شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: بێ گومان وەک جەننەتە دەشت و مەکانی سەید خەلیل بێ گومان وەک جەننەتە دەشت و مەکانی سەید خەلیل پڕ لە حۆری ئاهووە دێهاتەکانی سەید خەلیل گردی ڕەنگی لەعل و زومڕووتە لە لالە و شەوقی گیا هەر ئەڵێی قەسرە لە دەوری گومبەزانی سەید خەلیل ژاڵەیی گوڵباغ و داری پەڵکە بی و چنار کانیاوی کەوسەرە چیمە گوڵانی سەید خەلیل چین بە چین دێن و ئەچن وەک ئاسکەی دەشتی خەتا کچ لە لایێ کوڕ لە لایێ بۆ ئاستانی سەید خەلیل وەختێ دەس ئەگرن کچ و کوڕ ڕەش بەڵەک جوان ڕێک ئەخەن نەشئەیی تاران ئەدا ئەو ساتە بانی سەید خەلیل ئەو دەمە سەیر و تەماشای وەها پەیدا ئەبێ نابێ بێژە جەننەتە جەننەت بەسانی سەید خەلیل مینە جاف سەیر و خۆشی پاریس لەوێ تێتە ئە ڕوو نەوبەهاران کاتێ خۆر هەڵتێ لە بانی سەید خەلیل ++++++++++++++++++++++