شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: دڵا تا کەی لە بیری چاوی مەست و لێوی مەیگوونی دڵا تا کەی لە بیری چاوی مەست و لێوی مەیگوونی بەسە ئیتواری فەرهادی، بەسە ئەخلاقی مەجنوونی بەسەر نێشی بژانگت بێستوونێ گەر لەبن بێنی وە یا پڕ کەی لە وەحشی.. وڵاتی نەجد و دەشت و هاموونی ئەگەر لات و گەدای کووچەی هەژاری و بێنەوای دەوری ئەگەر سیددیقی ساحیب شەوکەت و بەختی هومایوونی هەناسەت گەر لەبن بێنێ ڕەی و ئەلبوزی زۆر بەرزی وە یا فرمێسکی تۆ داگیر بکا خاڕەزم و جەیجوونی ئەگەر شیعرت کەساد کا بەیتی نالی و کوردی و مەحوی ئەگەر کانی فەساحەت، بەحری مەعنا، هەوری مەزموونی هەژار و ناموراد و دوور لە دین و دانش و هۆشی خزاو و بەشخوراو و بێ دەس و مسکین و مەفتوونی مەزاجت تێکچووە هێندە مەزاجە حاسڵی ژینت کەلامت لا کە ماڵە هێندە کەچڕەفتار و واروونی هەناسەت بۆپڕووزی عالەمی داگرتووە و پەستی لە تاڵەت شوعلە هەر تا ئاسمان ڕۆییشتووە و دوونی بەڕاستی قامەتی ئیخلاس و سیدقت عەینی وەک ئەلفە کەچی بۆ سادی عەینی مەهڕووخان وەک لام و وەک نوونی بەهاری نەوجوانیت تێپەڕی و زستانی پیریت هات کەچی بۆ کاری عوقبا لێڵی و بۆ دەهری دوون ڕوونی بە یەک خەندە و نیگا شیرین، بە یەک عیشوە و جەفا تاڵی بە یەک ناز و سەفا سوێری بە یەک غەمزە و هەرا توونی بە نادانی بەسەرچوو عومری تۆ و نەتزانی نادانی بنی توونی نەفامی جێتە، لای خۆت وەک فەلاتوونی دەروونت دەفتەری زووخاو و داخ و دەردی هیجرانە وەکوو لالە دەروون داخی، وەکوو غونچە جگەرخوونی لە ئافاتی مەجازی تێپەڕە گەر بازی تەحقیقی هەتا کەی کۆتری پێچوو خەمی ئەدواری گەردوونی بەبێ چوون و چرا تاهیر مەکانت ئەوجی عولیایە ئەگەر وەک پاکبازان دڵ بە یادی زاتی بێچوونی ++++++++++++++++++++++