شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: دەنگی واوەیلایە دیسان تێتە گوێم گریان و شین سەبارەت: بۆ مردنی مامی خۆی «ڕەزا بەگی فەتاح بەگ» دەنگی واوەیلایە دیسان تێتە گوێم گریان و شین زەلزەلەی حەشرە مەگەر ئەم حاڵە کەوتە سەر زەمین دیارە خۆ ئەمڕۆ قیامەت هەڵنەساوە ئەی ڕەفیق وا موحەقەمە «ڕەزا بەگ» مردووە لێم بوو یەقین ڕوو لە هەر لایە ئەکەم هاوار و ئۆف و ناڵەیە جێگەیە دەست ناکەوێ بێ باوکەڕۆ و یەقەدڕین دەنگی باوکەڕۆیە تێت و کاکەڕۆیە و مامەڕۆ هەر براڕۆیە لە سەر یەک تێت و ئاغاڕۆی حەزین با منیش شینێ بکەم هەر وەک ئەوان ئەمما بە بەیت هەر بە ناو ئیسمی غەزەل بێ، پڕ لە مەعنا و ئاگرین *** وا نەزانی پاش حمەد بەگ کەس نییە ڕۆی بۆ بکەم یا بە تۆ تازەی کەمۆ، ئینجا ڕەزا بەگ مامەڕۆ میری عالی هیممەت و کانی شەرافەت مامەڕۆ مەنبەعی شەرم و حەیا ڕۆحی نەجابات مامەڕۆ بەحری عەزم و غیرەت و دەرک و فەراسەت مامەڕۆ ساحیبی ئیحسان و عەدل و خەیر و تاعەت مامەڕۆ خۆت بە مونسیف دائەنا لەم کۆچە ئینسافت نەبوو چونکە تا ڕۆژی قیامەت هەر بڵێم من مامەڕۆ ++++++++++++++++++++++