شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: ئیشارەت کە بە برژانگت بڵێ خوێنم بڕێژن زوو ئیشارەت کە بە برژانگت بڵێ خوێنم بڕێژن زوو ئەوا مردم لە هیجرانت نەما سەبرم توانام چوو هەتا کەی بم وەکوو مەجنوون منی بێچارە سەرگەردان لە عەشقی ماهی تابانت لە چینی پەرچەم و گێسوو دەمێکە دڵ بریندارە عەزیزم تو خوا سا دەی بڵێ با زوو لە گیانم کەن جەلاوی دیدەیی جادوو بە غەمزەی چاوی فەتتانت منی بێچارە ئەوگارم ئەزانم کوشتنە چارەم دە بیکە چاوەکەم فەرموو لە حەسرەت قامەتی سەروت ئەوەندە دڵ پەرێشانم ئەناڵێنم وەکوو قومری هەمیشە ویردمە کوکوو سبەینێ جەژنی قوربانە بە قوربانت ئەکەم قوربان سەر و ماڵ و دڵ و گیانم بە چاوی تۆ قەسەم هەر دوو بە حەیرانی ئەسووڕێمۆ وەکوو پەروانەیە مینە لە شوعلەی شەمعی سەر کوڵمت لە عەشقی خاڵەکەی سەر ڕوو ++++++++++++++++++++++