شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: بە شاخی داخەوە تەنیا وەکوو قۆتر مەدارێ من بە شاخی داخەوە تەنیا، وەکوو قۆتر مەدارێ من هەزارساڵ ڕابوارد و بێ کشەی بازی شکارێ من لە بن مەڕ نامورادی زەرد و سیس و وشک و چەوساوە گوڵی ئاوات و عەزرەت بێ هەتاو و بای بەهارێ من لە هاژەی قەڵبەز و سروە، لە خشپەی سەرچڵ و سێبەر تەریک و هاوشەریکی ئەشک و ئاه و لێوبەبارێ من چ دەشتێکە کەوا حۆلی بیابانی لەنێو ئاسکە چ ئاو، هەر جۆگەیم بۆ پێی ئەمەل لێ بوو بە مارێ من هەتا کونجی غەمت جێم بوو، دڵم جێی گەنجی شادی بوو لە کۆشکی عیززەتا ئاخ سەرکز و بێ ئیعتبارێ من بە بازاڕی ئەویندا وێڵەکەی بێ داخ و سەودا خۆم لە دەس چوو، زێڕ و زیوی ڕەنگ و فرمێسک بەجارێ من ئەوا دڵبەر ئەڵێن دیسان جیهان دێنێتە فەڕ تاهیر دڵ و گیان جاری پێشوو چوو، دە چ بکەم بۆ نیسارێ من ++++++++++++++++++++++