شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: چاوەکەم فەرموو هەموو ئامادەیە بەزم و تەرەب چاوەکەم فەرموو هەموو ئامادەیە بەزم و تەرەب بوربوت و نای و موغەننی و نوقڵ و بادەی مونتەخەب با بە وەسڵ و کەیف و شادی تێپەڕێنین ئەم شەوە شەق بەرێ بمرێ لە داخانا ڕەقیبی سەگ نەسەب تو خوا جانا بە ڕەغمی موددەعی و بەدگۆ و حەسوود بێ پەیاپەی مەی بنۆشین پیاڵە پڕ کەین لەب بە لەب چاو لەسەر چاو لێو لە سەر لێو دەم لە ناو دەم دابنێین شاد و بێ غەم ڕابوێرین دڵ بە بێ ئێش و تەعەب بەزمی جەنتەت کەی دەگاتە ئەو سروور و شادییە مینە بێ خۆف لەیلی تۆدا مەی بنۆشێ ڕۆژ و شەب دولبەرا عەهدە لە دووریت دڵ دەناڵێت وەک ڕەباب سەیری کە جەرگم دەسووتێ هەڵ دەقرچێ وەک کەباب وێڵ و عەوداڵ، شێت و لێوە، سەرسەری تێم و ئەچم وڕ، دەبەنگ سەرخۆش دەسوڕێمۆ بە بێ پیاڵە و شەراب یەک نیگای نازت کە ئاویشت دای لە بەندی جەرگەکەم زامەکەی خوێناو ئەرێژێت هەر وەکوو سیروان و زاب گەر سوئالی زامی جێگەی تیری عیشوەی خۆت بکەی لازمە کاتب بنێریت بێ قەڵەم ناکرێت حیساب چینی ئەگریجەت نەسیم بەخشی دەکا کاتێ لە ڕووت هەر دەڵێی هەوری سیایە و دائەپۆشێ ئافتاب گوڵ بە دەم باوە کە ئەڕوا و تێت و ڕەنگی تێک ئەچێ عەینی وەک ڕووی تۆیە وەختێ پێکەنی و لادەی نیقاب لەززەتی ماچی دەمی تۆ کەی ئەدەن لای مینە جاف شەربەتی ئەسکەنجەبین و پرتقاڵ یا ئاو عیناب ++++++++++++++++++++++