شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: ئەی فەڵەک ئیدی لە تۆ ناخۆم فەریب ئەی فەڵەک ئیدی لە تۆ ناخۆم فەریب بێ سەمەر بوو میحنەتی سەبر و شەکیب مەحوی نووری عیشقی یارم گوێم نییە گەر بڵاو بێ زوڵمەتی جەوری ڕەقیب فەسڵی خۆش ئاو وهەوای فەسڵە لەلام وەک بەهاری ڕووحفەزای وەسڵی حەبیب ئەی برای من تیری دوژمن نامکوژێ کوشتمی ئەمما جەفای عیشوەی تەبیب من لە ئەو نەخڵی قەدە، باتی ڕوتەب هەر بەڵا باری بە سەرما یا نەسیب نوکتەسەنجی باعیسی دەردیسەرە زوو بە بۆ خاڵی لەبی بە تۆ لەبیب سیلسیلەی مەنزوومی زوڵفی تاهیرا لایقە بۆ دەرسی ئوستادی ئەدیب ++++++++++++++++++++++