شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: کە من شیروانە جێگەم بێ لە فیردەوسی بەرینم چی کە من شیروانە جێگەم بێ لە فیردەوسی بەرینم چی کە یار هاوڕێ و ڕەفیقم بێ لە وەسڵی حووری عینم چی کە شەهدی لەعلی لێوی دڵ ستانم دەسکەوێ جا من لە ئاوی کەوسەری جەننەت لە شەهد و ئەنگەبینم چی کە باڵای سەرو و باڵای یار لەبەر چاوم ببێ مەوجوود لە سەرو و عەرعەر و تووبا و تاووسی ڕەنگینم چی لە زوڵف و پرچی ئەو شۆخەم بە لای ملیا ببێ پەخشان لە پرج و کاکۆڵی تاتای غوڵامی مەهجەبینم چی کە لەنجە و لاری ئەو یارەم لەبەر چاو بێ ئەمن ئاخر لە لەنجەی تووتی و قومری و کەوی گەردەن خەتینم چی تەماشای خاڵی شین و چاوی بیماری نگارم کەم لە سەیری سۆسەن و نەرگس لە موشک و یاسەمینم چی لە دنیادا کە من شیروانە وەک فیردەوسی پێشوو بێتە بەر چاوم لە پاریس و لە ئاستانە وە یا تاران و چینم چی کە شوعلەی کوڵمی ئەو شۆخەم بدات پرتەو بە گشت لایێ لە شیرین و لە لەیلا و زولەیخا خۆرنشینم چی کە من وەک مینە ماچی کوڵمی یاری خۆم نەسیبم بێ لە یادی شەربەتی لیمۆ وە یا ئەسکەنجەبینم چی ++++++++++++++++++++++