شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: ساقی لەو بادە خومار ئەشکێنێ ساقی لەو بادە خومار ئەشکێنێ ڕیشەی وەسواسەی خەم لە بن دێنێ بمدەرێ جامێ بە یادی جاران بەڵکو بە نەشئەی دڵ پێکەنێنێ *** بێ دا بنیشین تاوێ بە دڵی شاد لە سەر لێوی شەت شارەکەی بەغداد وەک فیلم یەک یەک بیخەنە پێش چاو مێژووی ڕابوردوو هەر چی ها لە یاد *** ئەو شەتەی ساف و ڕەوان ئەڕواتۆ ئەو مەوجەی بە شەوق لە ڕووت ئەداتۆ گشت بە سەرهاتی بەغدا ڕا ئەخا پەروێز و جەمشید ئە بیر ئەخاتۆ *** دەبدەبەی ڕۆژی شادێکەی شیرین دەخاتە پێش چاو پیاوی وردبین دەڵێت ڕۆژی وا نەبوە و نابێتۆ شیرین بە بووکی هات بۆ مەدائین *** زۆر باش بڕوانە ئاوی ئەو شەتە هەر چەندە سافە، بەڵام خەت خەتە ئەگەر بیزانی بیخوێنیتەوە ئەزانی دونیا چەن بێ قیمەتە *** چونکە ئەم جێگە تۆ میوانێتی ئەم شەتەی کە تۆ لە لیوانێتی جێگەی هاروونە وا تیادای تۆ بەزمی مەئموونە لە سەیرانێتی *** ئای چەن شەهەنشای ساحب سوپا و سان هاتن و چوون و من هەر مام وەک خۆم نووسراوە ئەڵێت، کوانێ موعتەسەم کوا ئالی بەرمەک، کوانێ موعتەسەم *** هەتا تێفکریت جوان لێی تێ ئەگەی هەر کەس چۆن تێی هات هەر بەو ڕەنگە ڕۆی نە هیچیان هێنا نە کەس هیچی برد شەت و سەیرانگا، خاک ماوە وەک خۆی *** بەڵام ئەو کەسەی کە بەختیار بوو لە پووچی دونیا باش خەوەردار بوو کردەی خاوەنی و جوانی جێ هێڵا نە کەس ئازاری و نە کەس ئازار بوو ++++++++++++++++++++++