شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: کە ڕووخام عاشق و دێوانە تا کەی کە ڕووخام عاشق و دێوانە تا کەی غەمی تۆ ساکنی وێرانە تا کەی بە تیری ئاشنایان کونکونە جەرگ تەمەننای مەرهەمی بێگانە تا کەی بەبێ شەمعی جەماڵت هەڵپڕووزام بەڵێ یاران، قسەی پەروانە تا کەی کە فرمێسکم نیساری خاکی پێت کرد هەواڵی قیمەتی دوڕدانە تا کەی پەرێشان - عەقڵ و هۆشم تار ماوە ئەکەی ئەو زوڵفە جانا شانە تا کەی بە نامەردی سەرم پاماڵی غەم بوو خەیاڵی هیممەتی مەردانە تا کەی ڕەقیبان شاد و من غەمبار و دڵتەنگ نیزاعی جاهیل و فەرزانە تا کەی دڵە جێگات و جانە پاسەبانت لە من بێزاری ئەی جانانە تا کەی موقیمی ئاگری حیرمانە تاهیر عەزیزم سینە ئاتەش خانە تا کەی ++++++++++++++++++++++