شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: ئەسیری دامی عیشقم خەستەیی دەردی دڵم چ بکەم ئەسیری دامی عیشقم خەستەیی دەردی دڵم چ بکەم لە تۆ دایم پڕە قەلبم لە خۆم گەر غافڵم چ بکەم نە شێخ و زاهد و سۆفیم، نە قازی و واعیز و موفتیم نە دێوانەم، نە فەرزانەم، نە زانا و عاقڵم چ بکەم لە دەرکی پێچ و ئەشکەنجەی سەری زوڵفت پەرێشانم ئەترسم حەل نەبێ جارێ، خودایا موشکڵم چ بکەم لە سایەی خاری هیجرت دامەنم پڕ گوڵ لە ئەسرینە ئەگەر گاهێ دەناڵێم لێم مەڕەنجێن بوڵبوڵم چ بکەم بڵێم چی دەهری دوون گەر چاوی ئینعامی بە ئەنعامە نییە خۆ غەیری فرمێسک و هەناسە حاسڵم چ بکەم بڵا با مامە سۆفی ئاگرم تێ بەر نەدا وەعزی سرشتەی عیشقی خووبانە ئەمن ئاب و گڵم چ بکەم ئومێدی دیدەنی یارم هەیە تاهیر لەمەو پاشیش خەریکی نەزم و تەرتیبی خەیاڵی باتڵم چ بکەم ++++++++++++++++++++++