەولی ڕاستیم داوەتە دایکم درۆ ناڵێم لەبەر زێڕ من لەلای ئەم دوزد و جەردانە کە میری سەرتەریدە ئەم قسەی بیست دای بە سەر خۆیدا بە هاوار و بە هانا کەوتە ئەو کێو و بیابانە هەموو ئەموالی ئەهلی قافڵەی ڕەد کردەوە و دەستی لەنێو دەستی شەهەنشای من نیا بۆ تەوبە ئەو ئانە تەریدە و سەرتەریدە، شکر لله گشتی تەوبەی کرد بە ئیرشادی شەهێ وا فەیزی ئەو وەک ڕۆژی تابانە لەپاشان ڕۆییە بەغدا، خوێندی عیلمی دین لەلای چەند کەس عەلی ئیبن عوقەیل، مەحفووز، کە وا خەڵقی کولوزانە محمد ابن یَعلی بوسعیدی بن مبارک هەم وەکوو بوغالب و بوسعد و بوبکری نمایانە لە کاتی خوێندنا زۆر ئەچوە لای حمادی خاوەن فەیز لەگەڵ شیخ یوسف و غوثی نهێن باسیان هەموو زانە زەمانی خوێندن و سەیر و سلووکی قوربی چل ساڵە لەگەڵ خزرا ڕەفاقەتیان وەکوو مووسایی عیمرانە بە ئەم چەشنە گەییشتە ئەو مەقامە عەقڵی ناگاتێ هەتا قامی قیامەت شەمسی ئەو پڕ نوور و ڕەخشانە بە قوربانی سەگی دەرماڵی ئەو شاهەنشەهەم تاهیر کە نووری چاوی زەهرا هێزی ئەژنۆی شێری شێرانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقی پەروانە ئاسا سا لە کوێ هەوڵی سەرە عاشقی پەروانە ئاسا، سا لە کوێ هەوڵی سەرە بەندی دەم شەم وەک کەمەندی گەردنی بای سەڕسەڕە ڕوو لە چاوانی سەمەندەردێ بە تیشکی شۆڵە کەی وەرە سەیر پەروانەکەی من، هەوڵی بۆ باڵ و پەڕە ڕۆح کە لاشەی تێ شکابێ چی دەلەرزێ و دادەچێ پستە چونکە دێتە دەر لەو پێستە جێگەی شەککەرە هەر کەسێ وەک کاکڵەمێشان داوی قنیاتی نەتەند بێ گومان وەک مێش لە حیرسا دایمەن دەست ئەو سەرە بۆ تەمەع قەت ڕوومەتی وەک مانگی خۆی ناکا بە ساج ئەو کەسەی وا ئەهلی عیلم و فەزڵ و بیر و باوەڕە قەت مەڵێ گوڵزاری دنیا عەتری گیانەفزای هەیە عەتری تێدایە بەڵام ئەنجامی هەر دەردیسەرە گەر لە عیلما بەهرەمەندی خۆت ئەبێ بیبەیتە کار نەیبەیە کار بێ گومان عیلمت درەختی بێ بەرە ئەو درەختە یا خوا سەر سەوز و پاراو بێ کە وا هەڵمەتێ بۆ ڕێبواری ماندوو خاوەن سێبەرە چاک لە ژێر هەورا بەبێ پەردە، دەبینی ڕووی هەتاو بێ نیقابی بۆ جەمینی وەک حیجابێکی ترە هەر بزەی شادی لەسەر لێوی دەمێنێت و دەچێ هەر کەسێ وەک سککە پشتی بێ نیازی ئەو زەڕە گەرچی شیعرە جوانەکانی ئەو جیهانی کردووە پڕ وەک بڵێی ئەم پارچەیەت تاهیر لە گشتیان چاترە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەگەر سەفوەت و عەقڵ و عیرفان نەماوە مەگەر سەفوەت و عەقڵ و عیرفان نەماوە کە لام نووری شادی دڵ و گیان نەماوە مەگەر پایزی غەم بەهاری