شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: لە تاریخا ئەڵێت بازێ بە بازێ لە تاریخا ئەڵێت بازێ بە بازێ وتی تا کەی بژین بێ قەدر و نازێ هەتا کەی وێڵی سەحرا و دەشت و کێوان هەتا کەی بێ تەقالای ڕزق و شێوان وەرە با پێکەوە هەرد و لە گەڵ یەک بڕۆینە لای ئەمیرێ یا وەزیرێک لەمل کەین ملبەنی یاقووت و گەوهەر لەپێ کەین زەنگڵەی ئاڵتوون زیوە لەسەر تەختێکی زیوین دا بنیشین بە بێ کۆشش بخۆین و هەم بنۆشین شەوان هاو مەجلسی سوڵتان و میران بە ڕۆژا ڕاو بکەین لێل شا و وەزیران جەوابی دایەوە بازی بڵندخوو وتی ئەرجوومە ئیتر لێل منا توو مەکە ئەم نەوعە تەدبیر و بەیانە لەبەر شانم وەکوو مەرگی گرانە بە حوڕڕییەت بە هەردە و دارەوە بم لە برسیانا ئەگەر مردارەوە بم دەڵێم سەد ساڵ بە تامەزرۆ و بە برسی بژیم و نەک ببینم ڕۆژی حەپسی بە سەربەستی هەزار برسی و فەقیر بم گەلێ لام خۆشترە تێر و ئەسیر بم بە سەر بەرد و لەناو بەفرا بەبێ باک بە دەم تیرۆ بغڵتێمۆ لەناو خاک نە وەک مەحکوومی شاهان و وەزیران زەلیلی قوشچی و ئەمری ئەمیران ++++++++++++++++++++++