شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: لەگەڵ یەک دەس لە مل ماوین من و دەردی فیراق ئیمشەو سەبارەت: ئەم غەزەڵەم بۆ سەید حەسەن سەیدزادەی هاشمی کوڕی خۆم - سلمە اللە تعالی وتووە لەگەڵ یەک دەس لە مل ماوین من و دەردی فیراق ئیمشەو بە با چوو کۆمەڵی شادیم بە سروەی ئیشتیاق ئیمشەو بە تینی تاسەکەم برژا هەناوی سەبر و ئارامم لەبەر چاوەنواڕیم چاوی تاقەت ماوە زاق ئیمشەو حەسەن وەک گەنجی گەوهەر کەوتە پێچی حەڵقەیی ماران ئەمن لێرە خەریک و پڕ پەژارە و بێ تفاق ئیمشەو بچێتە چاوم ئەر تاوێ خەوی پڕ مەینەتی هیجران خەفەت هەروەک شەوەچی هات و دەستی نامە ناق ئیمشەو لە ناڵەم ئاه و ناڵە سا چلۆن زاڵەترەک نابێ کە بۆ زۆری خەمم کردی لە داخا خەم مەراق ئیمشەو کە ئەو مانگە جوانەم لێ کلایە هاودەمان یاران دڵم گڕگڕ دەسووتێت و دەمم وا بووەتە تاق ئیمشەو پیاڵەی پڕ شەرابی مەینەتە واقی ئەمن ماوە وە یا گیان بۆ پیاڵەی وەسڵی باڵات ماوە واق ئیمشەو حەسەن گیان بۆ ڕەهائیت لەم هەموو دەردیسەر و ڕەنجە شەفیعم لای خوا کێیە؟ جگە سواری بوراق ئیمشەو سپاسالاری هۆزی ئەنبیا سەرئێلی دڵپاکان لە تاڵیت خات و شیرین کا بە ئەلتافی مەزاق ئیمشەو بە ئوممێدی خودا و لوتفی شفیع المذنبین تاهیر حەسەن ڕزگار ئەبێ و نامێنێ ئاساری فیراق ئیمشەو ++++++++++++++++++++++