شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: من لە دەس هیجرانی دڵبەر سەرکز و داماوە خۆم من لە دەس هیجرانی دڵبەر سەرکز و داماوە خۆم عەیش تەیش و گەنج ڕەنج و مەی وەکوو زووخاوە خۆم دانەدانەی خاڵەکەت مورغێکی دی خستە تەما ئەو بە ناکام هەڵفڕی و من گیری پێچی داوە خۆم بێ ئەوەی وا شەعشەعەی شەمسی حەقیقەت بێتە دڵ دڵ بە تاو و چاو پڕ ئاو، لێو وشک هەڵقرچاوە خۆم وەک سەری زوڵفەینی تۆ دەستی حەوادیس بام دەدا گاه کورت گەه درێژ، گەه لوول و گاهێ خاوە خۆم مەستی چاوی مەست و پەستی کیبر و ئیستغنای ڕەقیب تێشکاو، هەستی نەماو و بێبەش و بێناوە خۆم بۆ نیگاهی شوێن هەواری ئەو بوتەی لەیلیوەشە وەک چیای مەجنوون چنیو و حەیران و ڕاوەستاوە خۆم هەر وەکوو پەروانە خۆش دێ بۆپڕووزی باڵەکەم تاکوو من وەک شەم تواوە و لاشە هەڵگیرساوە خۆم گەر نەکا هیممەت شەهەنشاهی گورۆهی ئەولیا بێگومان تاهیر غەریقی مەینەت و گێژاوە خۆم ++++++++++++++++++++++