شاعیر: سەید تاهیر کتێب: ھەوارگەی دڵان سەرناو: بەندی قەیدی هیجرەتم ئەی سەروی ئازادم وەرە بەندی قەیدی هیجرەتم ئەی سەروی ئازادم وەرە زار و غەمباری جەفام، دڵداری دڵشادم وەرە گەر لە عیلمی عاشقی وا هیچنەزان و کاهیلم زوو بە عیشوەی چاوەکانت کە بە ئوستادم وەرە من زەلیلی دەستی جەوری ناکەسانی سوفلەخووم کەلبی دەرماڵی ئەتۆم ئەی غەوسی بەغدادم وەرە ها لەدووم کەوتن بە هووها و لەعنەت و بەرد و جنێو گیان و ماڵم بێ فیدات سا مەحزی ئیمدادم وەرە من لە ڕێ وێڵم لە سارای گومڕەهیدا سەرنگوون بێکەس و خوار و مەلوولم، قوتبی ئیڕشادم وەرە بۆ شیفای زامی دەروونی پڕ لە زووخم مەرهەمێ بۆ سەفای حاڵی حەزین و ڕەنجی بەربادم وەرە بۆ خەلاسی تاهیری مەحزوون لە حیرمانی ویساڵ چاوەنواڕی لوتفەکەی تۆم خۆت بخە یادم وەرە ++++++++++++++++++++++