شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: بێکەس کەسی تۆ قەومەکەی بێ کەس سەبارەت: شیوەنی «فایق بێکەس» بێکەس کەسی تۆ قەومەکەی بێ کەس شەرتە ئێشم بێ تا ئاخر نەفەس شەرت بێ ئێوارە و سوبح و نیوەڕۆ تا ئەمرم بڵێم کاک فایقم ڕۆ دەریای مەعریفەت سەر شاعیرم ڕۆ ئەدیب و دانا و هەم ماهیرم ڕۆ فیردەوسی گوفتار بێ دڵ پیرم ڕۆ حاج قادری کۆی بەرز و ژیرم ڕۆ داواچی تۆڵەی کوردستانم ڕۆ سەرۆکی پۆلی شاعرانم ڕۆ کاکە ڕۆینەکەت بۆ خۆت ئێش نەبوو هەر ئێش بۆ برا و قەوم و خۆیش نەبوو دڵنیات ئەکەم چی کورد زوانە دڵ پڕ لە خوێن و دیدە گریانە هەر کوردێ بڵێی کە تۆزێ ژیر بێ دارای عەقڵ و فام، خاوەنی بیر بێ لەم کۆچی تۆیە ئاوات وە مەرگە جاڕس لە ژین و بریندار جەرگە چونکە لە دوای تۆ کەس نییە وەک تۆ چی بە بیریا بێت بیخاتە دەشتۆ تۆ لێت یەقین بێ نەمردووی ماوی هەتا دونیا بێ هەر ناوبراوی «بیست و حەوت ساڵە» و «شەرتە شەرتە»کەت هەیکەلن بۆ تۆ لە ناو قەومەکەت فایق گیان خۆ تۆ دڵ ئازار نەبووی بێ ڕەحم و خوێنمژ ستەمکار نەبووی ئەم جەورە چی بوو بەم سەرما و سۆڵە کردت لەم قەومە شووم و کڵۆڵە گشت لە قوڕ دایە و خەریکی شینە هەموو قوڵاخی و سیپاڵ خمینە بەڵێ تۆ بۆ سەیر باغی ڕیزوان چووی بۆ دیداری بینی حوور و غیلمان چووی ئەمما ژیانت لە ئێمە تاڵ کرد گشت کوردت لێوە و شێت و عەوداڵ کرد دەڵێم بە مێژوو بەرگوزیدەکەم ڕووم بێ ڕویشتیت نووری دیدەکەم ++++++++++++++++++++++