دڵی گرت کە کاتی سرووری گوڵستان نەماوە خۆری بەختەکەی من لە پێوارە یاران کە ئەنواری زوهرەجەبینان نەماوە وەفای یار و عومری ئەمن بێ سوباتن شەوم هاتووە و ڕۆژی چەندان نەماوە سیاساڵمە و تاوی فرمێسکی چاوم کزە و سەوزەکەم وشک و باران نەماوە سەرم پێ و لۆی دەسی هیجرانە تاهیر وەکوو من کەسێ دوور لە سامان نەماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەڵێن ئەی هاودەمان فەسڵی بەهارە مەڵێن ئەی هاودەمان فەسڵی بەهارە بەهار وەسڵی گوڵی ڕوخساری یارە لە هەر کوێ قامەتی زێبای وەدەرکەوت جیهانێ پڕ لە سەروی جۆیبارە لە هەر لا نەفخەکەی زوڵفی هەڵی کرد هەموو عاڵەم پڕی موشکی تەتارە لە هەر شوێن عیشوەکەی چاوانی دەرخست سەرە، مەستە، دەروونە بێقەرارە وەرە سەر سەیری باغی سەتحی سینەی بەهێیە، سێوە، لیمۆیە، هەنارە بەڵام داخم لە ئەم ئا لا نەسیبم بەڵایە، ڕەنجە، دەردە، نێشی خارە لە ئەو ئاوی حەیاتە کەئسی عەیشم جەفایە، مەرگە، داخە، زەهری مارە لە ئەو موشکی تەتارە بەخش و بارەم سیرشکە، خوێنە، زووخە، ڕۆژی تارە لە تۆ شیرین بێ خۆشی و کامەرانی کە تاهیر عومری تاڵ و ناگەوارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەفا وەک میهری مەهڕوویان نەماوە وەفا وەک میهری مەهڕوویان نەماوە سەفا وەک سۆزی بێ پایان نەماوە لە یەک پچڕاوە زەنجیری مەواسیق عوهوود و وەعدە و پەیمان نەماوە درۆ سەرمایەیە بۆ ناکەس و کەس مَعاذالله مەگەر ئیمان نەماوە ئومێدی ڕۆژی وەسڵە هێندە تاریک کە تاریکەی شەوی هیجران نەماوە لە دڵدا لەشکەری غەم دابەزیوە کە جێ بۆ خێوەتی سوڵتان نەماوە تەمی غەم دەشتی سینەی چەشنێ داگرت کە باسی ڕوومەتی جانان نەماوە بە ئەم دەردە گەیشت عومرم بە ئاخر مەجاڵی خواردنی دەرمان نەماوە مەگەر کیشتم بە ناری هیجرەکەت سووت کەوا باسی خەلە و خەرمان نەماوە بە مەحروومی وەها مەشهوورە تاهیر کە ناوی پڕ غەمی حیرمان نەماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو داری ئەمەلم سەبر و وەفام بێ سەمەرە وەکوو داری ئەمەلم، سەبر و وەفام بێ سەمەرە وەکوو ڕێگەی تەڵەبم، ڕێم هەموو کێو و کەمەرە من کە ماڵکاولی دەستی ستەمی جانان بووم چی بڵێم قیروسیە وا دڵەکەم دەربەدەرە گوێم نەدایە ئەگینا پێی دەوتم ناسیحی عەقڵ مەگرە ئەم ڕێگەیە پڕ جەردە و خەوف و خەتەرە خەبەری دامێ بە دنیایێ ئیدی ئاواتت بەدینایی ئێستە وا خۆی دەنوێنێ کە ئەڵێی بێ خەبەرە بۆچ لەبەر چاوی ئەتۆ کەوتووە تاهیر جانا هیچ دەزانی کە بە دڵ تاڵبی ساحیب نەزەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەنجی