شاعیر: مینە جاف کتێب: دیوانی مینە جاف سەرناو: دیسان چییە ئەم حەشرە لە ناو میللەتی کوردا سەبارەت: شێوەن بۆ چوار ئەفسەرەکە (عیززەت، خۆشناو، قودسی، خێروڵڵا) دیسان چییە ئەم حەشرە لە ناو میللەتی کوردا ئەم ئێشە چییە وا لە دڵی گەورە و وردا ئەم ماتەم و گریانە لە کوردایە بە ڕاسی هەر تەعزییەکەی ئالی عەبایە بە قیاسی ئێشێکە نە وەک مەرگی برا و باوک و کوڕانە زامێکە نە وەک زامی گولە و شیر و سینانە هەر کوردێ ئەبینی کوڵ ئەدا گیانی لە بەردا سەیلێکە سور شکێکە بە خوڕ ئەڕژێ لە سەردا کامەی کە بڵێی تۆزێ شەرەفدارە حەیاتی لا تاڵە تەڵەب کارە بە دڵ، مەرگ و مەماتی ئەم شیوەن و ئەم ناڵە و هاوار و فوغانە ئەمڕۆ کە لە ناو کوردی عیراق و لە ئێرانە بۆ مەرگی گەلێکە کە فیداکاری وەتەن بوون مەردانی نەبەرد ئاوەر و شێرانی ژیان بوون پۆلێکی وەها بوون کە لە ڕێی قەوم و وڵاتا ڕویینە بەر ئییعدام و نە دۆڕیان لە سوباتا ئەی چەرخی فەلەک سوێنت ئەدەم من بە ئیلاهی مەیشارەوە، کەتمی مەکە، بیدە گەواهی کێت دیوە لە ژێر سایەکەتا غەیری کوڕی کورد بڕواتە بەر ئیعدام و بڵێ بێ خەم و دەرد ئۆخەی ئەمە ئێمەین کە لە سەر تۆڵەیی میللەت ئەکوژێین و ئەخنکێین و ئەنێژرێین بە حەمییەت کوژیانێ لە سەر قەوم و وەتەن عەینی حەیاتە کەی مەرگە لە لای ئێمە، هەموو جاه و خەڵاتە مادامێکی ئەم قەومە وەها بەرز بوو مەقامی بڕواتە بەر ئیعدام و ئاوا بێت و کەلامی بێ جێیە خەم و ئێش و خەفەت ئەی گەلی کوردان حەقمانە، بە دڵمانە، بژین، بێ خەم و گریان ++++++++++++++++++++++