شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: موددەتێکە بۆ ئەهالی کوردی جەرگم لەت لەتە سەبارەت: یەکەم شیعر لە ١٢ ساڵیدا موددەتێکە بۆ ئەهالی کوردی جەرگم لەت لەتە ئاو لە چاوم سەر ئەکا دێژی شەپۆلی سەر شەتە دائیما ویردی زوبانم و فکر و دڵمە ئەم قسە بێ زەمانێ تا نەجاتمان بێ لە ژێر ئەم زیللەتە بووین بە جێ تانەی حەسوود و خۆش دەماغیی دوشمنان بەختە هەڵسە وەختی ڕەحمە تاکو کەی ئەم زەحمەتە پیاوی چاک بن ئیتتحادێ پیاوەکانی کوردسان خاکی کورد فەوتا نەما هەڵسن زەمانی فورسەتە حوڕییەتیان دا بە میسر و هەم بە سورییە و عیراق شەخسییەت دەرکەن لە بەینا ڕۆژی هەوڵی میللەتە یەکتری تاڵان و کوشتن غایەتێکی باتیلە شۆڕش و غەوغایی ناو خۆ شیوەیی جەهلییەتە گشت لە سەر زیادییی یەک بین دەس لە کوشتن هەڵگرن ئەمڕۆ گشت قەوم و گورووهێ ساحیبی حوڕییەتە خۆێنەوارانمان ئەکەن کۆشش لە شوێن ئەم غایەیە تا نەجاتی دەن لە ژێری حوکمی غەیر ئەم میللەتە خوێنەواران بێ دەس و هەم ئێوە بێ ئەفکار و هۆش کێ بکا داوای حوقووقێ، قوڕ بە سەر ئەم میللەتە مینە ڕۆحی خۆی فیدای بەر پێی شوانکتان ئەکا وەختی خەو ڕابورد و سوبحە، تاکوو کەی ئەم غەفڵەتە ++++++++++++++++++++++