دنیا و ڕاحەتی هەر شبهی گەنج و مارییە ڕەنجی دنیا و ڕاحەتی هەر شبهی گەنج و مارییە شادی و غەم، سوور و ماتەم وەک گوڵ و وەک خارییە عاقڵی جاهیل کەریمی خاسر و شێخی ڕەزیل حوسنی قوبح و شەهدی زەهر و نووری عەینی تارییە دڵ بەبێ دڵبەر دەکاتن ئیددعای عیشقی مودام سەر بەبێ سەودا، لە سەودای عەقڵ و عیززەت عارییە سەیلی فرمێسکە و لە ڕووباری دوو چاوان دێ بە خوڕ هەر وەکوو لێڵاوی باران بێ مەحەببەت جارییە دێنشینی خۆشە چون نێزیکە ساراکەی جنوون بەو قسە بڕوات نەبێ هەرگیز کە مەجنوون شارییە گەر ڕەزای زاتی حەقت پێویستە تا من بۆت بڵێم خەڵک نەوازش کردن و بەخشین و بێ ئازارییە بێ ئەمانە کردەوەت سا زیز مەبە لێم گیانەکەم کات بەفیڕۆدانە یام بێکاری و بێگارییە خانوویی عومرت نزیکە بای ئەجەل وێرانی کات تابەکەی بیرت لە وەستاکاری و میعمارییە ڕوومەتت زێڕ و سروشکت زێو و نەقدی عیشق گەنج دووکەڵی ئاهت وەکوو ڕەشماری ئاگادارییە دەسبەداوێنی فەقیران بە و بە ڕاحەت لێی بنوو ئەهلی دنیا ئیشیان هەر چەوتی و غەددارییە ئەو کەسەی وا سروەتی دنیا ئیحاتەی کردووە وەک گەدای ماڵان بەدایم ئیشی هەر غەمخوارییە یاری مەردانی خودا بە، بەسیە خونکی بۆ دراو بێ نیازە ئەو کەسەی فرمێسکی وەک مروارییە لەم هەموو دەردانی دنیا دوونە تاهیر چارەکەت ئیلتیجای دەرگانەکەی ساحێب سەر و سەردارییە حضرت مِخدَع مەقامی مەحرەمی ئەسراری حەق ئەو شەهەی وا نووری عیرفانی لە عالەم سارییە گەر نەبێتە خاکی ژێر پێی خاکسارانی بە دڵ نەگبەتت وا هاتە وادە مەینەتت هێجگارییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانم بە فیدای سینەیی سەدچاکی مەدینە گیانم بە فیدای سینەیی سەدچاکی مەدینە جێی جیلوەیی ڕەوزەی شەهی لَولاکی مەدینە بۆ دیدەیی دڵ باعیسی ئەنواری هودایە یەک زەڕڕە لە کحل البصری خاکی مەدینە لای عاریفی کامیل نییە سەد جەننەتی مەوعوود خۆشتر لە بەهەشتی خەس و خاشاکی مەدینە چاوی من و تۆ کوێرە مەگەر ئەهلی کەرامەت چاو دینی بگاتە حەدی ئیدراکی مەدینە ئەستوونەیی حەننانەت ئەگەر بیستووە ڕاسە ئەو شاهدە بۆ قەلبی شەعەفناکی مەدینە وا چاکە بکەم سینەیی خۆم چاک بە زاری بگریم و بڵێم دەستی من و چاکی مەدینە هەر زەڕڕە لە یەسریب فەلەکێکە بە فەخامەت ڕۆحم بە فیدای گەردشی ئەفلاکی مەدینە ڕەوزەی وەکوو فیردەوسی شەهەنشاهی ئولولعەزم مەشحوور نە لە جێی بۆسەیی ئەملاکی مەدینە بۆ نووری دڵی ئەهلی بەسیرەت نییە تاهیر دەرمانێ وەکوو مەنزەری ڕووناکی مەدینە ++++++++++++++++++++++