شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: وەرن یاران تەماشا کەن چ شیرین نەوبەهارێکە وەرن یاران تەماشا کەن چ شیرین نەوبەهارێکە ئە هەر لایەک ئەچیت یا مێرگە یا خود لالەزارێکە کەوایی تازەیان پۆشا چیا و هەرد و کۆسار بە ڕەنگاو ڕەنگی لێی داوە عەجەب نەقش و نیگارێکە چەمەن ڕازاوەتۆ ڕەنگین بە ڕەنگی لالە و نەرگس نموونەی جەننەت و ڕێزوان لە گشت دەشت و دیارێکە ڕەیاحین عەتری بەخشاوە لە عەتری غونچە و عەنبەر نەسیمی سوبح گاهان تێ شەمیمی موشک بارێکە چیا ئارایشی خۆی کرد بە سەد ڕەنگ ڕەنگی لێداوە بە گوڵ چارشێوی داداوە ئەڵێی بووکی تیجارێکە تەماشای عیشوە و نازی بەڕەزای پاڵی تاوێر کە ئەلێی مەحبووبی تۆراوە لە سایەی بەرقەتارێکە شنۆی ئەگریجەیی شەوبۆ لە بەینی لالە و نەرگس مەڵێ نەمدیوە وەک زوڵفی پەشێوی دڵ فگارێکە بە تاجی زیو و ئاڵتوونی لە مێرگی دڵ گوشا نەرگس لەسەر ئاوڕەنگی زمڕووتی لە سیحرا شەهریارێکە بە عەینی خاڵی سەرو کوڵمی دلارامە لە جەرگی لالە ئەو خاڵەی کە ماوی و ئاودارێکە گوڵاڵە چین بە چین سەف سەف لە دەشتا خەیمەیی داوە بەنەوشە زەرد و سوور و شین عەجایب نەشئەدارێکە لە هەر کوێ دۆڵ و شیوێ بێ ڕەنگاوڕەنگ نەقشی کریاوە بەڵێ سەد گوڵشەنی جەننەت لە دەوری کۆهسارێکە ئەچیتە سەیری هەر مێرگێ لە گوڵ ڕێی پێت نییە داینێیت دەڵێی سەد دڵ ئەکا حەیران چ شیرین نە بەهارێکە لە گوڵشەن دەنگی سەمتوور و سەدایی سازت پێناوە لەسەر هەر سەروێ ئەڕوانی نەوای کۆکۆی هوزارێکە دەچیتە سەیری گوڵ باغ و بە ڕەنگی ڕوومەتی دولبەر دەشنێ و پرش ئەدا بولبول لە لایا نەغمەدارێکە بەنەوشە و سونبول و نەسرین بە عیش و زوڵفیان بەخشە بە عەینی پەرچەمی پەخش و پەشێوی چاو خومارێکە ئەمانە مینە جاف گشتی بە ئەمری حەییی دادارە بنازم قودرەت و جاهی کەوا پەروەردگارێکە ++++++++++++++++++++++